کەبوودوەند گەڕێندراوە بۆ زیندانی ئێڤین /مەترسییەکان بۆسەر گیانی زیاتر دەبن

0
782

ڕۆژی کورد: دوابەدوای ئەویکە محەمەد سەدیق کەبوودوەند پێشنیاری کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی ڕەت کردەوە، سەرلەنوێ گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ئێڤنی تاران.

محەمەد سەدیق کەبوودوەند کە ٢٩ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و لە کاتێکدا باری تەندروستییەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت، وەزارەتی ئیتلاعات ئەو چالاکە مافی مرۆڤییەی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ زیندان.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرەڕای ئەوەیکە ژمارەیەک لە چالاکانی جۆراوجۆر و هەروەها ناوەندەکانی حکومەتیش داوای کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان لە کەبوودوەند کرد، بەڵام سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، پێداگریی لەسەر مانگرتنەکەی هەتا وەدیهاتنی خواستەکانی کردەوە.

هاوسەری کەبووودوەند لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی بی‌بی‌سی، ڕەخنەی لە بەرپرسانی رژیمی ئیسلامیی ئێران گرتبوو کە پاش زیاتر لە ٤ حەوتوو بەدەم داواکانی هاوسەرەکەیەوە نەهاتوون.

گەڕاندنەوەی کەبوودوەند بۆ زیندان و شاردنەوەی لە چاوی بنەماڵە و چالاکان، نیگەرانیی قووڵی لای چالاکانی مافی مرۆڤ و خەڵکی کوردستان درووست کردووە.

مانگرتنی کەبوودوەند، شەپۆلێکی بەرفراوانی پشتیوانیی چالاکانی کوردی لە ناوخۆی کوردستان و هەروەها کوردانی دانیشتووی وڵاتانی ئەورووپایی بەدوای خۆیدا هێناوە و هەروەها ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی کوردیش بۆ پشتیوانی لە کەبوودوەند و محەمەد عەبدوڵڵاهی و جەعفەر عەزیم‌زاده، مانیان لە خواردن گرتووە.

کوردانی دانیشتووی ئاڵمان، سوید و ئوتریش، سویس وهولەند وێڕای پشتیوانی کردن لە کەبوودوەند و داخوازییەکانی ناوبراو، هەڵسووکەوتی فاشیستیی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لەمەڕ زیندانیانی سیاسیی کورد و خەڵکی کوردستان مەحکووم کردووە.

ڕۆژی ڕابردوو، زیاتر لە ٣٠ کەس لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، بە هەڵگرتنی تراکت و نووسراوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ کەبوودوەند و سەرجەم زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو ڕاگەیاند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.