موختار هۆشمەند: داعش بۆ کردەی تیرۆریستی لە ئێران هیچ گرفتێکی نییە

0
2033

ئامادەکار: هادی عارفی

بەرپرسانی رژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یک ساڵی رابردوودا، دەیان جار هەواڵی تێکهەڵچوون و “دەستبەسەرکردن گروپی سەربە داعش”یان بڵاو کردۆتەوە ورایانگەیاندووە کە دەستیان بەسەر چەندین بۆمب و پشتێنەی بۆمبڕێژکراویشدا گرتووە.

ئیدیعای بەرپرسانی رژیمی ئێران لە کاتێکدایە، کە هەتا ئێستا، رێکخراوی داعش هەڕەشەی لە رژیمی ئێران نەکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە رژیمی ئێران لە بەرەکانی سووریادا و بە دژی داعش هاوکاری رژیمی ئەسەد دەکات.

 بەرپرسانی رژیمی ئێران لە کاتێکدا بانگەشە بۆ دەستبەسەر کردنی ئەندامانی داعش و دەستبەسەرداگرتنی مادەی تەقەمەنی دەکەن، کە رێکخراوی داعش لە تورکیا و هەروەها چەندین وڵاتی ئەورووپایی توانیویەتی تەقینەوەی گەورە ئەنجام بدات.

رۆژی یەکشەممە دادستانی دەماوەندی تاران هەواڵی دەستبەسەر کردنی ژمارەیەک “ئەندامی داعشی” راگەیاند، بەڵام هیچ ئاماژەی بە وردەکاریی ئەو ئیدیعایەی خۆی نەکردووە.

رۆژی کورد بۆ تاوتوێ کردنی ئیدیعای بەرپرسانی رژیم و ئامانجەکانی رژیم لەو پڕوپاگەندەیە و دیمانەیەکی لەگەڵ موختار هۆشمەند، چالاکی سیاسیی کورد و لیکۆڵەری ئیسلامی سیاسی دیمانەیەکی پێک هێناوە.

m-hoshmand
موختار هووشمەند

دەقی دیمانەی رۆژی کورد لەگەڵ موختار هۆشمەند:

هۆکاری ئەویەکە بەرپرسانی رژیمی ئێران ماوە بە ماوە هەواڵی “دەستبەسەر کردنی ئەندامانی داعش و پووچەڵ کردنەوەی هەوڵەکانیان” بڵاو دەکەنەوە؟

وەک دەزانن کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای خۆسەپاندنییەوە پیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ گروپە بنەماخوازە ئیسلامییەکان چ شیعە و چ سوننەدا بووە. ئاساییە داعشیش یەکێک لەو گروپانە بێ کە دەسەڵاتی ئێرانی نەک پێوەندیی لەگەلیدا هەبێ بەڵکوو رۆڵیشی هەبووبێ لە هیدایەتکردنیدا. ئینجا سەلەفییەتی جیهادیی لە ئێراندا واتە لە ناوچە سوننەنشینەکانی ئەم وڵاتەدا دیاردەیەکی حاشا هەڵنەگرە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٥ ساڵ پێش ئێستا. بەڵام دەسەڵاتی ئێرانی هیچکات نەیویستووە پێش بە گەشەکردنی ئەو دیاردەیە بگرێ یان بە واتایەکی تر تەنیا لەو کاتانەدا لەگەلی بەرەوڕوو بۆتەوە کە هەستیکردووە  بۆی بوونەتە مەترسی. ئەمەش دوو دەسکەوتی هەیە یەکەم، ئەوەی کە تاک و گروپە مەترسیدارەکان لە بەین دەبات دووهەم، هەڵای راگەیاندنی لێ ساز دەکات تاکوو پێوەندییەکانی خۆی لەگەل رەوتە سەرەکییەکاندا بشارێتەوە. هەروەها  دەیەوێ لەم رێگایەوە شەرعییەت بە سەرکوتی ئەو لایەنە مەزهەبییانەش بدات کە بەشێوەی لیبراڵانەو نەرم باسی داخوازییەکانی خویان دەکەن. مەبەستێکی تری کۆماری ئیسلامی ناشیرینکردنی سیمای دێمۆکراسیخوازانەی خەڵکی کوردستانە لە نێوخۆی ئێران و ئاستی نێودەوڵەتیدا. بۆیە هەندێجار بەبێ ئەوەی کەیسێکی واقعییش لە ئارادابێ، سیناریۆی ئەمنییەتی ساز دەکەن و پاشان لە رێگای راگەیاندنەوە گەورەی دەکەنەوە تاکوو بەو ئامانجانە بگەن کە ئاماژەم پێکرد.


بۆچی لەگەڵ ئەوەیکە میدیاکانی رژیم هەندێجار وێنەی ماددەی تەقەمەنی و بۆمب بڵاو دەکەنەوە کە گۆیا لەو کەسانەیان گرتوە، بەڵام قەت جارێک “ئەو داعشانە”ی کە ئیدیعای دەکەن، لە ئێران تەقینەوەیان ئەنجام نەداوە؟

ئەو مادەی تەقینەوانە هیچکامی لە دەرەوەی ئێرانەوە نەهاتووە و هەمووی دەستکردی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە ئاساییە بە دژی ئەو دەسەڵاتەش بەکار نەبرێن مەگەر ئەوەی لەناو گرووپە سەلەفییەکاندا ناکۆکییەک بێتە ئاراوە و لایەنێک بۆ دژایەتیکردنی لایەنێکی تر دژی کۆماری ئیسلامی بوەستێتەوە وەک چۆن گرووپی “تەوحید و جیهاد” لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١١ لە پارێزگای سنەدا ئەوکارەیان کرد.

 خاڵێکی جێگای سەرنج لەوبارەیەوە ئەوە بوو، کە رێکخراوی دایک واتە “کەتیبەکانی قاعیده لە کوردستان” رۆڵێکی جیددی گێرا لە راوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو گرووپەدا و هاوکاریی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی کرد و ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێوەندیی رەوتە سەرەکییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

کەتیبەکانی کوردستان لەو کاتەدا بەشێک بوو لە دەوڵەتی ئیسلامیی عێراقی و سەرجەم ئەمیر و بەرپرسەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران دەژیان. دواتر ئەم رێکخراوە بوو بە دوو بەشەوە بەشێکی لەگەل رێکخراوی دایک واتە قاعیدە مایەوە و بەشێکی تریشی بەیعەتیان بە داعش داو لە رێگای ئەوانەوە دەیان گەنجی رۆژهەڵاتی رەوانەی عێراق و سووریا کرا.

ئەبوو بەغدادی لەم دواییانەدا هەڕەشەی لە تورکیا و عەرەبستان کرد، بەڵام بۆچی هەرەشەی لە ئێران نەکرد؟ لە کاتێکدا ئیران و سووریا لە شەڕی داعشدان؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئێران بە دوژمنی خۆی نازانێ؟

جگە لەو پێوەندییانە کە باسمان کرد شتێکی تریش لە ئارادایە کە وادەکات گرووپێکی رادیکاڵی سوننەی وەکوو داعش دژایەتی تورکیاو عەرەبستان بکات، بەڵام ئاماژەیەک بە کۆماری ئیسلامی نەکات کە خۆی بە ئالاهەڵگری مەزهەبی تەشەیوع دەزانێ. ئەوەش بریتییە لەوەی کە رەوتە سوننەکان ئەوەندەی دژایەتی یەکتر دەکەن، دژایەتی کۆماری ئیسلامی ناکەن چونکا ئەوان لە بازنەی سوننەگەریدا خۆیان بە رکابەری یەکتر دەزانن. عەرەبستان ئاڵاهەڵگری سەلەفییەتی مورجیئەیە، تورکیا نوێنەرایەتی رەوتی ئیخوان موسلمین دەکات و داعشیش خۆی بە دەمڕاستی رەوتی سەلەفییەتی جیهادی دەزانێ. ناکۆکی نێوان ئەم سێ رەوتەش زۆر جیدییە بەشێوەیەک کە ئەوەندەی داعش دژی دەسەڵاتی سعوودی و سەلەفییەتی مورجیئەیە بە هەمان ئاستیش دژی رەوتی ئیخوان موسلمینە چ مۆدێلی ئاکەپە چ مۆدێلی حەماسی فەڵەستین یان ئیخوانەکانی میسر. هەمان ئەو دوژمنایەتییەش لە نێوان سەلەفییەتی مەرجیئەو ئیخوان موسلمیندا هەیە و عەرەبستان هەمووکات ئیخوانەکانی بە مەترسی بۆسەر خۆی زانیوە. تەنانەت باسی ئەوە دەکرێ کە لە رووخاندنی دەوڵەتی ئیخوانەکاندا لە مێسری پاش حوسنی موبارەک، عەرەبستان یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە رۆڵی سەرەکی هەبووە. بۆیە ئاساییە بەغدادی هەرەشە لەم دوو وڵاتە بکات بە تایبەت کاتێ کە ئەوان لە بەرابەر داعشدا پشتیوانی گروپە جیهادییەکانی تری سووریا دەکەن کە داعش بە سەحەواتی ریدە و نۆکەری ئەمەریکایان دەزانێ.

دوای بڵاوبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەبووبەکر بەغدادی، میدیاکانی رووسیا نوسیان داعش هەڕەشەی لە ئێران کردووە. ئاخۆ ئەم دوژمن سازییەی رووسیا بۆ ئێران بۆ چی دەگەرێتەوە؟

دیارە داعش لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەڕەشەی لە ئێران کردووە، بەڵام وەک هەردوولا ئاماژەمان پێکرد تاکوو ئێستا بە کردەوە ئەم دژایەتییەی نەسەلماندووە لە کاتیکدا کە خاوەن تەنزیماتە لە ئێراندا و نزیک بە ٤٠٠ سوننە مەزهەبی ئێرانی راستەوخۆ پێوەندییان پێوە کردووە.

 مەبەستم ئەوەیە ئەگەر پلانیان هەبایە و بیانویستبایە ئەوا زەمینەکەی فەراهەم بوو. لە حاڵێکدا کە لە تورکیاو سعوودییە چەندین چالاکییان بەڕێوە بردووە بە تایبەت لە تورکیا. دیارە نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە داعش لەو دوو وڵاتەدا خاوەن تەنزیماتێکی بەهێزە بەڵام بۆ ئەنجامدانی کردەیەکی تێرۆریستی لە ئێراندا داعش لە رووی مرۆییەوە هیچ گرفتێکی نەبووە تەنانەت دەیتوانی کردەوەی خۆکوژیش ئەنجام بدات چونکە بەشێکی بەرچاوی ئەو گەنجانەی لە ئێرانەوە روویان لە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی داعش کردووە، خۆیان بۆ ئەنجامدانیکردەوەی تیرۆریستی ناونووس کردووە.

ئایا بەڕاستی تورکیا و عەرەبەستان دوژمنی داعشن؟

بەڵێ وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەوان دوژمنی داعشن بەڵام هاوکات ئەو رێکخراوەیان وەکوو کارتێک بەکارهێناوە وەکچۆن داعشیش بە شێوازێکیتر سوودی لەوان وەرگرتووە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ ئاستی دوژمنایەتییەکە پیشان بدەین ئەوا دوژمنایەتی لە نێوان داعش و عەرەبستان زیاتره. ئەمەش هۆکاری زۆرە و یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە عەرەبستاندا شێخە سەلەفییەکانی سەر بە دەسەڵات لە ڕووی تیۆریکەوە رەتی داعش دەدەنەوە و فەتوای ئەوان بەلای خەڵکانێکی زۆرەوە نەک هەر لەو وڵاتە بەڵکوو لە وڵاتانی تریش گرینگە و ئەمەش زۆر بە زیانی داعش بووە. بەڵام لە تورکیا شتێکی وا لە ئارادا نییەو داعش دەستی ئاوەڵاترەو توانیویەتی کاریگەرییەکی زۆر لەسەر خەڵکی ئەو وڵاتە بە کوردەکانیشەوە دابنێ. هەروەها خاکی تورکیا وەکوو حەوشی خەڵوەتی داعش وابووە وەک چۆن لە سەردەمی دەسەڵاتی تالیبان و قاعیدەدا لە ئەفغانستان وڵاتی ئێران ببووە حەوشی خەڵوەتی رێکخراوی قاعیدە و وەک وەحید موژدە لە کتێبی ئەفغانستان و پێنج ساڵ دەسەڵاتی تالیباندا باسی دەکات، لەو ساڵانەدا زیاتر لە ٩٠٪ی خۆبەخشەکان لە رێگای ئێرانەوە هاتووچۆی ئەفغانستانیان کردووە. هەروەها لە کوردستانیشەوە نوێنەرانی گروپە جیهادییەکانی حەماس و تەوحیدی ئیسلامی و باڵی ئیسڵاحی مەلا کرێکار و هێزی دووی سۆران لە هەمان رێگاوە سەردانی ئەفغانستانیان کرد. یان دواتر کە هێرشکرایە سەر ئەفغانستان گەورە تیرۆریستێکی وەک ئەبوو مەسعەب زەرقاوی لە رێگای ئێرانەوە خۆی گەیاندە ناوچەی بیارە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو چەند مانگێکیش لە ئێران ماوەتەوە. لە تورکیاش داعش هەر هەمان ئەوکارەی کرد و دەسەڵاتیش نەیویست رێگای لێبگرێ.

ئایا بەڕاستی داعش رۆڵی دوژمنی بۆ سووریا و ئێران هەبووە؟

بە باوەڕی من ئەگەر کردەوەکانی داعش بکەینە پێوەر یان ئەو قازانجانەی ئەم رێکخراوە بە شێوەی ناراستەوخۆ بۆ ئێرانی هەبووە بکەینە پێوەر ئەوا کارتی داعش زیاترین قازانجی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبووە و لە بەرابەریشدا نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر ئەو دەسەڵاتە. بەڵام لە تورکیا ئەوەندەی قازانجی بووە بە هەمان ئاست زەرەریشی بووە و بۆتە هەڕەشە و تەنانەت ئەگەریش داعش لە فۆرم و شکڵی خیلافەتدا لە عێراق و شام بەردەوام نەبێ ئەوا وەکوو رێکخراو دەمێنێتەوە و بەشێوازی ژیرزەمینی و لە رێگای تەنزیماتەکانییەوە چالاکییەکانی بەردەوام دەکات و مەزنەندە دەکرێ تورکیاش یەکێک بێ لەو شوێنانەی تیایدا چالاک بمێننەوە. بە نیسبەت سووریاشەوە دیسان داعش گەورەترین سوودی بە رژێمی بەشارئەسەد گەیاندووە و لە راستیدا ئەگەر بەغدادی لە بەرەی نۆسرە جیانەبایەتەوە ئەگەری کەوتنی دەسەڵاتی ناوەندی زۆر بوو و لە واقعیشدا رەوتی رووداوەکانی ئەوکات بەو ئاقارەدا دەرۆیشت. بەڵام بینیمان کە پاش جیابوونەوەی  داعش بەشێکی زۆری وزەی هێزە جیهادییەکان دژی یەکتر بەکارهات. داعش وەکوو هێزێکی گەورەی گۆرەپانەکە نەک درێژەی بە هێرشەکانی بۆسەر  ئارتەشی سووریا و میلیشیاکانی نزیک لە بەشار ئەسەد نەدا بەڵکوو کەوتە داگیکردنی ئەو ناوچانەی بە دەست هێزەکانی ترەوە بوون و پێشی بە پێشڕەوییەکانی ئەوان گرت. واتە نەخۆی بەردەوام بوو لە دژایەتیکردنی رژێمی ئەسەد نە مەجالی بە هێزە جیهادییەکانی تردا بە ئاراستەی رووخاندنی رژێمی بەعسی سووریادا هەنگاوی زیاتر هەڵگرن. لە لایەکی تریشەوە کاتێک گەڕانەوە بۆ عێراق لە باتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەغداد تەنانەت سەمەڕاش کە زۆربەی دانیشتووانەکانی عارەبی سوننەن، روویان لە هەرێمی باشووری کوردستان کرد. بە گشتی داعش لە سووریا بوو بە هۆکاری مانەوەی ئەسەد لە عێراقیش بووە هۆی سەرگرتنی پلانەکانی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی و تازەترین دەسکەوتیش بۆ ئێران و لایەنە عێراقییەکانی نزیک لەو رژێمە، شەرعییەتدان بوو بە حەشدی شەعبی و ناساندنی وەکوو هێزێکی نیشتمانی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت