گریانێكی كوردانەم لەناخدایە

0
1648

هاوار بازیان

 دەمێكە حەز دەكەم پڕ بەچاو بگریم بۆ ئەو دایكە كوردەی هەموو موڵك و ماڵی تەنیا كوڕێكی شۆڕەلاو بوو، دنیای روونی بوو، بەڵام دوژمنی چڵكن سەری بەرزی برد و جەستەی بێ سەری بۆ دایەی جەرگ سووتاو ناردەوە.

پێمخۆشە هەرچی ئەسرینم هەیە هەڵوەرێنم بۆ ئەو خوشكە بچووكەی بەرگی جەژنانەی برا پێشمەرگەكەی ئامادە كرد، بەڵام بەرگی خوێناویی برا گەورەی بۆ هاتەوە.

دەمهەوێ تا فرمێسك پڕ دەكا ببارێنم بۆ تازەبووكی چەند شەوە كە هەموو دنیای زاواكەی بوو! تازەلاوێك كە سەنگەری نیشتمانی خستە پێش باوەشی ژیان، بەڵام دیداری دووبارەی بووك و زاوا لە كورتی دا و شەهیدی خاك بوو.

ئەسرینەكانم دەخەمە بەرپێی ئەو كۆرپەڵەی هەموو هیوای دایە و بابە بوو، بەڵام كە لە دایكبوو تەنیا یەك شتی لە باوان پێ گەیشت: ئەویش ناوی باوكی بوو! دایە ویستی بەدانانی ناوی هاوسەری شەهیدی لەسەر منداڵەكەی هەمیشە یادی ئازیزی زیندوو رابگرێ و رۆژێكیش پێی بڵێی “كوڕم، ناوەكەت هی باوكتە”.

حەز دەكەم گریانم ببینم بۆ ئەو برایەی خوشكەكەی بوو بە دەستكەوتی دوژمنی رەش. ئەو برایەی جەرگی دەسووتا و دەستی پڕ دەكرد لە تۆڵەی شەڕەف، بەڵام هیچ نەدەكرا! هەموو هێزی برا بۆ خوشكی تەنیا رق و قینە بوو، بۆیە لەگەڵ بینینی تەرمی هەر دوژمنێك، رقی پیرۆزی خۆی بەسەردا دەباراند!

ئەو دەزگیرانەی لە خەیاڵدا دنیایەكی پڕ لە جوانی بۆ خۆی و هاوسەری داهاتووی هەڵبەستبوو، ئەو جووتە ئەڤیندارەی پەیمانی كوردانەیان لە دڵی یەكتریدا چەقاندبوو! هەر لە ماڵی جوان، منداڵی پاك و ژیانی بەختەوەر! بەڵام ماڵی ئەو لاوە بوو بە سەنگەر، منداڵی پاكیان دنیای نەدی و بەختی سپییان رەش بوو وەك ئاڵای دوژمنی رەش.

ئاخ كە پڕم لە تووڕە و گریان كە وەبیرم دێتەوە ئەو رۆژەی شەش هەزار كورد لە هەڵەبجە باڵیان گرت و بەگژ ئاسماندا چوونەوە، تووڕەم بۆ ئەوەی كورد لە گەرمەی شین و ئازاری رۆحدانی هەڵەبجەدا بوو، بەڵام دمڕاستانی مافی مرۆڤـ خەریكی قورسكردنی بار و چەكی فرۆكەكانی دوژمنی كورد بوون!

ئاخ كە دڵم پڕە لەیادی ئەو پیرەمێردە كوردەی شنگال كە هەموو ژیانی بە سەربەرزی بردە سەر، دیار بوو شەكەت و شەڵال چیا و چۆلی دەبڕی، ریشی سپی هێنایە پێش كامیرا و بەگریانەوە گوتی، “چیمان بەسەر هات! لە ژیانمدا شتی وام نەبینیوە”.

لەبیرم نەچووە نا لەبیرمە، شینێكم پێیە بۆ منداڵانی ئەنفال و هەرگیز لەیادم ناچێ ئەو ژنە رەشپۆشەی هات و بەهەنیسكەوە وتی: 12 كەسم هەر  لە مێرد و كچ و كوڕ چوون و نەهاتنەوە، منیان بۆ خەفەت و گریان بەجێهێشت، نازانم بۆچی منیشيان نەبرد!

ئادی كوا گریانم بۆ ئەو كوڕ و كچەی بەڵینیان دابوو ئەگەر ئەمجارە چوونەوه ژوان، ماچی پاك و خودایی بكەن، بەڵام لەسایەی سەری شۆڕی دوژمن، دوا دیداریان كەوتە سەر مەزاری شەهید و ماچی ژوانی كچی بێناز لەسەر كێلی ئارامگای خۆشەویستی كرا.

هەیە و گرینم پێماوە بۆ ئەو دایكەی كۆبانێ كە هێشتا سەرگەردانە و لە منداڵی بێ سەروشوێنی خۆی دەڕوانێ. ئەو رۆژەی هەموومان شاییمان دەكرد بۆ ئازادبوونی كۆبانێ، خەندە مێوانی ئەو دایكە نەبوو، ئاخر دایكی چاوەڕوان و لێوبەبار كوا دەتوانێ مێوانداریی بزە و خەندە بكا؟ نا، دەبی دایك بى جا دەزانی كە سەختە و ناتوانێ!

شین بكەم بۆ ئالان! ئاڵای منداڵانی بێنازی كورد كە نەهامەتی راوی نا و خۆی بە دەریای سەرسوور و چاوشینان سپارد، بەڵام دەریاش وەخۆی نەكرد و رادەستی كەنارەكانی خۆی كردەوە، ئاخ سرووشت كە دەمێكە لەتۆش پڕم!

بڕژێنم ئەسرین بۆ ئەو دایكە بێگوناهەی باكوری كوردستان كەوتە بەردەستی تیری توركی پیس و شەهید كرا، دایكی پۆلە زارۆكان كە هەشت رۆژان تەرمەكەی لە كۆڵانی وڵاتی خۆی كەوتبوو كەچی تورك رێگەی نەدا ئەسپاردەی خاكی خۆی بكەن. ئەوەش وەك تاوانەكانی تری توركان نە باسی كرا و نە هیچ! دایكانی كوردی باكور دڵیان گەورەیە، بەقەرا روبۆسكی و ماردین و سەدان وڵاتپارێزی سەربەرز و تورك بەزێن! گریانم بەرامبەر گەوەرەییان لە كورتی دەدا.

فرمێسكم دەبەخشم بە مەریەم، كچەكەی هەڵەبجە كە پاش 27 ساڵان دوورە وڵاتی و بێكەسی هاتەوە زێدی خۆی و بەدەنگی نووساو گوتی، “ئەوەی گەورەی كردم بەباوكی خۆم دەزانی، بەڵام كە مرد كەس سەرەخۆشی لێنەكردم، پێیان گوتم تۆ بۆچی دەگری، ئەوە خۆ باوكی تۆ نەبوو”.

ئەوجار شین بگێڕم بۆ رۆژهەڵاتى مات! موڵكی بێنەوای قازی و قاسملوو و هەزاران كەڵەپیاو و شێرەژن! با یەكسەر بچمە لای دایەگیانی موكریان كە بەتەنیا لە گۆشەی ماڵی تاریكیدا نوێژ دەكا و هەموو جەژنێكی لەگەڵ وێنەی سارد و سڕی كورە شەهیدەكەی سەر پەتی دوژمندا دەكاتەوە، ئەو دایكەی قسەی لەگەڵ وێنەی كوڕەكەیدا دەكا، بەڵام وێنەیەكی سارد كە ئیتر لە شین و بالورەی پیرەدایك ناگات.

بەكوڵ بگریم بۆ ئەو مامۆستا كوردەی هاتن و لە قوتابخانە بردیان! چەندی پێنەچوو نووسیان: لەسێدارە درا! تاوانیشی هەر ئەوە بوو دەیگوت: منداڵی كورد زمانی كوردی بزانێ! هەر یەك و دووان نەبوو، مێژووم باسی سەدان و هەزاران مامۆستا فەرزادی سەربەرز دەكا.

چی باس بكەم لەو باوكەی لەسەر خاكی گەنجینەی ئیلام و كرماشان بەهۆی هەژاری و نەداری كەوتە گیانی خۆی و دوو منداڵە وردیلەكانی و لە خەودا دنیا لەسەر خۆی و ئەوان وێران كرد! ئای كە ئازارێكی زۆری هەیە.  ئای خاكی زێڕینم، چی بكەم لەگەڵ دوژمنی دێرینت؟

بگریم بە هەنك هەنك بۆ ئەو ماڵ و مناڵە كوردەی شەو بەبرسێتی خەوتن و بەیانی كە هەستان باوكیان لەجێگەدا نەمابوو. بابە بۆ پەیداكردنی نانێكی سەربەرزانە بەرەو پیلی كوێستانی سارد و سەربەتەمی سنوورەكان چووبوو بەڵام! زۆری پێنەچوو جەستەی سەرمابردووی بابۆ هاتەوە بەردەگا! ئاخ كە بینینی قورپێوانی ژنی كورد بۆ پیاوی كورد چەندە وێرانم دەكا! هەموو بیرەوەریی منداڵان لە باوكیان ئەوە بوو: بابمان چووە ئەو دیو و نەهاتەوە! نا، نەهاتەوە! فارس بردی و نەهاتەوە!

ببارێنم فرمێسكان بۆ ئەو كوردە هەژارەی دوژمنی داگیركار چەوساندی و تەنگی بەخۆی و ژیانی هەڵچنی، بەڵام هەر كۆڵی نەدا. تا دوژمن باری ژیانی لەسەر شانان قورستر دەكرد، هێزی شان و پیلی بۆ نانی شەڕەف زیاتر دەبوو تا ئەوەی ئێوارەیەكی هاوین لەسەر سنووری دەستكرد كەوتە بەر تیری فورسانی داخ لەدڵ و كوژرا! تەواو! هەر ئەوەندەیان باس كرد: كۆڵبەرێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوژرا! هیچ نەبوو و هەر ژمارە زیادیان كرد! كەس نەینووسی و نەیزانی چرای ماڵی چەند ژن و منداڵ كوژایەوە!

ئاخ كە لەمێژە حەز دەكەم بگریم، ئاخ كە دوژمن چەندە پیسی! چەند دڕندە و نەگریسی! چیت لێمان دەوێ؟ خاك؟ مەگەر خاكمان بكەن. وەك چوار گورگ هاتوونەتە ناو باخچەی وڵاتمان! رۆڵەكانمان دەبەن، خاكمان دەسووتێنن، بەزەییتان بە ژن و مناڵا و پیاو و لاو و پیردا نایەتەوە، كام جۆرە مەرگ هەیە لەسەر ئێمەتان تاقیتان نەكردبێتەوە؟ منداڵی سەر بێشكەمان دەزانێ چیتان بەكورد كردووە و دەیكەن، دەمانكوژن، دەمانگرن، راومان دەنێن، تیرۆر و سەرگەردانمان دەكەن، بەڵام هەرماوین و هەر دەمێنین! بۆیە نا!

نا ناگریم و ناگریم! چونكە رۆژگار فێری كردم كە دوژمن بەردەوام چاوی لە فرمێسكی منە تا دڵۆپە فرمێسكی مەینەتم بكاتە فرمێسكی شادیی خۆی! كوردی داوێنی چیای ئاگریم و ناگریم، هێزی گرینم بە دەست و شانم دەسپێرم و ئەسپی رق و كینەم زیاتر بەرەو دوژمن تاو دەدەم، تاریكیی شەو هەرچەندە درێژ بی، ناچارە دواجار خۆی رادەستی رووناكیی بەرەبەیان بكا، ئەوكات پڕ بەهێز پێدەكەنم بەدوژمنانم و سەر دادەنوێنم بۆ هەموو ئەوانەی دامنابوو بۆیان بگریم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت