خوێندەنەوەیەکی کورت بۆ “دیبەیت”ـەکەی نێوان مەلابەختیار و عەلی باپیر

0
1013
هاشم عەلی وەیسی
هاشم عەلی وەیسی

نووسەر: هاشم عەلی وەیسی

ئەو دیبەیتەی نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر هیچ نەبوو بێجگە لە گاڵتە کردنێکی ئاشکرا بە دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و کۆی دەسکەوتە مەعریفی و ئەپستمۆلۆژییەکانی مێژوی مرۆڤایەتی کە زانست و مەعریفە بە درێژایی مێژوی خوێناوی لە ئەوروپا بە تایبەتی شەڕی بۆ کردوە و تێچووی گیانی و مانەوییشی بۆ داوە، هەر لە سەرەتاوە مەلا عەلی لە دوای تەواو کردنی نیوکاتژمێری یەکەمی قسەکانی و هەستان لە شوێنی خۆیەوە بە باوەشێک کتێبەوە بۆ لای مەلا بەختیار کە بە وەرگرتنی وەڵام لە لایەن مەلا بەختیارەوە کە بە پێکەنینەوە گوتی: پەلە مەکە مامۆسا و پاشان ئەوەی کە مەلاعەلی وتی؛ مەلابەختیار ئیمە نەفەسمان زۆر درێژە!!! لەوێوە مەلا بەختیار لە پەیامی عەلی باپیر گەیشت و وەریگرت و زانی کە روانینی ئەو بۆ مەلا بەختیار وەکوو کەسێکی لە رێ درەچووە و لە دواجاردا ئەوە ئەوانن کە دەبێ وەکوو دەمڕاست و نوێنەر و سێبەرانی ئاسمانی ئەڵا لە رێدەرچووان بۆ سەر رێگەی راست بگەڕێننەوە(پێویستە لێرە دا دواتر خۆێنەران ‌هەڵوێستە و بەراوردێکی تێگەیشتنی عەلی باپیر بۆ چەمک و دەستەواژەکانی چەپ و راست و دەرکەوتە و دەرهاوێشتەکانی لە قسە و ئاخاوتەکانی بکەن بە تایبەتی بە و پێیەی کە مێژوی خوێندنەوەی ئێمە تا ئەم چرکەساتەشی مێژوی خوێندنەوەیەکی دوالیستی و رەش و سپیانە بووە بۆ لێکدانەوە و شیکاری پرس و بابەت و دەق و وتارە وێژەیی و فیکری و مەعریفییەکانی خۆمان و ئەوان و ئەوانیتریش) و بۆیە دیسانەوە مەلا عەلی باپیر بەو وەڵامە پڕ لە پەیام و دەرکەوتە و دەرهاوێشتە ماناییەوە کە بە درێژایی مێژو و فێکر و عەقڵی ئێسلامی سیاسی لە گەڵ خۆی هێناویەتی، کە: بەڵێ نەفەسی ئەوان زۆر درێژە…. من وەکوو خۆم پەیامی ئەو وتەیەی عەلی باپیرم وەرگرت و لە مێژوی زەبر و شێر و شمشێری ئیسلام خوێندمەوە و بێ دەسەڵاتی مەلا باپیر تا کاتی بە دەسەڵات گەیشتنەکەی …

لە و ئاخافتنە و دەربڕینەکانی عەلی باپیر وەکوو مامۆستایەکی ئایینی و یەقینخواز و رەهاخواز و رەهابین هیچ دەرەتانێکی بۆ سکۆلاریزم و دیمۆکراسی نەهێشتەوە و هەموو دەسکەوتە عەقڵی و مەعریفییەکانی بە پێناسە کراو و هەڵقوڵاوی ئێسلام و بە جورێک دەرهاوێشتەی عەقڵ و بیری ئیسلامی ناوزەت کرد و بەردەوام بەو ئەنجام و دەسکەوتەش دەگەیشت کە ئێمە مادام هەموو ئەم بابەت و شتە جوانانەمان لە قورعان دا هەیە چ پێویستیمان بە سکۆلاریزم و مەعریفەی غەربی هەیە و مادام کە ئێمە بتوانین دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بە سەر کوردستان دا دابەزێنین دەتوانین کۆی ئەو دەسکەوتانەی ئەوروپا پێیگەیشتووە بە زیادیشەوە پێی بگەین، جا جوانییەکەی لەوە دا بوو لە شوێنێک دا باس لە عەیبە و ئابڕوچوونێک دەکات کە دەڵێت: ئێمە ئێستا لە ئەوروپا دەبینین کە هاوڕەگەزبازەکان لە پارلەمانی ئەوروپا یان کومەڵگەی ئەوروپی هاوسەرگیری دەکەن و دەوریان لە ژیان و دەسەڵات دا هەیە لە راستی دا ئەوەی کە لەم دیبەیتە زۆر زەق و دیارە مەلا عەلی باپیر هیچ زانست و زانیارییەکی لە سەر مێژوی فیکر و عەقڵ و مەعریفەی بەشەری نییە و خوێندنەوەشی لە سەری نەبووە و هاوکات لە وەڵامی مەلا بەختیار باس لەوە دەکات کە گوایە: “ئەو لە واقیع دەرچووە و باسی مێژویی دەکات کە باسەکەی ئێمە باسی مێژو نییە بەڵکو ئێمە لە سەر واقیع دەدوێین”، جا لەوە گەڕێین کە خودی واقیع درێژکراوەی مێژوە و مرۆڤ بە بێ تێگەیشتن لە واقیع و دیاردە و بابەتە جیاوازەکان و شوێندۆزی کردنی بۆ ئەوەی هەڵقوڵاوی کام ساتەوەخت و چرکەساتی مێژوییە و کام دەق و بەرهەمی ئایینی و کەلتوری و لە کام زەمەنی مێژویی ئاوا تێگەیشتن و فامێکی بە کۆمەڵگەی مرۆیی بەرانبەر بە پرس و بابەتە جیاوازەکان ئافراندوە، لە راستی دا مەلا عەلی باپیر بە عەقڵییەت و تێگەیەکی دوگمای ناپێوەند و نازانستی خوێندنەوە بۆ واقیع دەکات وخوێندنەوەی ئەو بۆ واقیع بە جۆرێک بە هەڵهاتن لە واقێع هەژمار دەکرێت، چۆن تێگەیشتن لە واقیع تیگەیشتنە لە مێژو و کردنەوەی پرسپێکتیڤ و ئاسۆێکەی روونترە بەرانبەر بە روداو و پێشهات و واقێعە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژویی و …، بۆیە بە هێنانی لاپەڕەیەک و رەشنووسێک کە تێیدا یاداشتەکانی کە پێناسەی چەمکی سکۆلاریزم دەکات و دەری دەخات کە بەس بۆ ئەم دیبەیتە چووە و خوێندنەوەیەکی کورتی لە سەر چەمکی سیکۆلاریزم هەبووە و ئەوەشمان لە پێناسە گاڵتەجاڕانەکەی عەلی باپیر بۆ چەمکی دیمۆکراسی و لە دواییش دا لە پاش ئەوەی کە مەلا بەختیار بۆ ئەو پێناسە دەرە عەقڵی و مێژوییە ئاگاداری دەکاتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوەی پێناسەی دەکات پێوەندی بە پێناسە و مانای چەمکی دیمۆکراسی و مێژوی سەرهەڵدانی ئەو چەمکەوە نییە دیسانەوە بە شێوازێکی دوگماتیستیانە و عەقڵ بێزانە دەست دەکاتەوە بە دەرچوون و بازدان بە سەر ئەو گاڵتەجاڕی و پێناسە نامەعریفی و عەوامانەیە لە چەمکی دیمۆکراسی و بە گشتی کۆی چەمکەکانی دیکەی پێوەندیدار بە فیکر و مەعریفە و فەلسەفەی سیاسی بە تایبەتی، ئەوەمان بۆ دەر دەخات کە ئیسلامییەکان چەندە لە چەواشە کردن و چەواشە وەرگرتن و یان باشترە بڵێم بە ئەنقەست و ساویلکانە هەوڵیان بۆ داوە و لە پێناسە و مانای راستەقینەی چەمک و وشە فەلسەفی و مەعریفییەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان دورە خستووەتەوە و رق و بێز کردنەوە و ترس و سامێکیان بەرانبەر بە و کولتورە تێدا چاندوین و دروست کردوە کە شیاوی ئەوەیە بە وردی و خوێندەوەیەکی زیاتر لەم بابەتە بڕوانین و قووڵاییەکەی درک و هەست پێبکەین بە تایبەتی لەم رۆی هەرێمی کوردستان کە رۆژانە ئێمە دەبینین لە رێی مینبەر و مزگەوتەکانەوە چەندە ئەم شەڕ و هەڵوێستە بێ ئەخلاقانە و بێ وژدانیانەیە بەرانبەر بە واقێعی مێژوی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و … چڕ بووەتەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لە خشتە بردن و چەواشە کردنی بیر و هزر و رای گشتی دەدەن و پێناسە و ناسناوی جیاواز و سەیر و سەمەرە بۆ هەڵگرانی فیکر و بیرکردنەوەی زانستە مرۆیی و فەلسەفییەکان دا دەتاشن، زەنگی مەترسییەکی گەورە ئەوڕۆ لە هەریمی کوردستان بەرانبەر بە هزر و رامانی هاونیشتمانیان لێدەدرێت کە تێیدا هەوڵی خەساندنی عەقڵ و ئاوەزی مرۆڤی کورد و سیخناخ کردنی بە هزر و رامانی سەدە تاریکەکان دەدرێت و لەم نیوانەش دا پەرە سەندنی چەندین دیاردەی لە چەشنی ژن کوژی و فرەژنی و خوتبەی دژ بە کەمە ئایینیەکانی وەکوو کاکەیی و ئیزدی و … نموونەی هەرە زەق و دیاری ئەم دواییانەی بەستێن و واقێعکی تاڵە هەریمی کوردستان بووە.

پێناسە کردن و واتا کردنەوەی ماف و داخوازیی ژنانی نیشتمانێک بۆ سەرپۆش لە سەر کردن و سەر پۆش لە سەر نەکردن و لە دواجاریش داخوازییە دوگماتیست و کاریکاتۆری و گاڵتەجاڕانەکەی عەلی باپیر بۆ میشل ڤیوڤۆرکا بۆ ئەوەی کە رێگە لە ژنانی سەرپۆش لە سەر بۆ ناوخوێندگاکان لە وڵاتی فەرانسە نەگیرێت ئەمانە هەموو ئەو پێناسە و خوێندنەوە ئامرازتەوەر و عەقڵ بێزییەی مرۆڤی ئیسلامی بە سەرپەرشتی و سەرپشکی مەلا ئایینییەکانی لە چەشنی عەلی باپیر بۆ چەمکی یەکسانی و دادپەروەری کە بە درێژایی مێژوی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی ژن وەکوو بوونەوەر و ئافرێندراوێکی خەونە سیکسی و دەرون ناتەندروستەکەی ئسیلامییەکان پێناسە کراوە. لە کۆمەڵگەیەک کە کەسانی وەکوو هانا ئارێنت و سیمۆن دۆبوار و ….. دەیان و سەدان ژن و کەسایەتی رۆشنیبری و زانای بوارەکانی فەلسەفە و زانستە مرۆییەکان لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و رۆشنبیری کۆمەڵگە جەنگێکی گەورەی مەعریفییان وەڕێ خستووە کە تا ئێستاکەشی بەردەوامە و تێیدا هەرچەشنە خوێندنەوەیەکی ژنۆلۆژیانە و ژنناسانە بە بارتەقای مێژوی ئەو وڵاتە هەڵکشاوە و کاری لە سەر کراوە و خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی و … بۆ کراوە تا بەو ئاستە لە پێگەیشتن و تێگەیشتن لە مەعریفە و عەقڵی مرۆیی بگەن، هێشتا کەسانی دۆگماتیست و بیر و هزری سەدەکانی ناوەڕاست ژن بەوە پێناسە دەکات کە چۆن بۆ جارێکی دیکە وەرێت و سەرپۆشی بە سەردا بداتەوە و وەکوو بونەوەر و کاڵایەکی سێکسی و جنسی بە کۆمەڵگەی بفرۆشێتەوە و کە بۆ پێگەیشتنی ئەو کاڵایە دەبێ شەونوێژ و رۆژنوێژ و خەوننوێژیش بکەن، بە دی کردنی کەسانی وەکوو مەلا مۆسەنا لە کۆڕی ئەو دیبەیتەدا کە بەو پەڕی شانازییەوە لە بەرنامەی شەقامی ئێن ئاڕ تی باس و پشتگیری لە دیاردە قیزەونی فرەژنی دەکرد، دەرخەری ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە شەڕێکی راستەقینە بەرانبەر بەم جەهل و خورافە رەگئاژۆ کراوەی ناو عەقڵ و هزری مرۆڤی کورد هەیە.

بە داخەوە ئەوەی مەلا بەختیار لە ئاستی قسە و ئاخاوتەکانی عەلی باپیر کردی بە دوور بوو لە وتە و ئاخاوتە بوێرانەکانی لە کۆر و کۆمەڵ و بە تایبەتی گۆڤاری مەدەنیەت کە ئەگەر هەڵە نەبم ناوەندە و دەزگای رێکخراوە دیمۆکراتیکەکان بە سەرپەرشتی و سەرنووسەری مەلا بەختیار دەریان دەکرد، عەلی باپیر تا دوایین چرکەش وەکوو کەسێکی خوتبەویی و ناسێح دەرکەوت و بەم پەڕ و ئەوپەڕییشەوە بۆ چرکەیەک ئەو گۆمانەی لا دروست نەکردین کە بە دوور بێت لە دوگما و رەهاخوازییەک کە یەقین و یەقین خوازی و چەقبەستوویی کرۆک و بناغە و ئاراستەی فێکر و تێهزرینی دیاری دەکات و لە بەکار هێنانی چەمک و دەستەواژەکانی وەکوو مەعازەڵا و …. دەری دەخات کە چەندە هەڵوێستیان بوغزاوی و بێ بنچینە و دژە مەعریفی و عەقڵییە و لەم پێناوەش دا لە هیچ چەشنە هەوڵێکی چەواشەکارانە و چەواشە خوێندنەوانە و کردنانەی مێژوی فیکر و عەقڵ و چەمک و دەستەواژەکان دریخیان نەکردوە.

ئەوەی سرنجی منی راکێشا دەسەڵات و ‌هێزی ئیسلامییەکان بە ئاستێکی کارەساتباری وا گەیشتووە، کە مەلا بەختیار لەو دیبەیتە خۆی بە کەسێکی سونە مەزهەب ناو دەبات و دیارە ئەوە پێوەندی بە شەخسی خۆیەوە هەیە و بەڵام ئەوەی مانادارە قسە و باسی مەلا بەختیار لە کۆڕ و کۆبوونەوە و وتار و نووسینە جیاوازەکانێتی، لە دواجارێش ئەوەی کە مەلا عەلی باپیر رووی دەمی تێدەکات کە کەسی موسڵمان ئاوا و ئاوا و ئاوایە کە یانی تۆ ….. ئەوەی کە مەلا عەلی هەر لە یەکەم چرکەوە هەوڵی خۆی ئەدا کە مەلا بەختیار بێنێتە ناو باسێکی واوە کە شەڕی حەق و ناحەق و راست و چەپی پێبکات تا دوایین چرکەساتی ئەو دیبەیتە درێژەی دەبێت و لە شوێنیکدا دا باسەکە هێندە بەو ئاراستەیە دەڕوات و کە پرس و بابەتی حەق بوونی خۆی و ناحەق بوونی ئەو یان باشتر بڵێن مولحید و نامولحید زەق دەبێتەوە کە مەلا بەختیار راست دەچێتە سەر ئەوەی کە بە پێكەنینەوە بڵێ: وەڵا مامۆستا هەزار ئەملاو لا بکەیت شەڕێ قورئانت لە گەڵ ناکەم و لەولاشەوە مەلاعەلی لە وەڵام دا بڵێ: وەڵا ئەوە نیشانەی عاقڵیتە!!! ئینسانی عاقڵ شتێک لێی شارەزا نییە قسەی لێ ناکات!!!. ئەویش رێک لە ساتێک دا کە مەلا عەلی باس لەوە دەکات کە باس کردن لە سەر گرتنەوەی دەسەڵات لە ئیسلام خۆی بە زۆڵم کردن لە ئیسلام هەژمار دەکات بۆچی؟ لە بەر ئەوی شەریعەتەکەی تەقتیل دەکەی شەریعەتەکەی پەک دەخەی، بەڵام مەسیحیەت بۆ خۆی شەریعەتی نییە تا پەک بخرێت کە لە دەوڵەتیش جیا بێت شتێکی ئاساییە، کە گوایە ئیسلام ئایینێکە بە پانایی زەمین و بە درێژایی زەمان بۆ هەموو مرۆڤایەتی هاتبێت ئەو ئیسلامە لە بەرنامەی دا هەیە بەشەرییەت هەموو هیدایەت دا و ژیانی لە سەر ئاستی تاکی و کۆمەڵایەتی و خێزانی رێکخات ئەوەی کە گوایە زۆڵم لە مەسیحی ناکەیت کە دین و دەوڵەت لێک جیا دەکەیتەوە لە بەر ئەوەی مەسیحیەت هاتبوو کە کەم و کوڕییەکانی جولەکەکان راست بکاتەوە وە بۆ قۆناغێکی مێژویی دیاری کراو بۆ کۆمەڵگەیەکی دیاری کراو هاتبوو!!!، بەڵام لەو نێوانەدا هەڵوێستەکەی دوکتور شاکری و قسەکەی لە پاش وتەکەی عەلی باپیر شیاوی زۆرترین سرنج و بیرکردنەوە بوو کە لە ناو حەشاماتی بەردەنگان ناو هۆڵی دیبەیتەکە دیوی کارتۆنی و کاریکاتۆری ئەو کۆڕەی زیاتر دەرخست و زەقی کردەوە. لە راستی دا شەڕی نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر شەڕی خوێندنەوەیەکی ئاسمانی و بانزەمینی بوو بۆ دەقێکی وەکوو قورئان، کە نوێنەر و دەمڕاستە ئاسمانییەکەی عەلی باپیر بوو، لەو لاشەوە مەلا بەختیار کە نوێنەرە زەمینی و لە ئاسمان دابڕاوەکەی ئەو خوێندنەوەیە بوو بەڵام مەلا بەختیار ئەو شەڕەی نەکرد و بە هەر هۆیەک بێت جارێ بەردەنگ و گوێگرانیشی بە نسبەتی ئەو دیبەیتەوە لە دۆخێکی بەرزەخی هێشتەوە و شۆک و سەرسام بوونێکی لە ئاستی ئەو هەموو بێ دەنگی و خۆ کپردن تێدا دروست کردن دیارە لێرە قسە بەس لە مەلا بەختیاری دوو توێی ئەو چاوپێکەوتنە ناکەین و مەبەستمان ئەو مەلا بەختیارەیە کە لەو دیوی ئەو چوارچێوەیەش وتە و لێدوان و ئاخافتنی هەیە بە ئاراستەی دووڕێیان!!!، بەڵام راستی خۆی بە کام باردا کەوت و چارەنووسی هێرمێسە رۆژهەڵاتییە دەسەڵات بەدستەکەی کورد چی لێ بە سەرهات!!!

لە راستی دا مەلا بەختیار لەوێ دا کە باسی جیهان بینی دەکات هەوڵی خۆی بۆ ئەوە دەدات کە تێگەیشتن و ئاراستەی فیکری باپیر بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە هەر کەسەو بە پێی جیهان ژینگەی خۆی بۆ چەمک و دنیا و خەونەکانی دەڕوانی، بەڵام بە داخەوە ئەوەی زۆر زەق و دیار بوو شەڕی مەلا عەلی شەڕی تاقە خەون و رۆئیایەکە ئەویش خەونی بە کوێلە کردن و گرتنی مرۆڤی کوردە، ئەویش خەونێک کە هەموو خەون و رۆئیاکانی دیکەی پێ ناحەق و لە رێدەرچووە و پێی وایە ئەو سیبەر و بە دیهێنەری ئەو خەونانەیە کە ئەڵا فەرموویەتی و لە سەرێتی بە پێی تیگەیشتن و بینینی خۆی بە سەر دونیای دا فەرز بکات، ئەوەش لە ئێستای بێ دەسەڵاتییەوە بۆ سبەی دەسەڵاتداری و ئیسلامی سیاسی و زەبر و زەنگ کە نموونە هەرەباشەکانی ئێران و سعودیا و تورکیا و ….

دیارە ئەوەی لێرە باسی دەکەم خوێندنەوەیەکی کورتە بۆ ئەو دیبەیتە و باس کردن و خوێندنەوەی ئەو دیبەیتە و نیشانەناسی و خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی و دەرونناسانە بۆ ئەو لێدوان و ئاخاواتە و تەنانەت خوێندنەوە ئنشاییەکەی عەلی باپیر و بزە و فزە و چزەکانی لە قەوارە و دووتووی جوڵە جەستەیی و دەمووچاوییەکەی پێویستی بە کات و ساتێکی زۆرتر و قووڵتر هەیە کە لەم دەرفەتەی ئێستا بە زۆر هۆکار ئەوە بۆ من ناگونجێ و دای دەنێم بۆ مەجال و کات و ساتێکی دیکە…..

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.