سێ هاووڵاتیی عەرەب لە ئەهواز لەسێدارە دران

0
967

ڕۆژی کورد: پەیوەندییە گشتییەکانی دادگوستەریی پارێزگای ئەهواز، هەواڵی لەسێدارەدرانی سێ لاوی عەرەبی بڵاو کردەوە کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکم درابوون.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە عەڕەبە بریتین لە: “قەیس و ئەحمەد عوبیداوی” تەمەن ٢٥ و٢٠ ساڵ (برا)، و سەجاد بڵاوی (عوبیداوی) کە ئامۆزای ئەو دوو کەسەی ترە.

ئەو سێ لاوە عەرەبە، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ، چوارشەممە ٢٧ی گەلاوێژ لە سێدارەدراون.

ئەو هاووڵاتییانە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌دا، بە زۆرەملی لە سەر کاناڵی تەلەفزیۆنی “پرس تی وی” سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، دان پێدانانی تەلەفزیۆنییان لێ وەرگیرابوو،

ئەو سێ هاووڵاتییە عەرەبە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەهوازەوە، بە تاوانی دۆسیەی ناسراو بە “دۆسیەی حەمیدە”، حوکمی ئێعدام بە سەریاندا سەپابوو، هەروەها هەر لەو پێوەندییەدا، بۆ چوار کەسەی دیکەش حوکمی درێژماوە بڕاوەتەوە.

دادگای قەزایی، لە ئەنجامی تەقە کردن لە خێوەتی سەربازیی هێزە ئینتزامییەکان لە پاسگای گوندی “گمبوعەی” شاری حەمیدە، لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی‌دا، کە بوو بە هۆی کوژرانی سێ سەرباز، ئەو سزای بۆ ئەو هاووڵاتیانە بڕیوەتەوە.

پێش لە بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام کردنی ئەو سێ لاوە عەرەبە، بەرپرسی دادگوستەری و دادستانی شاری حەمیدە ڕایانگەیاندبوو؛ ئێعدام کردنی تاوانباران لە پێش چاوی خەڵکدا دەبێ، کە ئەم ڕەوتە نایاسایی و بە پێچەوانەی بڕیار و ڕاگەیاندنی حوکمی دادگا بووە.

ناوەندی ڕۆژی کورد، لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ و نادادوەرانەی کەمینە نەتەوەییەکان و لە ناویاندا لەسێدارەدانەکانی بە کۆمەڵی ئەو دواییانەی کوردەکان و عەڕەبەکانی ئەهواز مەحکووم دەکات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.