بابەشێخ حسێنی: خەڵک بەشداری لەو شانۆگەرییە نەكەن و بە تەواوی تەحریمی بكەن

0
647

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی داهاتوو دەیەمین خولی هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و پێنجەمین خولی مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری بەرێوە دەچێ لە سەرانسەری ئێران بە خۆرهەڵاتی کوردستانیشەوە بەرێوە بچێ، بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵات بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و جارێکیتر (نا) بە رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵێنەوە.
یەکێک لەو لایەنانە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوو کە لە رۆژانی داهاتوودا لە ڕاگەیەندراوێکدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد، كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە گفتوگۆیەکدا دەگەڵ رۆژی کورد، باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران دەکا.

کاک بابەشێخ حسێنی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی پێوەندیدار بە وەڵاتی ئێران و رژیمی ئاخوندیی گوتی: “لە دوای رێكەوتنی ووڵاتانی 5+1 لە گەڵ رژیمی ئێران و هەڵگیرانی بەشی سەرەكی ئابڵوقەكان لە حكومەتی ئاخوندەكان، دەسەڵاتدارانی لە ئێران لە خۆبایی كردوە بە شێوەیەك كە مەودای دەستێوەردانەكانی رژێم لە كاروباری ناوخۆی ووڵاتانی ناوچەكە پەرەی سەندوە و هەروەها لە ناوخۆی ئێرانیشدا سەركوت و چەوسانەوەی خەڵك بە تێكراو ئازادیخوازان بە تایبەت پەرەی سەندوە.

لە ڵایەكی دیكەوە رێكەوتنی رژیم لە گەڵ ووڵاتانی رۆژئاوایی كە دەبوو ببێتە هۆی تەبایی ناوخویی لە حاكمیەتی ئاخوندەكان بە پێچەوانەوە بۆتە هۆی كێشەو ناكۆكی قوڵی نێوان باڵەكانی رژیم و كێشەكانی نێوان سەرانی رژیم و مۆرە سەرەكیەكانی دەسەڵات بە شێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندوە بە شێوەیەك ژمارەیەك لە دەست و پێوەندەكانی دەسەڵات چ لە ناوخۆی ئێرانداو چ لە دەرەوی ئێران ئەو ناكۆكیانە بە مەترسیدار بۆ سەرداهاتوی دەسەڵات دەزانن.

بەپێ ئەو شی كردنەوەی كە باسم كردو هەروەها بە پێ بەراوردی زۆربەی شارەزایانی سیاسی هەلومەرج لە ئێستاو لە داهاتودا بە قازانج و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی دەسەڵاتی ئاخوندی نابێ.”

395652_352747068091859_1525450915_n
بابەشێخ حسێنی

بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران  سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و هەڵویستی سازمانی خەبات ڕایگەیاند:

كاتێك باس لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ووڵاتێكدا دەكرێ دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردن و بنەماكانی دیموكراسی بخەینە بەرچاو. ئایا لە ئێران حكومەتێكی دیموكراسی لە سەر كارە؟ وەڵامەكەی بێگومان نەخێرە. وەك ئاشكرایە لە ئێراندا حكومەتێك كار دەكات كە هیچ بنەمایەكی ئازادی و دیموكراسی تێدا بەدی ناكرێ. حكومەتی ئێران یەكێك لە سەرەرۆترین و دیكتاتۆرترین دەسەلاتەكانە لە جیهان و ناوچەكەدا. 37 ساڵە ئاخوندەكان بە بێ سڵەمینەوە سەرەتایی ترین بنەماكانی ئازادی پێشێل دەكەن. لە ئێراندا تەنیا یەك بەش لە سێ بەشەكانی حكومەت دەسەڵاتی هەیە كە ئەویش رێبەری رژیم و دەست و پێوەندەكانین. لە مێژووی ئەو حكومەتەدا بینیومانە مەجلیسی شورای ئیسلامی لە خزمەت ویستەكان و فەرمانەكانی خامنەییدا بوەو ئەگەر هەر یەك لە ئەندامانی مەجلیس بە سەرەتایی ترین شێوە دژایەتی خامنەیی و فەرمانەكانیان كردبێ كەوتۆتە بەر غەزەب و تورەیی رێبەری رژیم و بەیتی رێبەری.

لە هەڵبژاردنی مانگی رەشەممەدا هەلومەرج گەلێك جیاوازترە لە چاو شانۆی هەڵبژاردنەكانی رابردوو. لەشانۆی ئەمجارەدا كە لە یەك كاتدا نوێنەرانی مەجلیس و خوبرەگانی رێبەری هەڵدەبژێردرێن، باڵی خامنەیی زۆر توندتر كەوتۆتەپەلاماری نەیارانیان و هێرش بۆسەر لایەنگرانی هاشمی رەفسەنجانی و حەسەن روحانی. شورای نیگەهبان متمانەی نەداوە بە ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانەی كە گومانیان لە سەرە كە دژایەتی دەسەڵات و باڵی فەرمانرەوا دەكەن. جێگری وەزیری ناوخۆی رژیم رایگەیاندوە كە 6 هەزارو 180 كەس لە لایەن شورای نیگەهبان موتمانەیان پێ نەدراوە كە لە ناو ریزی ئەو كەسانەی متمانەیان پێ نەدراوە ناوی نەوەی خومەینی دەبیندرێ.

بەو پێ یە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی سیستمی فەرمانرەوایی حكومەتی ئاخوندی بێجگە لە هۆیەكی تەبلیغاتی و ساختەكاریەك بە مەبەستی درێژ كردنەوەی دەسەڵات و چاوبەستی سیاسی، ناكرێ ناوێكی دیكەی لێ بندرێ. ئاشكرایە بەشداری كردن لە هەڵبژاردن و گەرمدا هێنانی ئەو شانۆگەریە تەنیا ئاخوندان و سیستمی فەرمانرەوایی دواكەوتوانەیان قازانجی لێ دەبینن. سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە سەر بنەمای ئەو راستیانەی كە لە سەر دەسەڵاتی دواكەوتوانەی رژیمی ویلایەتی فقیە هەیەتی هەر جۆرە هەڵبژاردنێك لە ئێران اد بە غەیرە دیموكراتیك دەزانێ و داوا لە جەماری كوردستان دەكات تا ئەو جێگەی بۆیان دەكرێ و زیان بە گیان و ژیانیان ناگەێنێ بەشداری لەو شانۆگەرییە نەكەن و بە تەواوی تەحریمی بكەن.”

 سەبارەت بە دۆخی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ئێران و بە گشتی بەرەی ئازادیخوازان لەو قۆناغەی ئێستادا کاک بابەشێخ حوسێنی گوتی: “بە باوەری من دروست نیە كە دۆخی سیاسی ئێران لە گەڵ دۆخی سیاسی دەسەڵات پێكەوە ببەستینەوە. ئەو سەرەتایەی كە لە پێشدا باسم كردلە پێوەند بە هەلومەرجی دەسەڵات بەرچاورونیێكە بۆ پێناسە كردنی هەلومەرجی سیاسی لە ئێراندا. هەر چەندە لە ئێراندا قەیرانەكان زەق و بەرچاو و چارەسەر نەكراو بن، ئەگەر هێزو لایەنە سیاسیەكان چالاك و كارامە نەبن ناتوانن هەلومەرجەكە بە قازانجی جەماوەر و خۆیان بقۆزنەوەو دەستەبەری بكەن.

بە داخەوە لە ئێستادا لێكترازان لە نێو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆتە بەربەستێكی سەرەكی و هیچ كام لە هەوڵەكان بۆ كاری هاوبەش و دارشتنی قەوارەیەك بۆ یەكێتی نەتەوەیی نەگەیشتۆتە ئەنجام. بە واتایەكی دیكە لایەنە سیاسیەكان كە بانگەوازی دیموكراسی و یەكسانی و رێزی بەرانبەر دەكەن بە بۆچونی من یا واقعی دروشمی دیموكراسی بە نادروستی تەفسیر دەكەن و لێك دەدەنەوە و یا لە دیموكراسی و رێزی بەرانبەر وەك دروشم و بە مەبەستی بردنە پێشی كارەكان كەڵك وەردەگیرێ.

ئەگەر لایەنە سیاسیەكان یەكدەنگی بكەنە بنەماو هەوڵ بۆكاری هاوبەش بدەن خۆیان دەبنە خوڵقێنەری هەلومەرجی شیاو. بە واتایەكی دیكە لە نالەبارترین هەلومەرجیشدا ئەگەر یەكێتی و تەبایی و كاری هاوبەش پەیرەو بكرێ دەتواندرێ بە سەر كەندو كۆسپەكاندا زاڵ بین.

سازمانی خەبات وەك هێزێكی نیشتمانی و نەتەوەیی كە باوەری بە كاری هاوبەش لە گەڵ هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانی و سەرانسەریەكان هەیە بە بەردەوامی پێشنهادی بۆ یەكریزی پێشكەش كردوەو هەر لە سەر ئەو بنەمایە و بە تێ گەیشتن لەو راستیە پێویستە لە گەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران هاوپەیمانی چەندین ساڵەی هەیە.”

بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران ئاشکراشی کرد:

” بە داخەوە لە ئێستادا هیچ بەرچاو رونیەك نیە بۆ چارەسەر كردنی ئەو دۆخە نالەبارە. ئومید دەكەین لە داهاتوووێكی نزیكدا بە هەستی بەرپرسیارەتی تێكرایی بتوانین بە سەر كۆسپەكانی بەردەم ئەو پرۆژەیە دا سەركەوین كە گومانیش لەوەدا نییە بەسەر كەندوكۆسپەكاندا زاڵ دەبین و بەرچاوڕوونیشمان خەباتی رەوای شۆڕشگێرانەو پشتیوانی جەماوەری كوردستانە.”

لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە سازمانی خەبات چ بەرنامە و پرۆژەیێكی عەمەلی هەیە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، کاک بابەشێخ حسێنی گوتی:

“لە ساڵی 2010 پرۆژەیەكی 10 خاڵیمان بە هێزو لایەنە بەڕێزە سیاسیەكانی كوردستان پێشكەش كرد. ئەو پڕۆژەی سازمانی خەبات بە شێوەیەكە كە كەمترین دژایەتی لە گەڵ بنەماكانی كاری هاوبەش لە پێناو خزمەت بە گەل و نیشتمان تێدا نابیندرێ . هەروەها لە سەردانی نۆێنەرانی بەڕێزی لایەنە سیاسیەكان بۆ لای سازمانی خەبات و هەروەها لە سەردانی نوێنەرانی سازمان بۆ لای لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی باسی پێویستی كاری هاوبەش و یەكدەنگی كراوەو لە تازەترین پێشنهادی سازمانی خەبات داوامان كردوە كە یەكێك لە هێزەسیاسیەكان دەستپێشخەری بكات و دەعوەتی نوێنەرانی هێزو لایەنەكان بكات تا لە نزیكەوە قسە لە سەر میكانیزمێك بكەین بۆ ئەوەی بتواندرێ بە جۆرێك هەوڵ بۆ پێك هێنانی چوارچێوەیەك بۆ كاری هاوبەش بكرێ.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.