ئەیووب ئەسەدی، زیندانی سیاسیی کورد مانی لەخواردن گرتووە و دۆخیشی نالەبارە

0
640

ڕۆژی کورد: ئەیووب ئەسەدی، بەندی سیاسیی كورد که‌ لە زیندانی كاشمەردا دەست بەسەرە و بە هۆی دیسكی پشتی لە بارودۆخێكی خراپی جەستەیی‌دایە، بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی سەردان مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیوز، ئەیووب ئەسەدی بەندی سیاسیی كورد دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤ ساڵ زیندانی لە زیندانە جیاجیاكان لە حاڵێكدا كە ئازاری پشت بڕستی لێ بڕیوە، لە مافی پێدانی سەردان ‌و پێڕاگەیشتنی پزیشكی بێبەش كراوەو ڕێگری لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە دەكرێ.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە زیندانی كاشمەرەوە وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە خواردن گوتوویەتی: “ئەیووب ئەسەدی لە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٥ لەگەڵ ده‌سپێكی مان گرتنەكەی، ڕاپێچی سللوولی ئینفرادی كراوە.”

پێشتر ئیدارەی زیندانی كاشمەر ڕایگەیاندبوو دەبێ ئەم دادگایەی كە لەوێ محاكمە كراوە، بڕیاری ناردنی ئەیووب بۆ نەخۆشخانە بداو، سەرەڕای ڕەزامەندیی دادگای شارەكانی كامیاران‌و سنە لەگەڵ داوای مەرەخەسیی ئەیووب ئەسەدی‌و دەستبەسەرداگرتنی سەنەد، بەڵام هەروا بەهۆی دژایەتیكردنی دادستانی كاشمەر، تا ئێستاش ئەویان بۆ نەخۆشخانە نەناردوە.

شایانی ئاماژەیە کە ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە جیا لە تووشبوون بە دیسكی پشت، گیرۆدەی نەخۆسی “ئاسم”یشەوە ‌و لەسەر خەرجی گیرفانی خۆی، ئێسپرێیی تایبەتی ئاسمی بۆ دەكڕن.

ئەییووب ئەسەدی، ڕێكەوتی 25ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ ـی هەتاوی هاوڕێ لەگە: محەممەدحوسێن ڕەزایی لە لایەن هێزەكانی سوپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕژیمەوە لە نزیک ئاوایی “بۆڕیەر”ـی سەر بە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر كرا.

پاش چەند مانگ دەستبەسەركران لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆكایەتیی قازی بابایی، ئەیووب ئەسەدی بە تۆمەتی “هاوكاری كردن لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی دژبەری ڕژیم”، حوكمی ٢٠ ساڵ زیندان‌و دوور خرانەوە بۆ زیندانی كاشمەری بەسەردا سەپێندرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٨ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ لە لایەن ناوەندی جێبەجێ كرانی حوكمەكانی زیندانەوە بانگ كرا و ڕاستەزخۆ لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەوە بۆ زیندانی كاشمەر دوور خرایەوە.

شایانی ئاماژەیە کە هەر وەک لە هەواڵەکانی ڕۆژی کوردیشدا هاتووە لە ئێستادا ١٣ ڕۆژە، محەممەد عەبدووڵاهی، زیندانی سیاسیی کورد بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دادگایی کرانی و هەروەها سزای بەسەرداسەپێندراوی (سێدارە) دەستی بە مانگرتن کردووە و ئەمڕۆ بە هۆی دۆخی نالەباری جەستەیی، ڕاگواستراوە بۆ بێهداریی زیندان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت