ئازاردرانی کچێکی سویسی لەلایەن پەنابەرێکی ئەفغانییەوە، هەرای لێکەوتەوە

0
4072

هانا: جیهانی پەنابەری و پەناخوازی، بەپێچەوانەی ئەوەی کە لە دوورەوە دەبیندرێ، سەیروسەمەرەیی و تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆی هەیە.

کەسانێک کە لە جیهانی سێیەمەوە، بێ ئەوەی کێشە یان دۆسییەیەکی گونجاو بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرییان هەبێ، ڕوو دەکەنە وڵاتانی ئوروپا یان ڕۆژئاوا و دواتر ڕووبەڕووی وڵامی نەرێنی و تەنانەت چەندین جار وڵامی نەرێنی و کەمپی چەند یۆرۆیی و بگرە ڕادەست کرانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەبنەوە، زۆر جار بیر لە ڕێگای تری وەک پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ژن و پیاوانی بەتەمەن و پیر دەکەنەوە یان تەنانەت ئامادە دەبن بە دانی پارە بە کەسانێکی ئەو وڵاتانە، ژیانی هاوسەرگیرییەکی ڕواڵەتی و درۆیین پێکبهێنن، ئەوەش جیا لەو کێشانەیە کە بە گەیشتنە هەندەرانی بنەماڵەکان، ڕووبەڕووی زۆرێک لە ژن و مێردەکان دەبێتەوە و بەشێکی زۆریان بێ هۆکارێکی ئەوتۆ، جیایی و تەڵاق هەڵدەبژێرن یان کەسانێکی زۆر و بەرچاو کە تووشی سێکفرۆشی یان گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان دەبن.

بەڵام بەشێک لە گەنجانی پەناخواز کە خۆیان بە شارەزا و زیرەکتر لە کەسانی تر دەزانن، لە ڕێگای مەیخانە و باڕەکانەوە، پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ کەسانێک ساز دەکەن کە وەک زۆربەی کەسانی تر لە ئوروپا، تەنیایی خنکاندوونی و بەوجۆرە پارەش وەردەرگرن و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبنە بازرگانی سێکس.

مونیر خان، گەنجی تەمەن 20 ساڵان و خەڵکی ئەفغانستان، یەکێک لەو گەنجە ئەفغانیانەیە کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەری ڕووی لە وڵاتی سویس کردووە، وڵاتێک کە ئێستا، تێیدا بەتایبەتی وەرگرتنی وڵامیکی دڵخواز بۆ ئەفغانییەکان دژوارە و چەشنێک پەنابەری وەردەگرن کە تەنیا مافی کارکردن لەو وڵاتە و ژیان لەو وڵاتەیان دەبێ و ژیانیان لە سەرجەم بوارێکی ترەوە ئاستەنگ دەکرێ.

ڕۆژنامەی بلیـی سویس، لە ژومارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٣ی جولای ٢٠١٧(بەرانبەر بە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی)ـی خۆیدا، هەواڵێکی لە ژێر ناونیشانی “ئەو ژنە یاری بە داهاتووی من کرد” بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا باس لە چیرۆکی کێشەی نێوان پەنابەرێکی ئەفغانی بە ناوی “مونیرخان”، تەمەن ٢٠ ساڵان، کە لە کانتۆنی شافهاوزن نیشتەجێیە و کچێکی سویسی بە ناوی “س”، تەمەن ٢٨ ساڵان، کە “شێف”، واتا بەرپرسی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پەنابەریی مونیرخان بووە، دەکات.

بەپێی هەواڵی “بلیک”، ئێستا بە هۆی سەرهەڵدانی گرژی لە نێوان مونیرخان و شێفەکەی، کێشەیەکی قووڵ سەریهەڵداوە و کار کێشاویەتە ڕۆژنامە و گۆڤار و دادگاکان و مونیرخان باس لەوە دەکا کە گۆیا ئەو خاتوونە سویسیە، “یاری بە ژیان و داهاتووی مونیرخان کردووە”.

ئێستا مونیرخان تاوانبار کراوە بەوەی کە زلەی لەو ژنە سویسییە داوە و دواتر لە ڕێگای موبایلەوە هەڕەشەی لیکردووە و ئازار و ئەشکەنجەی داوە.

بڕیارە لە کۆتایی مانگی جولای، مونیرخان بەو تاوانە دادگایی بکرێت، هەربۆیەش مەترسیی ئەوەی ڕێنیشتووە کە بەو هۆیەوە دۆسیەکەی ڕابگیردرێت و ڕادەستی ئەفغانستان بکرێتەوە ئەوەش لە حاڵێکدایە کە موینرخان دەڵێ من ئەو تاوانانەش ڕەد ناکەمەوە کە خراونەتە پاڵییەوە، بەڵام دەیهەوێ خەڵک هەموو چیرۆکەکە بە تەواوی بزانن و بشزانن کە پەیوەندی بە داهاتووی ئەوەوە هەیە.

خان دەڵێ، “س”، یاری بە ژیانی من کردووە و بەڵێنیی ئەوەی پێدابووم کە ژیانی هاوبەشم لەگەڵ پێکبهێنت کەواتە ئەو چیتر “بەرپرس”ـی من نیە و وەک خێزانی خۆم چاوم لێکردووە، هەر بۆیەش کاتێک کە “س” باسی لە کۆتایی پێهاتنی خۆشەویستییەکەیان کردووە، مونیرخان، خۆی پێ نەگیراوە و دەستی کردووە بە ئزاردانی “س”.

بەڵام “س” کە کچێکی ٢٨ ساڵانی سویسییە دەڵێ ئەو پەیوەندییە تەنیا پەیوەندییەکی ئاسایی بووە کە بە هۆی ئەوەی کە من لە فەرمانگەی پەنابەران کار دەکەن و شێفی مونیرخان بووم، لە ناوماندا ساز بووە و من بەپێی ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆم، پەیوەندیم لەگەڵ ئەودا هەبووە.

ئێستا، خان لە بێ هیواییدا، چاوەڕوانی ڕۆژی دادگایی کرانەکەی و بگرە رادەست کرانەوەی بۆ ئەفغانستان دەکات.

 

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here