ئەرکی هونەرمەندان لەم هەل‌ومەرجەی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستاندا

0
714
ئازاد مسته‌فا پوور
ئازاد مسته‌فا پوور

ئەمڕۆکە رۆژهەڵاتی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەرێت و راسانێک سەر لە نوێ دەستی پێکردەتەوە و دەبینین کە چۆن کۆماری پەت و سێدارە لەرزی لێنیشتووە و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە دەیەوێت سەرکوتی بکات و هەڕەشەی خاپوورکردنی ئەو شوێنانە دەکات کە رۆڵەگیان لەسەر دەستی و قارەمانەکانی کوردستان خوێنیان بۆ داوە.

هەموو شاهیدی ئەوە بووین کە ڕۆڵە ئازاکانی گەلەکەمان لە شارەکانی شنۆ، مەریوان، سەقز، پاوە و مهاباد و چەند شاری دیکەی کوردستان، چۆن قارەمانتییەکان نەخشاند و خەویان لە چاوی داگیرکەران زڕاند و وەک رمێک لە دڵی رەق و پڕ لە قینیان چەقین و سەر لەنوێ بانگی سروەی ئازادییان بە سەر ئەو بەشە لە خاکی داگیرکراوماندا بڵاو کردەوە و سروودی یان سەرکەوتن یان مردنیان بە گوێی هەموو دنیا گەیاند.

لە هەموو شۆڕش راپەڕینەکاندا تێکەڵێک لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تێدا بەشدار دەبن و بە پشتگیری و یەکگرتوویی شۆرشەکە بەو ئاراستەی دەبەن کە دەیانەوێت.

لە ناو ئەو چین و توێژەدا توێژی هونەرمەندان ئەرکێکی زۆر قورس دەکەوێتە سەر شانیان و بە یەکێک لە کاریگەرترین و چالاکترین توێژ دادەنرێت بۆ بەشداریکردن لە شۆرش و هەروها وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.

لە کاتی دەستپکردن و هەڵگرسانی شۆڕشی فەڕانسەدا(1789ـ1799) روژێ دولیل بە دانانی سروود ” مارسییەز” توانی ئەو هەستە گەورە لە دڵی کۆمەڵگەی ئەو کاتی فەرانسەدا درووست بکات و هەموو تێگڕا بە یەک دەنگ هاوار بکەن:
راپــەڕن ئـەی رۆڵەکانی وەتــەن
ئەمڕۆ رۆژی شکۆ و سەرفرازییە

هونەرمەندانی ئێمەش نابێ لەم هەل و مەرجەدا خۆیان بە دوور بگرن و بێ هەڵوێست بن. رۆژی ئەوە هاتووە کە ئێمەش هاوڕێ و یەکدەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی چەوساوە و زامداری خۆماندا، هاوار بۆ وڵاتەکەمان سەربدەین و کۆشکی پەت و سێدارە بەرەو لە ناوچوون و خاپوور بوونی هەتاهەتایی بەرین.

با نگارکێشەکانمان وێنەگەلێک بکێشنەوە کە ئاڵای ئازادیی کوردستان لە هەموو بەرزایەکانی نیشتمانەکەماندا بشەکێتەوە.

پەیکەرتاشەکانمان، پەیکەرگەلێک لە قارەمەکانی وڵاتەکەمان هێما بکەن و وا بنوێنێت کە دەیانوێت کۆشک، تەلار، سپا و بەیداخی داگیرکەران تێک و پێک دەشکێنن.

موزیکزان و شاعیرەکانمان، سترانبێژ و سروودبێژەکانمان، بە پاڵپشتی یەکتریی، ئاواز و هۆنراوە بۆ راپەڕین و سەرکەوتن بڵێنەوە و تۆی نەبەزین، سەرکەوەتن و رزگاریی لەنێو کۆمەڵگەکەماندا بچێنن.
و…..هتد.

ئێمە ئەمڕۆ بەرانبەر بە بەرپرسایەتییەکی میژوویی راوەستاوین.
با دواتر پەشیمان نەبینەوە و نەڵێین بۆ نەمان کرد!
با سەرشۆڕی نەوەکانی دوای خۆمان نەبین.

با ئێمەش وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکە دەست لە ناو دستی یەکتر و گرێدراو و پشت قایم بە بەنەتەوەکەمان، ئازادی و رزگاریی هەتاهەتایی بۆ وڵاتەکەمان بێنینە دی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت