دایکی جەمال، یه‌كه‌م گۆرانیبێژی ژنی کوردە كه‌ به‌ دیالێكتی سۆرانی گۆرانی له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار کردبێت

0
612

دایکی جەمال یان شیرین، ناوى “بەهیجە” یان “فەرحە”، کچی “ئیبراهیم یەعقوب”ـە. لە ڕەسەندا، جوولەکە بووە و پاشان بووە بە موسڵمان. دەوترێت لە ساڵی ١٩٠٨ لەدایک بووە و ماوەیەک لە شاری هەڵەبجە ژیاوە. لەبەر جوانییەکەی بە “دایکی جەمال” ناسراوە.

لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی بیستەمەوە، دەستی بە کاری هونەری کردووە و لە کۆڕ و کۆبوونەوە خێزانییەکاندا گۆرانی وتووە. لە ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٦ لە کۆمپانیای “بەیزا فۆن” و “ئۆدیۆن” کۆمەڵێک بەستە و گۆرانیی لەسەر قەوان تۆمارکردووە و بەشێکی زۆری ئەم گۆرانییانە، چوونەتە ناو خەڵکییەوە و نەک بۆ ئەو سەردەمانە، بەڵکو هەندێکیان تا ئێستاش دەوترێنەوە.

لە ساڵی ١٩٣٠ بەولاوە، وازی لە گۆرانیوتن هێناوە و سلێمانی بەجێ هێشتووە. “فوئاد عارف” لە یادداشتەکانی خۆیدا باس لە فەرحە ناوێک دەکات کە لەسەردەمی مەلیک غازیدا لە بەغداد ژیاوە و بە مەزەندەی هونەرمەند “باکووری” ئەو کەسە دایکی جەمالە.

ژمارەیەکی زۆر گۆرانی وتووە و بەشێکی کەمیانی تۆمار کراوە و ئەوانیتری لەناوچوون. “کەمال ڕەئوف محەمەد” پێی وایە کە هەشت گۆرانی لەلای کۆمپانیاکانی قەوان  تۆمار کردووە کە ئەمانەن “بەستەی ئامین و ئامین، بەستەی وەی بێنن وەی بێنن، بەستەی سەوزە مەڕۆ، بەستەی دەردێکم گرتووە، بەستەی ئەسڵی وەسڵت سلێمانی، بەستەی گوێ گرن ڕەفێقان، بەستەی ڕۆحی شیرینم، سروودی وەتەنی من کوردستانە” و ئەم گۆرانیانەشی لەلای ڕادیۆی کوردی بەغدا لەدوای ساڵی ١٩٣٩ەوە لێ دراوە “هەی بەللار و بەللار، هەی ئاغا و ئاغا، هەی گولڕ هەی گولڕ” هەروەها ئەم گۆرانییانەشی وتووە: خانمی سلێمانی، شاڵستۆن، لەوماڵە هاتە دەر، ئەی ئاوێنەی دولبەر، نەسرینە گولڕ نەسرینە، نابیە بچینی نابیە، ئەمن دەکەم مەدحی شێری جیهانمان، وەسێەت بێ ئەگەر مردم، چاو مەست، ئامینێ تاقانەی دایە…

لە ساڵی ١٩٧٩ لە نەخۆشخانەی “مدینە ئەلگب” لە بەغدا، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی “شێخ مارف” بەخاک سپێردراوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت