عومەر ئیلخانی‌زاده: لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران خاڵی هاوبەشمان زۆرترە

0
3357

ڕۆژی کورد: عومەر ئیلخانی‌زاده، کەسی یەکەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە میانەی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ “کورد کاناڵ” ڕایگەیاندووە کە (کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران خاڵی هاوبەشیان زۆرترە.

سکرتیری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەمەڕ سیاسەتی دژ بە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران زۆرترە، بۆیە بە سانایی دەتوانن لەسەر پێکهێنانی بەرە لەگەڵ حیزبی دیـمۆکرات ڕێکبکەون.

ئیلخانی زادە لەمەڕ سیاسەتی ڕووخانی ڕژیمی ئێران، پرسی هەڵبژاردن لە ئێران و هەروەها پرسی خەباتی چەکداری لە دژی ڕژیمی ئێران، ڕوانگەی حیزبەکەی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە نزیکتر زانی.

ئیلخانی‌زادە لەمەڕ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، حیزبی دێمۆکراتی بەوە تاوانبار کرد کە بەهۆی “پاوانخوازی”ـیەوە بەربەستیان لە بەردەم پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دروست کردووە.

ئیلخانی‌زاده هۆکارێکی دیکەی پێکنەهاتنی بەرە بۆ هەبوونی دابڕان لە نێو ڕیزی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا گەڕاندەوەو ڕایگەیاندووە: “ئینشعابەکان هۆکارێکی بەهێزی پێکەوە نەسازان لەسەر بەرەی کوردستانی بووە”.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی دەیەی ٩٠ی زایینی و گشتگیربوونی قەیرانی چەپ لە کوردستان، کۆمەڵە_حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تووشی ئینشعاب بوو، کە بەشێكی بەرچاو لە کادری رێبەری و ئەندامانی ئەو حیزبە جیابوونەوەو لەژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا خۆیان سازمان دا. دواجار ساڵی ٢٠٠٧ ژمارەیەکی دیکە لە کادری رێبەری ئەم حیزبە جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند و لەژێر ناوی کۆمەڵەی زەحەمتکێشانی کوردستان‌دا چالاکییەکان دەست پێکرد.

هاوکات لە ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەیەکی بەرچاو لە کادری رێبەری و ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لەم حیزبە ئینشعابیان کرد و بوونی خۆیان خۆیان لە بەستێنی سیاسیی کوردستان‌دا راگەیاند.

هەتا ئێستا لایەنە ئینشیعابییەکان لەلایەن ئەو حیزبانەی کە لێیان جیابووەتەوە، بە فەرمی وەکوو “حیزب” نەناسراون و بە گوتەی خۆیان ئەمە بەشێک لە کێشەی نێوان لایەنەکانی رۆژهەڵات بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بووە.

قسەکانی ئیلخانی‌زاده لە کاتێکدایە کە مستەفا هیجری سکرتیری حیزبی دیمۆکرات لە دیداری مێری لە شاری هەولێر بە ئاشکرا و لە حوزووری کەسی یەکەمی حیزبەکانی رۆژهەلات رایگەیاند، کە پێش دەستپێکردنی قۆناغێ “راسان” لەگەڵ هەموو حیزبەکان دانیشتنیان کردووە و داوای هاوکاری‌ و پێکەوە کار کردنیان لێکردوون.

سکرتێری حیزبی دێمۆکرات رایگەیاند: بەهۆی ئەوەیکە لە دانیشتن لەگەڵ حیزبەکان نەگەیشتوونەتە رێکەوتن، رێبەرایەتیی حیزبەکەیان بڕیاری داوە کە بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرن و نە تەنیا حیزبی دیمۆکرات، بەڵکوو کوردی رۆژهەڵات بکەنە هێزیک بە دژی رژمی ئێران بۆ دابین کردنی مافی گەلی کورد”.

کۆمەڵە_رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئیران لە راپۆرتی پلۆنۆمی شەشەمی دوای کۆنگرەی ١٦ی خۆیاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو،: “بەستێنی خەباتی چەکداری لە کوردستانی رۆژهەڵات ئامادە نییە و باشترین شێوەی خەبات لە رۆژهەڵات، خەباتی مەدەنی بەدژی رژیمی ئیرانە و کۆمەڵگەی رۆژهەڵات پێویستیی بە خەباتی چەکداری نییە”.

مەسعوود رۆستەمی چاوەدێری سیاسی کورد لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە: “ئەو حیزبە رۆژهەڵاتیانەی کە خەباتی چەکداری رەت دەکەنەوە، شتێک نییە کە باوەڕی ئەو حیزبانە بێت، بەڵکوو هەندێک له حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان توانایی ئه‌وه‌یان نه‌ماوه که به‌شداری خه‌بات بکه‌ن”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت