ئەفشین حوسێن پەناهی چالاکوانی مەدەنیی کورد سەرلەنوێ دەسبەسەر کرا

0
601

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕٶژی کورد، ڕۆژی ڕابردوو، جارێکی تر ئەفشین حوسێن پەناهی لە شاری دێوڵانی پارێزگەی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوە.

هاوکات لەگەڵ هێرشی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە «دیوڵان» ـی پارێزگەی «سنە»، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پوشپەڕ١٣٩۵ی هەتاوی «ئەفشین حوسێن پەناهی» چالاکوانی  مەدەنیی کورد، دیسانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە .

دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکوانە کوردە لە کاتێکدایە کە پێشتریش ناوبراو، لە ڕێکەوتی٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاویدا گیراوە و دواتر لە بنکەی ژمارە ١ی دادگەی شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی قازی «حەسەن بابایی» بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە حکومەتی ئێران و هەوڵدان بۆتێکدانی ئەمنیەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی بەرپاکردنی ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆزەوە و خوێندنەوەی وتار دژ بە کۆماری ئیسلامی” لە گوندی “قوروچای” بە یەک ساڵ زیندان تاوانبار کرابوو.

ناوبراو ماوەیەک پێش ئێستا لە پێناو بارمتەیەکی قورسدا ئازاد کرا بوو.

ئەفشین حوسێن پەناهی خاوەن کارنامەی “هاوکاری کردنی ڕێکخراوەکانی پارێزەری ژینگە”یە و لە ساڵی ١٣٩٠دا لە پێناو بەدواداچوونی پەروەندەی کوژرانی براکەی واتە «ئەشرەف حسێن پەناهی» بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران” سزای ساڵێک زیندان بەسەریدا داسەپێندرا.

هەروەها کاربەدەستان تاکوو ئێستا بە هیچ شێوازێک وەڵامیێکیان سەبارەت بە شوێنی راگرتنی ئەم چالاکوانە مەدەنیە نەداوەتەوە و ئەو تۆمەتانەی وا خراونەتە پاڵیەوە بە بنەماڵەکەشیان ڕانەگەیاندووە.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە بنەماڵەی حوسێن پەناهی بە هۆی چالاکیی سیاسی و مەدەنیی بەردەوام لە لایەن ئەو بنەماڵەوە، ماوەیەکی دوورودرێژە لە ژیر گوشاری فەرمانگە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم دان.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، كاتژمێر ٨ی سەر لە بەیانی،  ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێوڵان بە بێ هیچ بەڵگەیەك هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی “محەمەد حوسێن پەناهی” لە ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەناهی و باوکی چالاکی سیاسی ئەمجەد حوسێن پەناهی و ڕەفیق حوسێن پەناهی و لە گەورە دێی قروچیای سەر بە شاری دێوڵان و دوای پشكنینی ماڵەكەی، هەڕەشەیان لە ناوبراو كرد كە دەبێ بە زووترین كات کوردستان بە جێ بهێڵن.
 بنەماڵەی حوسێن پەناهی ساڵەهایە كەوتونەتە ژێر هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتیەكانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و ساڵانە چەندین كەس لە ئەندامانی بنەماڵەكەیان دەست بەسەر و ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات دەكرێن. لێرەدا وتووێژێکی ڕۆژی کورد کە پێشتر و لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەفشین لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەمبارەوە لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە کراوە، دەیخەینەوە ڕوو.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لیدوانێکی تایبەت بە ڕۆژی کورد لەو بارەوە ویڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکەی دەڵێ: “لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا ٢٢ ملیۆن تمەن پووڵی حیسابی بانکیی دایکی بنەماڵە لەلایەن ڕژیمەوە دەست بەسەر کراوە”.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێ: “جەلیلی، بەرپرسی ئیتلاعاتی دێوڵان، خودی خۆی لەگەڵ مەئموورەکان و بە دوو ترۆمبیل بادیگاردەوە چۆتە  ماڵی محەممەد حوسێن پەناهی باوک ڕەفیق، ئەمجەد، ئەنوەر و ئەفشین حوسێن پەناهی و بە کەوش و بەوپەڕی بێ ڕێزییەوە چوونەتە ناو ماڵ و هەڕەشەیان لێ کردوون و کوتوویانە دەبێ ڕەفیق حوسێن پەناهی کوڕتان واز لە کاری سیاسی و ئەندامەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان بهێنێت”.
ئەو ئەندامەی بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە درێژەدا دەڵێ:“ئەنوەر حوسێن پەناهیکوڕی بنەماڵە، حوکمی ٥ ساڵ بێبەشی لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و هەروەها حوکمی دوورخرانەوەی لەسەرە کە تا ئێستا ٧ ساڵی لەسەر بڕاوەتەوە و بەپێی حوکمەکەش، دەزگای ئیتلاعات دەتوانێ ئەو حوکمە درێژتر بکاتەوە و لە ئێستادا ئەنوەر دوورخراوەتەوە بۆ شاری تاران و لە ژێر چاوەدێریی ئیدارەی ئیتلاعات دایە و مافی چوونە دەر لە ئێرانی نیە”.
بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە، دایک و باوکی بنەماڵەی حوسێن پەناهی کە دایک لەسەروی ٧٠ ساڵ تەمەنی هەیە و باوکیش لە دایک بووی ١٣١٨ ی هەتاویە و هەر دووکیان بەساڵاداچوون بە بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کوتووە ئێمە بە بێ حوکمی دەزگای دادوەری و تەنیا بە قسەی ئیدارەی ئیتلاعات، کوردستان و شوێنی ژیانی خۆمان جێ ناهێڵین”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت