داواى لێخۆشبوون بۆ پەنابەرێکى ئێرانى لە ئوسترالیا دەکرێت

0
1207

هانا: ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ئەو پەنابەرە ئێرانیەى کەلە سەرەتاى ئەم مانگەدا هەوڵیدا بە پاسپۆرتێکى ساختەوە لە کەمپەکانى دوڕگەى مانوسى پاپانیوگینیاوە هەڵبێت بۆ وڵاتى فیجى، لەپاش دیپۆرترکردنەوەى، تۆمەتبارکراوە بە بەکارهێنانى بەڵگەی ساختە.

لوقمان سەوارى، ناوى ئەو پەنارە ئێرانیەیە کە لە پاش هەڵهاتنى لە دوڕگەى پاپانیوگینیاوە بۆ وڵاتى فیجى، سەرلەنوێ گەڕێندراوەتەوە بۆ پاپانیوگینیا و لەپاش گەڕێندرانەوەشى پێدەچێت بە تاوانی بەکارهێنانى پاسپۆرتى ساختە، سزا بدرێت.

بەهرۆز بوچانی، ئەو ڕۆژنامەوانە پەنابەرە کوردەى خەڵکى کوردستانی ڕۆژهەڵات کە هاوشێوەى لوقمان چەندین ساڵە لە کەمپەکانى ئەو دوڕگەیەیە، دەڵێت ئەو پەیوەندى پێوەکردووە و هەر ئەوەندەشى ئاشکرا کردووە کە بارودۆخى لوقمان بەجۆرێک خراپە و لە ترس و دڵەڕاوکەدا دەژى.

ئاژانسەکەش دەڵێت چەندین ڕێکخراوى داکۆکیکار لە مافى پەنابەران داوا دەکەن کە حکومەتى پاپانیوگینیا سۆزێک لە بەرامبەر ئەو پەنابەرەدا نیشان بدات و بارودۆخى دەرونىی ئەو کەسە ڕەچاو بکرێت، چونکە ئەو پەنابەرە بۆماوەى چەند ساڵێکە لە کەمپەکانى ئەو دوڕگەیە دەستبەسەر بووە و بەهۆى خراپىی بارودۆخى ژیانیەوە بیرى لە بژاردەیەکى وەها کردۆتەوە.

پەنابەرانى دوڕگەى مانوسى پاپانیوگینیا ئەو کەسانەن کە پێشتر ویستویانە بە قاچاخ و لە ڕێگەى بەلەمەوە خۆیان بگەیێننە ئوسترالیا بەڵام دەستبەسەر کراون و ڕەوانەى ئەو کەمپانە کراون و هیچ کات ڕێگەیان پێنادرێت داواى مافى پەنابەرێتى لە ئوسترالیا بکەن، ئەوەش سیاسەتێکە کە ڕێکخراوەکانى داکۆکیار لەمافى پەنابەران بە پێشلکاریەکى ئاشکراى مافى ئەوانى دەزانن.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here