ئاڵۆزیی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی بەربڵاوتر بۆتەوە

0
626

گرژی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئێران و دەست و پیوەندەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیاد بوونە، ١٣هەمین کۆنفرانسی ئیسلامی لە تورکیە، ٥ خاڵی بەیانیەی کۆتایی خۆی بۆ ئێران تەرخان کردبوو و ئێرانی بە پشتیوانی لە تیرۆریزم و هەروەها دەست تێوەردان لە کار و باری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە تاوانبار کردبوو. ئەمڕۆش پارلمانی عەرەبی، حیزبووڵڵای لوبنان کە یەکێکە لە دەست و پێوەندە هەرە نزیکەکانی ئێران و تیرۆری دەرەوەی ئێران هەموو لە لایەن حیزبووڵلاوە دەکرێن، بە تیرۆریست دەست نیشان کرد.

پارلمانی وڵاتانی عەرەبی لە کۆتایی چوارەمین دانیشتنی خۆی لە مەقەڕی یەکگرتووی عەرەب لە قاهیرە، خۆتێهەڵقوتاندنە راستەوخۆکانی ئێران و خۆتێهەڵقوتاندنە ناڕاستەوخۆکانی حیزبووڵڵای لوبنانی لە کار و باری ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبی، مەحکووم کرد.

پارلمانی عەرەبی لە کۆتایی دانیشتنی خۆیدا بەیاننامەیەکی دا و تێیدا وێڕای مەحکووم کردنی خۆتێهەڵقوتاندنی ولاتانی بیانی لە هەر کام لە وڵاتە عەرەبیەکان و خستنە مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی، حیزبووڵڵای لوبنانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو نا.

ئەحمەد ئەلجروان، سەرۆکی پارلمانی عەرەبی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی خاکەلێوە گوتی:”حیزبووڵڵا، حیزبێکی تیرۆریستییە، ئەو بڕیارەش یەکگرتوویی عەرەبی داویەتی و زۆربەی ڕێککەوتنە ناونەتەوەیی و هەروەها دەزگاکانی هاوکاریی ئیسلامی بە سەرنج دان بە خۆتێهەڵقوتان و دەست تێوەردانە نەرێنییەکانی حیزبووڵڵا لە کار و باری وڵاتانی ناوچە، بڕیارێکی ئەوتۆیان داوە”.

ئەلجروان هەروەها گوت: “هیوادارین حیزبووڵڵا، ڕووی چەکەکانی لە ئیسراییل نکات و لە ڕووی پشتیوانی لە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی، هاوئاهەنگی هەبێ. ئەندامانی پارلمانی عەرەبی بە سەرنج دان بە ئەو یاسایانە کە وا لە لایەن ئەندامانەوە لێکدرانەوەیان بۆ کراوە، ئەمڕۆ لە دانیشتنی چوارەمی خۆیاندا، حیزبووڵڵایان وەک تاقمێکی تیرۆریستی ئەژمار کردووە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.