ڕۆژی کورد: هێزە جل شەخسییەکانی سوپای تیرۆریستیی پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کرماشان، برایەکی ئەفشین سۆهرابزادەیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ، “کاوە سۆهرابزاده” برای “ئەفشین سۆهرابزادە”، بەهۆی بەدواداچوونی بەردەوامی دۆسیەی براکەی بۆ چارەسەریی پزیشکی، دەستبەسەر کرا.
بە گوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سۆهرابزاده، کاوە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی و لە کاتێکدا بەرەو شوێنی کارەکەی لە ماڵەوە چۆتە دەرەوە، لەلایەن هێزە جل شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەواڵدەریی هەرانا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: کاوە سۆهراب زادە بەبێ حوکمی دادوەر دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیتلاعاتی سوپای کرماشان (شهید سیا کمری) گوازراوەتەوە.
هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئیران لە کرماشان، لەکاتی سەردانی دایک و برای کاوە سۆهرابزادە بۆ ناوەندی سوپای کرماشان لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان، هۆکاری دەستبەسەر کردنی کاوە سۆهرابزادەیان پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ میدیا “زیددی ئینقلاب” ـەکان، ڕاگەیاندووە.
ئەفشین سۆهرابزادە زیندانیی سیاسیی تەمەن ٢٦ ساڵەی کورد، جۆزەردانی ١٣٨٨ ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کرماشانەوە دەستبەسەر کرد.
ئەو چالاکە سیاسیی کوردە لەلایەن دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری هەروەها دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب لە باشووری ئێران حوکم درا.
دەزگای دادوەری و بەرپرسانی زیندانی میناب، سەرەڕای ئاگاداربوون لە دۆخی نالەباری جەستەیی ئەفشین سۆهرابزادە، ڕێگری لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی دەکەن.