ئێمه‌ چۆن كودەتامان كرد؟/عەزیز نەسین

0
279

ئه‌و كورته‌ چیرۆكه‌ چه‌ندین ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر له‌ لایه‌ن عه‌زیز نسین ـه‌وه‌  له‌ پەرتووکی “بیره‌وه‌رییه‌كانی مردوویه‌كدا” چاپ كراوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و كودەتا نوێیه‌ی توركیه‌ ده‌گونجێ ، نوسراوه‌و  منیش لەسەر داوای ڕۆژی کورد وه‌رمگێڕایه‌وه‌  سه‌ر كوردی و بەڕێز کاک جەماڵ پوورکەریمیش زەحمەتی پێداچوونەوەکەی کێشاوە.

وه‌رگێڕانی: هه‌ڵمه‌ت مه‌عڕووفی (تایبەت بۆ ڕۆژی کورد)

ئەگەر  شانس و به‌ختمان هەبووایە دەبوو ئەمڕۆ سەرچاوەی کارەکە بوایه‌ین. هەڵبەت ناشکرێ  بڵێین  هەمووی هه‌ر  تاوانی شانسه‌، بۆخۆشمان لەو ڕووداوەدا تاوانبارین!

هەموو کارەکان وەک ئاوخواردنەوە چووەنە پێش. مخابن کە ئێمە نەمانتوانی هەواڵی ئەو سەرکەوتنە بدەین بە هاونیشتمانییەکانمان، هەر بۆیەش کارەکە نه‌ك هه‌ر سه‌ری نه‌گرت تۆزێكی مابوو سه‌ریشمان به‌ فه‌ته‌رات بدا و بمانباته‌ پای سێداره‌ .

دیسانیش  هەزار جار شکور گۆزەی تەمەنمان لێوڕێژ نەببوو و لەو بەڵایەش ڕەخساین. یەک قازانجی گەورەشمان وەدەست کەوست: تێگەیشتین تا نەتەوەیەک ئامادەی قەبووڵ کردنی شۆڕش نەبێ و لە ناخی دڵەوە حەز بە گۆڕانی ڕژیم نەکا و ڕەزایەت نەدا، کودەتا بایی دوو پەناباتە و تا هەر جێیەکیش چووبێتە پێش هەر لەگەڵکو یەک کۆسپی بچکۆڵانەشی بێتە سەر ڕیگا، دەترازێ! دەڵێن نا؟ کەواتە گوێ لە چارەنووسی ئێمە بگرن تا بڕوا بکەن:

ئێمە چەند هاوڕێیەکی خۆشەویست و هاودڵ و یەکگرتوو بووین کە خۆشی لەسەر دڵمانی دابوو، لەگەڵ ئەوەی کە هەموومان خاوەن پلە و ماڵ و ژیان و گوزەرانێکی لەبار و خۆش بووین، بڕیارماندا شۆڕش بکەین و خۆمان هێز و دەسەڵات بگرینە دەست و ببینە هەمە کارە! هەموو لایەنەکانمان لێکداوە، نەقشەی شۆڕشمان داڕشت، ڕێگاچارەی هەموو کێشەکانمان لەسەر سینگی لاپەڕەیەک نووسییەوە. بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێم لە هەر هەموو مێژوودا هیچ شۆڕشێک له‌  تەواوی ئەو جیهانە ئاوا بە ڕێک و پێکی و گەڵاڵەداڕێژراو و بێ هەڵە دانەڕێشتراوەته‌وه‌.

ئێمە تەنیا یەک هەڵەی گچکەمان کرد، ئەویش ڕۆژی شۆڕشەکە بوو! ئەگەر  چاوێکمان لە ڕۆژمێر کردبا یان گوێمان لە هەواڵەکانی کەشناسی گرتبا، ئەوا کوا ڕۆژی یەکەمی زستانمان کە هەمیشە و دایمی خودای ئەگەری بەفر بارین و کڕێوەی هەیە، بۆ شۆڕش هەڵدەبژارد تا ئاوا تێدا بچین؟

هەڤاڵان ئەوەندە لە شۆڕشدا ڕۆچووبوون کە هەر نەیانکردبوو تەلەفوونێکیش بۆ بەرپرسی کەشناسی بکەن و بپرسن ئەرێ کاکە هەوای چۆن دەبێ! نازانم دەزانن یان نا بەڵام لە باژێرەکەی ئێمە هەر كه‌  تنووکە بەفر یان بارانێک ببارێ هەموو شت تێکدەچێ، هاتووچوو ڕادەوەستێ، ئاو و کارەبا دەبڕێ، شەمەندەفەر و ترۆمبیلەکان لە کار دەکەون، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تەلەفوون و هەموو شتێک ڕادەوەستێ و دەپچڕێ.

بۆ ڕۆژە ڕەشیان، شۆڕشەکەی ئێمەش ڕاست لە ڕۆژێکی وسادا بوو، ئەگەر ئێمە ئەزموونێکمان لەسەر شۆڕش هەبا و چەند جار پرۆڤەمان بۆ کردبا ئەوا لە جیاتی ڕۆژی یەکەمی زستان، حەوتووی ناوەڕاستی هاوینمان هەڵدەبژارد، هاوینان باژێری ئێمە چۆڵەوارە، زۆربەی خەڵک دەچنە ناو باخ و کوێستانەکانی قەراغ باژێر، دەمێنێتەوە و نامێنێتەوە کەمێک فەرمانبەری پلە نزم و کەمێک وردە فرۆش کە ڕۆژ بۆ ڕۆژێ داهات و بژیوی ژیانیان دابین دەکەن کە ئەوانەش کاریان بە کەس نیە، لە لایەکی دیکەشەوە دەست بەسەرداگرتنی فەرمانگە و شتەکان ساناترە، لە دۆخێکی وسادا هەر کەس ئەگەر هەر بۆ ڕابواردنیش گەرەکی بێ ئەوا دەتوانێ شۆڕش بکات! خۆ تێبینی ئه‌وه‌تان كرد کە ئێمە هەر هەموو شتێکمان لێکدابۆوە بەڵام حیسابی بارانمان نەکردبوو. ئێستاش هەر کات دێتەوە یادم، داخێکی گران لە ناخی دڵم دێتە دەر و بە خۆم دەڵێم: “ئێمە چەند گەمژە بووین کە ئەو دۆخە باشەمان لە دەست دا”.

من ستوان ئەبوولحیجاب چونكه‌ دەنگم خۆش بوو لە ژێر چاوەدێریی سەرهەنگ ئیبن وال دا بووم بە مەئمووری دەست داگرتن بەسەر ڕادیۆدا. نەوید حسێن ئەدەل و ژنرال ئەلمات زەکی لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە سەربازەکانیان ئەرکدار کرابوون دەست بەسەر ڕێستۆرانتی حەسەنی چێژدا بگرن، سەرگورد مەردبانی لەگەڵ چوار کەس لە هاوڕێکانی دەبا دەستیان بەسەر پۆستخانە دا گرتبا.

دار و دەستەی ژنراڵ خەیام ـیش دەبا دەستیان بەسەر کوشتارگادا گرتبا. به‌ گشتی و له‌ سه‌ر یه‌ك ئێمه‌ بەر لە شۆڕش، شوێنە باش و پڕداهاتەکانمان لە نێوان خۆمان دابەش کردبوو. حەمدوڵا کوێر کە پێشتر ئەفسەری ڕوکنی چوار بوو و دوو ساڵ پێشتر خانەنشین کرابوو، پێی ئه‌سپێردرا كه‌  دەست بەسەر زینداندا بگرێ تا ئەگەر هاتو  شۆڕش شکستی خوارد و دەستبەسەر کراین، پێشتر لە بەندیخانە شوێنی باشمان بۆ دەست نیشان بکات. بەدوای چەند هاوڕێیەکی باش و خۆمانەدا وێڵ بووین بۆ ئەوەی دەست بەسەر فەرمانگەکانی دیکە دا بگرن.

سەرگورد شەهاب ئەلجەناب گوتی: “کاکە ئەو فەرمانگانەی بە کاری ئێمە نایەن با کارمان پێیان نەبێ. فەرمانگەی باج و شارەوانیەکان بەکەڵکی هیچ نایەن! بە دوو سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرەکانیان وەدوا دەکەوێ، بەو حاڵەوە ئێمە بچین و کاتی خۆمان بە فیڕۆ بدەین و خۆ ماندوو بکەین بۆ چی ئاخر؟ بە کام تاسە و ئاواتەوە؟  فەرمانگەی ئامار کە هەر لێیگەڕێ…. هێڵێک بەسەر ناوی ئەوانەدا بکێشن گوێشیان مەدەنێ.

هەموو کوتیان باشە بەڵآم ژنراڵ ئەلمات زەکی گوتی: “دەی جا ئێوە کە ئەو فەرمانگانە پشت گوێ دەخەن، ئیدی بۆ چی شۆڕش دەکەن؟”

بەڵام کەس گوێی نەدا قسەکانی و پێشنیاری سەرگورد شەهاب ئەلجەناب بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

بەر لە هەر جووڵەیەک دەبا ڕای بەرپرسانی ئەمریکامان لەسەر شۆڕش زانیبا، داخوا دەڵێن چی؟ ئاخر باش دەمانزانی کە ئەگەر بێت و ئامریکاییەکان لەگەڵ شۆڕش کۆک نەبن ئەوا ڕەنج بەخەسار دەبین، هەر بۆیەش لێژنەیەکمان هەڵبژارد تا بچنە لای باڵوێزی ئەمریکا و ڕەزامەندی وەربگرن!

نێوی منیش لە ناو ئەو چوار کەسەدا بوو کە هەڵبژیردرابوون بچن بۆ لای سەفیر. لەبەر ئەوەی ئینگلیسیم دەزانی، هاوڕێکانم وەک وتەبێژ هەڵیانبژرادم و بڕیار درا من بە نوێنەرایەتی لێژنەکە قسە بکەم.

کە لە سەفارەت وەژوور کەوتین مەپرسە پێنج شەش کەسی دیکەش بەتەمای شۆڕش بوون. جەنابی سەفیر بە سەرو ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازی لێکردین. دەستم کرد بە قسان و هەر کە پێشەکی قسەکانم تەواو بوو دیتم وشەی “شۆڕش”م بە ئینگلیسی لە بیر چۆتەوە، شا ئەو به‌زمه‌ی ، ئێستا چ بکەم؟. سەفیر واق مابوو و چاوەڕوان بوو تا بزانێ مەبەست لە سەردانەکەمان چیە، منیش هەروا مابوومەوە و لە کەلێن و قوژبنەکانی مێشکمدا لە وشە ئینگلیزیەکەی شۆڕش دەگەڕام! هەرچی لە خۆم نووسام وەبیرم نەهاتەوە، لە هاوڕێکانم پرسی، ئەوان هەر هیچیان ئەلف و بێی ئینگلیسیشیان نەدەزانی چ بگا بە وشەی شۆڕش. مستم لە حەوا دێنا و دەبرد تا سەفیر تێبگەیێنم کە کاکە ئەمشەو گەرەکمانە شۆڕش بکەین. کاکی سەفیر سەرەتا وایزانی جوێنی پێدەدەم و بێ ڕیزی پێدەکەم بۆیە تێر تووڕە بوو ، بەڵام بە سەد ڕاپسان داپسان تێمگەیاند نا بابە ئێمە گەرەکمانە شۆڕش بکەین و ئێستاش ڕای ویمان گەرەکە، دەمانهەوێ بزانین تامی زاری وی چیە؟

سەفیر گوتی: “ئەگەر هات و سەرکەوتن ئەوا ئێمە پشتتان دەگرین ئەگەر شکستیشتان هێنا ئەوا ناچارین پشتی حکوومەتی ئێستا بگرین”.

دوای ئەوەی کە قەول و  بەڵێنیمان لەگەڵ سەفیر بڕییەوە لە باڵوێزخانه‌ هاتینە دەر و دەست بەجێ وه‌خۆ كه‌وتین و ده‌ست به‌ كار بووین، دەستەی ئێمە بێ ئەوەی کە هیچ خۆڕاگرییەکی لە هەمبەر بکرێ و پێشمان پێ بگرن ده‌ستمان به‌ سه‌ر ستۆدیۆی ڕادیۆ دا گرت . بڕیار وابوو دوای دەستبەسەرداگرتنی ستۆدیۆی ڕادیۆ کارەکانمان ئامادە بکەین تا هەڤاڵانمان ئەرکەکانیان تەواو بکەن و هەواڵی شۆڕش لە رادیۆوە بڵاو ببێتەوە. دە خولەک تێپەڕی، هیچ هەواڵێک لە هەڤاڵان نەبوو، بوو بە نیو کاتژمێر هەر هیچ، دوو کاتژمێریش دەرباز بوو  نەخێر هەر هیچ باس نەبوو.

دڵەخورپەمان تێکەوت، بە بەڕێز سەرهەنگ ئیبن وال ـم گوت: “وابزانم هەڤاڵانمان گیراون و ئێستا دێن بۆ سەروگوێی ئێمەش”.

جەنابی سەرهەنگ کە وەک شەقشەقە هەڵدەلەرزی وڵامی داوە:”ئەگەر هێزەکانی دەوڵەت بێن و لێمان بپرسن لێرە چ دەکەن، بڵێین چی؟

  • ڕاست دەفەرمووی گەورەم، ئێمە هەر بیرمان له‌و به‌شه‌ی نەکردبۆوە.

جەنابی سەرهەنگ گوتی: “ڕێگا چارەیەکم هەیە”.

  • چی ئەزبەنی؟
  • ئەگەر کەسێک هات دەست دەکەین بە مارش لێدان و سروود بێژی.
  • گەورەم من هیچ چەشنە موزیکێک نازانم

جەناب سەرهەنگ پێکەنی و گوتی: “مەگەر من دەزانم؟ ئەگەر  کەسێک هات دەبێ وا بنوێنین کە موزیک لێدەدەین.

سەرم بە ژوورەکان داگرت، شەیپوور و ویۆڵۆنێک و جازێک و چەند ئامێرێکی مووزیک کە ناوەکەنیانم نەدەزانی، دیتەوە. یەکێک لە سەربازەکان شەیپووری باش دەزانی و ئەوانی تریشی فێر دەکرد.

بە جەناب سەرهەنگم گوت: “ئەزبەنی بڕۆن بزانن هەڤاڵان چ دەکەن؟ بۆ هیچ باسێکیان نیە؟”

جەناب سەرهەنگ کە وێدەچوو چاوەڕێی ئەو پێشنیارەی من بووبێ، وەک برووسک لە ستۆدیۆ چووه‌ دەرێ و ئیتر نەمانبینیەوە، ڕۆیشت و ڕۆیشت. دوو کاتژمێری تر تێپەڕی، کە بینیم جەناب سەرهەنگ هەر نەهاتەوە، یەکێک لە سەربازەکانم بەدوادا نارد، ئەویش ڕۆیشت و ڕۆیشت و نەهاتەوە، ئیدی دڵەراوکێیەکی زۆرم بوو، ترسام.

بە خۆمم گوت: “نەکا کارەکە گنخابێ و ئێمە لێرە ئاگامان لە مەحموودی بێ زەواد نیە و لە سەر هیچ و خۆرایی سەرمان بچتە سەر دارێ. باشتر وایە تا هیچ نەقەوماوە بچم و بە حکومەت ڕابگەیێنم کە هەندێ کەس گەرەکیانە شۆڕش بکەن.

لەو بیرەدا بووم کە سەرگرووبان هات و گوتی: “جەناب سەروان، ئێستا کە ئەوانە ڕۆیشتن و نەگەڕانەوە واتا ئەوانەی تر شۆڕشیان کردووە، کەواتە باشتر وایە بەڕێزت میکرۆفۆنەکە بکەیەوە وبە خەڵک ڕابگەیێنی کە شٶڕش کراوە و نابێ کەس به‌رگری بکا و لە هەمبه‌رمان بوێستێتەوە”.

وڵامم داوە: “سەرگروبان! گوتنی ئەو قسەیە لە ڕادیۆ زۆر ساکارە، بەڵام بیری لێبکەوە ئەگەر بێت و هاوڕێکانمان گیرابن، ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە لە رادیۆ چەند قۆڕ و بێ واتایە”.

سەرگرووبان رازی بوو و گوتی: “ڕاست دەفەرموون، قسەی ئێوەیە”.

گوتم: “کەمێکی تر چاوەڕوان دەبین، ئەگەر هەواڵێک نەبوو ئەوا لە ڕێیەکەوە پەیوەندی دەگرین”.

هێندەی پێنەچوو، کارەباش بڕا، بەلەز چوومە کۆڵان، ڕووناکاییەکی بچووکیش لە ناو باژێر بەدی نەدەکرا، نە ترۆمبیلێک و نە هیچ شتێکی تر.

بەپێیان چوومە بینای ناوەندیی شۆڕش. سەرهەنگ ئەبوولفەتح خان لەوێ بوون، پرسیم: “جەناب سەرهەنگ چ باسە؟”.

گوتی: “ئەگەر زانیبام شٶڕش ئاوا بە ساناییە ئەو کات کە ستوان بووم شۆڕشم دەکرد و یەک جێ دەبوومە ئەرتەشبود”.

پرسیم: “باشە ئەمشەو چیتان کرد؟”

وڵامی داوە: “هەر هەموویانمان دەست بەسەر کرد”.

  • کێتان دەستبەسەر کرد؟
  • تاقمێکی دیکەش جیا لە ئێمە گەرەکیان بوو ئەمشەو شۆڕش بکەن. بەر لەوە دەوڵەت پێبزانێ، زانیمان و دەست بەسەرمان کردن. هێندەی پێنەچوو هەواڵ هات گوتیان ئەمشەو چوار گرووپی تریش گەرەکیان بووە شۆڕش بکەن”.

بە سەرهەنگم گوت: “ئێوە کە هەموو شتتان تەواو کردووە ئەدی بۆ بە ئێمەتان نەگوت تا لە ڕێگای ڕادیۆوە هەواڵەکە بە خەڵک ڕابگەیێنین؟”

سەرهەنگ وڵامی داوە: “هیچمان لەبەر دەست نەبوو پێتان ڕابگەیێنین”.

  • دەی تەلەفوونتان کردبا
  • تەلەفوونەکان لەکار کەوتوون
  • نەدەبا هێڵی کارەباتان پچڕاندبا.
  • ئێمە نەمانپچڕاندووە، ئێوارێ چەند دڵۆپێک بارانباریوە و هەموو سیمەکان تێکەڵ پێکەڵ بوون”.
  • دەی باشە کەسێکتان بە ترۆمبیل ناردبا
  • مەگە نابینی باران باریوە و کۆڵانەکان لە چ حاڵ و دۆخێکدان؟ لەو قوڕ و چڵپاوەدا ترۆمبیل چۆن دەتوانێ بەڕێدا بڕوات؟

پرسیم: “دەی کەواتە چ بکەین؟ چۆن بە خەڵک ڕابگەیێنین کە شٶڕشمان کردووە؟

سەرهەنگ شانی هەڵتەکاند و وڵامی داوە: “جا چوزانم، تۆ بەرپرسی پڕۆپاگەندای، لە من دەپرسی؟ هەر کەس دەبێ کاری خۆی ڕاپەڕێنێ.

گەڕامەوە ستۆدیۆی ڕادیۆ….. تا لە ڕێگای ڕادیۆوە خەڵک لەو هەواڵە گرنگە ئاگادار بکەمەوە. لە ڕێگا سەرگورد خەیروڵڵام بینی. ئەو داماوە بۆ ئەوەی بتوانێ لە نێو ئەو قوڕ و لیتەی ناو کۆڵانەکانەوە تێپەڕ بێ، پۆتینەکانی بە دەستەوە گرتبوو و هەناسە بڕکەی کەوتبۆیە. هەر ئێمەی بینی گوتی: “تۆ خوا چاو لێکە شا ئەو فەرتەنەی بەسەرمان هاتووە، جا ئەوە حاڵە؟”

پرسیارم لێکرد: “تۆ ئەرکی کام بەشت لە ئەستۆیە؟”.

پێکەنی و گوتی: “من ئەرکی دەست بەسەرداگرتنی بانکم لە ئەستۆ بوو بەڵآم کە چووم بینیم سەندووقەکان بەتاڵ و حەتاڵن و ئەوەی لێی نیە پارەیە، بۆیەش کوتم بانکی چ بگرم. هەر بۆیە وەڕێکەوتم بەرەو فەرمانگەی داهات! ئەویش هیچ باس نەبوو…. دەمهەوێ بچمە نووسینگەی ستاد، بزانم لەوێ چ باسە؟”

سەرگورد بەدەم ئاخ و ناڵە و بۆڵەبۆڵەوە ڕۆیشت و منیش بە دەم سروودەوە بەرەو لای وێستگەی ڕادیۆ خوشیم. ئەو سەرگرووبانەی کە ئەرکی ڕاگرتن و چاوەدێریی ڕادیۆم پێ ئەسپاردبوو نازانم هەر لە تەنیاییان وەڕەز و جاڕز ببوو یان خەوی لێکەوتبوو کەوا بێ ئەوەی دەرگاکان گاڵە بدات، ستۆدیۆکەی بە هیوای خوا و پێغەمبەران بەجێهێشتبوو. ئامێرەکانم هەڵکرد و مایکەکەم گرتە دەستم و بەو دەنگە زەنگووڵەییەی خۆم و لە حاڵێکدا هەوڵم دەدا شادتر و گەشتریش بێ، دەستم کرد بە قسەکردن: :هاونیشتمانیانی هێژا! نەتەوەی قارەمان! بە هەوڵ و تێکۆشانی پۆلێک لە ئەفسەرانی بوێر و خەڵکانی ڕووناکبیر، وڵاتەکەمان لە دەست تاقمێک چەتە و تاڵانچی کە بەرژەوەندییەکانی ئێوەیان تاڵان دەکرد، ڕزگار کرد”.

هەروا بە تین و تاوێکی لەڕادەبەدەرەوە خەریکی قسە کردن بووم و پرۆپاگەندام دەکرد کە سەرگورد خەیرووڵڵا وەژوور کەوت و گوتی: “لە خۆڕا خۆت ماندوو مەکە، مەگە نابینی باران دەبارێ، ئامێرەکان وێککەوتوون و دەنگ بڵاو نابێتەوە!”.

  • کەواتە چ بکەین؟ چۆن خەڵک ئاگادار بکەینەوە کە شٶڕشمان کردووە؟ خۆ ناتوانین نامە بۆ یەک بە یەکەی هاووڵاتیان بنووسین کە ئێمە شۆڕشمان کردووە!

سەرگورد خەیرووڵڵا وڵامی داوە: “دیسانیش تەلەفوون باشترە…. بنواڕە ئەگەر تەلەفوون کار دەکا، هەڤاڵان ئاگادار بکەوە پێیان بێژە تەلەفوون بۆ ئەوانی تریش بکەن”.

ژومارەی یەکێک لە هاوڕێکانم گرت. ەدنگێکی خەواڵوو لە پشت تەلەفوونەوە گوتی: “فەرموو!”

گوتم: “ئێرە کۆمیتەی شٶڕش ـە”.

کەسەکە پرسی: “چی؟ چ کۆمیتەیەک؟”

گوتم: “ئێمە شٶڕشمان کردووە”.

کابرای خەواڵوو وڵامی داوە: “خوا دەست دە عەمرتان گرێ. لەمێژ بوو چاوەنواڕی ئەو نووچەیە بووین. بەڕێزتان ناوتان چێە؟”

گوتم: ” ستوان ئەبوولحیجابم. شۆڕشەکە بە خاسی کراوە. ڕجا دەکەم خەڵکانی تریش ئاگادار بکەنەوە!”

کابرای خەواڵوو پرسی: “تۆ لە کام شوێنەوە پەیوەندیت کردووە؟”

  • ئێرە؟ وێستگەی ڕادیۆیه‌
  • هەر ئێستا دێمە خزمەتتان
  • بەڕێزتان کێن؟

کابرای خەواڵوو وڵامی داوە: “من سەرۆکی شارەوانیم. نها دێم و تێتدەگەیێنم کودتا چ تام و بۆنێکی هەیە.

وام سەر سوڕما و ڕامام کە تەلەفوونەکە لە دەستم بەربۆوە و ئەگەر سەرگورد خەیروڵڵا نەبا، لەخۆ دەچووم و ده‌بوورامه‌وه‌ .

سەرگورد خەیروڵڵا پرسی: “چ باسە؟”

وڵامم داوە: “خێرا کە با بۆی دەربچین، نها دێن و دەستبەسەرمان دەکەن”.

  • ئاخر کێ بوو؟ چ بوو؟ دە قسە بکە

گوتم: “سیمی تەلەفوونەکان وێککەوتوون، لە بری ماڵی هەڤاڵەکەم تەلەفوونم بۆ ماڵی سەرۆکی شارەوانی کردووە!

جەنابی سەرگورد هەر ئەو قسەی بیست  دەست و قاچی کەوتە لەرزە. بن پیلیم گرت و چووینە دەر تا بەرەبەیانی لە ژێر پردێک خۆمان شاردەوە.

بەیانی چووینەوە سەر کارەکەمان. زۆری نەخایان، سەرۆکی فەرمانگە بانگی کردم بۆ ژوورەکەی خۆی و گوتی: “بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەشی نەهێنییەوە پێمانگەیشتوون، ئەگەر دۆینێ شەو باران نەباریبا، تاقمێک شۆڕشیان کردبوو و ئێستا دەوڵەت لە دەست ئەواندا بوو.

گوتم: “گەورەم ئەمر بفەرموون با بەلەز پێش بە شۆڕشییەکان بگرین”.

سەرۆک وڵامی داوە:”نانا! دروست نیە…. نابێ وەسەر خۆمانی بهێنین…. لێیانگەڕێ با شۆڕش بکەن و ئێمە لەو ڕۆژە ڕەشیە ڕزگار بکەن. بەڵام یەک شت. با فڕۆکەکان زووتر ئامادە بکرێن. پاسپۆرتەکانیش ئامادە بکەن. پارە و پووڵی پێویستیش ئامادە بکەن تا ئەگەر کەسێک شۆڕشی کرد ئێمە زووتر ڕابکەین و بۆی دەربچین”.

پێنج ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕ بووە. خەڵکی ژیکەڵەی ئێمە هێشتاش نەیانزانیگە بڕیار بوو پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەو دەوڵەتە بڕووخێ، حەیف و مه‌خابنی لە دونیایێ ئەوێ شەوێ باران باری و کارەکەمان تێکچوو.

ئێمە هێشتاش لەسەر قسە و بڕیاری خۆمانین، بڕیارە لە دەرفەتێکی گونجاو دا شۆڕش بکەینەوە ، بەڵآم ئەمجارە هەڵەی جاری پێشوو دووپات ناکەینەوە.

یەکەم: لە وەرزی هاویندا کودەتا دەکەین.

دووهەم: سەرۆکەکان و بەرپرسە باڵاکان زووتر ئاگادار دەکەینەوە تا پێشتر بارگە و بنەیان تێکوەپێچن و بۆی دەربچن.

قامووس

وسا: ئاوا، وەتۆ، ئاوەها

ئەزبەنی: قوربان، گەورەم

گەرەکە: دەیهەوێ دخازیت

هەڤاڵ: هاوڕێ، ڕەفیق

بچووک: چووک، گچکە

ئەرکدار: مەئموور

چاوەنواڕ” چاوەڕوان، چاوەڕێ، ل بەندێ

باژێڕ: شار

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت