دەفتەری سیاسیی حدکا سەبارەت بە درێژەی تێکهەڵچوونەکانی کۆساڵان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

0
838

ڕۆژی کورد: ڕۆژی ١٥ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی و چەند ڕۆژ دوای شەڕی خوێناویی کۆساڵان لەنزیک گوندی “بۆڕییەر” شەڕێکی خوێناوی لە گوندی بۆڕیوەردەست پێدەکات کە لە ئەنجامیدا ئەژمارێکی بەرچاو لە جاش و بەکرێگیراوەکانی ڕژیم کوژراون و بریندار بوون و دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە ناوەکانی کاوە جەوانمەرد، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حدکا و سەرکەوت سەمەدی، ناسراو بە مامۆستا سەرکەوت بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەونە دەست جاش و خۆفرۆشەکان، دوا نارەنجەکیان لە دەستی خۆیاندا تەقاندۆتەوە و شەهید بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردۆتەوە کە بەم شێوەیە:

پاش دە ڕۆژ تێپەڕبوون لە تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە نێوان هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کێوی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوا کە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی لێکەوتەوە، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتیش بە دانی ٣ شەهید داستانێکی دیکەیان لە حەماسە و خۆڕاگری تۆمار کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٢ پێشمەرگەی هەڵبڕاو لە تیمی شەڕەکەی کۆساڵان و دوورکەوتنەوە لە شوێنی شەڕەکە و جێگیربوونیان لە نێزیک ئاوایی “بۆڕییەر” لە لایەن جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پشتیوانی تۆپخانە و مۆشەکی کاتیوشا و چەکی جۆراوجۆر گەمارۆ دەدرێن و شەڕێکی دوو کاتژمێری خوێناوی لە نێوان ئەو ٢ فیداکار و تێکۆشەرە دێموکراتە لە لایەک و هێزەی زۆر و پۆشتە و پەرداخی ڕێژیم لە لایەکی دیکەوە ڕوو دەدا.

قارەمانەکانی دێموکرات پاش کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەک لە جاش و پاسدارەکان و تەواو بوونی کەرەسەی بەرگرێ لە خۆیان بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەونە دەست دوژمن و بە دیل نەگیرێن دوا نارنجۆکی دەستی بە خۆیاندا دەتەقێنەوە و بەداخەوە شەهید دەبن و دەچنە ڕیزی شەهیدانی حیزب و گەلەوە. دوو شەهیدی تازەمان بریتین لە شەهید “داودی جەوانمەرد” ناسراو بە “کاوە” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەهید “سەرکەوت سەمەدی” کادری حیزب.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون بۆ شەهیدبوونی ئەو دوو تێکۆشەرە سەرەخۆشی لە هاوڕێیان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان دەکا و لە دەستچوونیان بە خەسارێکی گەورە دەزانێ بۆ حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد لە هەمان حاڵدا کە هاوسەنگەرانیان درێژەدەری ڕێبازی ئەو دوو شەهیدە و باقی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان و ڕێبازی پڕ سەروەریان تا گەیشتن بە ئاواتەکانیان دەبن و بە وتەی ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملوو “پاشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی ڕێگایانە” ژیاننامە و تێکۆشانی ئەو دوو شەهیدە تازەمان بە جیاو و بەوردی بڵاو دەکرێتەوە.

ڕۆحی شەهیدانی تازەمان کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی شاد بێ و ڕێبازیان پڕ ڕێبوار و ئاواتەکانیان وەدی بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی
٨ی ژوئیەی ٢٠١٦ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت