بنەماڵەی مەنیژە فاتحی: مەگەر تاوانی کچەکەمان چیە کە وا 198 ڕۆژە لە نێوان مەرگ و ژیاندا ڕاگیراوە؟

0
2350

هاوار: یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی فاتحی لە وتووێژێکی تایبەتیدا بە هەواڵنێری “مرۆڤایەتی”: ڕاگەیاند: “مەئموورانی فەرمانگەی ئیتلاعات پێیان ڕاگەیاندووین کە مەنیژە ڕێکەوتی 19ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە دەست بەسەرگرتووگەی مهابادەوە بۆ تاران ڕاگواستراوە بەڵام نازانین ئەو قسەیە ڕاستە یان نا و دڵنیا نین.

سەرچاوە ئاگادارەکەی “مرۆڤایەتی” هەروەها گوتیشی: “لە ماوەی 198 ڕۆژ دەستبەسەر کرانی مەنیژەوە، سەرجەم ناوەندە ئاسایشی و دادوەرییەکانی مهابد، بۆکان و ئورمیە و تارانمان پشکنیوە و سەردانمان کردوون بەڵام هیچ کامیان هیچ وڵامێکیان نەداوینەوە و تا ئێستاش هیچمان لێ ڕوون نیە. سەردانی تارانمان کرد و چووینە بەندیخانەی ئێڤین و دەست بازداشتگەی 209ی ئەو بەندیخانەیش، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە کە مەنیژە لە تاران ڕاگیرابێ”

سەرچاوەکەی “مرۆڤایەتی” کە زۆر لەو دۆخە ئاڵۆزە خەمبار بوو گوتی: “مەگەر تاوانی مەنیژە چیە کە وا 198 ڕٶژە لە نێوان مەرگ و ژیاندا ڕاگیراوە؟، تا ئێستاش ئیزنی چاوپێکەوتنی مەنیژەیان پێنەداوین، ماوەی مانگێک بەر لە ئێستا لە ئیتلاعاتەوە پەیوەندییان پێوە کردین و تەنیا کەمتر لە ٥ خولەک ئیزنیان بە مەنیژەدا قسەمان لەگەڵ بکات، بەڵام تا ئێستاش نازانین لە کوێیە”.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی 189 ڕۆژە مەنیژە فاتحی، هەروا لە چارەنووسێکی لێڵ و تارماییدایە و هیچ هەواڵێک لە دۆخی جەستەیی و دەروونی و شوێنی ڕاگیران و تەنانەت تاوانەکەشی لەبەردەست دا نیە، بنەماڵەکەی بە تووندی لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دان.

مەنیژە فاتحی، کچی بەهمەن، تەمەن ٢٢ ساڵان،  ڕێکەوتی 15ی ڕەشەممەی 1394ی هەتاوی لەلایرن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی باژێڕی بۆکان دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە دۆخی ناوبراو وتاوان و چارەنووسی لەبەردەستدا نیە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی فاتحی لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “کاتژمێر ٧ی شەو بوو، ٣ کەس لە هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم هاتنە ناو ماڵ و بێ ئەوەی کە هیچ مۆڵەتێکی یاسایی و دادوەرییان پێبێ، مەنیژەیان دەستبەسەر کرد و بردیان”

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here