سەقز: گریلاکانی پژاک، کێشە بۆ کۆڵبەران دەنێنەوە

0
1417

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتووە، گریلاکانی پژاک (لقی خۆرهەڵاتیی پ ک ک)، لە ناوچە سنوورییەکانی باژێڕی سەقز، کێشەیان بۆ کۆڵبەرەکان ناوەتەوە و موبایلەکانیان دەپشکنن.

یەکێک لەو کۆڵبەرانە لە پەیوەندییەکی تایبەت بە ناوەندی ڕۆژی کورد لەمبارەوە ڕایگەیاند: “شەوی ڕابردوو گریلاکانی پژاک لە شوێنێک بە ناوی “شیو” لە سنووری سەرشیوی سەقز، بۆ جاری چەندەم موبایلەکانیان لە کۆڵبەرەکان ئەستاندوو بە ناوی پشکنینەوە لەگەڵ خۆیان بردیان و دوای ماوەیەکی زۆر بۆیان هێناینەوە”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشی: “ئێمە کۆڵبەرەکان زیاتر لە ٢٠ کەس دەبووین و ئەو ڕێگایە ڕێگای هاتووچوومان و بژیوی ژیانمان لە کۆڵبەرییەوە وەدەست دەهێنین، کاتی تێپەڕینیشمان شەوە و وا نیە کە بتوانین بۆ نموونە ڤیدیۆ یان وێنە بگرین، کەواتە ئەوەی کە ئەوان پێیان وابێ ئێمە سیخوڕییان لێدەکەین وا نیە و دیارە بابەتی تر لە ئارا دایە”.

سەرچاوەی هەواڵەکەی ڕۆژی کورد هەروەها گوتیشی: “دوای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر بە ناوی پشکنینی موبایلەکانمانەوە ڕایانگرتین، دوای پێدانەوەی موبایلەکان پێیان ڕاگەیاندووین کە بە هیچ چەشنێک بۆمان نیە موبایل لەگەڵ خۆمان ببەین کە ئەوەش بۆ ئێمە و لە کاتی هەتڵە بوون یان کەوتنە ژێر هێرش و ڕێگا لێ ون بوون، بە واتای لەدەست دانی گیان و ژیانمانە”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی پێدا و گوتی: “مخابن گریلاکانی پژاک لە جیاتی ئەوەی کە یارمەتیمان بدەن کێشە خوڵقێنن، ئەوان زۆربەیان خەڵکی ڕۆژهەڵات نین و تەنانەت لە ئازار و کێشە و زۆر جار لە زاراوەکانیشمان تێناگەن و ئەوەش وایکردووە وەک هێزێکی ناکوردی لەگەڵمان هەڵسووکەوت بکەن تا هێزێک کە دەبێ گیان وماڵمان بپارێزێت”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت