دووهەمین فیستیڤاڵی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.

0
756

لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان دووهەمین فیستیڤاڵی فیلم بەڕێوەدەچێت و لەئێستاوە فیلمەكان وەردەگیرێن، تا ناوەڕاستی مانگی ١٠ی داهاتوو.

دەستەی بەڕێوەبەری دووهەمین فیستیڤاڵی فیلمی رۆژئاوای كوردستان رایانگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٥دا كۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای كوردستان بە ئامانجی زیندوكردنەوەی بەها كولتوری‌و هونەرییەكان لە بواری سینەمادا دامەزراوە. ئامانجی كۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا ئەوەیە كە لەو بەشەی كوردستاندا گەشە بە فەرهەنگ‌و هونەری كۆمەڵگە، سینەمای ئازاد، ئافراندنی بەرهەمی سینەمایی‌و گرنگیدان بە دامەزراندن‌و ئەكادیمیای سینەماو پشتگیرییە لەسینەماكارانی لاو. ئاماژە بەوەش كراوە، فیستیڤاڵی فیلمی رۆژئاوا لەدووهەمین ساڵی كارەكانیداو بەئامادەبوونی سینەماكارانی ئازادیخوازو لە ساڵیادی كارەساتی سووتاندنی “سینەمای عامودێ” لەساڵی ١٩٦٠دا، كە تێیدا ٢٩٨ منداڵی رۆژئاوایی گیانیان تێدا بەختكرد بەڕێوەدەچێت.

لە بڵاوكراوەكەی دەستەی بەڕێوەبەری دووهەمین فیستیڤاڵی فیلمی ڕۆژئاوای كوردستاندا باسی ئەوەش كراوە، كە لیژنەیەكی ٥ كەسی  بۆ هەڵبژاردنی فیلمەكان دیاریكراون‌و رۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٧ هەتا ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧ فیلمی بەشداربووان وەردەگیرێت‌و لیژنەی سەرەكیی فیسیتڤاڵەكەش لە مامۆستایانی سینەما، دەرهێنەران‌و ڕەخنەگرانی سینەما پێكهاتوون‌، هەروەها فیستیڤاڵەکە رۆژی ١٣ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٧ هەتا ١٧ی تشرینی دووهەم لەشاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت