فیشەک

0
1048

رەسووڵ سوڵتانی

نيوسەعاتێك دەبوو تەقە دەستی پێ كردبوو. سەگ سەری ساحێبی خۆی نەدەناسییەوە. لەو سێ كەسەیان هەر ئەو بە ساغی مابوو. هێمنی برادەری لە سەنگەرەكەی ئەولاوە بریندار بوو. بەڵام تەقەی هەر دەكرد. گوتی برینەكەم قورس نییە خەمت نەبێ. تەقەیان نەكردبا، دەگەیشتنە سەریان. گوێیان لە دەنگی یەكتر دەبوو. لەوبەری خەندەقەكەوە بە عەرەبی دەیانگوت، دیارە زۆر نین. بەڵام دەست دەكەنەوە. دەستی برد تەلەفۆنێك بكا و بڵێ ئەگەر نەمانگەنێ دەرناچین، تەلەفۆنەكەی كوژابۆوە. یەك بەخۆی دەینەڕاند و دەیگوت دەی كوڕینە بە قوربانی دەست و مەچەكتان بم، لێیان دەن لەو ترسنۆكانە، دەستیان لێ مەپارێزن. كوتوپڕ زانیی سۆران تەقە ناكا. بەڵام دەرفەتی ئەوە نەبوو خۆی بگەیەنێتێ… هەستی كرد گەرماییەك دەلینگی شەرواڵەكەی تەڕ كردووە، زۆری گوێ نەدایە، لەبەر خۆیەوە گوتی: تەنیا دوازدە فیشەكم پێ ماوە. دوازدە فیشەك. دوازدە فیشەك … كرێی تەكسییەك. گوتی ئای دەستم رۆیبایە، شۆفیرتەكسیم لەو وڵاتە نەدەهێشت وەڵا قڕم تێدەخستن… نازانم بۆ دامنەبەرەزاند تێر شەقی بكەم. ئاخر سەگی سەگباب…
لێیاندەن. هێمن ئاگاتان لە خۆتان بێ… ئاگات لەو سەگبابە بێ گەیشتە سەرت لێی دە… تەق ق ق ق ق
گوتی هەرچۆنێك بێ دەبێ خۆم بگەیەنمە سەنگەرەكەی سۆران و فیشەكەكانی وی هەڵگرم..
ئەو شەوە باران وەك گۆزەی سەرەوژێر دەهاتە خوارێ. دەستی لە هەر تەكسیەك هەڵدێنابوو بۆیان رانەگرتبوو. تەزووی سەرماكە خەریك بوو دەگەیشتە ئێسقانی. ئەو سەرمایە مانگێك بوو لەگەڵی ژیابوو. لەگەڵ جیڕەی تایەی تەكسییەك وەخۆ هاتەوە. هەموو گیانی خووسابوو. مۆبایلەكەی سێ رۆژ بوو باترییەكەی بەتاڵ ببوو و كوژابۆوە. سێ رۆژ بوو سەیری وێنەی كچەكەی نەكردبوو. تاقە خەمڕەوێنی ساتەكانی تەنیایی، ئەو ترووسكاییەی بەردەوام بانگی دەكردەوە بێتەوە. بەبێ ئەوەی بە شۆفێر تەكسییەكە بڵێ دەچێتە كام گەڕەكی شار، دەسبەجێ دەرگاكەی كردەوە و خۆی تێهاویشت. سپاس كاكە، بمگەیەنە برایەتی.
كارزان برایەتی كوا وادەبێ، كوڕە بمگەیە سووتام… دەنگی سۆران بوو. لە نێو قرمژنی تفەنگ و تەقە و ویزەی فیشەكدا كەس فریای خۆی نەدەكەوت… چوار دەوریان گرتبوون…
شۆفێر تەكسیەكە گوتی: پۆلیسی كاكە؟
وەك لە ئاسمانەوە بەربێتەوە، راچڵەكی و گوتی:
نەخێر پێشمەرگەم.
چەند ساڵێك بوو پێمان عەیب بوو بڵێین پێشمەرگەین. شەڕیش جاری وایە خێرێكی پێوەیە. ئەوەتا چەندە بە شانازییەوە دەڵێم پێشمەرگەم. سامانێكی گەورەیە. لە خوای بەزیاد بێ. بۆیە دوێنێ شەوێ سۆران دەیگوت: دڵم بەهیچ خۆش نەبێ، بەوەندە دڵخۆشم، كە ئێمە لێرەین و شارەكەمان ئاوەدانە و خەڵك بێ ترس دەنوون…
پێشمەرگەی…. ئەها. بەخێر بێیەوە…. خوا ئاگای لێتان بێ، بەخوا ئێوە نەبوایەن ئێمە هەموو بەدیل دەبراین. ژن و منداڵەكانمانیان دەبرد. وەك ئەوانەی بردیانن. خوا بتانپارێزێ.
سپاس كاكە.. لەو كۆڵانەوە بڕۆ…. ب بە بەڵام دەبێ بمبووری پارەم هیچ پێ نییە…
چۆن؟ قەی چ دەكا، كە گەیشتینەوە دابەزە لە ماڵێ وەرگرە و بۆم بێنە..
بەخوا لە ماڵەوەش فلسێكم نییە…
دەی بۆ لە ئەوەڵەوە وات نەدەگوت برا؟ ئەو هەمووە رێگەیەت پێ بڕیوم تازە دەڵێی پارەم پێ نییە؟ تەمەشا تۆخوا نەگبەتیی ئێمە….
براكەم تووڕە مەبە. ئەوە ماڵەكەمە. خۆ پێی دەزانی. سبەی بەیانی وەرە خوا گەورەیە لە یەكێك وەردەگرم و دەتدەمێ…
كوڕە كاكە خوا دەزانێ تا سبەی بەیانی كێ زیندووە و كێ مردوو… دەی باشە لە جێی كرێیەكە ئەگەر پێتە دە دوازدە فیشەكم بدەیە…
دوازدە فیشەك، كەمیش نا، ئێستا ژیانی من بەو دوازدە فیشەكەوە ماوە… بۆ دامنەبەزاند خوریشۆری بكەم…. چما چ دەبوو بڵێ تۆ پێشمەرگەی و خوات لەگەڵ، چ دەبوو بەیانی هاتباوە….
ئەوەش دوازدە فیشەك، برا… یەك فیشەكی پێ مابوو… كە گەیشتنێ دەستی بەسەر پەلەپیتكەی تفەنگەكەیەوە بوو و، دوا فیشەكی….

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت