وتووێژی تایبەتیی بەشی هونەریی ڕۆژی کورد لەگەڵ هونەرمەندی کورد، خاتوو شیلان عوسمان

0
1784

بەشی هونەریی ناوەندی “ڕۆژی کورد” لە درێژەی بەسەرکردنەوەی هونەرمەندانی کورد، دیمانەیەکی لەگەڵ هێژا و بەڕێز، خاتوو شیلان عوسمان پێکهێناوە کە لێرەدا دەخرێتە بەر دیدەتان.

شیلان عوسمان: هەندێک کەس هەن لە لا ئێمە خۆیان ناو ناوە هونەرمەند، بەڵام هەرچی بەرهەمی تورکی، فارسی و عەربیی هەیە دەهێننە ناو موزیکی کوردییەوە.

من ناوم شیلان عوسمانە و ساڵی 1980 لە دایک بوومە و لە ساڵی 1997ـوە دەستم کردووە بە کاری هونەری و دواتر، ساڵی 2003 ژیانی هاوبەشم لەگەڵ  هونەرمەند جەنگین جەماڵ کە ژنیاری ئامێری زەربە، پێکهێناوە و بەرهەمی ژیانی ئێمە دوو کیژە بەناوەکانی هلێن و باران.

ڕۆژی کورد: خاتوونی هونەرمەند، خاتوون شیلان عووسمان، زۆر سپاس بۆ ئەوەی کاتی خۆتان بە ئێمە بەخشیی. بۆ هەموو هونەرمەندێک ئەمە یەکەم پرسیارمان بووە! پێناسەی ئێوە بۆ موزیک چییە و موزیک لە لای ئێوە چ مانایەکی هەیە؟

شیلان عوسمان: موزیک زۆر گەورەیە و کەسێک کاری هونەری بکات دەبێت ڕێزی هونەر و موزیکی نەتەوەکەی لە لا بێت و لەبەر ئەمە موزیک لە لای من چێژی تایبەتی هەیە.

ڕۆژی کورد: پێگەی ژن بە تایبەتیی  ژنانی کورد لە نێو موزیک کوردیدا چۆن دەبینن؟

شیلان عوسمان: ئێستا پێگەی ژن لە ناو هونەر و موزیکدا زۆر لە ئاستێکی بەرزدایە، چونکە ئێستا ژن زۆر جیاواز لە جاران کار دەکات و شان بە شانی پێاوان هەنگاو هەڵدەگرن.

ڕۆژی کورد: ئەو کێشە و گرفتانە چین کە تا بە ئەمڕۆش بوونەتە لەمپەر لە زیاتر تێکەڵبوونی ژنان بە موزیک و گۆرانیی؟

شیلان عوسمان: کێشەی زۆر لە سەر موزیک بۆ ژنان ڕووی داوە بەڵام ژنان بۆ خۆیان ورەبەرزن و هیچ کەسیش ناتوانێ وەها لەمپەرێک بخاتە بەردەمیان و ئەگەریش هەبێت زاڵن بەسەریدا.

ڕۆژی کورد: زۆربەی نەتەوەکەی ئێمە موسڵمانن، بەڕای ئێوە ئایین چەندە کاریگەریی هەیە لە بشداریی ژنان لە دنیای موزیکدا؟

شیلان عوسمان: ئێمە هەموو موسڵمانین لە خودا بەزیاد بێت، هیچ کاتێکیش دین نەبووەتە ڕێگر لە ئاست موزیک و هونەردا. هەرکەس لە سەر چ دینێک بێت هیچ پێوەندیی نییە بە موزیکەوە و  هەرکەس بە دین و ئایینی خۆی. ئینجا وڵات پێشکەوتووە و وابزانم ئەوەمان بەڕێکردووە. کەسەکە لە سەر دینی ئیسلام بێت بەسە، بەڵام هەندێک جاریش هەیە دینی ئیسلام دەکەن بە حیزبایەتی و ناشیرینی دەکەن و ڕێزی ژن ناهێڵن و ئەوانە جیاوازن لە ئێمە.

ڕۆژی کورد: ئەگەر ئاستی موزیکی ئێمە لە موزیکی نەتەوەکانی دەوروبەرمان بەرزتر نەبێت کەمتریش نییە، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس دێن مێلودی نەتەوەکانی تر دەقاودەق دەگوازنەوە نێو موزیکی کوردییەوە و هۆنراوەیەکی کوردیی لەسەر دادەنێن! ئێوە وەک خاتوونێکی هونەرمەند ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟

شیلان عوسمان: سپاس ئەو پرسیارەت جوانە! هیچ وڵاتێک پێگە و زمانی خۆی ناگۆڕێت، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس هەن لە لای ئێمە، خۆیان ناو ناوە هونەرمەند بەڵام هەرچی بەرهەمی تورکی، فارسی و عەربی هەیە دەهێننە ناو موزیکی کوردییەوە. ئەوانە نە هونەرمەند و نە ڕۆشنبیریان پێ ناوترێ! بەڵکوو ئەوانە کاریان شێواندنی هونەری ڕەسەنی کوردی و زمانی کوردییە.

ڕۆژی کورد: وەک خانمە هونەرمەندێکی کورد، بەڕای ئێوە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی چەندە کاریگەریی  لەسەر باشتر ناسینی هونەری کوردیی بەتایـبەت موزیک دەبێت و چەندە  بە پێویستی دەزانی لەم هەل و مەرجەدا؟

شیلان عوسمان: دەوڵەتیی کوردیی کاریگەری زۆری لە سەر موزیک و هونەری کوردیی دەبێت. ئەو کات ئێمە دەتوانین بە ئازادانە زمان و فەرهەنگی خۆمان بپارێزین و پاراویان بکەین و بە نەتەوەکانی تریش بیناسێنین. جا ئەگەر ڕێگامان پێ بدرێت دەوەڵەت دابمەزرێنین.

ڕۆژی کورد: بگەڕێینەوە بۆ لای بەڕێزتان. ئێوە کەسێکی دەنگخۆشن و جەماوەری خۆشتان هەیە، بەڵام وەک ئەوەی کە پێویستە دەرناکەوەن! هیچ پڕۆژەیەکتان هەیە بۆ داهاتوو؟ مەبەستم دەرکردنی سیدیی یان بەرهەمی نوێیە؟

شیلان عوسمان: وەک سی دی جارێ نەخەیر. سی دی ـیەکی نوێم ئامادە کرد بەڵام پێشم بە بڵاوبوونەوەی گرت! هۆکارەکەش ئەوە بوو کارەکانم جوان دەرنەچووبوو و پێم خۆش نەبوو دوای ساڵانێکی زۆر کارێکی خراپ بە گوێی لایەنگرەکانمدا بدەم. بەڵام لە ئێستادا چەند بەرهەمێکم بەرەو تەواوبوونە.و یەکێک لەو بەرهەمانە بەم زوانە کاری کلیپی بۆ دەکەم بەناوی “کۆچ” کە دەقەکەی. کاک ڕێبوار دەلاک ئامادەی کردووە و ئاوازەکەشی کاک بورهان موفتیزادە دایناوە.

ڕۆژی کورد:  لەو زیاتر کاتی بەڕێزتان ناگرین و دیسانەو سپاستان دەکەین بۆ ئەم دەرفەتە داتان بە ئێمە. ئەگەر بابەتێک هەیە و دەتانەوێ بە وتەکانتانی زیاد بکەن بفەرموون!

شیلان عوسمان: من هیچم نەماوە زۆ سپاس بۆ ئێوە. تەنیا هەر ئەوەندە نەبێ زۆر سپاسی هاوسەرەکەم دەکەم کە هاوکار و پشتیوانم بووە لە کارە هونەریەکانمدا.

photo_2016-09-30_16-34-00

photo_2016-09-30_16-34-04

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت