“دێموکرات” هەر زیندووە

0
714
chawshinn
محەممەد چاوشین

ڕژێمى دیکتاتۆری مەزھەبی ئیسلامی ئێران، بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو، قەت ھێندەی ئەم دواییە بە چالاکییەکانی ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژھەڵات نیگەران نەبووە و مەترسی لێ نەنیشتووە!

چالاکییە تەبلیغاتی و سەربازییەکانی ئەم دواییەی ھێزی پێشمەرگەی”دێموکرات”لە ناوچە جیاجیاکانی ناوخۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، جیالەوەی خۆشی و شادییەکی بێ وێنەی لەسەرتاسەری ڕۆژھەڵات و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا ھێناوەتە کایەوە، ھاوکات ئەم چەشنە چالاکییانە ترس و بیمێکی گەورەی لەناو پەیکەرەی ڕژێمی دیکتاتۆری مەھەبی ئێراندا درووست کردووە.

لەوچەند ساڵەی ڕابردودا، زۆرھێزی دیکەی نەیاری کۆماری ئیسلامی، چالاکی سەربازییان ئەنجام داوە و زیانی زۆری گیانی و ماڵی گەورەیان بەو ڕژێمە گەیاندووە، بەڵام ئەم چالاکییانە لەلای کاربەدەستانی ڕژێم، نەبووەتە مایەی نیگەرانییەکی ئەوتۆ کە حساب و کیتابی لەسەر بکات.

بەڵام چالاکییەکانی ئەم دواییەی ھێزە تێکۆشەرەکانی “دێموکرات”، ھەم کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا ھێناوە و ھەمیش کاربەدەستانی ڕژێم حیسابی ورد لەسەر ئەو ھەستانەوەیە دەکەن.

ترسی ڕژێم لەو چالاکییانەی ھێزەکانی حیزبی “دێموکرات” مانا و مەغزایەکی قوڵی ھەیە، ڕژێم زۆربەباشی دۆخەکە دەخوێنێتەوە و ھەڵوێستەکانی خۆیشی لەسەر بینا دەکات.

ھەڕەشە و تەنگەتاوییەکانی ئەم دواییەی “سەردار حوسێن سەلامی”، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە ھەڕەشەی لەناو بردنی ھەرێمی کوردستان دەکات، نیشانەی زیندوویی ھێزەکانی حیزبی “دێموکرات” و کاریگەرییەکانی ئەم ھێزانەیە لەسەر شەقامی ناوخۆیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

کاربەدەستانی ڕژێم باش دەزانن کە سەرەڕای ئەوەی ھێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژھەڵات و لەناویشیاندا”حیزبی دێموکرات”، چەندین ساڵ مانەوە لە”کامپ نشینی” لە باشوری کوردستان، بەڵام ھێشتا لەناوخۆی ڕۆژھەڵات و تەنانەت ئێرانیشدا،ھێزێکی حیساب بۆکراون و ژمارەیەکی بەھێزن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەدا.

کاربەدەستانی ڕژێم باش ئەوەیان لەلا بەرجەستە بووە کە ھێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژڵات و لەناویشیاندا “حیزبی دێموکرات”، سەرەڕای دورییان لە جوگرافیای سەرەکی خەبات و تێکۆشانی خۆیان، بەڵام ھێشتا لەناو خەڵکی خۆیاندا دەژین و گەلی ڕۆژھەڵاتیش ھیوایەکی زۆریان لەسەر ھەڵچنیوە و خاوەن پێگەی جەماوەری بەھێزن.

ھەڕەشەکانی”جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران” لەھەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستییەمان باشتر بۆ ڕوون دەکاتەوە.

سەرەڕای زیانە زۆر و زەوەندەکانی کە بەھۆی لێک دابڕان و لەت بوونەوە، بە جەستەی”حیزبی دێموکرات”گەیشتووە، بەڵام ھێشتا حیزبی دێموکرات لەترس خستنەناو پەیکەرەی سیستمی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێرانەوە، بەپلەی یەکەم دێت و لەحیساباتی ڕژێمدا شوێن و پێگەی ھەیە.

لەحیساباتی سیاسی کاربەدەستانی ڕژێمدا، زیاتر ئەو ھێز و لایەنانە حیساب بۆکراون کە ھەم خاوەنی پێگەیەکی جەماوەری بەھێزن و ھەمیش توانای ئەنجامدانی کردەوەی سەربازییان لەدژی رٍژێم ھەیە.
بەڵام، ئێران کەمتر حیساب لەسەر ئەو ھێزانە دەکات کە بوون و پێگەیان تەنھا وجودێکی پارتیزانییە و لەناوجەماوەردا حیساب بۆکراو نین.

ھەڵبەت لەلای من ھەموو ھێزەکان حیساب بۆکراون و تێکۆشانیان بەرز دەنرخێنم، بەڵام بەھۆی چالاکییەکانی ئەم دواییەی ھێزەکانی”حیزبی دێموکرات” و ئەو ھەموو نیگەرانییەی ڕژێم لەو چالاکییانە، ویستم ئەوچەند سەرە قەڵەمە بنووسم.

کەواتە بۆچوونی من وایە:
ئەگەر ھێزەکانی حیزبی”دێموکرات” باشتر ڕیزەکانیان ڕێک بخەن و ناوماڵی خۆیان ڕێک بخەنەوە و پڕۆسەی یەکگرتنەوەش باشتر بخەنە سەر ڕاستە ڕێیە درووستەکەی خۆی، بێگوومان لەلایەک ترسی ڕژێم دووھێندە زیاد دەکات و ھیوای گەلەکەشمان لەڕۆژھەڵات بەوھێزە بۆ سەد ھێندە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت