ئێرانیەک بە تاوانی یارمەتیدان بە تیرۆریسم لە کۆسۆڤۆ دەستبەسەر کرا

0
719

ڕۆژی کورد: ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بەرپرسانی کۆسۆڤۆ پیاوێکی ئێرانیان بە تاوانی “دراوشۆری و یارمەتیدان بە تیرۆریسم” لە ڕێگای گرووپێکی فریاکەونەوە، تاوانبار کرد.

بەرپرسانی کۆسۆڤۆ دەڵێن ئەو پیاوە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بڕەپارەی ٩٠٠ ملیۆن تمەن دراوی نەغدی وەرگرتووە و بە دەوڵەتی کۆسۆڤۆشی ڕانەگەیاندووە، هەر بۆیەش دادستانی کۆسۆڤۆ داوای لە دادگای ئەو وڵاتە کرد ئەو پیاوە ئێرانیە لەو وڵاتە دەربکات.

دەگوترێ ئەو پیاوە بەڕێوەبەری ڕێکخراوێکی نادەوڵەتیی “قورئانی” یە و چاوەدێری بەسەر چوار ڕێکخراوی تریشدا دەکات کە گومانی هاوکاری و ئالیکاری لەگەڵ ئێرانیان لەسەرە.

دادستانی کۆسۆڤۆ ناوی ئەو کابرایەی بە “ئو. ح. ئا. ب” ڕاگەیاندووە و ڕاشیگەیاندووە کە بڕەپارەی هەڵگیراو لە حیسێبی بانکیی ئەو گرووپە یەکجار زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە لە ڕێگای دیار و پێشکەشیەوە پێیانگەیشتووە و تا ئێستاش لەمەڕ سەرچاوەی ئەو پارەیە درۆی بە کۆسۆڤۆ گوتووە و سەرچاوەکەی ئاشکرا نەکردووە.

لەئێستادا چالاکیی ئەو ٥ ڕێکخراوە لە کۆسۆڤۆ هەڵپەسێردراوە و ڕاگیراوە.

ڕۆژنامەی ئێکسپرێس ـی کۆسۆڤۆ بە ئاماژە بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە نووسیویەتی کە ئەو ڕێکخراوە نادەوڵەتییانە پەرەیان بە “هەستی دژایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و بێزاری و ڕق لە جوولەکەکان داوە”.

بەپێی ئامارە ڕەسمیەکان، ٣٠٠ هاووڵاتیی کۆسۆڤۆ لە ساڵی ٢٠١٤ ـەوە چوونە ناو ڕێکخراوە جیهادیەکانی لە سووریە و عێراق.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت