بەشار ئەسەد: سووریە یەک نەتەوەیە و دەسەڵاتی گشتیی وڵات دەگرینەوە دەست

0
1702

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی وشنگتۆن پۆست و سەرچاوە جیهانییەکانی تری هەواڵ، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی خەرمانانی 1395ـی هەتاوی، بەشار ئەسەد کە بە بۆنەی جەژنی قوربان سەردانی “داریا”ـی لە نزیکیی دیمەشق کرد گوتی: “ئێمە وەک یەک نەتەوە ئەو پەیامە دەدەین کە وڵاتی سووریە دەیهەوێ سەرجەم شوێن و ناوچەکان لە تیرۆریستەکان بسڕێتەوە و پێکهاتەیەکی ئاسایشی و جێگری دابمەزرێنێتەوە”.

پێداگریی بەشار ئەسەد لەسەر یەک نەتەوە بوونی سووریە، پەیامێکە بۆ جیهان و نەتەوەکانی تری ناو سوورە وەک کوردەکان کە ڕژیمی ئەسەد لە ئەگەری مانەوە ناتوانی و نایهەوێ هیچ سیستەمێکی تری دەسەڵات لەو وڵاتە قەبووڵ بکات و مافی نەتەوەکانی تر بن پێ دەکرێت و ڕەوشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

دەگوترێ قسەکانی ئەسەد کە لە سەردانی خۆی بەبیانووی جەژنی قوربان ئەنجام دراوە بە واتای بردنە ژێر پرسیار و ڕەت کردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیە و ئەمریکایە لەسەر سووریە. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان جان کێری و لاڤرۆڤ کە ڕۆژی شەممە 19ی خەرمانانی 13958ی هەتاوی لە ژنێڤ واژۆ کرا، لە کاتژمێر 7ی ئێوارە بە کاتی سووریە، ئاگربەستی گشتی لەو وڵاتە دەست پێدەکات و بەو پێیە بەستێن بۆ دان و ستان و ڕاگواستنی دەسەڵات لەو وڵاتە خۆش دەکرێت.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیە و ئەمریکا، دەبێ بەستێن بۆ ڕاگواستنی دەسەڵات و لادانی ئەسەد خۆش بکرێت، بەڵام ئەو لێدوانانەی ئەسەد دەریدەخا کە ئەسەد بە نیاز نیە بەتەواوی شەڕ وەلابنێت.

باژێڕی “داریا” لە ماوەیەکی کورتی ڕابردوودا لە دەست دژبەرانی ئەسەد ئەستێندراوەتەوە.

هەواڵنێری تەلەفزیۆنی ئاڵمانی زمانی ZDF لەمبارەوە ڕای وایە ئەو لێدوانانەی بەشار ئەسەد بە هۆی پشتیوانی و لەژێر کاریگەریی ئێران هاتوونە ئاراوە.

ئێران یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی ئەسەدە و بەشار بەڵێنیی ئەوەشی پیداون کە دوای ئازادکرانی سووریە و کۆتایی پێهاتنی شەڕ، ئەرکی ئاوەدان کردنەوە بخاتە سەر ئەستۆی ئێران.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت