دۆخی وەرزش و وەرزشوانان لە کوردستانی خۆرهەڵات/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ عەباس زەندی

0
513

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکی چڕی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لەسەر مژاری “دۆخی وەرزش و وەرزشوانان لە کوردستانی بندەستی خۆرهەڵات”، لەگەڵ عەباس زەندی، چالاکی وەرزشی-سیاسی و نووسەری کوردی خەڵکی شاری سنە و بە پێشکەشکاریی، ئیمان مورادوەیسی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕێکەوتی 12 و 13ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، ئەنجام دراوە

عەباس زەندی
عەباس زەندی

ڕاوێژ: وێرای بەخێرهاتنی بەڕێزیان بەر لەهەموو شتێک داواکارم خۆتان بەکورتی بەهاوڕێیانی ژوور بناسێنن ؟

زەندی: من عەبباس زەندی لەدایک بووی 23ی سەرماوەزی 1356ی هەتاوی لەشاری سنە، هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاریی تەلارسازی و ئەندامی ئەندازیارانی کوردستان و ئەندامی کونگ فو توئای ئێرانم.

ڕاوێژ: ئێوە وەک وەرزشوانێکی کورد کە چەند ساڵ ڕاهێنەری وەرزش بوون، بۆچی وڵاتتان بەجێهێشت؟

زەندی: من ماوەی زیاتر لە  23ساڵ لە وەرزشی کونگ فۆدا چالاکیم کردوە چ ماوەیەک وەکوو وەرزشوان، چ ماوەیەک وەکوو ڕاهێنەری ئەم وەرزشە، بەڵام بەداخەوە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی وەرزشیش وەکوو هەر شتێکی تر کەوتە بەر ڕق و پیلانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی کوردستان، ئەمن ئەوکات وەکوو وەرزشوانێک، وەرزشی ڕەزمیم دەست پێکرد کە بەداخەوە ئەم سەردەمە پڕ بوو لە زەخت و گوشاری دەست و پێوەندەکان ڕژیم بۆ داخستنی زۆربەی ئەو هۆڵانە کە لەلایەن ئەوانەو ئیزن پێنەدراو بوون، تەنیا ئەوانە ئەیانتوانی ئیش بکەن کە هاوکاری حکوومەت بوون، ئەوکات وەرزش کردن بەتایبەت کونگ فوو وەکوو هەڵوێستێک بوو بەرانبەر بە

ئیمان مرادوەریسی
ئیمان مرادوەریسی

کۆماری ئیسلامی چون ماهییەتی ئەو ڕژیمە دژی مروڤایەتیە، بۆیە لەو بارودۆخەی ئەوکاتەی ئێران کونگ فو مەترسی هێنەربوو بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی کوردستان چون گەنجانی نیشتمان بە ئامرازێک بۆ دەربازبوون لە زۆڵم و ستەمی ڕژیم چاویان لێدەکرد، بۆیە ڕژیم هەوڵی ئەدا ئەوانەی وا گەنجان هان ئەدەن بو هۆڵە وەرزشیەکان تووسی ئازاریان بکات. ئەمنیش کە دامەرزێنەر و ڕاهێنەری هۆڵی وەرزشیی “نەبەز” بووم کەوتمە بەر پەلاماری ڕژیمەوە وە پاش چەند ساڵ تەحەموولی ئەو دۆخە بەناچار وڵاتم بەجێهێشت.

ڕاوێژ: بەر لە چونە سەر باسی دۆخی وەرزشوانانی کورد، حەز دەکەم باس لە ڕابردووی وەرزش بکەین، وەرزش لە سەرەتای ئینقلاب لە کوردستان هەڵبەت لەو کاتەوە کە وەبیرتان دێ چٶن بوو؟

زەندی: پاش هاتنە سەرکاری کوماری ئیسلامی زۆر شت تووشی گیرو گرفت بوو کە یەکێ لەوانە وەرزش بوو.بەتایبەت بارودۆخی ئەوکاتەی خورهەڵاتی کوردستان وابوو کە گرینگییەکی تایبەت لەلایەن خەڵکەوە بەوەرزش ئەدرا و گەنجانی کورد جگە لەوە کە وەرزش بۆ سڵامەتی لەشیان و چەند شتی تر چاو لێبکەن، وەرزشیان وەکوو ئامرازێک بۆ ڕزگاریان لەو خەفەقانە چاو لێدەکرد، ئەوکات چەند هۆڵی وەرزشی لە ڕۆژهەڵات هەبوون بەتایبەت لە سنە کە ڕاهێنەرەکان و وەرزشوانان بە نەهێنی کلاسیان گرتبوو و وەرزشیان دەکرد بەتایبەت وەرزشی کونگ فوو، ئەم وەرزشە وەرزشێکی بەرگرییە و لەسەر فەلسەفەو فیزیک دانراوە و باس لە ئازادی دەکات و تەنیا وەرزشێک بوو کە جگە لە جەستە لەسەر دەروونی لاوانیش باس دەکات، بۆیە لەگەڵ ڕژیم بەو شێوازە نەدەکرا و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ قەدەغە کرا و هەر بەم بۆنەشەوە لە لایەن خەڵکە وە زۆر پێشوازی لەم وەرزشە دەکرا، ئەوکات بەناچاری و نەهێنی ئەم وەرزشەمان دەکرد و زۆر جاریش لەلایەن ڕژیمەوە کە شوێنەکەمان دەزاندرا و دەدۆزرایەوە هێرش ئەکرا سەرمان و هۆڵەکەیان دادەخست و تەنانەت دەستەویەخە ئەبوون و بێڕێزیان پێمان دەکرد.

بۆیە ئەڵێم لە کوردستان ئەم وەرزشە گرینگی خاسی پێئەدرا چون لە هۆڵەکانی کونگ فوو بەتایبەت کرێکاران کە مامۆستا بورهان موحەمەدی ڕاهێنەری بوو و هۆڵی نەبەز کە خۆم ڕاهێنەری بووم هەم شەهیدمان داوەو هەم زۆر لەو هاوڕێیانە ئێستە لە ڕێزی هێزە سیاسیەکانی کوردستان دان وەک نموونە؛ شەهید جەماڵ چراغی، شەهید جەلال حەمەرەزایی،شەهید غەریب و کاوەی زارعی. وە وەرزشوانانێک وەکوو شورشە کان ئەڵاوەیسی و چەن کەسی دیکە.

زۆر کەس کەهاوڕێمان بوون، دوایی ناچار بوون وڵات بەجێ بهێلن کە بۆ نموونە ناوی ئەو چەند کەسەم برد، مامۆستای منیش بورهان موحەمەدی کە ئێستە لە هەندەران دەژیت و خۆم و چەند هاوڕێی دیکە. ئەو شەهیدانە کاتێ هاوڕێمان بوون لە هۆڵی کرێکاران، چوونە ڕیزی هێزە سیاسیەکان و دواتر شەهید کران. ئێمە لەو هۆڵە کە جگە لە وەرزش لە باری جەستەی، کاتمان بۆ پێناسەی مرۆڤایەتی و فەلسەفەی مرۆڤایەتیش دادەنا و ئەوکەسانە کە هەستیان بە چەوساندنەوە دەکرد ڕوویان لە هۆڵەکەمان دەکرد، واتا ئەو هۆڵانە بوون بەشوێنێک بۆ یەکگرتن و یەک ڕێزی.

باسم لەوە کرد کە زۆرێک لەو کەسانە ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن، ئەویش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەخت و گوشار و ئازارانەی کە لەلایەن ڕژیمەوە بۆ کومەڵگای وەرزشی هاتە پێش، وەکوو ماموستا بورهان موحەممەدی، حاتەم سەمەدی،ن ەسرەدین مینبەری، فەرزاد ئەحمەدی و لە هۆڵی نەبەزیشەو شۆڕش ئەڵڵاوەیسی و  هاوڕێیەکی تری هۆڵی نەبەز بەنێوی غەریب کە بێ سەروشوێن بوو و دواتریش خۆم.

ڕاوێژ: کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ وەرزش و وەرزشوان چٶن جووڵاوەتەوە؟

زەندی: ڕوانگەی کۆمای ئیسلامی، نیزامێکی دینیی توندڕەوە و ڕوانگەی سەبارەت بە وەرزش زیادتر ڕوانگەیەکی سیاسی بەخۆیەو دەگرێت. بۆ دەڵێم ڕوانگەیەکی سیاسی؟ چون ماهییەتی ڕژیم لەگەڵ کۆمەڵگایەکی سالم بە مروڤی لێهاتوو و شادەوە پێکەوە یەکتری ناگرێتەوە، ئەو ڕژیمە کۆمەڵگایەکی ئەوێت کە هەمووکات ئازیەت بار و سست و شکاو بێت، کۆمەڵگایەک بە مرۆڤی لێهاتوو و تواناو سالم، لە بواری دەروونی (بوئەوە تەنیا لە بواری دەروونیم باسم کرد چون لە کۆمەڵگا هەن کەسانێک کە کەم ئەندامن) لە ڕوانگەی ئەو ڕژیمەوە مەترسیدارە، ئایا تا ئێستە لە ماوەی دەسەڵاتداری دا بینیومانە کە هاندەرێک بێت بۆ وەرزش لە کۆمەڵگای ئێران؟ ئایا تا ئێستە چ هەنگاوێکی بۆ پەرەپێدانی وەرزش لەکومەڵگا هەڵێناوە؟ ئەوانەیش کە ئەنجامی ئەدا تەنیا باری سیاسی و تەبلیغی پێوە دیارە. ئەگەر لە ژمارەی هۆڵە وەرزشییەکان لە ئێران بڕوانین، بە باشی بۆمان دەردەکەوێت کە هۆڵە وەرزشییەکان دەبنە سێ بەشەوە ئەوانەی کە سپانسێریان حکوومیە، ئەوانەی کە ناحکوومین و بەشی خسووسی کە زۆر جیاوازیان لەگەڵ یەک هەیە، ئەوانەی حکوومین ڕژیم ئاگای لێیانە و یارمەتیان ئەدات تەنیا هوکاریشی سیاسیە یان لە کێبەرکێیەکان ئەیەوێت خۆی نیشان بدات بەقەوڵێک هەناردنی ئینقیلاب بۆ دەرەوە یان بەقووەت کردنی سپای پاسداران چۆن لەسەراوە بەرنامە ڕێژی ئەم هۆڵانە عەوامڵی سپا و نوێنەرانی ڕژیمن، بەشی دووهەم لە هۆڵە وەرزشیەکان کە ناحکوومەتین و ژێر چاوەدێری  هیلال ئەحمەر و شرکەتی نەوت و شارەوانی و چەند شوێنی تر دەگرێتەوە کە ئەمانیش بەشێوازی غەیرە موستەقیم لەلایەن ڕژیمەوە کونتروڵ دەکرێت بەڵام حمایەتیان لەم هۆڵانە لە باری ماڵی  کەمترە، سێهەمیان کە زیاترین هۆڵە وەرزشیەکان لەبەر دەگرێت ئەو هۆڵانەیە کە بەشی خسووسی ئیدارەی دەکات کە هەموویان تووشی قەیرانی ماڵین و یەک لە دوای یەک دا ئەخرێن چۆن هەموو پێداویستیەکانیان دەبێ لەو پارە دابین کەن کە لە وەرزشوانان کوی دەکەنەوە و ئەمەیش ئەبێتە هۆی ئەوە کە ژمارەی وەرزشوانەکان بەهوی ئەوە کە کێشەی ماڵیان هەیە دابەزین بکات. ئێستە بەپێ ئاماری خودی حکوومەت زیاترین ژمارەی هۆڵە وەرزشیەکان لە ئێران خسووسین!.. ئمە چ دەگەینێت؟!… ئایا ڕژیم دژی وەرزش لە کومەڵگادا نیە؟ ئەگەر لە درووشمە ڕەنگاو ڕەنگەکانی جارجارێک خۆی بە پاڵپشتی وەرزش ناو دەبات تەنیا بەهوی بایەخی سیاسیەوە هەیە و بەس. بەڵام بۆ هێزە سەرکوتگەرەکانی وەک سپاو نیرووی ئینتزامی و ئەو هێزانەی کەتەنیا کاریان سەرکوتی کومەڵگایە وەرزش لایەن بایەخی هەیە بۆ هێرش کردنە سەر خەڵکی لێقەوماو. بۆ نموون ئەوکات کە لە خۆرهەڵات بووم سپای سنە بە من دوو هاورێ ترم بەناوەکانی نەسرەدین مێنبەری و ک.ق کە ئێستە لە سنەیە پێشنیاری هاوکاری دا کە ئێمە لەگەڵ هێزی ئەوان ڕاهێنان بکەین و ئەووانیش بۆ ئێمە پارەو چەند چتی تر لەبەرچاو ئەگرن. لەچوارچێوەی ئەو ڕژیمەدا وەرزش جگە لە دابینکردنی داخوازی ئەو سیستمە جێگەیەکی تری نیە.دەتوانین بڵین کە ناوەرۆکی ڕژیم لەگەڵ وەرزش لەکومەڵگا بەتایبەت بەشێک لە ڕشتە وەرزشیەکان موخالیفە، بۆ دەڵیم بەشێک لە وەرزشە کان کە دواتر لە سەری باس دەکەم.

بەڵام ئێستا لە سەر جووڵانەوەی ڕژیم لەگەڵ وەرزشوان چۆنە؟ وتمان ڕژیم وەرزشی تەنیا بەمەبەستی سیاسی ئەوێت و پشتگیری کردنیشی تەنیا هەر بۆ ئەم مەبەستەیە و بۆ هێزەکانی خۆی بۆ سەرکوت کردنی خەڵکە، ئەگینا لە چوارچێوەی فکریی ڕژیم کە لە سەرەوەی ویلایەت فەقیهە وەرزش بەتایبەت وەرزش لە کومەڵگا نە جێگای هەیەو نە بایەخ. ئەمە باش دەگەینێ كە جوولانەوەی ڕژیم چۆنە لەگەڵ وەرزش و وەرزشوان. بەم تەعریفانە دەردەکەوێت کە بەم شێوەیەش ئەڕوانێتە وەرزشوان. لەوانەیە هێندێ کەس بڵێن دەی بو هۆڵەکان کۆناکاتەوە؟ لەوڵامدا دوو هۆکاری سەرەکی هەیە یەک نایەوێت حەساسیەت بڕواتە سەرەوە، چون ئەو کات چ لەناو خۆ چ لە دەرەو کەڵکی سیاسی لێوەر دەگرێ، دووهەم ئەیهەوێت هۆڵە وەرزشیەکان وەکوو پایەگایەک بۆ سیخوڕی بەکار بێنێت، بۆیە دەست و پێوەندەکانی ڕژیم زۆر کێشەو قەیرانیان لە نێو هۆڵە وەرزشییەکان سازکردووە، بۆ نموونە دووبەرەکی و چەند بەرەکی لەنێو هۆڵەکان و وەرزشوانان و تەنانەت ڕاهێنەرانیشدا. بەشێوەیەک کە  بڕوا لەنێویاندا کەم بکەنەوە.

کیشەو کۆسپەکان زۆر زۆرن کە باس کردن لە سەریان کاتی زۆری پێویستە. تەنیا بۆ نموونە بەشێکیان بەکورتی ناو دەبەم. وەک: جیاوازی لەنێو دابەش کردنی بودجەی ڕشتە وەرزشیەکان، گرینگی نەدان و بایەخ نەدان بەهێندێ لە بوارە وەرزشیەکان، پلانی نفوزی دەستوپێوەندەکانی ڕژیم لە نێو هەموو بوارە وەرزشیەکانداو بەتایبەت ئەوانەی کە لای خۆیان دیاری کراون، کێشەی ماڵی ڕاهێنەران و هۆڵە وەرزشییەکان، بایەخ نەدان بە وەرزشوانە قارەمانانەی کە لای خەڵک پێگەیان هەیە، و ….

بەم پێناسانەوە دەبینین کە وەرزشوان دەبێ لە گەڵ چ سیستمێک و پیلانێک ڕووبەروو بێت. بۆیە ئەو کێشەو گیروگرفتانە کە بەهۆی ڕژیمەوە دەستەو یەخەی وەرزش و کۆمەڵگای وەرزشی بوون، تاڕادەیەک زۆرن کە نەتەنیا بوونەتە هۆی هاتنە خوارەوەی ئاستی وەرزشی بەگشتی بەڵکوو تەنانەت هاندەریشیان لە نێو وەرزشوانان دابەزاندووە کە ئەمە کارەساتە.

ڕاوێژ: وەرزشە ڕەزمییەکان پێدەچێ کێشەیەکی زیاتریان هەبێ و ئاستەنیگییان زیاتر بێ، هۆکار چێە؟

زەندی: بەڵی ئەوانەی کە باسم لێ کرد گۆشەیەکی بچووکە لە بارو دۆخی وەرزش و کۆمەڵگای وەرزشی لە ئێران، بەداخەوە ئەم کێشانە بۆ وەرزشە ڕەزمیەکان زۆر زیاترە بەڵام وەرزشە ڕەزمیەکانیش لە لای ڕژیمەوە جیاوازن و دابەش کراون، ئەو وەرزشە ڕەزمیانە کە سەر بەحکوومەتن و ئەو وەرزشانە کە لە لایەن ڕژیمەوە مەترسی دارن. یانێ دەبنە شوێنی ڕێکخستن و کۆ کردن و پەروەردەی خەڵک. کە ئەمە بۆ ڕژیمێک کە بوونی بە زۆر و زەخت و زۆڵم و دیکتاتوری بەندە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت ئەم وەرزشانە جگە لە جەستە لە سەر دەروونی مروڤیش ئیش دەکەن. بۆ ڕوون کردنەوەی زیاتر وردتر بەم قەزییە دەڕوانم؛ ئەو وەرزشانەی وەک کاراتە و تکواندو و چەن ڕشتەی دیکە لەلایەن ڕژیمەوە کێشەیەکی وایان نیە وە چۆن فێرکردنیان بەشێوەی فیزیکیە و لەسەر فەلسەفە دانەنراوە و ڕشتەیەکی وەکوو کونگ فو کە باس لە فەلسەفەی وجوودی ئینسان و باس لە ئازادی مرۆڤ دەکات و پایەی لەسەر فەلسەفەو فیزیک دانراوە کە بە زانکوی لەش و دەروون دەناسرێت لای ڕژیمەوە حەساسە و بەهیچ شێوەیەک نایەڵێت ئەم وەرزشە جگە لە بەشی فیزیکیەکەی لە باری فەلسەفیەوە پەرە بستێنێ و بە پیلان گێری توانیویە تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بێت. بۆیە ناوی ئەم وەرزشەم بۆ نموونە باسم کرد چۆن لەنزیکەوە لەگەڵ ئەو کێشانە ڕووبەروو بووم و ئەو وەرزشانە لە خۆرهەڵاتی کوردستانیش جێگەو پێگەی باشێکی هەیە و خەڵکی کوردیش جیالە باری وەرزشیەکەی ئەو ڕشتە بە ئامرازێک بۆ دەربازبوون لەو کێشانەی کومەڵگا دەزانێ و هەروەها کە پێشتریش باسم کرد زۆر لەو وەرزشکارانە کە پێوەست بوونە هێزە سیاسیەکانەوە یان تەنانەت شەید بوون وەرزشوانی ئەو ڕشتە بوون و ژمارەیەکی زۆر لە ڕاهێنەرانی ئەو ڕشتە وەرزشیە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی یا بەناچاری وڵاتیان بەجێ هێشت یان هەڵاتن چۆن گیانیان لە مەترسی بوو بەڵام هەر پێوەندیان لەگەڵ یەک ماوە و لە هەندەرانیش وەکوو ڕاهێنەر ئیش دەکەن و بۆ جوولانەوەی زیاتر و ئەوەی کە ئەم ڕشتە وەرزشیە بتوانێت کاری خۆی پەرە پێ بدات لە هەوڵی ڕێک خستنی دووبارەی دان لەناو خوی ئێران بۆ نموونە ژمارەیەک لەوانە کەناویان لەخاترمە و ئێستا لە هەندەرانن ناو دەبەم؛  دامەرزێنەری ئەو ڕشتە وەرزشیە پروفسور ئیبراهیم میرزای، ڕاهێنەران ؛ موحەمەد تهرانی(دانمارک)، سەررافینیا،ئەحمەد جابری، کەیکاوسی، مەحموود، موعینەدین،فەرەیدوون موعتەمێدی،بەندەر موحەممەدی، نادر شادان لوو(سوئد)، جووکی (بریتانیا)، گەرمیانی (کانادا) بورهان موحەممەدی(ئاڵمان)، گرامینژاد(بولغاری)، توسلی (فرانک فورت)، هومایون خۆشگویی، شاهین، باهووش، موحەممەدلوو، ئارش باڵایی، ڕەزا مێهرگان،فەرەیدوون لوڕی.  و ئەم کەسانەیش کە کوردن بۆرهان موحەممەدی(ئاڵمان)، عەباس زەندی، نەسرەدین مەنبەری(باشووری کوردستان)، فەرزاد ئەحمەدی و حاتەم(هولەند)،  بۆ وڵامی پرسیارەکە وەرزشی ڕەزمی نێوی ها بەخۆیەو لە ڕەزمەوە دێ و مانای دیفاعی دەگرێ و ڕژیمیش کە لەنێو کۆمەڵگا دا هیچ جێگەو پێگایەکی مەردمی نیە و بە سەرکوت کردنی خەڵکەوە بەندە و نایەوێت خەڵکێکی وەرزشکاری بەتوان کە شارەزاییان بە وەرزشە ڕەزمیەکان هەیە هێز بگرێت پلان و بەرنامەی سازکردنی کۆمەڵگایەکە کە خۆی مەبەستیەتی تەنانەت ئەم ترسەی لە کوردستان تارادەیەکە کە ماوەیەکی پێش دەستی دا بە ئیجباری گۆڕینی ناوی هۆڵە وەرزشیە ڕەزمیە کان کە کونگ فوو ئیشیان دەکرد ئەو ترسە لەچیە؟ئەو هەموو ڕاهێنەرە و وەرزشوانانە کە وڵاتیان بەجێ هێشتووە هۆکاری چی بووە؟

ڕاوێژ: ئێوە خەڵکی سنەن، پێگەی وەرزش لە ناو سنەی خوێناوی چٶن دەبینن؟

زەندی: لەکوردستان زۆر کێشە بوونی هەیە کە کاریگەریشی لە سەر وەرزش داناوە ڕژیم یەکێ لە پیلانەکانی بۆ سوستی و شەڕ لەگەڵ کورد هێرش کردنی بۆ سەر کوردستان بە مادە هوشبەرەکن بووە و هەموو کاتێک ئەم کارەساتە کە هۆکاری سەرەکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە کە بەوەسیلەی عەوامڵی خۆی بەرێویەو بردووە خەڵکی کوردستانی  تووشی هەڕەشە جدی کردووە کە وەرزش لەم بارەوە بۆ بەرەنگاری ئەم کارەساتە ڕۆڵی گرینگی هەیە ئەمە یەکێ لەو کێشەکانە . بەڵام هیچ کات وەرزش و کورد لەیەک جودانین. لە سنەیش وەرزش بەتایبەت وەرزشی ڕەزمی لەلایەن خەڵکەوە زۆر ئیستیقباڵی لێ دەکرێت، ئەویش ئەگەرێتەوە بۆ بارو دۆخی ئەو باژارە و نیزامی کردنی لەلایەن ڕژیمەوە، زۆر ڕوونە کە کوردستان لەلایەن ڕژیمەوە وەکوو پادگانی لێ هاتووە و زۆر جار خەڵک بەشێوازی جۆراو جۆر ڕووبەرووی ئەو ڕژیمە سەرە ڕۆە دەبنەوە،کە یەکی لەم ڕووبەروو بووانە بوونی مرۆڤی سالم و بەتوانە.  یەکێ تر لە پلانەکانی ڕژیم کە بە دەستی عواملی لە کوردستان بەتایبەت لە سنە لەسەری کار دەکرێت مادە هۆشبەرەکانە وە ئەمنیش کە بەپێویستم دەزانی ماوەیەکی زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوی مەردمی بەرگری لە مادە هۆش بەرەکانی سنە هاوکاریم دەکرد بۆیە ئاگاداری ئەو وەزعەبووم و گەنجانی کورد بەپێویستی دەزانن کە دەبێ لەگەڵ ئەو کێشانە بەر بەرەکانی بکەن. هەرچەند کێشەی ئابووری و بێ

کاری خەڵکیش سەختی ئەو ڕێگەیەی بۆ گەنجان زیاد کردووە. بەڵام بەو هەموو کێشانە دەبینین کە زۆر هۆڵی وەرزشی لەسنە کە سەدی نەوەدیان خسووسیە و کێشەی زۆر ڕووبەروویانە هەر بەردەوامن وهەزاران  ڵاو بەو هەموو مەحروومیەتەوە زۆر بەعەلاقەو بەتوان لەهۆڵەکان لەلای یەک کۆدەبنەو وەرزش دەکەن، و زۆر جار سەرکەوتنی مەزن بەدەست دەهێنن.

ڕاوێژ: لە ئێستادا بەرچاوترین کێشەکانی وەرزشوانانی کورد چێە؟

زەندی: بەگشتی وەرزش لە کوردستان ڕووبەرووی زۆر کێشەی جۆراو جۆر بووتەوە کە زۆر بەکورتی بەشێکیان کەزۆر گرینگن ناو دەبەم وەکوو؛ نەبوونی ئیسپانسری بەتوان، کێشەی ئابووری، کەمی ساڵونی وەرزشی، کەمی بوجەی وەرزشی کوردستان لەهەمبەر ئەو پارێزگاکانی تر،نەبوونی بیمەی گوزەرانی کومەڵایەتی بۆ ڕاهێنەرانی وەرزشی،فەرق و جیاوازی وەرزشوانی کورد بەنیسبەت غەیرەکوردەوە.زۆر لەو ڕاهێنەرانە کە بەهۆکاری کێشەی ئابووری ناتوانن هۆڵی وەرزشی بگرن یان باشگایەکی باش بۆیان دابین ناکرێت کە چالاکی بکەن و بەردەوام بن یان خراونەتە پەراوێزەوە ئەمە لەحاڵێکدایە کە ساڵانی زۆر زەحمەتیان کێشاوە لە نێو خەڵک ناسراون و هەر بەم هۆکارەش بەشێکیان لە وەرزش کشاونەتەوە کە بۆ نموونە چەند کەسیان ناو دەبەم؛ڕاهێنەران فەرێق خانی، عەتا فەڵاحی، جەمیل و فەرزاد ئەحمەدی، بێهزاد ئەمانی، پەیام گەوێڵی،و کەیومەرس و چەند کەسی دیکە. ئەمە جێگەی نیگەرانیە کە چەند کەس لەمانە قارەمانی وەرزشین و چەند کەسیان لە مورەبیە بەتوانەکانی کونگ فون.قارەمانێکی وەرزشی لەکوردستان کە دەبێ ڕێزی لێ بگیردرێ ناچارە بۆ دابین کردنی ژیانی دەست فروشی بکات و یا ڕاهێنەرانی خاوەن ئەزموون دەبێ بۆ دابین کردنی ژیانیان پەنا بەرن بۆ ئەو ئیشانە کا شیاویان نیە.هەرچەند چەند نموونەیەکیش هەن کە چەسپاون بە حکوومەتەوە و پشتیان لە گەلەکەیان کردووە هەر بەم بۆنەشەوە لەلایەن ڕژیمەوە ئەهەمییەتیان پێ دراوە. ئەمە نموونەیەک لە ئەوکێشانەیە کە لە کوردستان زۆر بەرچاوترە.

ڕاوێژ: ئەو هەڵاواردن و زوڵمەی کە بۆ وەرزشوانانی کورد باس دەکرێ، تا چەند ڕاستە؟

زەندی: بەگشتی ئەوانەی کە باس دەکرێت تەنیا بەشێکی بچووکە لەو هەڵاواردن و زۆڵمەی کە لە وەرزش وانی کورد و کومەڵگای وەرزشی کوردستان دەچێت. کورد بوون خوی لای ئەوان جورمە و هیچ پێیان خۆش نیە کورد سەرکەوێت ئەمن بەشێک لەو کێشانەم پێشتر باس کرد هۆڵە کانی وەرزشی لە پارێزگاکانی تر بە نیسبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جیاوازن ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو هۆڵانە وا لە کوردستان هەیە تەنانەت لە دانی کەمترین پێداویستی لە لایەن ڕژیمەوە بێ بەشن کاتێ هۆڵەکان دەبینی ئەو جیاوازیانە بە ئاشکاری دیارن بەڵام زۆر هیواو ئومێد لە نێویاندا هەیە و بەو زۆڵمەیش کەلێان دەکرێت دیسان زۆر جار لە ئاستی وڵات و نێو دەوڵەتی سەرکەوتن بەدەست دەهێنن کە بۆ نموونە تازەترینیان وەک کیانووش ڕۆستەمی و سەباح شەریعەتی ناو دەبەم. یان نموونەیەکی کۆن کاتێک کە بڕوایان نەدەکرد لە کوردستان ڕاهێنەری بەتوانی کونگ فو بونی هەبێت ساڵی 1372 ئێمە 22 ماموستا بووین کە لە کوردستانەوە بەشداری کێبەرکێ وڵاتمان کرد و بووە هۆی سەرسوورمانیان، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشانە زۆر ئازاری کۆمەڵگای وەرزشی کوردستان ئەدات.

ڕاوێژ: چەند ڕۆژ لەوەی پێش لە هەواڵەکاندا هاتبوو کە گەنجێکی کوردی مهابادی بە ناوی “مێهرداد ساڵح ئاسیابان” لە وەرزشی هاپکیدو و لە کێشی خوار 85 کیلۆگرەمی لاوان، لە ئاستی ئێراندا یەکەم بووە بەڵام بە زوڵمی داوەرەکان کراوە بە دووهەم و ئەوە ناخۆشیشی لێکەوتۆتەوە، بۆ دەبێ کوردێک بۆی نەبێ یەکەم بێ?

زەندی: پرسیار لە بارەی میهرداد ساڵەحی ئاسیابان و زۆر وەرزشوانی دیکە کە زۆر جار زۆڵم یان لێ دەچێت تەنانەت جگە لەوە کەبەهۆی کوردبوونیانەوە لەلایەن ڕژیمە داگیر کەرەکانەوە ئەچەوسێننەوە، تەنانەت لە یاری وەرزشیشدا زوڵمیان لێ دەکرێت.بۆ نموونە باسی تیمێکی وەرزشی کوردستان دەکەم کە لەم ڕۆژانە دەبوا لە یاری وەرزشی لە ئاڵمان بەشدار ببوایتان بەڵام بەهۆکار سیاسی و ئەمنیەوە ئیزنیان پێ نەدرا و ویزایان پێ نەدرا کە ئەمە هەمووی جیاوازی و زوڵمە کە ڕژیم بە وەرزشوانانی کورد دەکات، ئەو تیمە تیمێکی 7 کەسی لە کونگ فوکارانی کوردستان بوو کە ئوردووی ئامادە سازیان ماوەیەکی پێش لە مەریوان کوتایی پێ هات.

ڕاوێژ: وەرزشی ژنانیش بەشێکە لە کێشەکان، بەتایبەت ژنان بۆیان نیە لە دەرەوە و لە شوێنی کراوە وەرزش بکەن، کێشە سەرەکییەکانی وەرزشی ژنان و ژنانی وەرزشکار چیە؟

زەندی: ئەو چینەی کە زیاتر لەهەمووی زۆڵمی لێ کراوە وەرزشی ژنانە، ژنان کە نیوی کومەڵگان، بەداخەوە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کەمترین بایەخیشیان پێ نەدراوە. ژنان هیچ ئازادییەکیان نیە و ڕژیم و دارو دەستەکەی ئەیانەوێت ژنان بگەڕێننەوە نێو ماڵ و بەکاری ماڵەوە مەشغوولیان کەن ئەوان بڕوایان بە مافی ژن و یەکسانی ژن و پیاو نییە، ئەوانەی کە باس دەکەن لە ئێران ئازادی هەیە بەتایبەت بۆ وەرزشی ژنان یان لایەنگری نیزامن یان چاو و گوێیان بەستراوە. لە کۆمەڵگاکانی تردا گرینگییەکی تایبەت بە وەرزشی ژنان و ژنانی وەرزشکار ئەدەن چۆن بەو باوەڕەن کە هەر کۆمەڵگایەک ژنانی ئەو کۆمەڵگا سالم بێت کۆمەڵگایەکی سالمی لێ دەکەوێتەوە و ئەمە زۆر گرینگە.ژنان بۆنیان نیە لەشوێنی کراوە وەرزش بکەن و ئەو شوێنانەیش کە بۆ وەرزشی ژنان لە بەرچاو گیراوە تا ڕادەیەک داخراوەس کە ئەنگیزەیەک بۆ وەرزش ناهێڵێت تەنانەت هیچ دەرفەتێک بۆ تەشوێقی وەرزشی ژنانیش لەبەرچاو ناگیردرێت. وەرزشی ژنان جگە لەباری سیاسی بواری کولتووریشی گرتووتەوە یانی تاسیری ڕژیم وای کردووە کە بەشێک لەکومەڵگایش بەچاوێکی بەستراوەوە لەم قەزییە بڕوانن. بۆ نموونە ئەبینین ئاخووندێک بریار ئەدا کە زۆربەی وەرزشەکان بۆ ژنان نابێت یان لە نوێ ترین نموونەیەکدا کە ژنان بونیان نیە لە شوێنی کراوە وەرزش بکەن ئەوەیە کە ڕژیم ڕووبەرووی ژنانی دووچەرخەسوار لە مەریوان دەبێتەوە کە ئەمە نارەزایەتی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە و ژنان بۆ وەدەست هاوردنی داخوازی و حەقی خۆیان کە لێیان سەلب کراوە بە تێکڕا دێنە سەر شەقامەکان و دووچەرخەسواری دەکەن. ئەمە کە نابێ ژنان لەشوێنی کراوە وەرزش بکەن لە کولتووری کوردی دا نیە ئەمە بیری کۆنەپەرەستانەیە . کێشەو گرفتەکان زۆرن و ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشە بەڵام دەبێ بەهیواوە بەردەوام بین.

ڕاوێژ:، بە ڕای ئیوە هەڵاواردن لە کۆمەڵگەی وەرزشی ئێران تا چەندە هەیە؟ ئەو هەڵاواردنە زیاتر سیستیماتیکە و تا چەندە لە پاوانخوازیی فەرهەنگی سەرچاوە دەگرێت؟

زەندی: هەڵاواردن لە کومەڵگای وەرزشی ئێران زۆرە و بەئاشکرایی دیارە، بۆ نمونە لایەن گری لە هێندێک وەرزش دەکەن و هەزینەی زۆریشی بۆ دادەنن وەکوو یاری توپان ئەمە تەنیا بو ڕژیم باری سیاسی لەبەرچاو دەگرێت. یان جیاوازی زۆری بوجەی وەرزشی بێ ئەوەی جەماوەری ڕشتە وەرزشیەکان لەبەرچاو بگرێت بۆ نموونە بوجەی کونگ فوو کە جەماوەرێکی زۆری هەیە زۆر کەمترە لە وەرزشی جانبازان و مەعلولین  یان هێندێک لە وەرزشەکان کە لە باری سیاسی بۆ ڕژیم گرینگیان هەیە زۆر بەباشی لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی دەکات بەڵام ئەو وەرزشانە کە لە کۆمەڵگا جەماوەری باشیان هەیە تەنانەت کەمترین باسیش لەسەریان ناکات.

زۆربەی زۆری هەڵاواردنەکان سیستماتیکە و کەمتر سەرچاوەی فەرهەنگی هەیە تەنانەت ئەتوانین بڵین فەرهەنگی نیە، بۆ نموونە وەرزش وانێکی کورد کە هەوڵ ئەدا ببێتە قارەمان بۆ ئەوەیە کە ناوی نەتەوەکەر بەرز بکاتەوە ئەمە بۆ بەلووچ و لور و…. هەر بەم شێوەیە بەڵام ناکرێ بڵین پاوان خوازی فەرهەگی. زۆربەی زۆری هەڵاواردنەکان سیاسیە کە لەلایەن ڕژیمەوە سەرچاوە دەگرێت.

ڕاوێژ: ئەو وەرزشگەلەی لە کوردستان لایەنگری زۆرترە و پێگەی بەهێزترە کامانەن؟

زەندی: بەداخەوە بەو هۆکار و کێشانەو کە بەشێکیم ناو برد بەتایبەت کێشەی ئابووری و ماڵی، نەبوونی توانای ژیانێکی باش، بێکاری، نەبوونی کەرەستەی پێویستی وەرزشی، کەمی بوجەی هۆڵە وەرزشیەکان و زۆر شتی دیکە بوونەتە هۆی دابەزین و دابڕانی زۆر لە کۆمەڵگای وەرزشی چ لە ئێران تەنانەت لە کوردستانیش. و ئەمە هەمووی بەهوی مودیریەتی غەڵەت و زۆڵمی سیستمی حاکم بۆ کۆمەڵگای وەرزشی پێک هاتووە ئەڵبەت سیاسەتی دەسەڵاتیش وای ویستووە. بەڵام لەمکاتە دا لە کوردستان ئەم ڕشتە وەرزشیانە زیاتر پێگەیان هەیە ؛ وەرزشە ڕەزمیەکان؛ ئەو ڕشتە وەرزشیانە کە لە ژێر مەجموعەی کونگ فوودان یان شاخەیەکن لە کونگ فو و ئەوانەی کە فێرکردنی چەکیان پێیە  بۆنموونە؛ کونگ فو توئا، کونگ فو،وشوو، تای،لایکن، کیک بکسینگ،نیو کونگ فو،و… و هەروەها؛ تکواندو،کاراتە، ئای کی دو، وەرزشە خیابانیەکان  و … کشتی.

پێشتر کوشتی جەماوەری باشی هەبوو  کاتێ کە چەمەن گوڵی و سدێقیان و … ئەووەرزشەیان ئیش دەکرد و ئەو ڕشتەیانە گەیاندە لوتکە بەڵام ئێستە وەرزشە ڕەزمیەکان لەسەرەوەن.

وەرزشگەلێکی تریش زۆر خەڵک حەزی لێیە بەڵام بەهوی ئەوە کە پارەی زۆری پێویستە تەنیا لەلایەن چینی سەرمایەدارەوە پێشوازی لێ دەکرێت.

ڕاوێژ: کەسانی هەڵکەوتوو لە وەرزشی کوردستان وەک بیژەن زولفەققارنەسەب و عەبدوللا چەمەن گوڵی چ دەورێکیان هەبووە لە گەشەی وەرزش لە کوردستان؟ پێتان وانییە کە بەجۆرێک مەسڵەحەتچیگەرییان کردووە لەو بارەوە؟

زەندی: لەکاتی خۆییان دا دەورێکی باشیان هەبوو و بەتایبەت لە وەرزشی کوشتی و مایەی شانازی بوون بۆ کومەڵگای وەرزشی کوردستان، بەڵام ڕاستە مەسلەحەتیان لەبەرچاو گرتووە، کۆمەڵگای وەرزشی لە ئێران کۆمەڵگایەکی بەستراوەو کونترۆڵ کراوەیە بۆیە ئەوان زۆر هەوڵیان دە کاریگەرییان هەبێت. بۆیە بەرای من لەوکاتە بوونە هوی گەشەسەندنی وەرزشی کوردستان و ئەمە گرینگە، ئێستاش هێندێک لە ڕاهێنەرنی وەرزشی زیاتر مەسلحەت تەڵەبی لەبەرچاو دەگرن و ئەمە کارێکی باش نیە، هەن ژمارەیەکی زۆریش لە ڕاهێنەرە وەرزشیەکان کە بەهۆی بەرژەوەندی نەتەوەکەیان کەوتوونە پەراوێزەوە.

 ڕاوێژ: مامۆستا عە باس لە کوتاییدا ئەگەر شتێکتان هەیە بۆمان باس کردن، تکایە بفەرموون.

زەندی: کۆتایی ئەمن لەلایەن خۆمەوە زۆر سپاستان دەکەم کە دەرفەتی ئەوەتان بۆم ڕەخساند کە بەشداری بەرنامەکەتان بم و بە زانیارییەک کە لەلایەن زۆربەی ڕاهێنەرانی وەرزشی و وەرزشوانانی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بەدەستم گەیشتووە و شانازیە بۆم کەباسی لێ دەکەم زۆربەی ئەو ئازیزانە کە نیشتمان پەروەرن پێشوازیان لە ڕاسانی نوێ کردووەو پشتگیری لە خەباتی شاخ و شار دەکەن و ئامادەی خویان بۆ ڕێک خستنی باشتر دەر بڕیوە.

جگە لەوە بۆ ڕێزگرتن لەو ڕاهێنەرانە کە ماوەیەکی دوور و درێژە لەگەڵ لاوان و گەنجانی وڵاتەکەمان زەحمەت دەکێشن زۆر سپاسیان دەکەم و بۆ نموونە نێوی ژمارەیەکیان دێنم بەداخەوە زۆر زیاترن بەڵام ئەوانەی ناویانم نەهێناوە لەبیرم کردوەو داوای لێبوردنیان لێ دەکەم بەڵام ئەمان وەکوو نموونەیەک لە ڕاهێنەرانی کۆمەڵگای وەرزشی کوردستان ناو دەبەم؛ ژمارەیەکیان نزیکن بە ڕژیمەوە و ناسراون من لێرە جیایان ناکەمەو بە حورمەتی وەرزشەوە لە گەڵ ئەوانی تر ناویان دێنم کە هیوادارم بە زووترین کات بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە لای خەڵکەکەیان و بەسەربەرزییەوە وەکوو ئەو ڕاهێنەرانی تر لە دڵی خەڵکدا بژین.

مامۆستایان: والی ئەمانی ،  ئیسماعیل خزری ، فەریدون وەیسیان ، فەریق خانی ، باقر شێخ ئەحمەدی ،  تۆفیق مەولودی ،  عەتا فەلاحی ، حامد فەلاحی ، عەلی عەزیزی، یەدی محەمدی ،جەمیل یەحمەدی ، ئەسعەد نادری ، زانیار بەهمنی، ڕەزا محەمدی ، ئومید ساعدی ، پەیام گویلی، فەرید ئەحمەدی ، فەرزین ئەحمەدی، ڕەحمان شەریعەتی ، کاوە قادری، محەمەد محەمەدی ، کیا سەلیمی ، ئەفشین شێخ ئەحمدی ، عەلی فاتحی ، مەحمود مرادی، سەتار ئەلوەندی ، ئەمیر ڕەزا فەیزی، مەهدی ئەحمەدی، پوریا نوسرەتی ، واحید محەمدی ، ئاکۆ بایزیدی، ئازاد وەیسی ، حەمید ئەسغەرزادە، ئەیوب مەعمەنی، ڕامین گویلی ، بێهروزسەعیدی ، کەیوان قاسمی، سەباح ئەحمەدی ، بێهزاد قەوامی ،چیا پەرویزپور. مێهرانه مرادی، شوجوان عەباسی، سومویه برسان ، موهین گولشەن ، ڕووناک زولفەقاری، ئیلناز نارنجی ، سۆما محەممەدڕەزایی ، فەراسەت مەحمودی .

مامۆستایان: ناسر مەفاخری ، حەسەن عەبدلمەلکی ، حسێن کەرەمی ، محەمەدشەریف کەرەمی ، سەجاد ڕەزایی ، فەرهاد مراد نەژاد ،  محەمەدکەریمی، فواد . حامد ئەمینی. عابد ئەمینی. بەختیار عەباسی. محەمەد خۆشڕوویی. ڕەحمان یەعقوبی. محەمەد باستان. ئومید ڕاوەند. سەعدی کەریمیان.ئارەزوو امینی. فاتمه ڕاستینه.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت