دژبەرانی ڕاسان و خەباتی چەکداری کێن؟/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ پەیمان حەیدەری

0
855

 خوێنەری هێژا:

وتووێژی بەردەستت، دەستکەوت و بەرهەمی سمینارە بەردەوامەانی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تڵیگرام کە لەسەر مژاری “شیکارییەک لەسەر دژبەرانی ڕاسان و خەباتی چەکداری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات”، نزیک مانگێک بەر لە ئێستا  لەگەڵ پەیمان حەیدەری، چالاکی سیاسی،  ئەنجام دراوە. لێرەدا دەقی ئەو وتووێژە دەخەینە ڕوو.

راوێژ:  لەو ماوەیەدا کە خەباتی چەکداری سەری هەڵداوەتەوە هەندێک کەس لە ناوخۆ کە خۆیان بە چالاکی مەدەنی دەناسێنن و هەروەها هەندێک هێز و لایەنی ئێرانش، دژایەتیی ئەو خەباتەیان کردووە، دەکرێ سەرەتا باس بکەن کە ئەو کەسانەی ناوخۆ کە خۆیان بە چالاکی مەدەنی دەناسن، هەڵگری چ ئایدیایەکن؟

پەیمان حەیدەری
پەیمان حەیدەری

حەیدەری: لە دوای پاشەکەشێی نیزامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوانیان، سارد و سڕییەک کەوتە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دواتر باروودۆخی باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، بە واتایەکی تر دەتوانم بڵێم کە کەشێک درووست بوو دەتوانین بە شێوەی شێعرەکەی ئەخەوانی سالێس لە دوای کودتای ٢٨ی مرداد وێنای بکەین کە باسی کەشی سیاسی ئەو کات ئەکا، کەشی سیاسی داخرابوو،

خەڵک هیوا بڕاو ببوو، هیوا بۆ پشتیوانی نەمابوو، ورەی شۆڕشگێڕی ڕووخابوو، لە پڕێکەوە درگایەک لە لایەن حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی کرایەوە بە ناوی بزووتنەوەی ٢ی خرداد، دواتر پێناسەی تازەتر بۆ کۆمەڵگای مەدەنی درووست بوو، ئەم لێشاوە کوردستانی ئێمەشی گرتەوە و کەسانێک هاتنە دەرەوە بە ناوی چالاکی مەدەنی کە بتوانن لە ڕێگای چالاکیەکانی مەدەنی حاکمیەت ناچار بە پاشەکشێ بکەن لە بەرامبەر ویستی خەڵک. لێرەدا بە ڕاستی مەسەلەیەک هەیە ئەویش ئەوەی کە هەندێ ووشە ساڵیانی ساڵ لە ناو قامووسی ووشە و هەمبانە بۆرینەکانیانەوە خۆڵیان ئەخوارد بەڵام لە پڕێکا ئەبن بە مۆد، ئەکەونە سەر دەم و هەموو کەسێک بەکاریان دێنێ، هەموو کەس پێناسەی دەکا لە کاتێکدا هیچ ڕوانینێکی درووست و قووڵیان بەرامبەر بەو ووشانە نیە. من دەتوانم بڵێم بۆ پێناسە کردنی ئەم مەسەلە ئێمە دەبێ بزانین ئەرک و زەروورەت و پێویستیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی چیە؟ کۆمەڵگای مەدەنی لە کوێ درووست کراوە، کێ پێناسەی کردووە و بۆچی هاتۆتە ئاراوە؟

گەورەژووری ڕاوێژ
گەورەژووری ڕاوێژ

لە ڕاستی دا فیلسووف و سیاسەتمەدارێکی فەرانسەیی سەدەی نۆزدەهەم کاتێک ڕۆییشتە ئامریکا لە هەواڵنێری و ڕاپۆرتی خۆی دا سەبارەت بە ئامریکا باسی ئەوەی کرد کە ئەو زۆرینەی دێموکراسی بەڕێوە دەبات مافی کەمینەکان پێشێل دەکات و هەندێ باسی کردبوو کە گەرەنتی پاراستنی مافی کەمینەکانی دەکرد و لە نێوانیان دا کۆمەڵگای مەدەنی بوو، بەو واتایەی لە ڕێگەی دانانی یاسای پارێزەر بۆ کەمینەکان، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکارەکانیتر، ئەوانەی کەمینەن و دەنگیان لە دەنگی زۆرینە کەمترە بتوانن مافەکانی خۆیان بپارێزن، ئەمە سەرەتای مەسەلەی کۆمەڵگای مەدەنیە و بۆ یەکەم جار بەو شێوەیە لە ناو ئەدەبیاتی سیاسی پێناسە کراوە. دیارە دێموکراسی ئەو مۆدێلە حوکمڕانیەیە کە دەتوانێ فرەیی و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا لە خۆ بگرێ، هەڵبەت ئەو شێوەی دێموکراسیەی کە لە زەینی من دایە، دێموکراسی سەرکەوتووترین شێوەی حاکمیەت یان حکوومەت کردن یا چێ کردنی کیانێکی دەسەڵاتە، دەتوانین بڵێین لە پێویستیەکانی هاوسارکردنی دەسەڵات و لەقاودانی مەیلی حکوومەت یا مەیلی دەسەڵاتداران بە تۆتالیتاریزم کۆمەڵگای مەدەنیە، کە واتا زەروورەت و پێویستی لە کۆمەڵگادا بەدی دەکرێ، واتا گەر ئێمە بتوانین و کوردستانێکمان هەبێ بە دڵنیائیەوە دەبێ پەرە بە کۆمەڵگای مەدەنی و ئەم جۆرە خەباتە بدەین. بەڵام ئەوەی لە کوردستانی ئێمە و لەم کاتەدا لە ئارا دایە، بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە ئێمە دەبێ لە جەوهەر و ناوەڕۆکی خەبات و موبارزەی نەتەوەی کورد تێبگەین و بزانین ئێمە وەکوو کورد ئامانجمان لەم ڕاسانە، لەم شۆڕشە و لەمەی کە لە هەمبەر ئیرادەی حکوومەت و دەسەڵاتی ناوەند وەستاوین چیە؟ لە ڕاستیدا جەوهەری ئەمە ئازادییە. ئازادی بە واتای کۆیلە نەبوون، بە واتای ئەوەی هیچ دیسکۆرسێکی تر، هیچ نەتەوەیەکی تر بە سەر تۆدا زاڵ نیە، تۆ وەکوو نەتەوەیەک ئازادی کە چارەنووسی خۆت بۆ خۆت هەڵبژێری و دیاری بکەی و وڵات و نیشتمانی خۆت بەڕێوە بەری. ئەمە ئەم جەوهەرەی خەباتی کورد یا شۆڕشی کوردە کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە دەستی پێکردووە و بۆ درووست کردنی دەوڵەت نەتەوە، هەروەکوو ئەوەی لە ناوچەکە چەندین دەوڵەت نەتەوەی جۆربەجۆر و جیاواز درووست بوون.

دەست بۆ ئەو پێناسەیە دەبەین کە شتێکی ئەخلاقیە و بەهایەکی مرۆڤیە، دەبێ هێندێ خاڵ بیرمان بێتەوە، چاوێکی وردی پێدا بخشێنین، لەوانە هەندێ شت خۆیان دەردەخەن وەکوو ئەوەی کە ماف چیە، عەداڵەت چیە، سیاسەت چیە، دەسەڵات چیە یا وەکوو ئەوەی کە ئەرکی ئێمە چیە، ئەوانە هەمووی پەیوەستن بە یەکتری، دەبێ ئێمە پێناسەیەکی درووست و ڕوانگەیەکی ڕوونمان بەرانبەریان هەبێ تا بزانین لە کوێوە خەریکین هەنگاو هەڵدەگرین و باسی چی دەکەین.

من ئەم پێشەکیەم لەبەر هاورێیان ووت هەوەکوو خۆشتان دەزانن ناکرێ بچیە ناو باسێکی گرینگی کۆمەڵایەتی، سیاسی و شۆڕشگێڕی بە بێ ئەوەی لە سەر هەندێ چەمک ڕانەهاتبین و یا سازابین کە مەبەستمان چیە، بەو پێشەکیە چڕوپڕەی کە باس کرا دەتوانم بەو ئاکامە بگەم کە زاڵ بوون بە سەر ئەم چەمکانەدا و تێگەییشتن لەم چەمکانە تۆ دەخاتە ناو بازنەیەک و پارامێترێک دەداتە دەستت بۆ ناسینی شۆڕشگێڕێکی کوردایەتی کە قیام و سەرهەڵدانی کردووە بەرامبەر کۆیلەتی مرۆڤ بە حوکمی ئەخلاق و بە حوکمی بەها بەرزە مرۆڤیەکان، ئەوجار دەتوانین بەو پارامێترە کەسانێک بدۆزینەوە کە ڕاستن یا ناڕاست، لە چوارچێوەی ئەو خەباتە دەگوونجێن یا ناگوونجێن.

بەداخەوە زۆربەی ئەوانەی لە کوردستان دا و بە ناوی چالاکی مەدەنی، کەسانی ناسراو و تریبۆنیان لە دەست دایە، کەسانێکن بەرهەم هێنەر و بازتولیدی دوسکۆرسی داگیرکەر بە سەر خەڵکی کورددا دەکەنەوە، بەو واتایەی کۆیلە بوون یا عبودیەتی خۆیان و نەتەوەی خۆیان دووپات دەکەنەوە.

لە ڕوانگەی من ئەمانە هەندێکیان درووستکراو و بەرساختەی دام و دەزگا ئەمنیەتیەکانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی و مۆرەی تایبەتن کە کۆماری ئیسلامی گەورەیان دەکا و قارەمانیان لێ چێ دەکا. هەندێکیشیان کەسانێکن کە بە ڕاستی دەیانهەوێ کارێک بکەن، بەڵام ئاوەزی سیاسی و تێگەییشتنیان لە ئاستێکی زۆر نزم دایە، بۆیە ئەکت و چالاکی و کارێک کە دەیکەن لە بازنەی پێناسە کردنەوەی حاکمیەت و کۆیلە بوونی خۆیانە. کە واتا بە کوردی و کورتی ئەوانە هەموویان بەرژەوەندی پارێزی حاکمیەتن کە دەبن بە چەمکێک بە ناوی جاش.

ڕاوێژ: لە دەرەوەش فیدائیانی خەڵق- ئەکسەریەت، لە ڕاگەیێندراوێکدا باس لە دژایەتی خۆیان دەکەن و چەند پرسیاریان خستۆتە ڕوو، قسەکانی ئەوانە چەندە بنەمای هەیە؟

حەیدەری:  لە ڕاستیدا ئەوانە هەڵگری ئەقڵیەتی پارسین، بەو مانایەی کە ئێران بە وڵاتێک دەبینن کە دووهەزار و پێنسەد ساڵ مێژووی هەیە و وڵاتێکە کە هەموو لە ژێر چەتری یەکتری بوون و مراوداتی فەرهەنگیان هەبووە و وڵاتێکی ئۆرگانیکە و بە درێژایی مێژوو هەر هەبووە و درووست نەکراوە، کە واتا کورد لە باشترین حاڵەتدا و بۆ هەڵخەڵەتاندن وەکوو هاوڵاتی سەیر دەکرێ و کوردستان وەکوو وڵاتێکی جیا و جیاواز نابینن و وەکوو بەشێکی جیانەکراو یا جودایی ناپذیری وڵاتی ئێرانی دەبینن، کە واتا ئەوانە لە ڕوانگەی خۆیانەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ببەنە دواوە دەستیان داوەتە خەبات و مبارزەی دوور لە تووند و تیژی کە لە لایەن کاڕڵ پۆپێرەوە هاتۆتە ئارا و تئۆریزە کراوە کە لە ڕێگەی ڕیفۆرم خوازانەوە باس کراوە. ئەوانە ڕێک بەو چەمکانە لە ئێمە دەدەن کە ئێمە ئێرانین و بە داخەوە ئەحزابی کوردستانی ڕۆژهەڵات تا ئێستا لە ئەساسنامەکانیاندا خۆیان بە حیزبی کوردستانی ئێران لە قەڵەم دەدەن، کە واتا ئەوە جۆرێک لە مەشرووعیەت بەوان ئەدات کە حیزبە کوردیەکانی ئێمە بکووتن، من پێم باشە لە کۆنگرەی داهاتوودا حیزبەکان هەڵگری درووشمی کوردستانی بن و ئەوان وەکوو داگیرکەر پێناسە بکەن. ئەوجار مەشروعیەت بە ئێمە دەدرێ کە لە بەرامبەریاندا بە هەر شێوەیەک کە بۆمان دەکرێ بەرەنگاریان ببینەوە و تەنیا خەم و خەیاڵی ئێمە دەرکردنی داگیرکەر بێت لە وڵاتی کوردستان. ئەوەی لە ساحەی کرداری و عەمەلی شۆڕشی کورد هەیە گیانبازی و لە خۆبردوویی و گیان لە سەر دەستیە بۆ بەها گەورە مرۆڤیەکان، ئەمە هیچ دریغێک و کەم و کۆڕیەکی تێدا نەکراوە لە لایەن خەڵکی کوردەوە. بەڵام لە بەشی ئەقڵیەت و ئەهرومی سیاسیدا ئێمە لاوازییەکی گەورەمان پێوە دیارە و دەبێ ئەو کەم و کۆڕیانە چارەسەر بکەین تا بتوانین دەنگ هەڵبڕتر و دلێرتر بین و بچینە پێشەوە و دەسەڵاتی خۆمان بەرەوپێش ببەین.

لە ڕاستی دا ڕاسان و ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەیکا و دەیباتە پێشەوە سیمای ناوچە و بە تایبەتی خۆرهەڵاتی کوردستان دەگۆڕێ و ورەی شۆڕشگێڕی دەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵک، لێرە مەسەلە ئەوە نیە کە حیزبی دێموکرات دەتوانێ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی برووخێنێ، بەڵکوو باسی هەڵسان و زیندوو کردنەوەی ورەی شۆڕشگێڕی و ئینقلابیە، پشت بەستنی خەڵکە بە شاخ و ئەوەی کە هێزێک هەیە دەتوانێ فراوانخوازی و ئینحساری تووند و تیژی دەسەڵاتی داگیرکەر بشکێنێت، ئەوە ئەم هێمایەیە کە ئێمە گەرەکمانە و لە هەمان کاتدا کە ئەو هێزە بە تاک بدا کە لە نێوان ژیانی ڕۆژانەی خۆی و قازانج و زەرەردا، کاتێک کە بە تووندی خویان بە خۆپەرەستی گرتووە و ئەوە حاکمیەت و سیستم وای کردووە، بتوانی بیگەڕێنیەوە و ورەی شۆڕشگێڕی پێ بدەی و بیهێنیە پێشەوە و بیهێنیەوە مەیدان و لە خەوی هەڵسێنی.

کە واتا ئەوان کاری خۆیان دەکەن، وەکوو پاراستنی وڵاتی خۆیان و چوارچێوەی جوغرافیای خۆیان، کاری ئێمەش وەکوو هێزێکی کوردی کە خۆمان بە شۆڕشگێڕ پێناسە دەکەین و هەر تاکێکی کورد کە خۆی بە نەتەوەیی پێناسە دەکا کارێکی ترە و ئەرکێکی ترە، دەبێ شۆڕشی ئێمە چ لە ڕێگای نووسین و چ لە ڕێگای بڵاوکردنەوە و چ لە ڕێگای پراکتیکیەوە بەرهەڵستی ئەو جۆرە هەڵوێستانە بداتەوە و بیانخاتە لاکی بەرگریەوە. ئێمە تا ئەمڕۆش لە سەنگەردا هێرش کەرین، دەست وەشێنین بەڵام لە سەنگەرەکانی دیپلۆماسی، فەرهەنگی، میدیایی و هتد هەموو کات زەربەپەزیرین و هۆیەکەشی نەبوونی ئەقڵیەتێکی سیاسی درووستە.

ڕاوێژ: بە ڕای ئێوە ئەو کەسانەی ناوخۆ چەند نوێنەری ویست و داخوازیی خەڵکن؟

حەیدەری: هەڵبەت ئێمە کۆمەڵگامان لە بندەست نیە و پاشانیش کەرەستەی ڕاپرسیمان نیە تا بزانین چەند خەڵکی کوردستنیان لەگەڵە، بەڵام ئەوەی من بزانم، تەنیا دەتوانن نوێنەری خۆیان و گیرفانی خۆیان بن و لە هەر کوێ کە ڕانتەکانی حکوومەت ئەچۆڕێت خۆیان لەوێ دەبیننەوە، قورساییەکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆشیان نیە و خەڵکی کوردستانیش قەت لەگەڵیان نەبوونە، ئەوانه کەسانێکن که بە گشتی له کاتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی یا هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی حکوومەتی ئیسلامی خۆیان دەرئەخەن، سرنج بدەن که سەرەتایی ترین ئەرکێک که هەیان بوو لە هەمبەر ئەو حەماسانەی که پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان خووڵقاندیان بەیاننامە دەرکردنێک لە مەحکووم کردنی هێرشی کوێر کوێرانە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بوو، بەڵام بێ دەنگ بوون، سووتاندنی ژینگەی کوردستان و دارستانەکانی کوردستان، ئەوانەی کە چالاکی ژینگە بوون و چالاکی سیاسیش بوونه، بیاننامەیەکیان لێ نەبیندرا، که واتا مەسەلەی خەباتی مەدەنی زیاتر شتێکە بۆ ناساندنی خۆیان، گەورەکردنی خۆیان، خۆهەڵکێشان، گیرفان پڕ کردن، نەک شتێکی تر به بڕوای من.

به واتایەک ئەو کەشەی شەڕ درووستی کرد و کۆمەڵگای دوو جەمسەری کردەوە و ئەو جار جاش و باشی دەرخست پاش بیست ساڵ و ئەو کار و قارەمانیەتیەی پێشمەرگەکان توانیان له چەند ڕۆژدا بیکەن ئیمه به چەندین ساڵ نەمان توانی له ناو کۆمەڵگای کوردستان دا جێ بەجێی کەین، دەرکردنی بەیاننامەیەکی چوار ڕستەیی له مەحکووم کردنی هێرشی حاکمییەت بۆ سەر خەڵک و پەلاماردانی ژینگەی کوردستان و دڕندایەتی حاکمییەت دەبوایه شتێکی زۆر ئاسایی بایه بۆ ئەوان، بەڵام لێره دایه که ماهییەتی ئەوان وەکوو ئەوەی ئێمه پێشووتریش باسمان لەو جەریانە کردبوودەردەکەوێ، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو تۆماره چوارسەد ناوه که بڵاو کرایەوە له مەحکووم کردنی ڕۆڵەی شۆڕشگێڕی کورد ئەوەی که بۆ بەهای گەورەی مرۆڤایەتی خۆی ئەدا به کووشت زۆر بەدی کرا.

ڕاوێژ: دژایەتی کردنی ئەو دوو لایەنە لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

حەیدەری: لێرەدا دەگەڕێنەوه بۆ بەرژەوەندی، بەرژەوەندی گرووپی، تاقمەیی، تاکه کەسی، گیرفان، ڕانت، نه شتێکی زێدەتر، لێرەدا شتێک بەناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی واتای نیه، مەفهوومی نیه، لێره شتێک به ناوی بەها گەوره مرۆڤیەکان واتایەک پەیدا ناکا، من زۆرم پێ باشه له سەر شتێک بوەستین و تێبگەین، ئەوەی کە مرۆڤی ئەمرۆ خۆی به مرۆڤێکی مۆدێڕن دەزانێ، خۆی به خاوەن ماف دەزانێ، ئەمەی که مرۆڤی ئەمرۆ جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی وەکوو دەستکەوتێکی گەورەی مرۆڤایەتی دەزانێ و ڕێکەوتنێکی جیهانی و گشتی  لەسەرە که پێگەی ئەخلاقی بەشەر دەخاته چوارچێوەیەکی درووستەوه، ئەمانه هەمووی بەهان، یانی شتهایەکی ئەخلاقین، کاتێک ئێمه دەم له ئەخلاقیات دەدەین، ڕێک مرۆڤ له یەکەم بەندی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا باس لەوە دەکات که هەموو مرووڤێک ئازاد هاتۆته دوونیا و هەموو مرووڤێک خاوەنی بیر و بڕوا و ویژدانێکی بەرابەرە که واتا لێره ویژدان وەکوو دادوەری دەرون و پێوەری ئەو ئەکتانەی که له ڕوانگەی ئەخلاقیەوە ڕەت دەکرێنەوه یا وەردەگیرێ، که واتا ئێمه لێرەدا دەبینین هێندێ شت دەکرێ یاسایی بێت بەڵام ئەخلاقەن ڕەت دەبێتەوە، بۆ وێنه مرۆڤێکی ئەشکەنجەگەری وەکوو ئایشمەن که پێنج میلیۆن کەسی یەهوودی دەکووژێ ئەوه به پێی یاسا کردەوەیەکی درووستە و فەرمان و دەستووری مافۆق یا دەستووری بەرپرسی خۆی جێ بەجێ کردووە، بەڵام کاتێک دادگایی دەکرێ هۆیەکەی ئەوەیە که ئەو کردەوەی که کردوویەتی وەکوو مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەخلاقیدا نەگوونجاوه و ئەو دەیتوانی ئەخلاقییەن کردەوەیەک که یاساییش بیت ئەبێ ڕەتی بکاتەوە.

هەڵبەت ئەوانەی لێرە دژ به شۆڕشی کوردین که له بەرانبەر کۆیلەبوونی نەتەوەیەکدا دەوەستن، له هەر بوار و ڕوانگەیەکەوە که دەستی بۆ بەرین و هەر مەنتقێکی فەلسەفی بۆ بێنینه پێیشەوه جگە لەوەی کردارێکی نائەخلاقی و بێ ئەخلاقی، جگە لەوەی که دوورن له کەرامەتی مرووڤایەتی، هیچ شتێکی تر نایانگرێتەوه، لێرەدا يا نەزانی و حیماقەتە، یا شاڕلاتانیزمه که خۆی بەستۆتەوه به ڕانت و بەرژەوەندی و سوود.

راویژ : ئەو بەها بەرزە مرۆییانە کە لە شۆڕشی نوێ و ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵاتدا جێ دەگرن، چۆن و بە چ شێوەیەک لەگەڵ ژیانی هاوڵاتیان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا لە پێوەندی دایە؟

حەیدەری: لە ڕاستیدا دەبێت بزانین ئەم بەهایەی کە ئێمە بۆ وێنە ئەو پێشمەرگانەی چەند حەوتووی ڕابردوو شەهید بوون، خولقاندیان و گیانبازیان لەسەر کرد چ بوو. چاوێکی پێدا بخشێنین و ئەگر چاوێک بە مێژوودا بگێڕین و سەیری مێژوو بکەین دەبینین کە مرۆڤ بە شوێن دوو شتەوەیە، و بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوو شتە بەختەوەری بۆ خۆی دەستەبەر دەکات.

یەکەم: زەجر و زەحمەتە

دووەم: مەرگە

کە هەرکەسێک بە گوێرەی خۆی وەڵامی داوەتەوە. ئەوەی کە تۆ غایەتت ئەوە بێت بەختەوەر بیت و لە هەمان کاتدا بڕوات بەوە هەبێت کە ژیانێکی دیکە پاش مەرگ هەیە، لەبەر ئەوەی بتوانیت هیوای درێژەدان بە ژیانت هەبێت، لێرەدا مرۆڤ دینی دروست کردووە، موخەدرێکی دروست کردووە و لە خۆی داوە بەو هیوایەی کە لە پاش مەرگ دەژێتەوە و لەگەڵی شاکاری کردووە، پێکهاتەی حکوومەتی دروست کردووە، کۆمەڵگای دروست کردووە کە ئەمنییەتی بۆ بێنێت، کە بتوانێت تێیدا هەست بە بەختەوەری بکات و هەرکەسیش بە گوێرەی دنیای مۆدێڕنی ئەمڕۆ چاوی لێ بخشێنێت، هێندێک باوەڕیان بەوەیە کە دەبێت ژیانت بە خۆشی تێپەڕێت و تۆ ئەوەندە خۆش بیت کە لەنێو ژیانی ڕۆژانەتدا بیر لە بەدبەختی و لە مەرگ نەکەیتەوە، تا ئەو ڕۆژەی کە ژیانت تەواو دەبێت، بەڵام تۆ کە لێی دەڕوانیت لە بەرانبەریدا دەبینی سوسیالیزم دێتە ئاراوە، سوسیالیزم پێی وایە کە دەبێ بەرابەریی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ببێت و جیاوازی چینایەتی لەنێو بچێت، ئەوجار تۆ کۆمەڵگایەکی بەختەوەرت دەبێت، تاکتیکی بەختەوەرت دەبێت و دەتوانی بە هەستی شادی و بەختەوەری بژیت و لەسەر ئەو نرخەیە کە تۆ ئامادەیت هەموو بەهایەک بدەیت.

بەڵام لێرە کە چاوی لێدەکەیت ئەو حەماسەیەی کە لە کوردستاندا دەخوڵقێت شتێکی زۆر جیاوازتر لە هەمووانە، کەسێک نییە کە بڕوای بە ژیانێکی پاش مەرگ هەبێت، کەسێک نییە کە بە شوێن حۆرییەکی بەهەشتیدا بگەڕێت یا ژیانێکی هەتاهەتایی، کەسێک نییە ژیانێکی بەختەوەر و دەستکەوتێکی گەورەی ماددی دەست کەوێت، ئەو بەهایەی کە ئەمڕۆ خەریکە گیانی بۆ دەدات، بەهایەکە بە ناوی ئازادی، کۆیلە نەبوون. واتە من کاتێک کەرامەتم هەیە، کاتێک خاوەن ویژدانم وەکوو مرۆفێک کە لە یەک ئاستی مرۆڤایەتیدا لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەی ئەم دنیایە بوەستم و کەس بە بچووک سەیرم نەکات، بە غوڵامی خۆی سەیرم نەکات و من لە بەرانبەر هەر کەسێک کە بیەوێت ئەو لێڕوانینەم پێ تەزریق بکات و گەرەکی بێت وەکوو کۆیلە سەیرم بکات، وەکوو کۆیلە بەکارم بهێنێت، وەکوو کۆیلە هەڵسوکەوتم لەگەڵ بکات، هەوڵی لەبەین بردنی ئەدەم.

ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین بەهای گەورەی بەشەری لە شۆڕشی نوێی کوردستاندا تەنها یەک ڕێگا هەیە کە ئێمە بتوانین خەڵک لەنێو ژیانی تاکی خۆیدا، لەنێو شارەکانی کوردستاندا کە ئەمڕۆ هەموو شتێک بە پێوەری عەقڵی مامەڵەگەری خۆیەوە فێر کراوە کە لە بەرژەوەندیی ژیانی تاکەکەسیی خۆیدا هەنگاو هەڵگرێت، بەپێچەوانەوە لە تێگەیشتن لە مرۆڤی دنیای مۆدێڕنی ئەمڕۆ، لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەخلاقیاتێک کە بەشەری ئەمڕۆی دروست دەکات و خاوەن مافی دەکات و هەڵسوکەوتی پێوە دەکات، تەنیا یەک شتە کە دەتوانێت ئەم مرۆڤە لە خەو داچڵەکێنێت، ئەویش شەڕ لە بەرانبەر داگیرکەر و خودی نەفسی شەڕە.

شەڕە کە گیانبازی دێنێت، فیداکاری دێنێت، قارەمانێتی دێنێت، حەماسە دێنێت، پاڵەوان و قارەمان دێنێت، ئەوە شەڕە کە مرۆڤی نوستووی شار لەخەو هەڵدەستێنێت و ئەوە شەڕە کە دەرگیری دەکات لەگەڵ خۆیدا و ئەوە شەڕە کە دەتوانێت ورە ببەخشێتە تاکی وردبووی کوردستان کە لە ژێر هەموو گوشارێکی حاکمییەت و عەقڵییەت و دیسکۆرسی داگیرکەردا کە ڕۆژانە بە دەیان جار تەجاوزی پێ دەکرێت هەستێتەوە و هەست بە ورە بکات و بتوانێت لەسەر چۆکەکانی خۆی بوەستێتەوە. هەربۆیە ئەم ڕاسانەی دوایی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە هیوادارم بەردەوام بێت و ڕاسان بێت و هیوادارم پێشمەرگەکان لە شاخەکانی کوردستان نەیەنەوە و هیوادارم شاخ وەکوو لۆژستیکی شاری لێبێت و شەڕ بڕواتە نێو شارەکانی کوردستانەوە و هیچ داگیر کەرێک نەتوانێت بە ئارامی پێ بنێتە سەر شەقامەکانی کوردستان. ئەوەیە کە ئێمەی دڵخۆش کردووە و ئێمەی دڵگەرم کردووە و هیوادارین ئەوە دواجار بێت و قۆناغی تەواکەرەوەی ڕزگاریی میللەتی کورد بێت.

ڕاوێژ:ئایا هاووڵاتی دەبێ بەرپرسیار بێت بەرامبەر ئەو چەمکانە؟

حەیدەری: بێ گومان هەمو تاکی کۆمەلگا، بەتایبەتی کۆمەلگایەکی وەکوو کۆمەلگای ئێمە کە داگیر کراوە، بووە بە کۆیلە و عبودیەت خەریکە لە ناخی هەر تاکیکی کورد دا جێ دەگرێ، بە هەموو واتاوە دەبێ لە بەرانبەریان بوەستێتەوە و خۆی چەکدار کا بەهەمو زانستێک کە پێویستێتی کە لەم ڕیگایەوە ڕزگار ببێت  و دەست گرتنی چەک کاتێک دەتوانی کاراتر و جەرگ بڕتر بیت لەسەر دوژمن کە ئەقلیەت هاوئاهەنگ لەگەڵ قرمەی چەک بە هەمان زەبر و هێز برواتە پێش. لە ئاکام دا، ئەگەر تاکی کۆمەڵگای ئێمە تاکێکی وشیار بێت و لەسەر ئەم چەمک و مەفاهیمانەی ئەمڕۆ کە دنیای ئەمڕۆیان لەسەر داندراوە ئاگاداربێت و بە وردی بیانناسیت، بە ڕاحەتی دەتوانی کایەکانی دوژمن بخوینێتەوە و زۆر ئاسایی بەڕژەوەندی میللی خۆی ببینیتەوە و بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی، ژیانی خۆی ببینیتەوە، لێرە دایە کە بە داخەوە ئێمە لە سەر هێندیک واتا ڕیک نەکەوتوین و تێنەگەیشتوین و ڕانەهاتوین، هەر بۆیەش پێمان وایە کە هێندیک  کەس کە هەڵگری هێندیک وشە و ناون و پێناسە لە خۆیان دەکەنەوە، کەسانێکی شۆڕشگیرن، هەنگاویکی درووست هەڵئەگرن یا خەریکن کە عەلەنەن خەبات دەکەن بۆ بەدەست هێنانی هەندێک ماف، کە ئێمە بە داخەوە هێشتاش نازانین ئەم هێندە مافە چیە و چۆن دەتوانێت بەختەوەری بێنیت بۆ کۆمەڵگای کوردستان.

ڕاوێژ: ئەوەندەی چاو لێکدەرێ و دەبیندرێ زۆربەی جاران، بەتایبەت فارسەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو خەباتە چەکدارییە دەبێتە هۆکاری میلیتاریزە کردنی کوردستان و بیانوو دانە دەست ڕژیم بۆ ڕووخاندنی ماڵی خەڵک و دەست بەسەر کردنیان، ئێوە تا چەند لاتان وایە ئەو قسەیە لە جێگای خۆی دایە؟

حەیدەری: ئیمه ئەگەر له چەمکی دەسەلات تێبگەین و بزانین دەسەڵات یانی سەپاندنی ئیرادەی خۆت بەسەر لایەنێکی تردا، جا لەم ڕێگایه دا ئەوە تۆ پێویستیت به کەرەستەی زۆره ئەبێت هەر چەنده کەرەستەکانی تۆ بۆ ئەوەی ئیرادەی خۆت به بەرانبەرت بسەپێنی زیاتر بیت، کەواتە تۆ به هێزتری، به دەسەڵات تری،  لێرەدا مەسەلەیەک هەیه ئەوەش ئەوەیه که ئەقڵیەتی پارسی به هەموو ڕێگایەکەوه دەیهەوێ که تۆ لە بندەستی خۆی دابنێ یانی کۆیله بمێنێتەوه، له عبودییەت دابی و خۆت وەکوو بەرده، وەکوو خەفیفی بەردەستی ئەوان ببینیتەوه و هەتا یەک عومر و نەتەوه له دوای نەتەوه وەڵاتی تۆ، زمانی تۆ، خەڵکی تۆ، شوناسی تۆ لە بندەستی ئەوان بێت، ئەمە له جێگەیەک دایه که هەموویان به هەموو چەمک و باڵە جۆراوجۆرەکانیانەوە خەریکن دەسەڵات و هێزبە سەر تۆدا دەسەپێنن. سرووشتیە لێره ئەو تاکه شوڕشگێره کوردەی، ئەو حیزبه سیاسی کوردەی که وا له گۆڕەپانه بۆ شکاندنی ئینحیساری تووندوتیژی حاکمیەت و بۆ ڕامالینی ئەوان و بۆ دەستەبەر کردنی کوردستانێکی سەربەخۆ، بۆ ئەوان ئاستەنگێکی یەکجار گەورەیه، دیاره ئەنجامی هەر شەرێک، تووند و تیژیه، مال وێرانیه، خوێن ڕێژییه، بەڵام هەر کام لەوانە کەرەستەی ئیعمال کردنی یا سپاندنی دەسەڵاتن، یەکێک له وانه شەڕه یا چەکه یا هێزه  یا زەبره، بۆ خۆشیان ئەوه دەزانن، کەواتە ئەوەی که حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بۆ مەشروعه له پەلاماردانی خەڵکی کورد، بۆ دەتوانێ خەڵک بکوژێ، له سیداره یان بدات، شۆڕشگێرەکان بەر تانک و تۆپ بدات بەڵام کەس نەتوانێ ڕەخنەی لێ بگرێ، بەڵام کەس نەتوانێ دەستی بۆ درێژ بکات، بەڵام کەس نەتوانێ له بەرانبەری دا بوەستێ ئەمه ئەو پرسیاره گەورەیه؟؟!!

کە چی، ئەو مەشروعیەته گەوره به تۆ و هەموو چەمکی بیر کردنەوەت دەدات که دەسەڵاتی  خۆی بسەپێنی، سەرنج بدەن لێرەدا هەموویان کاتێک ئەم ڕووداوه تازانەی له کوردستان ڕوویاندا که ئەهاتن وتووێژیان ئەکرد له گەڵ ڕێبەرانی کورد ئەوەیان پرسیار دەکرد که ئیوه له چوارچێوەی یاسای کۆماری ئیسلامی بۆتان نیه کە وەکوو گروپێکی چەکدار هاتووچۆی نێو سنوری کۆماری ئیسلامی بکەن، کەواتە کۆماری ئیسلامی له ڕێگای یاساوه مەشرووعیەتی هەیه له ئیوه بدات، ئەمه دووباره پێناسه کردنەوەی هەمان دیسکۆرسی داگیرکەرە، که تۆ له چوارچێوەی خەباتی مەدەنی دا دەبێ، له بەرانبەر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ورده ورده حاکمیه تی کۆماری ئیسلامی بکشینیتەوه دواوه له به ڕ ئه وه ی که کۆماری ئیسلامی ئەو مەشروعیەتەی هەیه که تۆ له ناو بەرێ ئیستا لێدوانێکی زۆر دێته ئاراوه، یک ئەوەی مەشروعیەت چیه، دوو ئەوەی که دەسەڵات یانی چی، سێ ئەوەی  که کەرەستەکانی دەسەڵات چیه؟؟…

تا تؤ لێره بتوانی له لێدوانێکی مەنتقی چڕ و پڕی سیاسی دا پاشەکشه به بەرامبەر و نەیارت بکەی، داستان ئەمەیه که مەترسیەکی یەک جار زۆر بەرانبەر به خۆیانەوه دەبینن، بەرانبەر به حاکمیەتی خۆیانەوه دەبینن، ئەوان لەوەی که وورەی شۆڕشگێرانه و ئینقلابی  له کوردستان هەڵسێتەوه، ئەو  وورە هەبێ که له بەرانبەر داگیرکەری ئەوان بوەستێتەوه، نۆکەری، کۆیلایەتی و عبودیەت دوبارە  پیناسه نەکرێتەوه و نەیسەپێنێ له دەروونی خۆی دا ئەوانه ترسیان لێی هەیه، هەر چەشنه درووشمێک که تاکی کورد وەکو تاکێکی کوردستانی و کوردستان وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو پێناسه بکاتەوه ترسیان لێی هەیە ئەوان له چەمکەکان دەترسن پاشان له چەک. کەواتە ئەوان نایان هەوێ هێزی کوردی و چالاکانی کوردایەتی بتوانن بە کەرەسته گەلێکی جۆراوجۆر بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەر داگیرکەردا هەبێ که یەکێک له وانه چەکه و قرمەی تفەنگه بۆیه ئەوان دەیانهەوێ هەتا دەتوانن تۆ لە پەراوێز بخەن کۆمەڵگایان لێ ستاندویەتەوە، میدیات نیه، سەرچاوەی ئابوریت نیه، پەیوەندیت لەگەڵ خەڵکەکەت دابراوه و له هەمان کات دا بەر بە خەباتی چەکداریشت دەگرن، ئەمه ڕێک به واتای خەساندنی تۆیە، له ناو بردنی دیسکۆرسی تۆ، وورەی ئینقلابی تۆ، میلەتی تۆ، خاکی تۆ، گیان و شەرەفی تۆ و کەڕامەتی تۆ  وەک  مرۆڤێکە.

ڕاوێژ: باستان له بەها بەرزە مرۆڤیەکان کرد هەروەک دەزانین جگە لە ئازادی، عەداڵەت و بەرابەری سێ بەهای بەرزی مرۆڤایەتین. بەڵام بۆمان ڕوون وەکەن ئەو سێ بەها بەرزە لە کوێیی ئەم ڕاسانە جێیان گرتووە؟

حەیدەری: لە ڕاستی دا هەر نەزەریەیەکی سیاسی لە دنیای ئەمرۆ دا که بوونی هەیه یا دێته ئاراوه کۆڵەکێکی ئەسلی هەیه به ناوی ئازادی، له هەمان کات دا تۆ که به شوێن دانانی کۆمەڵگایەکی کە،فرەیی و کەسرەت گەرایی تێدا بێ و دیموکراسی تێدا بەدی بکرێت حەتمەن دەبێ ئاگادار بی که ئەگەر ئەم کۆمەڵگایە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی تێدا نەبێ و له نێو ئەم کۆمەڵگایەدا جیاوازی هەبێت، به واتایەک جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان  نێوان نێر و مێ هەبێت، جیاوازی چینایەتی هەبێت دیسان ئەوە تۆ له سەقامگیری دیموکراسی ناتوانی سەرکەوتوو بی، لێدوانی ئیمه دیسان سەبارەت به کوردستان و به تایبەت ئەم ڕاسانەی دوایی حیزبی دیموکراتی خۆرهەلاتی کوردستان ئەوە نیه که ئیمه باس له قۆناغی پاش دانانی کیانی کوردی بکەین لە ڕاستی دا من چەمکی ئازادی به واتای چەمکێکی ئەخلاقی، که تاک و بوونەوەری مرۆڤ، کاتێک هەڵگر یا سوژەی دانانی ئەخلاقیاته، هەر له بەر ئەوەی که مرۆڤە، هه ڕ بۆیه ئەو تاکه له قۆناغی یەکەم دا دەبێ مرۆڤێکی  کۆیله نەبیت، به واتایەک تۆ ئەگەر وەکوو بەندی یەکەمی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ که باس لەوە دەکات هەر مرۆڤێک ئازاد به دنیا هاتووه و هەر مرۆڤێک خاوەنی بیر و خاوەنی ویژدانی یەکسانە، کەواتە لێره دا ئیمە وەکوو میلەتی کورد زمانمان، شوناسمان، خاکمان و هتد، هەموومان لێ داگیر کراوه و لێمان ستاندراوەتەوه کەواتە میلەتێکی کۆیلەین، و دەقاودەق له عبودییەت داین، بۆ وێنه  که ئەو عبودییەته له نێو ئیمه جێ کەوتووه، بەداخەوه تاکی کۆمەڵگای ئیمه خۆی لە هەمبەر تاکێکی تارانی و فارس زووان به تووندی کەم ئەبینێ، و خۆی شایانی سەروەری و گەورەیی نابینێت، بۆیه تۆ گەر لێی بڕوانی به ئەدەبیات و به وتار و دیسکۆرسی پڕ له توند و تیژی گەلی حاکم تۆ دیسان لە پەراوێزدەخەن، وەکو دێهاتی، به زمانی خۆیان وەکو بز چران، غیرەتی، وەکو کێوی، تۆ کاتێک له بازنەی گوتاری ئەمانه نەوەستاوی و وەکوو ئەوانت لێ نەهاتووه وەکو ئەوان بیر ناکەیتەوه، وەکوو ئەوان هەڵسوکەوت ناکەیت کەواتە تۆ هەڵگری تاکێکی به نرخی، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی دیسکۆرسی ئەوانەوە بڕوانیتە پرسەکە کە دیسان بە داخەوە بەشێکی زۆر لەو چوارچێوەیە بیر دەکەنەوە، لە ئەنجام دا ئەوەی بەسەرتۆدا دێ خوڵقاندنی تاکێکی کۆیلەیه له هەمو بوارێک دا که تۆ هەست به بۆشایەکی دەرونی دەکەی، هەست بە بێ شووناسیەک دەکەی و نازانی که تۆ کێیت لێرەدایه که تۆ عبوودیەتت تێدایە و له ناو دەروونت دا ڕەخنەی کردووه و سەپێندراوه و دەرگیری کردوی، ئەوەی پەیامی ئەم ڕاسانەی دوایی دەبێ ببێت که جیاوازیەکی تەواوی هەبێت له گەڵ ڕاسانەکانی گەلی کورد له خۆرهەڵاتی کوردستان به تایبەتی  دەبێ ئەم پەیامە بێت ((تاکی کورد تاکێکی کۆیله نابێ ببێت، دەبێ به سەر بەستی و به ئازادی بژیت، خۆی چارەنووسی کۆمەڵگای خۆی، وڵاتی خۆی بگرێته دەستەوە و له ژێر هیچ ئەمری هیچ دیسکۆرسێک دا نەبێت، له ژێر چەمکی هیچ هێژمونییەکی داگیرکەرێکی دەرەکی بەرانبەر به خەڵک و به خاکی کوردستان نه بیت)). به بڕوای من هێزی تایبەت له چەمک و مەفاهیمه، ئیمه گەر توانیمان لەم قوناغەش دا دەرکەوین، دەتوانین له قۆناغی عەمەلی دا هەنگاوێکی گەورەتر و بەرینتر و دلێرانەتر هەڵگرین، تاکی کورد له قارەمانیەتی دا، له شۆڕش دا هیچ کەمی دانەناوه، ئەوەی ئیمه هەمانه ئەوەی ئەو قەیرانه گەورەی لە ئیمه دا بەدی دەکرێ نەبوونی ئەقڵی سیاسیه و پێوەرێکی درووسته بۆ مەفاهیمێکی درووست یا چەمکی درووست له خەباتی ڕزگارکەری خەڵکی کوردستان له بندەستی داگیرکەری  کوردستان و داگیرکەری نەتەوەی کورد. بەڵام قۆناغەکانی تر و بەهاکانی تر که باسمان لێ کرد و چاومان پێیان خشاند و سرووشتیە نابێ له بیر بکرێن ئەمانه هەموویان قوناغی پاش ڕزگارین، یانی ئیمه به وردی دەبێ سەیریان کەین و تێیاندا بڕوانین و تێگەیشتبین و کۆمەڵگایەکی یەکجار سیاسیمان پەروەردە کردبێ، بەڵام قۆناغ به قۆناغ، هەنگاو به هەنگاو بچینه پێشەوه. هەنگاوی یەکەمی ئیمه بەرگرتنە به کۆیلایەتی خۆمان و ڕزگارکردنی خۆمانه له چوارچێوەی نەتەوەیی و له قەبارەی نەتەوەیی دا و پاشان بیر کردنەوه له داڕشتنی کۆمەڵگایەکی یەکسانی دیموکراتیکی تەکەسورگەرای ئەمرۆیی مودێڕن،  که تێیدا بەرابەری کۆمەلایەتی  و  عەداڵەت بوونی هەبێت و هەڵاواردن به هەموو واتایەک له کۆمەڵگای ئیمه بسرێتەوه.

ڕاوێژ: ئێوە پێشتر لە وتووێژێکی خۆتان لەگەڵ ڕۆژی کورد باستان لەوە کردووە کە یەکەم هەنگاوی ئەو کەسانە کە خۆیان بە چالاکی کورد دەناسێنن، بریتییە لە بێدەنگ کردنی تفەنگ و چەکەکانی حیزبە کوردییەکان. پێتان وایە ئەو واژۆ و نامە نووسینانەش هەر لەو خانەیە دایە؟

حەیدەری: سرووشتیە هەر وەک پێشوتر ئاماژەم پێ کرد تۆ که گەرەکته ئیرادەی خۆت  به سەر ئەوی تر دا بسەپێنی  له کەرەستە گەڵێکی  جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرێ، ئەوانیش بە هەمان شێوە کەڵکی لێوەردەگرن، یەکێک لەوانه  کوردەکانی ناوخۆ که جاشن، یەکێک لەوانه کەسانێکن که خۆیان به نووخبەی کۆمەڵگای کوردستان دەناسێنن و پێان وایه که لە چوارچێوەی خەباتێکی مەدەنی دا هەندێک کار بەرێوه دەبەن و کەس نیه  لێپرسینەوه لەوانه بکات، یا پرسیار بکات و بێت و بڵێ ماف واتای چیه؟ جەوهەری خەباتی تۆ چیه ؟  تۆ خۆت وەکوو کورد پێناسه بکه. کەواتە  ئەمانه دەقیقەن هاتونەته مەیدان لەبەر ئەوەی که ئەم بۆشایی ئینقلابیەی که کۆمەڵگا دەبا بەرەو دوو جەمسەر که جاش و باشی تێدا دەردەخات له بەرانبەری دا دەوەستن و ئەرکیشیان هەر ئەوەیه و ڕێک من پێم وایه که ئەوان دەزانن به چ نیەتێک و به چ هۆیەکەوە هاتونەتە ئاراوه وئامانجیان چیە. هەر بۆیه حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و تەواوی حیزبه کوردستانیەکان و هەر تاکێکی شۆرشگێری کورد دەبێ زۆر ئاگادار بێت و بێ هیچ ڕوانگەیەکی تەم و مژاوی بەرانبەر به ئەوانەوە بێت و ئەوانه وەکوو هێز و بازووی داگیرکەر و ئەقڵیەتی داگیرکەر پێناسه بکات و لە بەرانبەریان دا بوەستێتەوە .

ڕاویژ‌: باشترین چالاکی خەڵکی کوردستان لە ئێستا دا چیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕوو ببێتەوە لەگەڵ ئەو باروودۆخه و دەبێ بۆ پشتگیری ئەو خەباتە چۆن هەڵسووکەوت بکەن؟

حەیدەری: من پێم وایه که ئەرکی سەرشانی هەر کوردێکه ئەوەی که خۆی وەکوو مرۆڤێکی خاوەن کەڕامەت دەزانێ و نایهەوێ وەکوو کۆیلەیەک، وەکوو میلەتێکی کۆیله پێناسه بکرێت هاوڕا و  پشتیوان و هاندەری ڕۆڵەکانی خۆی بێت بۆ هاتنه نێو گۆڕەپانی شۆڕشەوه، له هەمو چەمکەکان کەڵک وەربگیرێت هەر له میدیاوه تا نووسین و خوڵقاندنی حەماسه، چیرۆک، ڕیکلام، بەرزکردنەوەی وورەی شۆرشگێرانەی خەڵک هاندانیان بۆ پشتگیری کردن له حیزبه شۆرشگێرەکان و گۆشار هێنان لەسەر  ڕێبەرانی سیاسی حیزبەکان بۆ هەڵگرتنی دروشمێکی تازەتر، درووست تر، گونجاوتر و کوردایەتی تر بۆ خەباتی میلەتی کورد من پێم وایه به هەموو توانامان دەبێ له گەڵ ڕۆڵە  شۆرشگێرەکانمان بین ئەوەی چەند حەوتووی ڕابردوو خوڵقا، حەماسەیەکی زۆر گەورە بوو ئەو شەهیدانەی که تا دواین فیشەک بەرەنگاریان کرد له بەرانبەر  داگیرکەر و گورزی سەختیان له داگیرکەریش دا و وورەی ئینقلابیان برده سەرەوە و تەنانەت ئەو دوو هاورێیە، هاورێ سەرکەوت و هاورێ کاوه که له کاتی تەواو بوونی موهیمات دا خۆیان ئەتەقێننەوه و  له بەرانبەر خوڵقاندنی بەهایەکی زۆر گەورە،  و خۆیان به زیندوویی بە دەستی داگیرکەر نەدا ئەوانه دەبێ به گەورەیی و قەبارەی خۆیان باس بکرێ من پێم وایه خەیانەتێکی گەورەیه ئیستا  که بەشێک له هێزی نەتەوە له چوارچێوەی حیزبێکی سیاسی دا خۆی بەربڵاو کردۆتەوه هاتۆته ئاراوه و خەریکه وەڵامی شۆرشگێڕانەی کۆمەڵگاکەی خۆی دەداتەوه پشتیوانی لێ نەکرێت، پالپشتی نه کرێ له ڕێگای مادی و مەعنەویەوه، له ڕێگای هێز و نەفەرەوە دەبێ به هەمو شێوەیەک که دەتوانین پاڵپشتی شۆڕشی خۆمان بین له بەر ئەوەی که ئیمه کاتێک دەتوانین شموولی بەها بەرزه مرۆڤایەتیەکان بکەین که توانیبێتمان بۆ مرۆڤ بوونی خۆمان هەنگاوی گەوره هەڵبگرین، تەنانەت له ڕوانگەی دینی شەوه به تایبەت ئیسلامیەوه ئەو کەسەی که کۆیله بێت نوێژ و ڕۆژوشی پێ فەرز نیه .

ڕاویژ: ڕیگه‌چاره‌ بۆ به‌ستنی زاری پاوانخۆازانی خۆرهه‌ڵات و حیزبه‌كانی باشووری كوردستان چییه‌ به‌ ڕای ئێوە؟

حەیدەری: به بڕوای من وەکوو هەنگاوی کردەیی درێژه پێدان به خەباتی چەکداریه، خۆ به هێزتر کردنه، ئازاد کردنی پوتانسیەلی شۆڕشگێرانەی خۆرهەڵاتی کوردستانه و گوێ نەدان به حیزبە سەر وێکردۆکانی باشوری کوردستانە و پێشم وایه  ئەگەر زەبر و زەنگیان زۆر توند بوو دەبێ له بەرانبەریان دا به هەمو هێزەوه بوەستین چ  حیزبه سیاسیەکان چ چالاکانی دەرەوەی وەڵات و ناوخۆ لە هەموو بوارێکەوه که دەتوانین و نابێ یەک بست له ویستی مرۆڤانەی شۆڕشگێری خۆمان پاشەکشه بکەینەوه و دەبێت حیزبەکان زۆر ڕوون بن، سەرکردایەتیەکان ڕوون بن لەگەڵ نەتەوەی کورد لەگەڵ خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان.  له لایەن هەر کەسێکەوه و هەر حیزبێکی سیاسی باشوری کوردستانەوە یا هەر کەسایەتیەکی تایبەتەوە بێ، دەبێ به ئاشکرا ڕادەستی خەڵکی کوردستانی کەن و بهێڵن خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەوانه بداتەوه و ئەوانه عەمەلەن کاری خۆیان جێ بەجێ کەن چوون ئەگەر ئەو کارانە نەکرێن نەک خۆیان فەوتاون، بەڵکوو هەمو نەتەوەی کورد فەوتاوه .ئەوانەیش که له ڕێگای مەنتقی سیاسیەوه و له ڕێگای وتوویژەوه تێنەگەیشتون له جەوهەرەی خەباتی کوردی، هێزی ئەوەندەیان نیه جگه له شاڕڵاتان بوون که بێن پێناسەیەکی درووست له خۆیان بکەن عەمەلەن له بۆشایی سیاسی کوردستانەوە له بەرانبەر ورەیی شۆڕشگێرانەی خەڵک دا دەتوێنەوه، لاوازتر دەبن، دەنگێان لاوازتر دەبێ، یا دەبێ خۆیان هاوئاهەنگ بکەن لەگەڵ ورەی ئینقلابی خەڵک دا یا دەبێ بسڕێنەوه تاهەتایە  له مێژوودا .

ڕاوێژ‌: ئایا دەکرێ ئەو شۆڕش و ڕاسانە بە شۆڕشێکی فەلسەفی، دەروونی، مێژوویی، سیاسی و هتد، پێناسە بکەین؟

حەیدەری: بەڵێ، بێگۆمان وایە ئێمە دەبێ فەلسەفەی وجودی خۆمان بخۆینێنەوە ودەبێ ناسیۆنالیزمی خۆمان تێئۆریزە بکەین، دەبێ لەسەر کولتوری شۆڕشگێرانەی خۆمان کار بکەین، کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی زۆر تایبەتە، ئێمە نەتەوەیەکی گەورە، بە قەبارە گەورەی خۆی دابەش کراوین، داگیر کراوین کە شوناسی ئێمە وەکوو تاک لێمان ستێندراوەتەوە . سەرنج بدەن ئەقڵیەتی پارسی نەک ئەقڵیەتی تاکی کوردی خۆرهەڵاتی کوردستان بە یەک لایەن، بەڵکو بەشەکانی تری کوردستانیشی داگیر کردووە، ئێمە لە ژێر چەند چەمک و مەفاهیمی کۆنەوە نزیک 2500 ساڵە داگیر کراوین، بۆیە هیچ کات شۆرشەکانمان سەرنەکەوتن. سرووشتیە ئێمە دەبێ خۆێندنەویەکی تازەمان بەرانبەر بە خۆمان، کۆمەڵگامان، کولتورمان، ئەکتی سیاسیمان و هتد هەبێ، تا بتوانین جەریانێکی تر بێنینە ئاراوە، گەر وانەبێ هەمان دەوری تەسەلسوولی باتڵە لێدەدەین کە ئێمە خەریکە دەوری دەدەینەوە و هیچ جیاوازیەکمان لە خۆمان دا نەکردووە .

بێگۆمان کۆمەڵگای ئێمە کەم و کۆڕیەکی یەکجار زۆری پێوە دیارە و بێگومان دەبێ کاری یەکجار زۆر لە سەر کۆمەڵگای کوردستان بکرێ، لێرە باس ئەوەیە کە ئێمە ئەمڕۆ ڕیژەی خویندەوارمان زۆرە، دیارە کەسانی ئێمە لە بوواری ئاکادیمیکەوە خویندنی زۆریان هەیە، بەڵام ئەوەی ئیمە لە کوردستان نایبینین ئەمەیە: ئەقڵیەتی تایبەت بە کوردایەتی، بەواتایە کە تۆ ئەو زانستەی هەتە ئەو تێگەیشتنەی هەتە بۆخۆت، بۆ تاکی خۆت و بۆ بەرژەوەندیەکانی نەتەوەی خۆت بەکاری بێنی .لە کاتێک دا کە بەداخەوە ئەوانەی کە خوێندوویانە و هەڵگری زانستێکن، زانستیان هەیە بەڵام زانست بەرهەم هێنەرەوەی ئەقلیەتی حاکمیەتی پارسیە و هەر لێرەدایە کە ئێمە تووشی قەیرانی گەورە بووین و هەر لێرەدایە کە دەبینین ئێمە ڕزگاربوونمان ئاسان نیە. بۆ وێنە ئەو باسانەی لەسەر شەقامەکان و کۆڵانەکان باس دەکرێ و لە زاری خەڵک دەبیسترێ وەکوو دەکوترێ ئێرانی کولتورێکی بە هێزی هەیە کەسێک پرسیار ناکا کە ئێرانی لە ئاست کوێ کولتوری هەیە بۆ مەگەر لەم دنیایە وڵاتێکمان هەیە کە کولتوری نەبێ؟ با بزانین پێناسەی تۆ بۆ کولتور چیە؟ بۆ چی پێت وایە ئێرانی بە کولتورترین خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوینە؟‌!!! یا بۆ وێنە ئێرانی زۆر ژێرە  یا حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی زۆر بە توانایە و هتد .بەڕاستی ئەمانە کێ خستویەتی ناو ناخی ئێمە!؟ ئێمە بە کام ئەقڵیەتەوە باسی ئەمانە دەکەین!؟ لە ڕاستی دا ئێمە چەند لە دنیای ئەمڕۆ تێگەیشتوین و چەندە کولتورەکانی تر ئەناسین؟ چەندە هێزەکانیان دەناسین؟ ئێمە جگە لە زمانی فارسی چەند زمانی تر دەناسین؟ بە داخەوە زۆر بە کەم و کورتی ئەوانە دەزانین، ئەمە نەک خۆرهەڵاتی کوردستان بەڵکو باشوریشی گرتۆتەوە و دەتوانم بلێم کوردستانی گەورەی گرتوتەوە .بۆ وێنە سەیری ئەندێشەکانی بەڕێز ئاپۆ بکەن بەدیهێنەری دیسکۆرسی ئەقلێ پارسیە، سەیری ڕووناکبیرانی باشوری کوردستان بکەن، بەو شێوەیە چون دەبێ!!

هەر کامیان ئەڵەی  لە تریبوونی حیزبی تودەوە قسە دەکات، بۆ وێنە لە کوردستانی باشور ئەمڕۆ سادقی هیدایەت کەسایەتیەکی زۆر ناسراو و گەورەیە، لە کوردستانی باشوور ماوەیەکە شێعرەکانی سۆهراب سپێهری وەردەگێردریتەوە بە کوردی کە هەموو شاعێرێک  لە شێعرەکانی دا سەراب دەبینێ، لە کاتێک دا ئێمە ووشەیەکمان بە ناوی سەراب لە کوردی دا هەر نیە لە بەر ئەوەی کوردستان بیابانی نەبوە تا سەرابی هەبێ، لە ناکاو ئەو هەموو شاعیرەی باشوور ئەو هەموو سەرابەی لە کوێ بینی؟!!! ئێوە زۆر جار بیستوتانە کە تاکی کوردستانی باشوور ئەلێت کە سەددام مافی خۆی بوو هەلەبجەی کیمیا باران کرد، تاڵەبانی پێش کۆماری ئیسلامی کەوتبوو دووژمنی هینا بۆ خاکی خۆی بە واتایەک ئەو تاکە کوردە، بە فەرمی دەڵێ عیراقیە، خۆی دەڵێ بندەستی عەرەبە و هتد .لە ڕاستی دا خۆ شەڕ کردن لەگەڵ ئەم ئەقلیەتە ئاسان نیە و چەکیش بە تەنیا ناتوانێ شەڕی لەگەڵ بکا، بۆیە ئێمە جاشمان لێهەڵدەکەوێ و جاشی جۆراوجۆریشمان تێدا هەلدەکەوێ .دەمهەوێ بە ڕاشکاوی باسی بابەتێک بکەم، من کاتی خۆی بە یەکێک لەم هاوڕێیانەی ئەندامی حیزبێکی کوردی کە میدیایەکی کوردی بەدەستەوە بوو پێشنیارم ‌کرد کە بێین چەند پڕوگرامێک دابنێین لە سەر ئەو هێرشە بەربڵاوە فکریەی فارس بۆ سەر تاکی کورد بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە وەکو کولتور و سیاسەت و ئەدەبیات و زمان و خوێندنەوە بۆ مێژوو و هونەر و هتد، لە وەڵام دا ئەو بەڕێزە ڕای وابوو: کە بەڕاستی زمانی فارسی زمانێکی شیرینە و بەڕاستی نەتەوەی ئێران نەتەوەیەکی گەورە و بلیمەتە هتد، لێرەدا دەردەکەوێ کە بەڕاستی ئیمە خەریکی چین؟ ڕێگامان هەڵەیە یا دروست؟ پڕۆگرام بۆ کێ و کوێ‌ دەکەین؟ مەبەستمان لە هەوڵەکانمان چیە؟ ئایا ئیمە خەریکی ساغ کردنەوەی شوناسی خۆمانین؟ لێرە مەبەست ئەوە نیە کە کەسێک و تاکێکی وەک من کەسانێک و نەتەوەی دیکە بە کەم بزانێ و مرۆڤ بوونیان نەبینێ یا ڕەدیان کاتەوە، بە پێچەوانەوە بەو واتایەیە کە هەر کەس و نەتەوەیەک بە قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگڵ بکەین و هەر ژەهرێکی ئەوان دەرخواردیان داوین  لە دەرونی خۆماندا فرێی بدەیە دەر و بە جۆرێک دەبێ دنیا لەوە ڕاست تر ببینین  لەوخەیاڵاتە تێپەڕ بین و بچینە نێو ڕاستیەکان .دەتوانم بڵەم کە لەم بوارەدا  کار نە کراوە. تۆ کاتێک لە یاسای بنەڕەتی وڵاتەکە ئیزنت پێنەدراوە کە گروپی چەکدار بنێریتەوە بۆ بەرگری لە خۆت، بوونت نێیە، حیزبێکی یاسایی نیت، جگە لەوەی مرۆڤێکی یاخی بیت چی تری؟!! تۆ یاخیەکی کۆمەڵایەتی و کاتێک باسەکە دەگاتە سەر چەمکی سیاسی و یا خود چەمک بە تەنیا، زۆر گرینگ تر دەبێت چون تۆ لەو بوارەدا هیچ بەرگریەکت نامێنی و ناتوانی بەرگری لە بوونی خۆت بکەیت.

ڕاوێژ: ئەو کەسانەی کە دژایەتیی ئەو ڕاسانە و خەباتی پێشمەرگانە دەکەن، لە هەمبەر ئەو خەباتە پێشنیازی چ جۆرە خەباتێک دەکەن، یا بەدیلیان چیە؟

حەیدەری: سەردەمێک به ناوی دێموکراسی خوازی و به ناوی ئیرانی بوون و یا چینی جیهانی کرێکار و ئەمرۆش به ناوی مافی شارۆمەندی خەریکن کورد لە ناو دیسکۆرسی خۆیان بە تەواوی دەتوێننەوە . ئەوەی که ئەمڕۆ ئەوان باسی لێ دەکەن ئەم بابەتەیە کە کێشەکەمان کێشەی حاکمیەتە، کێشەی بوونی کۆماری ئیسلامیە، ئەگەر  کۆماری ئیسلامی نەمێنێ  و سیستم ئاڵوگۆری بەسەردا بێ ئەو کاتە تۆ وەکوو کورد دەتوانی چەند مافێکت له چوارچێوەی ئێران دا هەبێت و دەتوانی هەندێک مافی سەرەتایی وەکوو خۆێندن بە زمانی زگماکیت هەبێت .لەم جۆرە خۆێندنەوەیەش دا به شێوازێکی ناشۆرشگێڕانە پێیان وایه که تۆ وەک کورد  بەرەبەرە له ڕێگای سندووقی دەنگدان و به یاری کردن له نێوان ئیسلاح تەڵەب و سیستمی بناژۆخوازی کۆماری ئیسلامیەوە دەتوانی فەزایەکی دوو جەمسەری بێنیە ئاڕاوه، بەڵام هەر چەند لێی دەڕوانین ئەم فەزایه بیست و پێنج ساڵیشی به سەرچوە و چەندین بیست و پێنج ساڵی دیکەش به سەر دەچێت تا بتوانن ئەوەی خەیاڵیانه و ئەو دێموکراسیه جێ بەجێ بکەن. ئەوەی ئاڵتێرناتیڤی ئەوانە هەمان قسەی حاکمیەتە، حاکمیەت به واتای دیسکۆرسی زاڵ و دیسکۆرسی داگیر کەر، سرووشتیە کەسانێکی زۆر هەیه له کوردستان که یا هەڵخەڵەتابێ و یا لە بەرژەوەندی دایه که ئەو ڕێگایە بگرێتە بەر، بۆ وێنه لە کاتی هەڵبژاردنەکان که  هەموو جۆرە ڕیکلام و درووشمێک دەدرێتە دەرەوە .هەر لێرە دەتوانین بڵەین که هیچ دەستکەوتێکی نەبووە و نیه بۆ نەتەوەی کورد کە له کۆیلایەتی ڕزگاری بکات و بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد بپارێزێ جگه لەوەی که خەڵکی کورد خەرێکه له ناو دەچێت و دەتوێتەوە .به داخەوە هێندێک بابەت هەیه که دەتوانین ئاماژەی پێ بکەیین  بۆ وێنه شێوەی هەڵگرتنی ئاپارتایدی نێوان نێر و مێ، کە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی به شدار بووه، سیستمی جیهانی به شدار بووه و  ئەحزابی کوردی بەشدار بووە کەواتە گەرەکتە عەمەلەن لە ناو کۆمەڵگا لەم بوارە دا چی دروست بکەن؟ ئیمه چی ئه بینین له خه باتی ژنانی کومه لگای کوردستان؟ یان ئەو کەسانەی که تریبونیان له بەر دەست دایه جگه لەوەی کە بناغەی بنەماڵه له ناو دەبەن و نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگای کوردستان له ناو دەبەن، بێ ئەوەی که کەڕامەتی مرۆڤایەتی تیایدا بەرز بکەنەوە و پێناسەیەکی درووستیان له ئەخلاقیات کردبێ. نه بەو واتا ساکارەی که خەڵک لێی تێدەگات بەڵکو بە واتایەکی فەلسەفی که دوونیای ئەمڕوی له سەر دارێژ کراوه. لە هەمان کات دا  دەبیندرێ ئەم بابەتانەی به ناوی چالاکی ناوی دەبەن ئەوانه له چوارچێوەی تێک چوون و ڕوخاندنی کومەڵگای تۆ دایه و لە بێ  هێز کردنی کۆمەڵگا، بێ دەستەڵاتی کومەڵگا و سڕینەوەی شوناسی کومەڵگای تۆ دایە. بۆ وێنه ئاوڕێک بدەینەوە لە ڕوداوی بانه که دوو کچ خۆیان بدەنه بەر ماشینی نیروی ئينتزامی له هەمبەر ئەوەی که  کەل و پەلی براکەیان دەستبەسه ڕ نەکریت و لە هەمان کات هەر دووکیان به دەست نیروی ئینتیزامی گیانیان لە دەست دەدەن و هیچ فێمینیستێکی  کوردستان وەدەنگ نەهات. لە ڕاستی دا باسی ئەم سەر لێشێواویەی ئێمە هەمانه، نەبوونی بیرۆکەیەکی تۆخی کوردانه که بتوانێ سەر چاوەی هزر و هێزی تاکی شۆرشگێری کۆمەڵگا بێ و پاڕامێترێک بێت بۆ ناسینی دۆست و دوژمن .

ڕاوێژ: ڕەنگه خۆشتان باشتر بزانن که هەندێک لە حیزبە کوردیەکانیش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیری لەو بۆچوونە دژ بە خەباتە دەکەن. باسی ئیوه لەو بابەته چیه؟

حەیدەری: هەڵبەت من کاتێک دەتوانم پێناسەیەکی  درووستم بەرانبەر ئەم تاقم و گروپانه هەبێت به ناوی حیزبی سیاسی کە له کوردستانی خۆرهەڵات کار دەکەن و چاوەڕوانی وتەی خەڵکن تا بەشوێن خەڵک بکەون، وادیاره که کۆمپانیای بازرگانیان دانابێ و له سەر ئەوەن که بێ دڵی کەس نەکەن  و دەبی هاوئاهەنگ لەگەڵ ویستەکانی کۆمەڵگا بچنه پێش، لێرە بە ڕاستی من ناتوانم تێبگەم له ئەرکی حیزب و له دەوری ڕێبەرایەتی و هەروەها له ڕێکخستنی عەقڵیەتی خەڵک کەواتە حیزبێکی ئاوا که بڕوای وایە کە پاشرۆی خەڵک بێت و بزانێ خەڵک چی ئەوێت دیاره ئەم حیزبه، ئه م گروپه، ئەم تاقمەیه هەڵەی کردووە و عەمەلەن بێ بەرنامه و بێ ئیستراتیژیە .خوێندنەویەکی درووستی بەرانبەر به خۆی نیە، نه فەلسەفەی هەبوونی خۆی و نە فەلسەفەی شۆرشی خوی دەناسێت و لە ئامانج دا پێ وایه که عەقڵێکی حیسابگەری زۆر سەتحی و عامه پەسەند دەتوانێ له بەرانبەر هێز و ووره و هزری بە توانا و ئیرادەی شۆرشگیێرانه دا بوەستێت .هەڵبەت ئەم شێوه ڕوانینە بەرە بەرە بە ئەم ڕاسانەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران کە قەبارەیەکی  درووست و تەواو به خوی بگرێ و له هەموو بوارێک دا بڕواته پێش دەتوینەوه . ئەمانه چونکه شوێن کەوتووی خەڵکن ئەگەر خەڵک هەستێتە سەر پێ دیسان به شوێن خەڵکەوەن بەڵام ڕاستیەکەی  ئەوەیە که خەڵک به شوێن دەسەڵات و هێز دا دەڕوات، به شوێن دەنگێک دا دەڕوات که ئەمڕۆ بتوانێ پشتی پێوە ببەستێت، کە واتا بەیانی یا دو بەیانیش  که هەڵسینەوه له خەو زۆر درەنگه بؤ ئیمە.

ڕاوێژ:پێشووتر باسمان لە گەورەیی و نرخی بەرزی حەماسەی شەهیدانی ئەو ماوەیە و بە تایبەت شەهیدانی نەمر((شەهید کاک کاوە و کاک سەرکەوت)) کرد، کە بەو پەڕی ئەخلاقەوە و بەو پەڕی باوەڕەوە ئامادە بوون بە شەهید کردنی خۆیان بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی داگیرکەر، بەڵام دیسانیش دەبینین کاردانەوەی بەشێک لە چالاکان بە چ شێوەیەکە و تەنانەت کاردانەوەی خەڵکیش لە ئاستی ئەو حەماسەیەدا نەبوو، چ هەنگاوێک پێویستە بهاوێژرێ بۆ ئەوەی گەورەیی حەماسەکان و کاردانەوەکان لە یەک ئاستدا بێ؟

حەیدەری: بەداخەوە بە قەبارەی خۆی نەبیندراوە هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە سەر کۆمەڵگای ئێمە بۆ خەساندنی و بۆ کۆیلەتر کردنی و بۆ لە ناو بردن و قڕکردنی زۆر کار کراوە و بە داخەوە ئیمە بە شێوازێکی یەک جار زۆر خۆمان دووبارە بەرهەم هێنەرەوەی کۆیلایەتی خۆمانین و لە هەمان کات دا پێمان وایە کەسانێکی تێگەیشتووین و خاوەن دەرک و درایەتین، بەڵام لە دەرۆن دا داپڵۆسراوین، داگێر کراوین، لە ڕاستیدا ئیمه دەبێت له سەر ئەم هەنگاوانە مانۆری خۆمان بدەین .کەم و کورتی زۆرمان پێوە دیارە، دەست تەنگی زۆرمان پیوە دیارە، ئیمە ئەگەر یەک ئەسڵ دابنێن و ئەو ئەسڵەش ئەوە بێت کە دەمانهەوێت بە هەموو هێز و تواناوە کۆیلە نەبین و داگێرکەر و عەقڵیەتی داگیرکەر هەم لە خۆمان و هەم لە کۆمەڵگای خۆمان بسرێنەوە یەک : دەبێ شۆڕشێکی دەروونی لە نێو خۆمان بکەیین. دوو: دەبێت بە هەمو ئیمکاناتەوە ئەوەی لە دەستمان دێت و ئەوەی دەتوانین جێ بە جێی بکەین و هاواری خۆمان بە هەمو دنیا بگەیەنین لەگەڵ هەرکەسێک دا لە هەر قۆناغێک دا یارمەتیمان دەکات یارمەتی لێوەربگرێن . لێرەدا ئێمە بەرژەوەندی هیچ وەڵاتێک جگە لە کوردستان و لە تاکی کورد و کۆمەڵگای کورد ناپارێزین .چوارچێوەی جوغرافیایی هیچ وەڵاتێک بۆمان پیرۆز نییە و لە نێوان دووژمنایەتی وڵاتان ئێمە یاری خۆمان دەکەین و نفووزی خۆمان دەکەین و دەتوانین بەرژەوەندیەکانی خۆمانی پێ بێنینە بەرچاو .دەبێ خەباتی چەکداری بەردەوام بێت و نەبڕیتەوە، دەبێ خەباتی چەکداری بڕواتە ناو شەقامی شارەکانی کوردستانەوە کە ئەمرۆ گەورە بۆنەتەوە، هەروا کە دەبینین هێندێک کەس دادەنیشن و باس لەوە دەکەن کە گۆنجاو نیە و ناکرێت و هتد .بەڵام من پێم وایە تەواوی ئەوانە هاتوون بۆ ورە شکاندن، دەبێت بە هەمو توانا بچی بۆ مەیدان، بتوانی خۆراگریەکی یەک ساڵەت هەبێ و بتوانی ماوەی یەک ساڵ ئەم بارودۆخە بەرەو پێش ببەیت .هەم دەتۆانێ شوڕشەکە گەورەتر بێت هەم ئەوانەی ڕووت تێدەکەن، کچ و کوڕە هەژار و چەوساوەکانن ئەوانەن کە ئەمڕو تەنانەت هیچ شتێکیان نیە بۆ ڕابواردنی ژیان لێرە کاری میدیا دەورێکی یەکجار سەرەکی لە دوونیای ئەمڕودا دەبینێت، هێزی میدیا درووست کردنی پاڵەوانە لە باسکردنی حەماسە لەخۆڵقاندنی ئەمە کە دەبێ کاریگەری یەکجار زۆری هەبێت و ئێمە دەبێ بەهەموو توانامانەوە لە هەر تریبونێکەوە کەڵک وەربگرین تا بتوانێن ئەم شێوە ڕۆحیەی شۆڕشگێری بگەڕێنینەوە نێو کۆمەڵگای خۆمان و کاتێک کە خەڵکی خۆمان هەستێتەوە، هێچ هێزێک ناتوانێ بەرەنگاری بێت وهیچ داگیرکەرێک ناتوانێ لە کوردستان بوونی بێ. هەر بۆیە داهاتومان داهاتویەکی سەختە و کارێکی یەکجار زۆری دەوێت، بەڵام دەبێ هەموو ئامادە بین و لە هەر بوارێک دا کە لە دەستمان دێ بە عەقڵێکی درووست و ژیر و بە بوێرانە هەنگاو هەڵبگرێن تا بتوانین ئەو شتەی کە هەیە بەقەبارەی خۆی باسی بکەین، بیسەپینێن و جێ بەجێی بکەین.

ڕاوێژ :چینی ناوەند هەوێنی گۆڕانکارییە، بۆ چی ئەو چینە بێدەنگە؟ بەرژەوەندی ئەوان لە کام لایە؟ چۆن دەکرێ تێکەڵ بە شۆڕش بکرێ؟ باست لەوە کرد کە تەنیا و تەنیا ڕوانگەی ئەورۆ بەرژەوەندی تاکە کەسە، کێشەی گەورەش ئەورۆ هەر ئەوەیە، ئایا تەنیا بە تێکەڵ کردن و هێنانی شەڕە کە دەکرێ ئەو چینە تێکەڵ بە شۆڕش بکرێ؟

حەیدەری: هەڵبەت هێندێک چەمک هەیه که بەراستی دەبێت لە سەری بوەستین،  بۆ وێنه چینی ناوەند له ناو کومەڵگای ئێران، به بڕوای من ئەو چینە له دوونیای ڕۆژئاواوه پێک هاتووه، هیچ کات له ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤین و کوردستان پێک نەهاتوە، بەڵام ئەگەر مەبەست ئەو چینه شارنشینەیە که له بەشی خزمەتگۆزاری شار کار دەکات و یا بە کاری دەڵاڵیەوه ژیان تێدەپەرێنێت، لە ڕاستیدا ئەوانه تەنیا شەڕ دەتوانێ هەڵیانستێنێتەوە و ئەوه کاتێکه که کۆمەڵگا دوو جەمسەری دەبێ و ئەوه کاتێکه که ئەدەبیاتێکی تازەتری له ژیان بینی، بیرۆکەیەکی تازەتر له ژیانی دا دێته ئاڕاوە، بەهایەکی جیاوازتر دێ بۆ ناو ژیانی، ئەوە ئەو کاتەیە که تۆ ئاڵترناتیڤێکت پێ بوو، بۆ شێوازێکی نوێ بۆ ژیان کردن و ڕوانگەیەکی نوێ بۆ ژیان، ئەو تاکه هەڵدەستێتەوە ووشیار دەبێتەوە.

ڕاوێژ: ئەندێشەکان و فەلسەفەی ئاپۆ دەکرێ بڵێین گووڵبژێرێک لە هەندێ فەلسەفەیە کە خۆشی ناوی فیلسووفەکانی ئەبا، بەڵام کاریگەری فارسیزمیش بە نووسین و وتووێژەکانیەوە دیارە، باشە گەر ئەو ئەندێشانە هەرە پایەبەرزترین سەرکردەکانی کوردی گرتۆتەوە، تەنیا بە ڕاسانێکی خۆرهەڵات دەکرێ کۆتایی پێ بهێندرێ؟ یا پێویستە تاک بە تاکی کورد و هەر چوارپارچەی کوردستان لە دژی ئەو بیرۆکە داگیرکەرانەیە سەرهەڵبدا؟ چۆن دەکرێ ئەوان تێبگەیێنین؟

حەیدەری: هەر وەکو ئاماژەم  پێ کرد لە ڕاستیدا دەکرێت، بەڵام بەیەک مەرج که هاوئاهەنگ بەم شێوازە که تەقەی چەک دێت له هەمان کات دا بۆ گۆرینی عەقڵیەتیش هەنگاو هەڵبگیرێت، کەواتە ئەگەر لەم ڕێچەکەیە هەنگاو هەڵبگیرێت بەو واتایە له یەک کات دا که حەماسە و ئۆستووره و قارەمانیەتی خەریکه دەخوڵقێت، له هەمان کات دا له چەمکەکان و له مەفاهیمێک که بە تاکی کورد دەدرێت هەڵبژاردنی وشه زۆر ورد بین بیین. ئەم جار دەتوانین بڵێین که ئیمه له بەرانبەر هەموان وەستاوینەتەوه، پلانەكان و بەرنامەکانیانمان بۆش کردۆتەوە و یەکێک له بەرژەوەندی زۆر تایبەتەکانی شەڕ و به تایبەتی شەڕی چەکداری کوردستان ئەوه بوو که خۆتان چاوتان پێی کەوت .به واتایە ئیمه به گوێرەی بیست ساڵه قسه دەکەین و باسی له سەر دەکەین که ئەمانه جگه له خەساندنی نەتەوەی کورد، جگه له لە ناو بردنی شۆرشی کورد و له ناو بردنی وره و ئیرادەی کورد بۆ سەر بەرزی و بۆ ئازادی، هیچ شتێکی دیکەیان پێ نیه، ئەم چەندین دەرگیریەی که پێشمەرگە قارەمانەکان کردیان، فەزاکەی تەواو دوو جەمسەری کردەوە و لەم فەزایه دایه که جاش و باش دەردەکەوێت و هەر لەو فەزایه دا بوو که ئیوه بینیتان و چاوتان پێ کەوت که ۴۰۰ چالاکی بە ناو مەدەنی چۆن دژ به ورەی شۆرشگێرانەی پێشمەرگەی قارەمان وەستانەوه، چۆن به دژ ورەی مرۆڤی به کەڕامەت وەستان که چۆکی دانەدا بۆ کۆیلایەتی و ئەمە بەرهەمی قرمەی چەک بوو کە ئەم جەوه بێ دەنگیە مەرگ بارەی که حاکمه به سەریان دا و کەسیان ناوێرێ دەنگ بکات، لەو کەسانەی که به ئیستلاح چالاکی مەدەنین و دەم ناکەنەوە، بە هۆی تەقەی چەک نەبوایە هیچ شتێکی تر نەدەبوو. ئەمە دەبێ بەردەوام بێت بەڵام هاوئاهەنگ له بەشەکانی دیکەش به هەمان هێز  دەست پێ بکەین له شەڕی چەکداریەوە دەستمان پێ کردوه. سەرنج بدەن که یەکێک لەو چالاکیه نیزامیانەی که کرا، لێدانی کەلانتەریەک له شاری سنه بوو که لە خۆی دا گەورەترین بەزاندنی دەستگاکانی ئیتلاعاتی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بوو. حاکمیەتێک که پێ وایه کۆمەڵگای کوردستانی بندەست کردووه، جاشێکی زۆری هێناوه و ئیتلاعاتێکی زۆری کۆ کردۆتەوه و ئاگاداری هەموو شتێکه و هەواڵی هەمو لایەکی هەیه له ناکاو لە ناوەندی ناو شارێک بە چەک دادەبەزێ به سەر کەلانتەریەک که له نێو جەرگەی شار دایە و لێی دەدا و دەبینین که له بینینەوەی دا عاجزه و نایانناسێت و ئەم سورپرایزە چاوەڕوانەکراوە که ئێمه لەم بوارەدا  به دەستمان هێناوه که ئیوەش بینیتان که ئاڵوگۆرێک له ئاستی چەکداری دا هاته پێش و بەشێوەیەک بنوینێ که سازمانی ئیتلاعات دەیوەشێنێت، به هۆی ئەوەیە که وا بنوێنێ که ئیمه ئاگامان له هەموو شتێک هەیه .که چی لە ڕاستی دا وا نییه ئەوانه هەمووی بەرهەمی ئەو ورەیەن که دەستی پێکردووه، دیاره ئەو ورەیه کۆسپی زۆری له سەر ڕێگایە و دەبێ به سەر هەمووان دا ئێمە سەرکەوین و کەڵک وەربگرین باروودۆخەکە بارودۆخێکی هەڵکەوتوە .رۆژهەڵاتی ناڤین بەرەو ئاڵوگۆری گەورە دەروا و دەبینین هەموو هێزەکان لە بەرامبەر یەکتردا وەستاون  و ناوچەکە بە تەواوی دوو جەمسەری بۆتەوە و ئێمه دەبێ ئەندام گیری خۆمان بکەین و لێره ئەم ڕاسانە بە درووست ترین شێواز دەست پێ بکەین و بەره و پێشی ببەین  . هیوادارم و من هەر واشی دەبینم که ئەمه ڕاسانی کۆتاییه که ئەگەر به درووستی دەستی بۆ درێژ بکەین دەبینە خاوەن کیانی کوردی، لە ژێر دەستی دێینەدەر  و ئاواتی لە مێژینەی نەتەوەی کورد دێتە دی .

ڕاوێژ: بە کوردی ئێوە پێتان وایە زۆر کەس کە ناوی خۆیان ناوە چالاک، بە بێ تێگەیشتن لە چەمکەکان و بە جۆرێک دووبارەوتنەوەی بێ تێگەیشتنی چەمکەکان، لە گۆڕەپان دان؟

حەیدەری: بەڵێ، ئیمه ئەگەر نیەتیان بەخێر بگرین و پێمان وابێ که هەندێکیان نیەتی خێریان هەبووه و ویستویانه که کارێکی شۆرشگێرانه بکەن، دەقاودەق باوەڕی من ئەوەیه کە ئەوان کەسانێکی ساده و ساکارن و له دوونیای ئەمرۆ تێنەگەیشتون، له بەهاکانی دوونیای ئەمرۆ و چۆنیەتی دەسەڵات تێنەگەیشتوون، کەسێک که دەڕواتە نێو فەزای مەدەنیەوە و دەڕواته نێو فەزای سیاسیەوە دەبێ ئاگاهیەکی یەک جار چڕوپڕ و درووستی هەبێ سەبارەت به عەمەلی سیاسی و ئەکتی سیاسی که دەیکات، منیش پێم وایه وەکو((هانا ئارێنت)) دەڵێت بەرزترین و به شەڕەفترین ئەکتی مرۆڤ ئەکتی سیاسیە،  کەواتە بەڵێ من پێم وایه کەسانێکن که بەلانی کەم  لەم چەمکانه تێنەگەیشتوون.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت