ئایا تۆ دەتوانی کورد بە دنیا بناسێنی؟

0
4617
dimen
دیمەن سۆهرابی

نووسینی: دیمەن سۆهرابی

کوردستان هەرێمێکی نوێیە و بەداخەوە هیچ کەسێکی تایبەتی نییە بۆ دارشتنی بەرنامەی تایبەت بە کلتور و خواست خەڵکەکەی و هەرچی دەکرێت و لە تیڤیەکان بڵاو دەبێتەوە نمونەیەکی دووپاتی تورکیا، ئێران و وڵاتە عەڕەبیەکانە.

لێرە دەتوانم بە چیها بەرنامە نێو بەرم کە دووپاتە و سەد پاتەن و بریا بریا ئەم دووپات کردنەوەیان لە تیڤیەکی دەستی یەک بکردایەتەوە نەک پرۆگرامێکی دەستی هەزاری تیڤیەکی دووپاتەی عەرەبی و تورکیە. بەرنامەی هەڵبژاردنی شاجوانیش هەر دەچێتە ئەم بەشەوە.

پرسیاری سەرەتایی ئەوەیە ئایا کوردستان پێویستی بە شاجوانە؟ یان کەسێکی نمونەیی لە ئازارەکانی نەتەوەکەی کە خوێندنەوەی بۆ کۆمەڵگاکەی هەیە؟

ئایا پێویستی خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە کچێک هەڵبژێرن کە زۆربەی جوانی دەمووچای میکیاجە (گەرچی ئەمە ئاساییە) و نازانێ خواستەکانی بۆ نەتەوەکەی چییە و زمانی نەتەوەکەی ناتوانێ لە ئاخافتنی رۆژانەیدا بپارێزێ (کە ئەمە نائاساییە) و خواستەکانی بۆ خەڵکەکەی و کاری داهاتووی نازانێ و ئەگەریش بزانێ پێشتر بۆی نووسراوە و بۆخۆی هیچ بیرۆکەیەکی نییە؟ ئایا بەراست کوردستان پێویستی تەنییا بە دەمامەکە؟

نا کوردستان پێویستی بە پێشکەوتنە!

کوردستانیش پێویستی بە شاجوان هەیە چوون کچانێکی زۆرمان هەیە کە بێوێنە جوانن، بەڵام جوانی شەرتی عەقڵ نییە بە تایبەتتر بۆ کوردستان کە پێویستمان بە بەرنامە و پرۆگرام هەیە.

پێوەندی نێوان شاجوانی کوردستان و نادیە موراد؟!

پرسیارێک کە لە بەرنامەی هەڵبژاردنی شاجوان دا لە یەکێک لە خانمەکان پرسرا ئەوە بوو کە تۆ وەک نادیە موراد دەتوانی کورد بە وڵاتانی دەرەوە بناسێنی؟
لە بنەڕەتەوە ئەم پرسیارە هەڵەیە و جێی تێڕامانە بۆ عەقلیەتی داوەری پرۆگرامەکە.

یەک: نادیە مراد لە چەوساندنەوەی نەتەوەیەکەوە بەو قۆناغە گەیشت و کەس بڕیاری هەڵبژاردنی ئەوی نەدا.
دوو: ئەو نمونەی کچان و ژنانێک بوو کە بە دەست بیری تاریکەوە چەوسابۆوە.

سێ: ئەو بوێریەی نادیا هەیبوو هیچ کامێک لە شاجوانەکانی دنیاش نیانە. چوون هەموو کچێک دڵخوازانە پێی خۆشە جوانیەکەی ببیندرێت، بەڵام کەس پێی خۆش نییە ئازارەکانی کە لە چەشنی ئازارەکانی نادیان بیڵێت، بەڵام نادیە بوێر بوو، راستە کە کەسانێک یارمەتیان دا بەڵام ئەو بوێرانە هات و قسەی کرد و خۆی وەک نمونەی چەوساندنەوەی ژنێکی ئیزەدی بە دنیا نیشان دا.
ئێستا کێشە ئەوەیە کە شاجوان لە کوردستان چ مانایەکی هەیە؟
دەتوانێ زۆر مانای هەبێت، سوودی بۆ ژنان و کچانی چەوساوە و ژێر دەستەی کولتور هەبێت، کار بکات بۆ بەرابەری ژنان و ئازادی و خوێندەواریان لە کۆمەڵگا و هاتنییان بۆ ناو ژیانی راستەقینە و فکر کردنەوە و هەڵسوکەوت کردن لە دەرەوەی بازنەی ماڵباتیان.

بەڵام ئایا شاجوانی کوردستان ئەم بەشانە لە خۆ دەگرێ؟

کام شاجوان تا ئێستە لە کوردستان هەوڵی لەو بوارانەدا داوە کە بیسرابێت و زانرابێت؟

کێشەی من لەگەڵ شاجوان بوون نییە کێشەی من لە سەر چۆنەتی بیروڕا و هەڵسوکەوت و فکرە بۆ نەتەوەکە کە ئایا ئەو خانمە کە هەڵبژێردراوە ئەم خاڵانەی جیا لە جوانی و جلوبەرگی لە خۆ دەگرێت؟
ئیشی شاجوان ئەوەیە کە نیشانەی ئاشتی و کاری خێرخوازی و سوڵح بێت لە ناو وڵاتاندا و کێشە و ئازار یان خاڵی سەرکەوتووی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە بۆنە جیاوازەکاندا بگوازێتەوە،شاجوان چۆن پشتگیری پێشمەرگە دەکا هەر چۆن خانمی شاجوان دەڵێ هاوکاری پێشمەرگە دەبین. چۆن هاوکاری پێشمەرگە دەبێت ئایا ئەو دزانێت؟ ئەگەر بیزانیبایە کە دەیەوێ بۆ پێشمەرگە چ بکات ئەوا شێوازی دیالۆگیشی هەر بەو شێوەیە دەبوو ئەو بە جۆرێک دەدوا کە وا پێدەچوو وشە بە وشەی لە رووی لاپەرەیەکەوە لەبەر کردبوو! کاری شاجوان بۆ پێشمەرگە لەوانەیە سەردان کردن بێت کە ئەمە بەشێکی چکۆلەیە لە نیشتمان پەروەری و نەتەوە پارێزی یەک شاجوان. ئیشی ئەو وەک کچێک هاندانی ژنان و کچانە بۆ تێفکرین بۆ ڕادەڕبرین و بۆ پڵان دانان لەو بارودۆخەی ئێستای کوردستاندا و پشتگیریەکی کۆمەڵایەتی لە پێشمەرگەو کۆتات کۆنەپەرەستی نەک ئەوەی کە نمونەیەک لە مۆدێل و میکیاجی گران بایی بێت بۆ کچانی هەژاری نەتەوەکە.

ئیشی شاجوانی کوردستان کە بیهەوێت کورد بە دەرەوە بناسێنێت جیا لە جوانی فکر و هزر و بیر کردنەوە و خوێندەوار بوون بە مانای تەواوی وشەیە نەک هەبوونی شەهادەیەک لە زانکۆ کە هیچی تێدا بەستە نییە.
تازە ئەم شتانە لە دەست چوون بەڵام تکایە لەو بارودۆخە نالەبارەی کوردستان دا و بە هەموو بودجەیەی کە سەرفی خانمی شاجوان کراوە تکایە لانیکەم با ئەم کارە هەر شتێکی رووتینی نەبێت و ئەم خانمە هەوڵبدا لانیکەم دەنگی ئەو هەموو کچ و ژنە کوردەی لە ژێر دەستی داعەشدان باشتر بە دنیا بگەیێنێ.

یان خانم ئەگەر خەڵکی رۆژهەڵاتی با دەنگی کپ کراوی رۆژهەڵات بە شوێنێک بگەیێنێ. گەرچی ئەمە هەر دڵخۆشکەریە دەنا لە کەسێک کە نازانێ دیالۆگێک بە تەواوی دەربڕێ و هیچ پەیامێکی پڕواتای بۆ ژنانی وڵاتەکەی نییە چاوەڕوانی هیچ ناکرێت.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here