( لە پێناوی بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵاندا)

0
2799

نوسینی: عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

                                                                
لە ئێستادا ئەدەبی منداڵان وەک لقێکی سەربەخۆ لە ئەدەب دا جێگەی خۆی کردۆتەوە . ئەوەش کە بۆ منداڵانی کورد کراوە شان بەشانی ئەدەبی منداڵانی وڵاتانی دراوسێ ھەنگاوی ناوە و دەرکەوتووە .ئەدەبی منداڵان چونکە جیاوازترە ، تایبەتمەندی خۆی ھەیە .ھەروەھا لە ھەمان کاتیشدا ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بۆ منداڵان بنوسن ،پێویسە ئەوانیش خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بن و شارەزایی تەواویان ھەبێت لەو بوارەدا.چونکە تەنھا بوونی بەھرە و توانای نوسینی ئەدەبی بەس نییە بۆ ئەوەی کە بۆ منداڵ بنوسن . دنیای منداڵ دنیایەکی تایبەتە و زۆر جیاوازە .مەرج نییە ھەرکەس لە بواری نوسین بۆ گەورە دا سەرکەوتوو بوو بتوانێت بۆ منداڵ بنوسێت و بە ھەمان شێوە سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.ئەگەر چاوێک بخشێنین بەو نوسینانەی کە بۆ منداڵان نوسراون.

لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵێک بەرھەمی جوان و باش و شایستە بۆ منداڵ دەبینین،لە ھەمان کاتیشدا کۆمەڵێکی تر لە بەرھەمی نەشیاو و سەپێنراو دەبینین کە بۆ منداڵ ناگونجێن و مەرج و تایبەتمەندی ئەدەبی منداڵانیان لەخۆ نەگرتووە و ئاراستەی منداڵان کراون.کە لێرەدا دەتوانین بیگێڕینەوە بۆ چەند ھۆکارێک،لەوانەش نەشارەزایی نوسەر لە ئەدەبی منداڵان دا و نەخوێندنەوەی نوسەر ئەو بابەتانەی کە بۆ منداڵ و دەربارەی منداڵ و ئەدەبی منداڵان نوسراون. نەشارەزایی لە دەرونزانی منداڵ و قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ ،لەبەر ئەوەی ھەرقۆناغە تایبەتمەندی خۆی ھەیە.چونکە تەنھا ھەر بەھرە و توانای نوسین بەس نین بۆ ئەوەی کە بۆ منداڵان بنوسین.ھەروەھا نەبونی رەخنەی جدی و بنیات نەرو تایبەت بەو کارە ئەدەبییانەی کە بۆ منداڵان ئەنجام دراون،ھەر لە گۆڤار و کتێب و نامیلکە.ئەو ھەمووە ھەیە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی تایبەت ،یان خوێندنەوەیەکی تەواو، یان رەخنە ،کە باش و خراپ لە یەک جیا بکاتەوە و ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت نەکراوە.

راستە مامۆستای چیرۆک نوس (محمد فریق حسن) لە کتێبەکەی دا کە لەم دواییەدا کەوتە بەردەست خوێنەران(ئەوسا و ئێستای چیرۆکی منداڵان)کە پێشتریش ھەندێکی لە کتێبێکدا کە یەکێتی نوسەرانی کورد لقی سلێمانی چاپی کرد بڵاوکردۆتەوە..کە تیایدا باسی لە ھەوڵی چەند نوسەرێک کردووە لە بواری چیرۆک نوسین دا و خوێندنەوەی بۆ کردووە.باشە ئەمە لە بواری چیرۆک دا .ئەی لە بواری شیعردا تا ئێستا چی کراوە؟ھەندێک جار لێرە و لەوێ رەخنە یان لێکۆڵینەوەیەک دەبینرێت بەڵام بەو بەرفراوانییە نییە ئەگەر بەراورد بکرێت بەو ھەمووەی کە ئێستا دەردەچن و ھەن.وەک ھەوڵەکانی کاک نەوزاد عەلی ئەحمەد و مامۆستا ڕەزا شوان و مامۆستا حەمەکەریم ھەورامی و مامۆستا رازاوە رشید ێەبری و مامۆستا حەمەێاڵح فەرھادی و ناھیدە ئەحمەد و چەند کەسانێکی تر ….کە ئەویش زۆر کەمە.لەوەشدا نابێت ھەوڵی کاک( ئەمین محمد ) لەبیر بکرێت کە ھەر لەو کتێبەی یەکێتی نوسەراندا لەگەڵ بابەتەکەی مامۆستا (محمد فریق حسن) دا دەربارەی شیعری منداڵان بڵاوی کردبۆوە،کە بە بڕوای من کارێکی بەسود و ھەوڵێکی باش بوو لەو بوارەدا ،خۆزگە کاک ئەمین فراوانتری بکردایە و بیکردایە بەکتێبێک ،دڵنیام سودی باشی دەبوو بۆ ئەوانەی کە شیعر بۆ منداڵان دەنوسن یان پێشتریش نوسیویانە.دەتوانین بڵێین ئەو کتێبەی کە یەکێتی نوسەرانی کورد لقی سلێمانی چاپی کرد کە پێشتریش وەک کۆڕ پێشکەش کرا لە دوو رۆژدا و دوایی بابەتەکانی کۆڕەکان بە شێوەی کتێب پێشکەش بە ئامادەبووان کران.کارێکی زۆر باش بوو وەک سەرەتا بەڵام ھەوڵی تری لەو شێوەیەی بەدوادا نەھات.لە ھەمان کاتیشدا تیراژی کتێبەکە کەم بوو چونکە لە کتێبخانەکاندا نابینرێت. ھەروەھا مامۆستای نوسەر حسێن بەفرین بە چەند زنجیرەیەک لە پاشکۆی ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ دا خوێندنەوەیەکی بۆ کتێبی( ماڵی باران)ی کاک (ئەمین محمد) ی شاعیر کرد ، لەوانەیەیە لێرە و لەوێ کاری وای تریش کرابێت بەڵام لەبەر بەربڵاوی و زۆری بڵاواکراوەکان دەستمان نەگەیشتبێتێ.

خۆیشم چەند جارێک دەربارەی شیعر و چیرۆک و گۆڤاری منداڵان بابەتم بڵاوکردۆتەوە بەڵام ھەر وەکو پێویست نەبوون و بەتەواوی نەگەیشتونەتە بەردەست ھەمووان.بۆیە بە پێویستی دەزانم لەبەر گرنگی منداڵ و ئەدەبی منداڵ پێشنیارێک ئاراستەی ھەموو ئەوانە بکەم کە لەو بوارەدا کاردەکەن و پێشکەوتن و سەرکەوتنی ئەدەبی منداڵان خەمی گەورەیانە،کە ئێمە ئێستا پێویستیمان بە گۆڤارێکی تایبەت بە رەخنە و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەو بابەتانە ھەیە کە پێشتر و ئێستاش بەبەردەوامی بۆ منداڵان دەرچون و دەردەچن.چونکە باوەڕتان بێت زۆر جار چیرۆک یان شیعر یان بابەتێک دەبینم کە نوسراوە بۆ منداڵان جا چ لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بێت یان لەو کتێب و نامێلکانەی کە پێشکەش بە منداڵان کراون و کەس لایان لێ ناکاتەوە و مایەی سەرسوڕمان و تێڕامانن.چونکە منداڵ بنیات نەری کۆمەڵگایە و وەک زانایانی بواری پەروەردە و دەرونزانی باسی دەکەن ،کەسێتی منداڵ لەسەرەتای پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی دا دروست دەبێت .. جا چ زانیارییەک بدرێت بە منداڵ ئەوە وەردەگرێت.

بۆیە بە پێویستی دەزانم کە لەو ھەمووە باش و خراپ جیابکرێتەوە تا خراپەکان نەبن بە ماڵ بەسەر ئەدەبی منداڵانەوە و دڵنیام وەک لە پێشدا باسم کرد ھەندێکیان لە نەشارەزایی یانە لەو ئەدەبە و لە روانگەی خۆشەویستییان بۆ منداڵان ئەوەیان نوسیوە.چونکە دەبێ لای ھەمووان ئەو راستییە ئاشکرابێت .من دەپرسم کام لەو گۆڤارە تایبەتانەی کە بۆ منداڵان دەردەچن لەلایەن کەسێکەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە؟یان دەربارەی نوسراوە و شەن و کەوێکی زانستیانەو سەردەمیانەی بۆ کراوە؟کام گۆڤار ھەر لای خۆشیانەوە بیبلۆگرافیایەکی بۆکراوە بۆ سەرجەم بابەتەکانی ؟وەک ئاگاداربم مامۆستا ئەحمەد قادر سەعید بیبلۆگرافیای بۆ ٥٠یان ٦٠ ژمارەی گۆڤاری جگەرگۆشەکان ئەنجامدا وەک کتێبێک کە لەوانەیە ھەر لای کەسانی نزیک گۆڤارەکە ھەبێت.ئەی بۆ ژمارەکانی تری؟ بەشداری کۆڕێکم کرد کە بەبۆنەی دەرچوونی ژمارە ١٠٠ی گۆڤاری گوڵەکانەوە سازکرابوو برای نوسەر کاک (خالد عەبدول ) باسێکی گۆڤاری(گوڵەکان) ی کرد وەک خوێندنەوەیەک ، بەڵام وەک بڵاوکردنەوە نەمبینی کە ئێمەش لەو کۆڕەدا راوبۆچوونی خۆمانمان دەربارەی بابەتەکە خستەروو ئەو کاتە.یان ئەو کتێب و نامێلکانەی کە ناو بەناو دەردەچن ؟یان ئەوانەی کە لە زمانەکانی ترەوە دەکرێن بە کوردی؟چی کراوە؟پێویستە دڵسۆزان و خەمخۆرانی دنیا جوانەکەی منداڵ و ئەدەبی منداڵ لایەک لەو بوارە بکەنەوە .بەڕاستی لە ئێستادا زۆر پێویستە.

من وەک شاعیر و نوسەر لە بواری ئەدەبی منداڵان دا لە زۆر چاوپێکەوتن دا باسی ئەوەم کردووە ،تا لە ۆرک شۆپێک کە لە ھەولێر یەکێتی نوسەران مەڵبەندی گشتی سازی کرد باسم کرد و لە دھۆکیش لە یەکەمین کۆنفرانسی ئەدەبی منداڵان دا باسمان کرد .بۆیە لێرەدا بە پێوستی دەزانم کە ئەو زەنگە جارێکی تریش لێبدەمەوە و بڵێم پێویستیمان بە گۆڤارێکی تایبەت بە رەخنە و لێکۆڵینەوە و خۆندنەوەی ھەموو ئەو بابەتانە ھەیە کە پێشکەش بە منداڵان دەکرێن ،جا لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بێت یان یەکێتی نوسەران یان لەلایەن (ئەنجومەنی نوسەرانی منداڵانی کورد) ەوە بێت کە دروست بوو ئەمەشیان پێشنیارە بۆ دروستبوونی ئەنجومەنێک لە خەمخۆران و دڵسۆزان لەو نوسەر و ئەدیب و شاعیرانەی کە بۆ منداڵانی کورد دەنوسن لە ئێستادا،یان ھەر لایەک کە گرنگی بە منداڵ و دنیای منداڵ و ئەدەب و ھونەری منداڵ دەدات.من لام سەیرە کارێکی وا گرنگ و پڕ بایەخ پشت گوێ خراوە و وەکو پێویست لای لێ ناکرێتەوە .چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە منداڵ و دوارۆژی منداڵ و کۆمەڵگاشەوە ھەیە،لە ئەدەبی منداڵاندا بوونی ئەو گۆڤارە(گۆڤارێک کە گرنگی بە خوێندنەوە و ڕەخنە بدات) گرنگی لەم خاڵانەدا دەردەکەوێت:

١. ھەموو بابەتەکان لەوێ بڵاودەکرێنەوە ،بە ئاسانی نوسەرانی ئەو بوارە دەیگەنێ و دەیخوێننەوە چونکە تایبەتە بە بوارەکەی خۆیان .ئەوی راستی بێت لە ئێستادا کۆمەڵێک گۆڤار لە کوردستاندا دەردەچن ئەگەر بابەتێکی بەسودیش تیایاندا بڵاوبکرێتەوە دەربارەی ئەدەبی منداڵان و باسی گۆڤارێک یان کتێبێک یان ھەرباسێک کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئەدەب و ھونەری منداڵانەوە بێت بە گران نوسەرانی ئەو بوارە دەیگەنێ چونکە ھەندێکیان تیراژیان کەمە و ھەندێکیان تەنھا لە ناوچەیەکدا بڵاودەبنەوە و ھەندێکیان گرانن.
٢. بە پێی توانا جیاکردنەوە و ناسینی ئەو کتێب و نامیلکانەی کە گونجاون و شیاون و لە ھەموو لایەنێکەوە بێ کەمو کوڕین و دەتوانرێت بخرێنە بەردەست منداڵ تا بیانخوێننەوە یان بۆیان بخوێنرێنەوە.خۆ ھەر رەنگاورەنگی مەرج نییە،ئەی ناوەرۆک و بابەتەکانی؟ئەی وێنەکانی ناو کتێبەکە؟ئەمانە زۆر گرنگن بۆ منداڵ چونکە زۆر جار وێنەیەکی نەشیاو کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ دروست دەکات.ھەروەھا لەھەمان کاتیشدا ناسینی ئەو نوسەر و شاعیرانەی کە توانیویانە بابەتەکانیان بەشێوەیەکی دروست و دوور لە سواوی و دووبارە بونەوە بگەیەننە منداڵان و ھەمیشە لە بەرەوپێشچوون دان و ھەوڵی داھێنان دەدەن .
٣. بەخۆداچوونەوەی ئەو کەسانەی کە لەبەرھەمەکانیاندا کەموکوڕی ھەیە و بەرەوپێشیان دەبات و رێنیشاندەریش دەبێت بۆ ئەوانەی کە تازە دەست پێ دەکەن و دەیانەوێت کار بۆ منداڵان بکەن.
٤. بەدیھێنانی ئەدەبێکی دروست و جوان بۆ منداڵان.
٥. بەرز راگرتنی ھەوڵ و ماندوو بوونی ھەموو ئەو دڵسۆز و خەمخۆرانەی کە لەو جیھانە جوانەی منداڵاندا کار دەکەن و پێدانی گوڕوتینی زیاتر پێیان.
٦. ئەمەش وادەکات کە بنچینە بێت بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت و سەربەخۆ بۆ جیھانی منداڵان(پەخش و بڵاوکردنەوە) کە کۆمەڵێک شت لەخۆ بگرێت لەوانە:

• دەستەیەکی شارەزا و کارامە و لێھاتوو لە ئەدەبی منداڵاندا پشت بە تواناکانیان ببەسترێت و دوور لە ھەموو شتێکی لاوەکی.
• ئەو دەزگایە ببێتە جێگەی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ھەموو ئەو بەرھەمانەی کە نوسەران و شاعیرانی کورد دەیانەوێت پێشکەش بە منداڵانی کوردی بکەن.ھەروەھا ھەوڵی تەواو بدرێت کە بەرھەمەکان گشت مەرج و پێداویستییەکانی کتێبی منداڵانیان تێدابێت.و کەسانی پسپۆڕ و شارەزای ئەم بوارانەشی تێدابێت .چونکە نابێت کەموکوڕی تێدابێت کە دەکاتە دەست منداڵ.بە بڕوای ئێمە گۆڤاری منداڵان دەبێت ستافێکی ھەبێت کە ئەمانە لە خۆ بگرێت.خۆ ئەگەر وەکو ستافیش نەکراو نەگونجا ئەوا دەتوانرێت تەکلیف لەو کەسانە بکرێت بۆ چاوپێداخشاندنی پێش چاپکردنی و بڵاوکردنەوەی.
• شارەزا لە بواری ئەدەبی منداڵاندا.(چیرۆک،ھۆنراوە،ئۆپەرێت …..)
• شارەزا لە بواری زمانەوانی دا.
• شارەزا لە بواری زانست و تەندروستی و ژینگەدا.
• شارەزا لە بواری دەرونزانی و کۆمەڵایەتی دا.
• شارەزا لە بواری ھونەری و دیزاین و رەنگ و وێنەکردن دا.
• شارەزا لەبواری یاسا و مافەکانی منداڵاندا.
• شارەزا لە بواری کلتور و کەلەپوردا.
• شارەزا لە بواری وەرگێڕاندا.

ئەگەر ھەموو ئەمانە بەشێوەیەکی دروست و ھاوئامانج کاربکەن بێگومان بەرھەمێکی باش و بەسود و شایستە بە منداڵ دەھێننە بەرھەم .با کەمیش بێت ،گرنگ نییە ،چونکە ھەرگیز زۆر و بۆر بۆ ئەو بوارە ناگونجێت و باش نییە.گرنگ ئەوەیە بە تیراژێکی زۆر بێت و ھەرزان بێت و بەئاسانی بگاتە دەستی ھەموو منداڵێکی کورد لە شار و شارۆچکە و لادێکانی کوردستاندا.من ئەوە بەباش نازانم کە کتێبێک یان گۆڤارێک بە ژمارە زۆر بێت بەڵام بە تیراژی دەرچوون کەم بێت.بۆ نمونە من زۆر کتێب یان نامیلکەی منداڵان دەبینم تیراژەکەی (٥٠٠) دانەیە کە نوسەرەکەی بۆ ھەموو منداڵانی کوردی نوسیوە.

جا خۆ ئەگەر ئێمە بەراستی بمانەوێت خزمەت بە منداڵان و ئەدەبی منداڵان بکەین ئەوە لە سنوری گەڕەکێک دەرناچێت چونکە بەشی منداڵانی دوو قوتابخانە ناکات .بۆیە لای ئێمە بەرھەمی باش بە تیراژێکی زۆر گرنگترە لەوەی کە چەند بەرھەمێک بکرێت و بە تیراژێکی کەم.چونکە ئەگەر بێین ئەو کتێب و نامیلکانەی کە تەنھا ٥٠٠ دانەیان لێ چاپکراوە و بۆ منداڵانن پاش ماوەیەک نامێنن لە کتێبخانەکاندا .لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکیان ھەر لە سنوری شارێک یان شارۆچکەیەکدان.ئەوەی کە گرنگە لێرەدا باسی بکەم ئەوەیە زۆر جارنامیلکەیەک یان کتێبێکی منداڵان لەلایەن دەزگایەکەوە چاپ دەکرێت چونکە تیراژەکەی کەمە ئەو بەرھەمە ون دەبێت ،چونکە دەزگاکە خۆی بەسەر چەند شوێنێکدا دابەشی دەکات و لە کتێبخانەکانی بازاریشدا نابینرێن و لای نوسەرەکەش نامێنێت.

ئێمە وای بەباش دەزانین کە بابەتی منداڵان شیعر ،چیرۆک یان ئۆپەرێت یان شانۆگەری یان بەرھەمی وەرگێڕراو کەسانێکی تریش پێش چاپکردن بیبینن ،وەک پێشتر باسمکرد نەک یەکسەر نوسەر یان شاعیر یان وەرگێڕ لەگەڵ رێزی زۆرمدا خۆی چاپی بکات و بیخاتە بەردەستی منداڵان .خۆ ئەگەر ئەو لیژنەیەش نەبوو واباشە و واپێیست دەکات کە لەکاتی پێدانی ژمارەی سپاردن دا بەتایبەتی بەرھەمی منداڵان لیژنەیەک ھاوشێوەی ئەو لیژنەیەی باسمکرد پێشتر پەسەندی بکات و رەزامەندی لەسەر بدات ئەوسا چاپ بکرێت ئەمەش لەبەر گرنگی و ھەستیاری منداڵ و ئەدەبی منداڵان.

 بەڵام بۆ زیاتر بەرەوپێشچون و سەرکەوتنی زۆرتری پێویستی بە ئاوڕی دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەو بوارە ھەیە .بەھیوای بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵانی کورد لە کوردستاندا ئێمە راو بۆچوونی خۆمان خستە روو چاوەڕوانی ئاوڕدانەوەی دڵسۆزانی ئەو بوارەین.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here