دژکردەوەی چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات لە هەمبەر بێ ڕێزیی هەڵسووڕاوێکی گۆڕان بە پیرۆزییەکان

0
10698

بێ ڕێزیی و سووکایەتی پێکردنی مامۆستای قوتابخانە و هەڵسووڕاوێکی گۆڕان بە شەهیدانی حیزبی دێموکرات، کاردانەوەی بەرینی چالاکانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لێکەوتەوە.

ڕۆژی کورد: دوای ئەوەی کە یەکێک لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ژێر بابەتێکی “K24” لەمەڕ هاوخەمیی حدکا بە بۆنەی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی حدک، بە شێوەیەکی دوور لە ئەخلاقی نەتەوەیی، بە زمانی بێ ڕێزییەوە تێبینی نووسی، ئەندامانی دێموکرات و چالاکانی سیاسیی کوردستانی خۆرهەڵات بە شێوەیەکی بەربەرین هاتنە دەنگ.

ئەو ئەندامە کارا و هەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆمێنتەکەی خۆیدا  خۆشحاڵیی خۆی لە شەهید بوونی ئەو دوو پێشمەرگەی حدک ڕاگەیاندووە و لە وشەی نەشیاوی “تۆپین ” بۆ ئەو شەهیدانە کەڵکی وەرگرتووە و گوتووشیەتی :”حەیفە بەوانە بڵێی شەهید”.

عەبدووڵا مەحموودیان یەکێک لەو چالاکە سیاسییانەیە کە ئاوای نووسیویە: “ئـەوە شعوری تاکی کوردە لە مەڵبەندی رۆشەنبیری، ئـەوە پەروەردەی ھێز و لایەنە سیاسێکانی زۆنی سەوز و نیلییە کە دەروونی گەنجەکانیان پڕ کردوە لە ڕق و قین لە ھەمبەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان”.

ڕامبوود لوتفپووری چالاکی سیاسیی ڕۆژهەڵات لەمبارەوە دەڵێ: ” چۆن بڕوا بە دروشمی چاکسازی و خەمخۆری گەل و خاکتان بکەم ؟ مادام ئەوە بۆچوون و ئەدەبیاتی کادرێکی گۆڕان بێت لە سەر پێشمەرگەی کوردستان و ئەوە نەفەسی نەتەوەیی و گۆڕانکاریتان بێت چ هیوایەک بەو دوارۆژەی دەبێ کە خودای نەخواستە کوردستان بکەوێتە بەر دەستی ئێوە؟”

لوتفپووری کە پێدەچێ لە نزیکەوە ئەو کەسە بناسێ، ڕووی قسەی لەو دەکا و دەڵێ: ” مامۆستا عەبدوڵڵا! یەکەمجار کە تۆم ناسی و قسەمان کرد بۆچوونەکانتم پێ جوان و نوێ بوون بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینم بەرامبەر بە راستی و دروستی هەموو ئەو قسانەت دەمخەنە گومانەوە. بەراستی قەت بە بیرمدا نەدەهات لە پشت ئەو قسە جوانانەوە لۆژیکێکی وا دزێو و دوژمن پەسند جێی گرتبێ. ببوورە کە ئیتر ناتوانم پێت بڵێم مامۆستا چوونکە ئەو وشەیە هەڵگری واتایەکی بەرز و پیرۆزە کە پێم وایە چیتر شایانی نیت.ئاخر چۆنت پێ بڵێم مامۆستا کە ئەوە روانگە و ئاخاوتنت بێ؟ نەوەیەک لە ژێر دەستی کەسانی وەک تۆدا پێبگەن دەبێ چۆن لە خاک و نەتەوە بڕوانن؟ “

دوکتور ئاوات ساڕۆژ، چالاکی سیاسیی ڕۆژهەڵات لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و وێڕای دەربڕینی پەژارەی خۆی بە هۆی بوونی کەسانێکی ئەوتۆ لە ناو بەشێک لە بزاڤی کوردی گوتی: “هەندێک هەوڵی بە کۆمەڵ لە ئارادایە کە سکاڵاکانمان ئاراستەی بەرپرسانی گۆڕان بکەین، لە ئەگەری بێدەنگ بوونیان لە هەمبەر ئەو بێ ڕێزییە بە پیرۆزییەکانی کورد بە گشتی و خۆرهەڵات بە تایبەتی، ئەوا کاردانەوەی تووندمان دەبێت”.

سەلام ئیسماعیلپوور، چالاکی سیاسی لەمبارەوە نووسیویەتی: ” شه‌رم بو بزووتنه‌وه‌یه‌ک که دڵی به کادیر یان خۆیان گوته‌نی “هه‌ڵسووڕاوی” وا خوش بێت. به لای ناخێرییه‌وه ئه‌وه مامۆستاشه. تو خوا حه‌یفی مووچه نیه، حه‌‍یفی نانی گه‌نمی شاره‌زوور نیه بدرێ به چڵکاوخوری وا؟ “.

تاهیر قەرەخان هونەرمەند و چالاکی سیاسی لەمبارەوە ئاوەهای نووسیوە: ” ئەم برادەرە دەستپەروەردەی نەوشیروان و حەمە ساڵح و هەڵسوڕاوی گۆڕانە، بەڵام لە راستی دا ئێران ئەویش و سەرکردەکانیشی هەڵدەسووڕینێ ئێران نەقیزەیەکی وای تێبڕیون کە هەستەکە لە ناچاریەوە بۆتە ئاتفی و بە دڵ هاوخەمی ئێرانن. وشەی شەهید تەنانەت لە وڵاتانی دەرەکیش هەر ئەو پێناسەیەی هەیە کە ئێمە کردوومانە، شەهید هێڵی سوورە بەڵام ئەوانە لە کاوێژ دا سەرخۆ نین چوون لە ژیان دا پوڵ پەرەست و مادین، لە سیاسەتدا بێ ئەخلاق و جاشن و هاوکات خاوەن نەقیزەیەکی عومقین.”

هەڵمەت مەعرووفی، چالاکی سیاسی، لەمبارەوە دەڵێ: “بەداخەوە کۆماری ئیسلامی لە هەندێ لایەنی کوردستانی باشوور وەها تان و پۆی کوتاوەتە ناو جومگەکانی تاکی کورد بە سیاسی و ئاساییەوە کە ئیتر بێ ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکانی بەتایبەتی کوردستانی خۆرهەڵات بۆتە کەلتوور و تەڕاتێن و کێبڕکێی لەسەر دەکرێ. ئەوە یەکەمجار نیە و دواجاریش نیە. بەداخەوە کوردانی باشوور و بەتایبەتی کەسک و نیلی نشینەکان کە لە چارەسەریی پرس و کێشە و دمەقاڵەکانی ناوخۆیان بێ چارە و نەزۆک ماونەتەوە، بەرۆکی ڕۆژهەڵات دەگرن و ئەوەش پارە و دەست خۆشیی کۆنسوولی ئێران و بنکە ئەمنیەتییەکانی ئێران لە سلێمانی بۆیان بەدوادا دێنێ، پێشتر تەنانەت بێ ڕێزیان بە پێشەواش کردووە و لە هیچ نەپرینگاونەتەوە، بەڵام وادیارە ئەوان ڕاسان بە هی پارتی دەزانن و ئەگەر خوداشیان پێ لە پارتی نزیک بێ ئەوا بە دژی دەوێستنەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە سەرەڕای ئەوەی کە برادەرانی باشوور هەمیشە لە سیاسەتدا کلک بوون نەک سەر و هەمیشە پاشکۆ بوون نەک کۆ و لە بەرانبەردا بەڵگەکان دەریدەخەن سەرجەم هێزە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵات ئەگەر کۆش نەبوون پاشکۆ نەبوون و نین و نابن”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت