چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵات داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن لە هەمبەر کەبوودوەند بێدەنگ نەبن

0
149

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاگەیێندراوێک کە نووسخەیەکی بۆ ڕۆژی کورد ناردراوە،کۆمەڵێک چالاکوانی سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردستانی ڕۆژهەڵات، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور و بنکە و چەند بنکەیەکی هەرێمی کوردستان دەکەن تا لە هەمبەر دۆخی، ڕۆژنامەنووس و باوکی مافی مرۆڤی کوردستانی خۆرهەڵات کە لە ٢٢ هەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردن، مەترسی مەرگ و جەڵتەی دڵی لەسەرە، بێدەنگ نەبن.

دەقی ڕاگەیێندراوی کۆمەڵێک چالاکوانی سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە شێوەی خوارەوە:

هاواری بەندکراوێکی کورد لە زیندانەکانی ئێرانەوە
بۆ باشووری نیشتمان!
با بێ هەڵوێست و بێدەنگ نەبین، دەنا شەرمەزاری ویژادنی نەتەوەییمان دەبین.
– سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان!
– ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان!
– سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی باشوور!
– پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی باشوور!
– دەستەی باڵای مافی مرۆڤی کوردستان‌!
– ڕێکخراو و دامودەزگا مەدەنییەکان!
– سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان!
– نووسەر، مامۆستا، ڕۆشنبیر، خوێندکار و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان!
– جەماوەری وریا و بە هەڵوێستی کوردستانی باشوور!
هەروەک ئاگادارن “محەمەدسدیق کەبوودوەند” چالاکی سیاسی و سەرۆکی زیندانی کراوی ڕیکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان کە ماوەی نۆ ساڵە لە تەنیا لەپێناو چالاکیی مەدەنی و مافی مرۆڤ و پێداگری لە کەرامەتی ئینسانیی کورد و کوردستان لە زیندانەکانی کۆماری ئسیلامیی ئێران دەستبەرسەرە، لە ناڕەزایی بە پێشێلکارییەکان، زەخت و گوشار بۆ سەری و سازکردنی دۆسیەی ساختە، ماوەی زیاتر لە 20 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە و گیانی لە مەترسی دایە.
ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کەلە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر هیچ داوا و داخوازییەکی ناڕەوادا ملکەج نەبووە، بووەتە هێمای خۆڕاگری و بوێریی نەتەوەکەی و ئێستاش بەو هۆیەوە وا خەریکە لەگەڵ مەرگ دەست و پەنجە نەرم دەکات بەڵام بەو حاڵەشەوە بەرگری لە کەرامەتی ئینسانیی کورد دەکات، بۆ ئەم مەبەستە لە ئاستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتتیەکاندا بووەەت سیمبۆلێک و چەندین خەڵاتی پێ بەخشراوە، بەڵام بەداخەوە لەناو بەشێک لە نەتەوەکەی خۆی کە جەماوەی کوردستانی باشوورە، نەناسراوە و تەنیا لە ئاستی میدیادا و بە شێوەیەکی لاوەکی و تەنیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هەواڵ ئاوڕی لێدراوەتەوە، و لە ئاستی پلە باڵا و لایەنە بەرپرسیارە فەرمییەکانی حکوومەتدا تەنیا بۆ جارێکیش پرس و دۆسیەی ئەم چالاکوانە کوردە نەخراوەتە بەرباس و هەوڵی پشتگیری و کارئاسانی بۆ ئازادکردنی بدرێت. ئەمە ئەرکێکی کە نیشتمانی و نەتەوەییە و ناکرێ لە چوارچێوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ببەسترێتەوە و لێی بێدەنگ ببن.
بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵێک چالاکوانی سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووس، نووسەری کوردی ڕۆژهەڵات لەم دۆخە هەستیارەدا لە کاتێکدا محەمەدسدیق کەبوودوەند لەپێناو خەبات بۆ ئازادی و پرسی مافی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی کەرامەتی نەتەوەیی کورد نۆ ساڵ تەمەنی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕاندووە و ئیستاش گیانی لە مەترسیی مەرگ (جەڵتەی دڵ) ڕووبەڕووی بووەتەوە.
داوا دەکەین بە دەنگ هەڵبڕین و شکاندنی بێدەنگیی چەندین ساڵە هاوار و دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگی ئێمە و بۆ ئازادیی ئەم تێکۆشەرە کوردە هەموو هەوڵێکی خۆتان بخەنە گەڕ و بە زەخت و گوشار هێنان لە بەرپرسانی دادوەری و پەیوەندیداری کۆماری ئیسلامی لەڕێگە گونجاوە، گیانی محەمەدسدیق کەبوودوەند لە مەرگ ڕزگار بکەن.
گەر ئێستا دەنگ هەڵنەبرین و هاواری مافخوازی و خەباتی ڕەوایی کەبوودوەند بە گوێی دونیا نەگەیەنین، لە داهاتوودا شەرمەزاری مێژوو و ویژدانی کۆمەڵگەی وریای کوردستان دەبین.
با بە (بەڵێ) بۆ ڕگارکردنی گیانی محەمەدسدیق کەبوودوەند و ئازادیی یەکجاریی لە زیندان یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بین.
با ڕێکخراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان بە گرتنەبەری ڕیکارە مەدەنی و ئاشتیخوازانەکان (وەڕێخستنی کەمپین، ڕێپێوانی جەماوەری) ببنە پاڵپشتی هاوار و دەنگی کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕزگارکردنی گیانی محەمەدسدیق کەبوودوەند.

کۆمەڵێک چالاکوانی سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردستانی ڕۆژهەڵات

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌