ڕێورەسمی ڕێزگرتن لە شاعیری کورد “فەرهاد ئیچمۆ” لەلایەن ناوەندی ڕۆژی کورد لە فەڕانسە بەڕێوەچوو/ویدیۆ

0
791

ڕۆژی کورد:  لە درێژەی خەبات و چالاکییە نەتەوەییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٣ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی “ڕێزگرتن لە فەرهاد ئیچمۆ شاعیری کوردی ڕۆژئاوا” لە بنکەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور لە پاریس، لەلایەن ناوەندی ڕۆژی کوردەوە بەڕێوە چوو.

فەرهاد ئیچمۆ شاعیری کوردی خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا، ماوەیەک لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە.

ئەو ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی کوردستانی باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، ئەردەڵان عەبدووڵاهی وەک بەڕێوەبەر، باسێکی لەسەر ژیان و خەبات و بەرهەمەکانی فەرهاد ئیچمۆ پێشکەش کرد.

دواتر پارێزەرنەعمان مەنسوور، باسێکی تەسەلی لەسەر ژیانی فەرهاد ئیچمۆ و بەرهەم و خەباتی ئەو شاعیرە کوردە لە شۆڕشی کورددا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە درێژەدا، جەماڵ پوورکەریم، باسێکی لەمبارەوە پێشکەش کرد و کوتی: “شیعرە ئەویندارییەکانی فەرهاد ئیچمۆ بە جۆرێک لەگەڵ نیشتمان و خەبات تێکەڵ بوونەوە کە دەکرێ بەراوردی بکەین لەگەڵ مەم و زینی خانی کە وەک مانیفستێکی نەتەوەیی چاوی لێدەکرێ”.

پوورکەریم هەروەها گوتی: “ئیچمۆ باش دەیزانی کە دەبێ گرنگی بە نەوەی داهاتوو بدا بۆیەش ٧ لە بەرهەمەکانی بۆ منداڵان هۆنراونەتەوە”.

پوور کەریم ئاوڕێکیشی لە دۆخی تاڵیی ژیانی هونەرمەندانی کورد و نەتەوەپەروەر داوە.

دواتر شیعرێک بە دەنگ و ڕەنگی فەرهاد ئیچمۆ بۆ ئامادەبووان نیشان درا.

لە بەشێکی تردا خاتوو ئاناهیتا حەمۆ یەکێک لە نزیکانی فەرهاد ئیچمۆ و خاتوو ناهید عومەر بە خوێندنەوەی شیعر، بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا، مەمەد جەمۆ، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر هەڵەبستی کوردی و ڕەوت و مێژووی هەڵبەست و شیعری کوردی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت