نامەیەکی دەستنووسی مامۆستا هەژار موکریانی

0
1951

سۆران کەرباسیان

بەشێک لە شێعرەکانی «مەلا غەفووری حافزی مەهابادی» لەژێر ناوی «دیاری مەهاباد (پەندی پێشینیان)» لە لایەن ڕەسووڵ ڕەش‌ئەحمەدی‌یەوە کۆکرابوون. بەر لەوە کە ئەم کۆبەرهەمە چاپ بکرێن، داوا کرابوو کە مامۆستا هەژار پێداچوونەوەی شێعرەکان بکات و پێشەکییەکیش بۆ پەرتووکەکە بنووسێت هەتا شەڕعییەت لە زانایی و شکۆی هەژار لەبۆ ناساندنی پەرتووک وەربگیردرێت. هەژار لە پێشەکییەکی کورتدا کە نووسیوێتی، تەنیا لەسەر دەوڵەمەندبوونی حافیزی مەهابادی ڕۆییشتووە و تەنیا باسی بەتوانابوونی شاعیر و زاڵبوونی ئەو بەسەر زمانی کوردیی کردووە، ئەگینا شێوەی بەچاپگەیاندنی پەرتووک ئەم راستییە دەردەخات کە هەژار هەڵەبڕی زمانی و ڕاستکردنەوەی شێعرەکانی حافزی ئەنجام داوە. دروستە کە هەژار خۆی پێی عەیب بووە باسی هەڵەبڕییەکانی پەرتووک بکات، بەڵام شاعیر و کۆکەرەوە لەسەر ئەمە سوور بوون کە دەبوا ئەو مافە بۆ هەژار بپارێزن، هەربۆیە لەسەر بەرگی پەرتووک نووسراوە:

لەژێر چاوەدێری:

مامۆستا هەژار دا

مامۆستا مەلا غەفووری حافزی مەهابادی لەدایکبووی شاری سەقزە. پاش ئەوە کە چەند ساڵێک لە تەمەنی ئەو لە سەقز و بانە بەسەردەچن، بەهۆی کار و پیشەی باوکی بەرەو مەهاباد دەڕۆن و لەوێ دەمێننەوە.  ئەو بەر لەوە کە لە بانە ڕا بۆ مەهاباد بگوازێتەوە، چاوەکانی بە مناڵی لەدەستدان.

حافزی مەهابادی لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە خوێندنی قورئان کرد و پاش هەشت ساڵان توانی لە مەهاباد هەموو قورئان لەبەر بکات و چووە ریزی حافزانی شار. بە دوای ئەویشدا دەستیکرد بە لەبەرکردنی شێعری شاعیرانی ناوچە. باوکی تا ئەو ڕۆژەی لەگەڵی بوو، بە نازداریی گەورەی کرد و نەیهێشت نابینایی ئەو خەسارێکی زۆر بە دەروونی ئەو بگەیەنێت. پاش ئەوە ماوەیەک لای مەلا حوسێن مەجدی دەرسی خوێندبوو، شەرع و عەقایەدی لای قازی موحەممەدی خزری لە شاری شنۆ خوێند. شێعرنووسینی دوای ئەو زەمەنە دەستپێکرد و لە سەرەتادا زۆربەی شێعرەکانی لە چەشنی گاڵتە و هەجوو بوون. دواتر خۆی فێری خەتی نابینایان (برەیل) کرد و شێعرەکانی خۆی یان لەسەر کاخەز دەنووسینەوە، یان لەسەر شریت تۆماری دەکردن.

غەفووری دەباغی مەهابادیی بڕیاریدا بەیت و پەندەکانی کوردیی کۆبکاتەوە. لەم پێناوەدا زەحمەتێکی زۆری کێشا و زۆرکەسی هاندەدا بۆئەوەی سەردانی ناوچەی جۆراوجۆری کوردستان بکەن و پەند و بەیتەکانی بۆ کۆبکەنەوە، بەڵام ساواک لە دواییدا دەست بەسەر هەموو زەحمەتەکانیدا گرت و بەرهەمی هەموو ماندووبوونەکانی لێ داگیرکرد. دوای ئەو هێرشەی ساواک، زۆری هەوڵدا بەیت و پەندەکان وەدەستبهێنیتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواتر کە باوکی حافزی مەهابادی بەرەو بانە گەڕاوە، ئەو مەهابادی جێنەهێشت و هەر لەو شارە ماوە و لە باقی ژیانی خۆیدا بەبێ باوکی، کوێرەوەرییەکی زۆری کێشا.

مامۆستا هەژار کە دەردی مرۆڤە هەژارەکانی بە باشیی فامدەکرد، سەرەڕای هەموو گرفت و سەرقاڵییەکی کە هەیبوو (لەو کاتدا زۆریش نەخۆش بوو)، زەحمەتی پێداچوونەوە و هەڵەبریی شێعرەکانی ئەو شاعیرە هەژار و نیشتمانپەروەرەی وەئەستۆ گرت و پاش چەند شەو و ڕۆژان بۆی گەراندبۆوە بۆئەوەی بە چاپ بگەن.

ئەم دەقەی ژێرەوە کە وێنەکەشی لە دواییدا داندراوە، پێشەکییەکە کە مامۆستا هەژار موکریانی بۆ ئەو کۆبەرهەمەی حافزی مەهابادی نووسیبوو.

کۆمەڵێک لە شێعرەکانی مامۆستا مەلا غەفووری مەهابادیم بەرچاوکەوت کە هێنابووی من لە بارەی چۆنییەتی تەرز و ماناوە بیروڕای خۆم دەربڕم.

ڕەنگە ئەگەر پێی هەڵبڵێم، خوێندەواران لایان وابێ رووبینیم بە خەرج داوە. ئەگەر وا بیر بکەنەوە، لێم ڕوونە زۆر بێ‌ئینسافن. مەلا غەفوور هونەرێکی بەهونەر و دەستڕەنگینە، ئەگەر ماڵی دونیای نەبووە، پێشم وانییە قەت بیبێ.

ماڵم هەقە لە شاعیری و دەمپاراوی چەندی دڵ حەز دەکا، رەنگینە. لە تەرازووی هەڵسەنگاندنی وێژەوانی تا بێژی قورس و سەنگینە.

حەوجە نییە دانەدانەی شێعرەکانی شی کەمەوە و خوێنەرانی شارەزا کەم. هەرکەس بە وردی و زانایی وەیانخوێنێ و باشیان سەرەوەدەر لێ دەرکا، دەزانێ من بە دڵ دەڵێم و ڕاست دەکەم کە مەلا غەفوور ئێستاکە ئەستێرێکە لە عاسمانی کوردەواری و لە لای من تیشک داوێژێ و هێندێک لایان وایە کوێرە. لە خوام دەوێ ئەم شاعیرە بێچارەمان هیچ نەبێ هێندەی دەستکەوێ شێعرەکانی خۆی پێ چاپ کات، کە لە بەهرەی بێبەش نەبین.

هەژار

واژۆ

١١ی ٨ی ١٣٦٢ی کۆچی هوتاویی‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ کەرەج

Destnûsi Mamosta Hejar Mukryani

تێبینی: کۆپی نوسخەی دەستنووسی مامۆستا هەژار و ئەم کورتەزانیارییانە لە پەرتووکی حافزی مەهابادی وەرگیراون. بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە: ملا غفور، دیاری مهاباد، گردآوری رسول رش‌احمدی، ، انتشارات سیدیان، مهاباد ١٣٦٤، چاپ اول

وێنەی ژێرەوە لە دەستی ڕاست ڕا: ڕەسووڵ ڕەش‌ئەحمەدی، حافزی مەهابادی، هەژار موکریانی

Hejar Mukryanî, Hafiz Mehabadî, Resûll Reş Ehmedî

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.