دوو لاوی کوردی شنۆیی و جوانڕۆیی بێسەروشوێنن

0
1267

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی مافی مرۆڤی ناوەندی ڕۆژی کورد، گەنجێکی کوردی باژێڕی جوانڕۆ، ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن جاشێکی ئەو باژێڕەوە بێ سەروشوێن کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و دۆخی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو لەبەر دەستدا نیە

حەیدەر کەنعانی، گەنجی تەمەن 28 ساڵانی باژێڕی جوانڕۆ کە لە ئاژانسی تاکسی کار دەکات، لە لایەن مۆرەیەکی سەر بە ڕژیم بە ناوی وەزیر حوسێنی بێ سەروشوێن کراوە.

کەسێکی ئاگادار لەمبارەوە بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە 30ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی لە ناو بازاڕ بەرۆکی بە حەیدەر داوە و هۆکاری بەرۆک گرتنەکەش لایک کردنی وێنەی ئەندامانی حیزبی و بابەتی حیزبی و لە ناویان وێنەی جەهانبەخش گوشخانی لە فەیسبووک بووە، بەو هۆیەشەوە ئاڵۆزی لە نێوان حەیدەر و جەهانبەخش ساز دەبێت، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە 31ی گەلاوێژ، وەزیر بە هاوکاریی ٣ کەسی تری وەزارەتی ئیتلاعات، حەیدەر کەنعانی بە زۆر دەخەنە ناو ماشێنێک و بەزۆر لەگەڵ خۆیان دەیبەن.

سەرچاوەی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد هەوەها باسی لە زۆرداری و سەرەڕۆیی وەزیر حوسێنی لەسەر کەسانی خۆشناو و چالاکانی جوانڕۆ کرد و گوتیشی وەزیر حوسێنی بە فەیسبووکی ساختە، فەیسبووكی کەسانی حیزبی و بابەتی پەیوەندیدار بە ناوچەی جوانڕۆ کۆنترۆڵ دەکات و لە ئەگەری نووسینی تێبینی یان لێدانی لایک لەلایەن کەسانی ناوخۆوە، ڕووبەڕووی گوشار و زەخت و دەستبەسەربوونیان دەکاتەوە.

وەزیر حوسێنی و سابیری برای، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی وتووێژێک ، لەسەر باندە مافیاییەکەیان لە جوانڕۆ لە بەشی فارسیی ناوەندی ڕۆژی کورد، دەستیان کردووە بە گوشار خستنە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و تا ئێستا چەندین جار بە ئاشکرا هەڕەشەی قەڵاچٶکردن و لێدان و ماڵ کاول کردنیان لە بنەماڵەکانیان کردووە.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژی پێنج شەممەی حەوتووی ڕابردوو 28ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیتلاعات لە باژێڕی ئورمیە لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەیان دەستبەسەر کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوە، حەکیم شوجاعی کوڕی سدیق، تەمەن 22 ساڵان و خەڵکی گوندی”گەندوێلە”ی سەر بە باژێڕی شنۆ ڕاگەیەنراوە.

حەکیم شوجاعی فەقێی قوتابخانەی ئایینیی سەلاحەددینی ئەیووبی لە باژێڕی ئورمیەیە.

جاش، وەزیر حوسێنی
جاش، وەزیر حوسێنی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.