٣٠ جۆر کەلوپەل و پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵکی ئیران گرانتر بوون

0
772

رۆژی کورد: لە کاتێکدا چینی هەژار و مامناوەندی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هەژارتر دەبن، بانکی ناوەندیی ئێران هەواڵی گرانتربوونی ٣٠ جۆر خواردەمەنی و پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی کورد، لە حاڵێکدا دەوڵەتی ڕووحانی بانگەشەی “تەک ڕەقەمی” کردنی نرخی هەڵاوسانی ئابووریی دەکرد، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ڕابردووی هەتاوی تێکڕای کەلوپەل و پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک گرانتر بووە.

بانکی ناوەندیی ئێران، کە ناوەندێکی فەرمیی ڕاگەیاندنی ئامار ئەژمار دەکرێت، ڕێژەی گران‌بونی نرخی کەلوپەل و جۆرەکانی خواردنی لە نێوان ٣% بۆ لەسەدا ٣٣ راگەیاندووە.

ئەو ئامارە کە لە ماڵپەڕی مێهر بڵاو بۆتەوە، باس لە گرانبوونی ٩.٤ لەسەدی خواردن و خواردنەوەکان، ٩.٥ لەسەدیی نان و دانەوێڵە، ٤.٥ لەسەدیی شیرەمەنی، جۆرەکانی گۆشت ٢.٩ هەتا ١٢.٩ لەسەد و قەند و ڕۆنیش ٩.٧ لەسەد کردووە.

هەروەها پۆشاک و جلو بەرگ لەسەدا ٨.٢، دەوا و دەرمان ١٤.٤، خانوو، ئاو، برق و گاز و سووتەمەنی لەسەدا ٣٣.٣، کرێ خانوو لەسەدا ١٠.٨ و هەروەها کرێ ماشین لەسەدا ٩ روویان لە زیادبوون کردووە.

ئەو جۆرە خواردەمەنیانەی کە لە ساڵی رابردوودا ١٠.١ و هەروەها لەسەدا ١١.٦ گرانی‌یان بە خۆیانەوە بینیوە، گرینگیی ئەو جۆرە خواردنانە لە سەبەتەی کاڵای بنەماڵەکەاندا ٥.٧ لەسەد و ٤٩.٣ لەسەد بووە.

بەم پێیە گرینگترین پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتییان زۆرترین گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخیان بە خۆیانەوە بینیوە.

گرانبوونی کەلوپەلەکان لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئێستا حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاندبوو، نەرخی کەلوپەلەکان لە ئێراندا بەپێی داهات و گیرفانی خەڵک دیاری کراوە. بانگەشەیحەسەن ڕووحانی لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئیستا ناوەندی ئاماری ئێران راپۆرتێکی لەمەڕ هەژارتر بوونی هەژاران و دەولەمەندتر بوونی دەوڵەمەدنەکان بڵاو کردەوە.

پێشتریش ئەحمەدی نەژاد، سەرکۆماری پێشووی رژیمی ئیسلامیی ئێران پرسی هەژارتربوونی هەژاران و چینی مامناوەندی بە “سرکاری”، ناڕاست و بێ بنەما لەقەڵەم دابوو.

سیاسەتی ملهوڕانەی رژیمی ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەیی، دەست بەسەردا گرتنی سوپای پاسداران بەسەر ئابووریی وڵاتی ئێران و کەوتنە ناو بازنەی گەمارۆکان، دابەزینی نرخی نەوت و گاز داخرانی لەسەدا ٨٠ی کارگە و کارخانەکانی لە ئێراندا بە دواوە بووە و بەو هۆیەوە زۆرترین زیانی هەڵەی سیاسی و ئابووریی رژیم بەر هاووڵاتییان کەوتووە.

فەریبورز رەییس دانا ئابووریزانی دانیشتووی تاران پێشتر لە لیدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، کە سیاسەتی هەڵە و تەریک خستنی هێزی لێوەشاوەی ئابووری سەرەکی‌ترین هۆکاری داڕمانی ئابووری لە وڵاتی ئیراندایە.

ئەو ئابووریزانە، رێگەچارەی بووژانەوەی ئابووری و وەگەڕکەوتنەوەی کارگەو و کارخانەکان و هاتنی سەرمایەی دەرەکیی بۆ ئێران، بە “تغییر کلی این سیستم” گۆڕانی تەواویەتی ئەو سیستمەوە گرێ دا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.