مامۆستایەکی کورد سزای دوورخرانەوە بۆ سمنانی بەسەردا سەپا

0
896

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی مافی مرۆڤی ناوەندی ڕۆژی کورد، عەزیز ناسری، مامۆستای قوتابخانەکانی مەریوان بە بڕیاری فەرمانگەی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە، سزای پێنج ساڵ دوور خرانەوە بۆ سمنانی بە سەردا سەپاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “عەزیز ناسری، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان بە تۆمەتی “بێ ڕێزی کردن بە باوەڕە پیرۆزەکان”، بۆ ماوەی ٥ ساڵ بۆ باژێڕی سمنان دوورخراوەتەوە.

 ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان کە بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە بێبەشی لە مافەکانیان لە زۆربەی شارەکانی ئێران وەڕێخرابوو، ڕەخنەی توندی لە کەمتەرخەمیی دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی لەمەڕ بارودۆخی توێژی مامۆستا و فەرهەنگییەکانی وڵات گرتبوو.

عەزیز ناسری، مامۆستای قوتابخانە، ڕۆژنامەوان، شاعیر و وەرگێڕی ناسراوی کورد، خەڵکی مهاباد و نیشتەجێی باژێڕی مەریوانە و تا ئێستا کۆمەڵێک بەرهەم و پەرتووکی لە بوارەکانی وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە چاپ کردووە. وەرگێڕانی دەربەندی پەپوولە و ئاوێنە بچکۆلەکانی شێرکۆ بێکەس و ناڵەی جودایی هێمن و ساغکردنەوە و پێداچوونەوە و چاپی دەسنووسی شەرحی مەنازیرەلە ئینشای نالی لە بەرهەمەکانی ئەم مامۆستایەن.

    بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، تا ئێستا عەزیز ناسری چەندین جار لە لایەن حەراسەت و دەزگا ئەمنییەتییەکانی مەریوانەوە، بانگ کراوە و لە سە چالاکیی پیشەیی مامۆستایان و پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لێپرسینەوەی لێ کراوە. بۆ وێنە رۆژی ١٦ی خەرمانانی ۱۳۹۰ لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی پارێزگای کوردستان بۆ ماوەی ۳ مانگ لە ژووری تاکەکەسی لە ژێر لێپێچینەوەدا بووە.

هاوکات عەزیز ناسری یەکێک لەو مامۆستایانەیە کە بە بەرفراوانی هەوڵی بۆ وترانەوەی وانەی کوردی لە قوتابخانەکان و دانانی دەقی گونجاو بۆ ئەو وانەیە لە کوردستان داوە کە هەوڵی لەم چەشنە، زۆر جار دژایەتیی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی لێکەوتۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.