ئابلۆقە ئابوورییە ناونەتەوەییەکانی سەر ئێران، پرۆژەی گازی نێوان ئێران و پاکستانیان ئیفلیج کردووە

0
576

سەرەڕای هەوڵی زۆری ئێران بۆ دوورکردنەوەی پاکستان لە سعوودیە و کردنی بە هاوپەیمانی خۆی، پەیوەندیی نێوان ئیران و پاکستان هیچ گەرم و گوڕییەکی بە خۆیەوە نابینێ و پێشدەچێ سعوودیە سەرکەوتوو بووبی لە ڕاکێشانی پاکستان بۆ بەرەی خۆی.

ڕۆژی کورد: هەرچەند بڕیار وابوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ـەوە، پاکستان دەست بکا بە هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ وڵاتەکەی خۆی بەڵام تا ئێستاش نە هێڵی بۆڕییەکان تەواو بوون و نە پاکستانیش هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی لەو بارەوە داوە.

شاهد خاقان، وەزیری نەوت و چاوکانی سرووشتییەکانی پاکستان دەڵێ: “بازرگانان و کەرتەکان هیچ حەزێکیان بۆ بەشداری کردن لە پرۆژەی هێڵی گازی ئێران-پاکستان دا نیە، هەر بۆیەش دەوڵەتی پاکستان سەرقاڵی بینینەوەی جێگرەوەیەکە بۆ هێڵی بۆڕیی ئێران.

بەڵام لە بەرانبەردا لایەنی ئێرانی باس لە بەردەوامیی پاکستان لەسەر ئەو گرێبەستە دەکا، ئەمڕۆ سێ شەممە ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕۆژنامەی “ئێکسپرێس”ی پاکستان لە زاری عەباسی یەوە باسی کرد کە پاکستان هێشتاش لەو گرێبەستە پاشگەز نەبۆتەوە و بەردەوامە بەڵام ئەو پرۆژە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە، وێستاوە.

عەباسی وێڕای ئەوەی کە ئاماژەی بە ناچاربوونی پاکستان بۆ بەڵێندەربوون بەو پرۆژەیە کرد، گوتی: “بە هۆی ئەوەی کە ناتوانین ئاڵوگۆڕیی دۆلاری بکەین، بازرگان و کەرتەکان هیچ مەیلێکیان بۆ بەشداری کردن لەو پرۆژەیەدا نیە، ئەو پرۆژەیە تەنیا ٢ میلیارد دۆلاری گەرەکە بەڵام کەرتەکان لەو بارەوە دوو دڵن”.

شاهید خاقان. وەزیری نەوت و چاوکانیە سرووشتییەکانی پاکستان هەروەها گوتیشی: “هەندێ گەمارۆی ناونەتەوەیی لەسەر ئێران هەن و لەسەر ئەو پرۆژەش هەر ماون و پاکستانیش ناتوانێ ئەو هێڵە بۆڕییە گازە بەرهەم بهێنێ بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێران و پاکستان پەیوەندی باشیان لە بواری تر و هەروەها پرۆژەی هێڵی گازیشدا هەیە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.