یادگارییەکانی هونەرمەند، گوڵبەهار

0
726

ناوی تەواوی ” فاتیمە ئەحمەد عەلی”یە، لە ساڵی ١٩٢٩، لە گوندی ” مارشەمعون “ی سەربە شاری ” جوولەمێرگ” لەدایک بووە. بەڕەچەڵەک خەڵکی گوندی ” قۆرچناسێ”ی سەر بە شارۆچکەی ئامێدیە، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بنەماڵەکەی چوونەتە باکووری کوردستان و گوڵبەهار لەوێ لەدایک بووە، پاش چەند ساڵێک، بۆ باشووری کوردستان گەڕاونەتەوە و لە ” ئامێدی، شێخ مەم، سەرسەنگ و بەردەڕەش” نیشتەجێ بوون.

پاش مەرگی باوکی ” کە لەوکاتانەدا گوڵبەهار تەمەنی ٦-٧ساڵ دەبێت” بە خێزانەوە بەرەو شاری موسڵ بار دەکەن و لەوێ دەست بە خوێندن دەکات و لە بەغدا تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دەخوێنێت.

گوڵبەهار، لە تەمەنی ١٤-١٥ساڵیدا شوو دەکات، بەڵام لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێکهەڵناکەن و لەیەکتری جیادەبنەوە. پاش چەند ساڵێکی دیکە، شوو بە پیاوێکی عەرەب دەکات و کچێکی بەناوی “بێریڤان” لێدەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کەهاوسەرەکەی ژنێکی دیکە بەسەر گوڵبەهار دەهێنێت، ژیانی هاوسەرێتییان بەردەوام نابێت و لێک جیادەبنەوە و ” بێریڤان ” لەگەڵ دایکیدا، لە ژیانێکی زۆر سەخت و دژواردا، دەمێننەوە.

هەرچەند گوڵبەهار وەک گۆرانیبێژێک ناسراوە، بەڵام لەهەمان کاتدا وەک ئەکتەرێک لە شانۆ و سینەمادا ڕۆڵی بینیوە، کاتێک بە هاوکاریی و هاندانی خوشکەکەی ” فەوزیە محەمەد”، دەچێتە ئێستگەی بەغدا و وەک یەکەمین ژنی کورد لەبەشی شانۆدا، ڕۆڵ دەبینێت. لەئیستگەدا، بەناوی ” فائیزە محەمەد”ەوە، دەناسرێت و لەچەندین درامای ڕادیۆیی و شانۆیی و دۆبلاژدا، کاری کردووە.

لەساڵی ١٩٦١دا لە ڕادیۆی بەغدا-ئیستگەی کوردی، بەپێشنیازی ” ئەحمەد خەلیل” کە لەو کاتەدا بەڕێوەبەری ئیستگەکەبووە، دەست بەکاری گۆرانیبێژی دەکات.

لە ١١ی ئاداری هەمان ساڵدا، یەکەم گۆرانی خۆی بەناوی ” کوڕێ گوندی بەژندارێ حەیزەران “، دەبێژێت و هەر لەو کاتەدا، ئەحمەد خەلیل، نازناوی ” گوڵبەهار”ی بۆ دادەنێت. بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم گۆرانییە، خەڵک زۆر حەز لەدەنگ و ئاوازی دەکەن چونکە هەنگاوێکی نوێ بەرەو قۆناغێکی تری موزیکی کوردی دەنێت و هۆنراوەی گۆرانییەکانی لە هەڵبەستی نوێوە هەڵدەبژێرێت و لەگەڵ تیپی موزیکی ڕادیۆدا، پێشکەشی دەکات.

گوڵبەهار لەساڵی ١٩٦١ەوە تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٨٧ ” کە خانەنشین دەبێت” ٢٧٢ گۆرانی دەبێژێت، بەڵام هەموو بەرهەمەکانی لە ڕادیۆی بەغدا تۆمار نەکراوە و زۆربەیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆدا بڵاو کراونەتەوە. لە هۆنراوەی شاعیرگەلێک وەک ” سەبری بۆتانی، محەمەدئەمین عوسمان، بەدرخان سندی، فەیسەڵ موستەفا، مەحفوز مائیی، ساڵح عەلی، فەخرەدین دۆسکی، حافز مائیی، سەیوان عەبدولحەکیم و بەهزاد باڵەتەیی” و لە ئاوازی ” بشار زاخۆیی، سەمیر زاخۆیی، ئەحمەد خەلیل، نازم نەعیم، یاسین شێخلی، جەمال جەلال، عەلی مەردان، محەمەد قەدری و …” کەڵکی وەرگرتووە.

لەساڵی ١٩٧٣دا، لەگەڵ هونەرمەندان: محەمەد عارف جزیری و عیسا بەرواری، پێکەوە بۆ لوبنان دەچن و بەشداری لە فێستیڤاڵی ” باعەدرا” دەکەن و لەوێ، لەگەڵ ” سەید یوسف” یەکتر دەناسن و بەیەکەوە چەند بەرنەمەیەک ساز دەکەن.

لەساڵی ١٩٧٦دا، بۆ ئەوروپا دەچێت و لە فەڕەنسا و نەمسادا، چەند کۆنسێرتێک ساز دەکات. لەساڵی ١٩٧٨دا دیسان بۆ ئەوروپا دەچێتەوە و کۆنسێرت لە وڵاتانی فەڕەنسا و بەریتانیا و نەمسادا، پێشکەش دەکات. لەساڵی ١٩٨١دا، بە مەبەستی سازدانی چەند کۆنسێرتێک، بۆ وڵاتی ئەمریکا دەچێت. لەساڵی ١٩٨٧دا خانەنشین دەبێت و لەشاری بەغدا نیشتەجێ دەبێت.

پاش پرۆسەی ئازادی ئێراق و بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵێک ڕۆشنبیری کورد و بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی ١٧و١٨ی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٥دا، مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ ساز دەکەن و لەشاری دهۆک نیشتەجێ دەبێت. لەساڵی ٢٠٠٧دا نەشتەرگەری بۆ چاوی دەکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکی نەشتەرگەرییەکەوە، چاوێکی لەدەست دەدات، دواتریش لەساڵی ٢٠٠٨دا، بەداخەوە جەڵدە لێی دەدات و تووشی شەلەلی دەکات.

گوڵبەهار وەکو ژنە هونەرمەندێکی کوردی سەدەی بیستەم، جێگەی ڕێزە کە توانیویەتی لەسەردەمی دژواری خۆیدا، دەیان ئاواز و فۆلکلۆری کوردی بپارێزێت و تۆماریان بکات. بەداخەوە لە ٢٣-٢-٢٠١٠ لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە کۆچی دوایی کرد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت