تەڕبوون واتە چەندبارەبوونەوەی میزکردن بۆ ناو جلەکانی یان جێگەکەی بەلایەنی کەمەوە هەفتەی دووجار ، بۆ زیاتر لە ۳ هەفتەی بە دوای یەکدا بۆ منداڵێک کە تەمەنی ٥ ساڵ یان گەورەتر بێت.

جۆرەکانی :

١. خۆتەڕکردنی سەرەتایی واتە پێشتر هەرگیز ماوەی ووشک بوونی نەبووە واتە هەر لەسەرەتاوە خۆی تەڕکردووە بە بەردەوامی.

٢. خۆتەڕکردنی دواتر واتە بەلایەنی کەمەوە ماوەی ٦ مانگی ووشک بوونی هەبووە کە خۆی تەڕ نەکردووە.

 

منداڵ کەی خۆی تەڕ ناکات؟ کەی فێری تەوالێت ئەبێت؟

لە سەرەتای تەمەندا بە تایبەتی کەمتر لە ساڵێک لەبەر ئەوەی توانای میزڵدان(قەبارەی میزڵدان) بۆ هەڵگرتنی میز کەمە ، منداڵەکە زوو زوو میز ئەکات واتە لە ڕۆژێکدا نزیکەی ۱٥ بۆ ۲۰ جار، بەڵام دواتر کە گەورە بوو توانای میزڵدانیش زیاد ئەکات.

لە تەمەنی ۲ بۆ ٤ ساڵی منداڵ فێری تەوالێت کردن ئەبێت .

لە تەمەنی ٥ ساڵیدا ۷٪ کوڕان و ۳٪ کچان خۆتەڕکردنیان هەیە.

لە تەمەنی ۱۰ ساڵیدا ۳٪ کوڕان و ۲٪کچان خۆتەڕکردنیان هەیە.

لە تەمەنی ۱۸ ساڵیدا ۱٪ کوڕان و کەمتر لە ۱٪ کچان خۆتەڕکردنیان هەیە.

هۆکارەکانی خۆتەڕکردن چییە؟

لەوانەیە هۆکاری بایۆلۆجی هەبێت، یان هۆکاری عاتفی هەبێت یای هۆکاری فێربوونی هەبێت.
۱٥٪ ئەو منداڵانەی خۆیان تەڕ ئەکەن لە خێزانەکەیاندا واتە دایک و باوک و خوشک و برایاندا حاڵەتی خۆ تەڕکردن نەبووە ،بەڵام ۷۷٪ ی ئەو منداڵانەی خۆیان تەڕ ئەکەن ،یەکێک لە دایک یان باوک بە منداڵی حاڵەتی خۆتەڕکردنی هەبووە، ٤٤ ٪ ی ئەو منداڵانەی خۆیان تەڕ ئەکەن لەوانەیە دایک و باوکیان بە منداڵی ئەو حاڵەتەیان هەبووبێت
.
 خۆتەڕکردنی سەرەتایی شەوانە لەوانەیە بەهۆی یەکێک لەوانەوە بێت:

۱-درەنگ پێگەیشتنی مێشک .

۲-کێشەی خەو بۆ نمونە خەوی قوڵ بێت واتە خەبەری نەبێتەوە لەکاتێکدا میزڵدانی پڕ ئەبێت.

۳-کەم دەردانی هۆڕمۆنی دژە میز(ADH).

٤-هۆکاری بۆ ماوەیی هەبێت.

٥-زۆر چالاکی میزڵدان واتە پێش ئەوەی پڕ بێت خاڵی بێتەوە.

خۆتەڕکردنی دواتری شەوانە لەوانەیە بەهۆی یەکێک لەوانەوە بێت:

۱-حاڵەتی دەروونی منداڵەکە باش نەبێت بەهۆی لەدایک بوونی منداڵێکی تر لەو خێزانەدا، یان گۆڕینی خانوو ، یان تازە بۆ خوێندنگا، یان کێشەی خێزانی، یان خراپ بەکارهێنانی منداڵ.

۲-لەوانەیە نەخۆشیەکی هەبێت بۆ نمونە هەوکردنی جۆگەی میز، گورچیلەی لەکار کەوتبێت، قەبزی ، نەخۆشی شەکرەی هەبێت ، لەکاتی خەودا هەناسەی باش بۆ نەدرێت، بەکارهێنانی هەندێک جۆر دەرمان.

چارەسەر :

۱-نابێت بە هیچ شێوەیەک منداڵ سزا بدرێت، ئەبێت ئەم حاڵەتە وەک نهێنیک بێت لە بەینی خۆت و منداڵەکەت نابێ لای هاورێکانی و کەسانی تر باسی بکەیت بۆ ئەوەی منداڵەکەت کەسایەتی پێی نەروشێ.

۲-ئەگەر نەخۆشیەکی هەبوو ئەبێ چارەسەر بکرێت.

۳- ۳ کاتژمێر پێش نووستن ئەبێ ئاوو شەربەت و شلەمەنی زۆر کەم بکرێتەوە یان هەر مەیدەرێ.

٤-پێش خەوتن تەوالێتی پێ بکە.

٥-هەر شەوێک خۆی تەڕ نەکرد خەڵاتی بکە.

٦- ۲ بۆ ٤ کاتژمێر دوای خەوتن خەبەری بکەرەوەو تەوالێتی پێ بکە.

ئەگەر وەڵامی بۆ ئەوانە نەبوو لە ماوەی ٣-٦ مانگدا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی پزیشک بڕیاری لێ بدات لەسەر بەکارهێنانی ئەلارم واتە ئاگادارکەرەوە یان بەکارهێنانی دەرمان.

ئەگەر سوودت لێی بینی تکایە شەیری بکە بۆ ئەوەی دایک و باوکی تریش سوودی لێ ببینن.

ئامادەکردنی :

د. ئاکۆ کریم جلال زەنگەنە
پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان

د. پشدەر عبداللە اسماعیل

پزیشکی نەخۆشیەکانی منداڵان

 

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here