ئایا دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە لاڕێدا چووە؟

0
227

ڕەسووڵ سێلەکە
رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ وەکوو شوێنی وەرچەرخانی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد سەیر بکرێ کە لە شێوازێکی سوننەتی و لە مۆدێلێکی ناوچەیی و مەزهەبییەوە، خۆی گواستەوە بۆ مۆدێلێکی سەردەمیانە، ئەویش چوونە نێو سیستەمێکی حیزبی و رێکخراوەی سیاسی مۆدێرن بوو کە “ژێ-کاف” لە ساڵی 1942 دا خاڵی دەستپێکی بوو، و ئەنجامەکەشی کۆماری کوردستان بوو لە ساڵی 1946 دا کە خاوەن دامەزراوە و دامودەزگای دەوڵەتی مۆدێڕن بوو. هەرچەند ناکرێ لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو بەراورد بکرێ بەڵام بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەو سەردەم شتێکی دەگمەن بوو. تەمەنی کۆماری کوردستان کەم بوو بەڵام توانی ببێ بە لەدایکبوونەوەی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان. کەم نین ئەو حیزب و لایەنانەی ئیلهامیان لە کۆماری کوردستان و بنەماکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگرتووە. بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ دیار نییە دۆزی کورد و بزاڤی رزگاریخوازی کوردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە جۆرێک کە دۆزی کورد لەو بەشەی کوردستان لە دۆخێکی تەم و مژاوی دایە. پرسیار ئەوەیە کە رژیمی ئێران تا چەندە توانیویەتی دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەلاڕێدا بەرێ و کەمڕەنگی بکاتەوە و تا چەنده پارچەکانی دیکە رۆڵیان بینیوە؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیاره لە بەشی یەکەمی بابەتەکەمدا باس لە بە قوربانیکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم لە نێوان ئێران و بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە بەشی دووهەمیشدا دەچینە سەر ئەو باسە کە ئایا “رۆژهەڵات تەوەری” دەتوانێ چارەسەرێک بێ بۆ دەربازبوون؟
ـ رۆژهەڵاتی کوردستان، قوربانیی بەرژەوەندی پارچەکانی دیکە: بزاڤی رزگاریخوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بۆ مانەوەی خۆی، رووی کردۆتە باشووری کوردستان، بەڵام بە مانەوە لە باشوور نەک هەر نەیتوانیوە لە سەر پێی خۆی راوەستێ بەڵکوو کەوتۆتە نێوان ململانێ ناوخۆییەکانی باشووری کوردستان و بەرژەوەندییەکانی باشوور لە گەڵ ئێران. دوای رووخانی کۆماری کوردستان، بزاڤی رۆژهەڵات خۆی لە بزاڤی باشوور گرێدابوو و پێیوابوو کە کوردستان یەک وڵاتە و لە هەرشوێنێک بێ هەر خاکی خۆیەتی، بەڵام ململانێی و کێشە نێوخۆییەکانی باشوور، دووبەرەکی خستە نێو بزاڤی رۆژهەڵاتیش بە جۆرێک کە هەتا رووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، بزاڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو نەمانی یەکجاری دەچوو. دوای هاتنە سەرکاری رژیمی ئیسلامی لە ئێران، بەشی زۆری بزاڤی باشووری کوردستان هەر لە یەکەم رۆژەکانەوە بوو بە هاوپەیمانی رژیمی ئیسلامی ئێران و کەوتە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئامانجی رژیمی ئێران لاوازکردن و دەرکردنی بزاڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە کەڵک وەرگرتن لە بزاڤی باشوری کوردستان توانی بەو ئامانجە بگا و تەواوی رۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە داگیر بکاتەوە.
دوای تیرۆری قاسملوو و شەرەفکەندی و رووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و نەمانی رژیمی بەعس لە باشووری کوردستان لە نەوەدەکاندا، رێگا بۆ رژیمی ئێران خۆشبوو کە لەودیو سنوورەکانەوەش زەربەی خۆی لە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بدا. هەربۆیە بە کەڵک وەرگرتن لە کێشە نێوخۆییەکانی باشووری کوردستان توانی سەرەتا لە قەندیل پاشەکشەیان پێ بکا و بیانهێنێتەوە نێو شارەکانی باشووری کوردستان. ئەوەش بە گوشاری لایەنەکانی باشوور بوو کە ئەوانیش خۆیان لە ژێر گوشاری ئێراندا بوون و هەمیش وەک حیزب پێیانخۆش بوو لاوازیان بکەن. دابەزین لە چیاکانی کوردستان بەر لەوەی تاکتیک و ستراتێژی بێ بۆ هێزەکانی رۆژهەڵات، کەوتنە داو بوو. داوێک کە دانوەکەی پاراستنی بەرژەوەندیی باشوور بوو. هەر بۆیەش دوای نیشتەجێبوون لە شارەکانی باشووری کوردستان بە سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رۆژی رووناک لە شوێنە گشتییەکان تیرۆر دەکران و کەسیش بەرپرسیارییەتییەکەی نەدەگرتە ئەستۆ و کەسیش تاوانبار نەکرا. کۆمەڵێکی زۆریش لە ترسی گیانی خۆیان ئاوارەی هەندەران بوون. لایەنە دەسەڵاتدارەکانی باشوور بە ئاشکرا سوپای پاسدارانیان دەهێنا سەر ماڵ و حاڵی رۆژهەڵاتییەکان و کەمپەکانیان بە رۆژی روون تۆپباران دەکردن. وەک دەگێڕنەوە “ماشێنی قەفەسداریان هێنابوون کە هەموویانیان لێ بار بکەن و رادەستی ئێرانیان بکەنەوە”.
لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە مانەوە لە نێو شارەکانی باشوور، لایەنەکانی رۆژهەڵات، جێگرەوەیەکیان بۆ خەباتی چەکداری نەبوو و هەوڵی ئەوەشیان نەدا لە ناوخۆی رۆژهەڵات جەماوەر ئاراستە بکەن، یان ناراستەوخۆ رێکخراوی سیاسی و مەدەنی دروست بکەن یان لانیکەم پشتیوانی لە هەندێک لایەنی کوردی ناوخۆ بکەن، بەڵکوو لە هەموو شتێک بە گومان بوون کە لەناوخۆدا پێ بگرێ. ئەوە بوو کە وردە وردە لە بیر و زەینی زۆربەی خەڵک چوونەوە و نەوەی نوێش کە لەو دوو دەیەدا دایک دەبوون، زانیارییەکی ئەوتۆیان لە سەر ئەو لایەنانە نەبوو و چالاکییەکی سیاسی، مەدەنی و نیزامی ئەوتۆیان لێ نەدەبینین.
رژیمی ئێران کە لە باشوور بە ئامانجی خۆی گەیشتبوو، چاوی بڕیبۆ باکووریش، بە دوو هۆکار: یەکەمیان قوڵکردنەوەی کێشەی کورد و تورک لە باکوور بە قازانجی خۆی و بە زەرەری تورکیا، دووهەمیان بۆ پاراستنی زیاتری سنوورەکان.
لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە راوەستانی چالاکی سیاسی و نیزامی لە رۆژهەڵات، پ ک ک وەک هێزێکی نیزامی باکووری کوردستان کە دروشمی کوردستانی گەورەی هەڵگرتبوو بەڵام لە کردەوەدا پەیوەندی لەگەڵ سێ وڵاتی ئێران، عێراق و سوریا دا هەبوو، بە کەڵک وەرگرتن لە بۆشایی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و نزیکبوونەوە لە رژیمی ئێران، خۆی خزاندە نێو چینێکی تایبەتی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کورستان، و توانی خەڵکانێک بۆ لای خۆی رابکێشی تا ئەوەی لە ئەنجامدا ساڵی 2003 لە رێکخراوێکدا بە ناوی پژاک لە ژێر چەتری خۆیدا رێکیان بخا. لە راستیدا پژاک زیاتر لەبەر ئەوە نەبوو کە لە خزمەت بەرژەوندییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ، بەڵکوو بۆ ئەوە بوو لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی پ ک ک و باکوری کوردستاندا بێ. ئەو رێکخراوە ئێستا زیاتر وەکوو کارتێک بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە ئێران بەکار دەهێنرێ. دیارە رژیمی ئێرانیش زەرەری لە دروستبوونی پژاک نەکردووە، بەوەیکە دۆزی کورد لە رۆژهەڵات لە ژێر سیبەری دۆزی کورد لە باکوور ون بێ. ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاکی کورد چەند قات زیاتر لە تاکێکی باکوور دەچەوسێتەوە بەڵام زیاتر بە کێشەی کورد لە باکوور هەستیارە و دژکردەوە نیشان دەدا نەک بە کێشەی کورد لە رۆژهەڵات.
ترسی بە لاڕێدا چوونی دۆزی کورد کە تارادەیەک بە روونی دیارە، وای لە لایەنەکانی رۆژهەڵات کرد کە بیر لە چەمکێک بکەنەوە بە نێوی “رۆژهەڵات تەوەری” کە وەک چارەسەرێک بۆ دەربازبوون لە بەلاڕێداچوونی دۆزی کورد لە رۆژهەڵات بیهێننە بەر باس.
ـ رۆژهەڵات تەوەری وەک چارەسەر؟ رۆژهەڵات تەوەری وەک چەمک زۆر نوێیە و هێشتا پێناسە نەکراوە و تەنیا لە هەندێک بابەت و سمیناردا هاتۆتە بەرباس، بەڵام لە رووی واتای دەستەواژەکەوە دەتوانرێ هەندێک مانا بدا بە دەستەوە، بۆ نموونە “گرنگیدان بە رۆژهەڵات”، “سەرنجدان بە رۆژهەڵات”، یان “بەرژەوەندی رۆژهەڵات لە سەرووی پارچەکانیتر” و زۆر مانای دیکەش. دەکرێ هەر لایەنەی رۆژهەڵات پێناسەیەکی جیاوازتری لەوانیتر هەبێ، بەڵام بە گشتی بۆ بەرپەرچدانەوەی بەلاڕێداچوونی دۆزی کورد لە رۆژهەڵات و هێنانە دەری دۆزی کورد لە رۆژهەڵات لە ژێر سێبەری بەشەکانی دیکەی کوردستان کەڵکی لێوەردەگیرێ.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کەمێک پێشووتر، واتە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و پێش راگرتنی خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەبینرێ کە “رۆژهەڵات تەوەری” لە کردەوەدا نوێ نیە و بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات پێشتر لە سەر ئەو ئەساسە رۆیشتووە، بەڵام ئەو کات لە بەر ئەوەی پرسی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەرژەوەندی پارچەکانی دیکە پێناسەی جیاوازتری هەبووە یان بە هۆکاریتر پێویست نەبووە یان بیری لێنەکراوەتەوە وەک چەمک پێناسە بکرێ و بێتە بەر باس، بەڵام لە ناوەرۆکدا بزاڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژهەڵات تەوەر بووە. بەو مانایە کە لەگەڵ ئەوەدا کە تەنیا بۆ رۆژهەڵات و بەرژەوەندی رۆژهەڵات خەباتی کردووە هاوکات پشتیوان و هاوکاری دۆزی کورد لە پارچەکانیتریش بووە. کەچی دوای ساڵی 1991 رۆژهەڵات تەوەری تووشی کێشە دەبێ، کە دەتوانرێ بۆ ئەوە بگەڕێنرێتەوە کە لەبەر ئەوەی وەکوو چەمکێک پێناسەی نەبووە و چوارچێوەکانی دیار نەبووە کە بزاڤی کورد بتوانی بنەماکانی بپارێزی و لە چوارچێوەکەی دەرنەچێ.
رۆژهەڵات تەوەری چەمکێکە کە تەنیا لە کردەوەدا دەتوانێ بیسەلمێنێ کە چارەسەرە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەبینرێ، کردەوە نیە بەڵکوو تەنیا وەک پڕوپاگەندە دەچێ کە جار ناجارێک لە هەندێک میدیادا تەنیا وەک دەستەواژەیەک ناوی دەهێنرێ. لایەنەکانی کوردی رۆژهەڵات هێشتا نەیانتوانیوە بەرژەوەندییەکانی رۆژهەڵات بکەنە بنەمای کار وتێکۆشانیان، ئێستاش لە نێوان بەرژەوەندی باشوور و رۆژهەڵات خۆیان یەکلا نەکردۆتەوە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونیان لە هەموو بوارەکاندا.

ـ لە کۆتاییدا و بە سەرنجدان بەەوەیکە نەک هەر لە دونیای دەرەوە بەڵکوو لە نێوخۆی کوردستانیش دۆزی کوردی رۆژهەڵات بە جۆرێک بە لاڕێدا بردراوە کە تەنانەت لە بیر و زەینی زۆربەی خەڵکیش هێنراوەتە دەر، یەکەم بە گەورەکردنەوەی کێشەی کورد لە باکوور لەکاتێکدا لە ئاست رۆژهەڵاتدا زۆر کەمترە، کاتێک لە باکوور دامەزراوە و حیزب و رێکخراوی سیاسی و زۆر بژاردەی دیکە بۆ خەباتکردن رێگە پێدراون بەڵام لە رۆژهەڵات هیچکامیان رێگە پێدراو نین و بگرە سزاشیان بە دواوەیە، دووهەم بە شکست نیشاندانی حکوومەتی کوردی باشوور لە لایەن ئێران و هەندێک لایەنی کوردی کە بۆتە هۆی ئەوەی تاکی کوردی لە رۆژهەڵات پێ دڵسارد بێتەوە . سێهەم بە قوربانیکردن و لاوازکردنی لایەنەکانی نێوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بێگومان هەرسێیان لە لایەن ئێرانەوە لە مێژ ساڵە پلان و بەرنامەی تایبەتییان بۆ داڕێژڕاوە. چەمکی پێناسەنەکراوی رۆژهەڵات تەوەری پێویستی بەوەیە کە لە کردەوەشدا هەنگاوی بۆ بنرێ و تەنیا بە ناوهێنانی ناتوانێ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر تاکی کورد لە ناوخۆ هەبێ. دەبێ هەندێک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە نێو بەرنامەی لایەنە کوردییەکاندا بێتە ئاراوە کە لە سەر ئەساسی رۆژهەڵات تەوەری بێ و ببێتە دەستپێکی پرۆسەیەکی کاریگەر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە