کێشی ئەفشین سۆهراب‌زاده، زیندانیی سیاسی تووشبوو بە شیرپەنجە ٤٠ کیلۆی ماوەتەوە

0
689

ڕۆژی کورد: هاوکات لەگەڵ تێکچوونی باری تەندروستی ئەفشین سۆهراب‌زاده، زیندانیی سیاسیی کوردی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕژیم، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گیانی زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە.

ڕۆژی سێ‌شەممە ١١ی جۆزەردان، ئەفشین سۆهراب‌زاده کە لە زیندانی میناب ڕاگیراوە، پاش ئەوەی لە ناکاودا باری تەندروستیی تێکچوو، بە شێوەی ئورژانسی (فریاکەوتن) بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕاگوێزرا.

بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە کە لە دوو ڕۆژ پێش ئێستاوە تەنیا کەمێک ئاوی خواردۆتەوەو، توانایی خواردنی هیچ شتێکی دیکەی نەبووە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، هاوکات لەگەڵ خراپتر بوونی دۆخی تەندروستیی ئەفشین سۆهراب‌زاده، چەند پەڵەیەک خوێنی بچووک لە کاتی کۆخینی ئەو زیندانییە کوردەدا بە دیار کەوتوون.

ئەو زیندانییە کوردە کە لە سەرەتای مانگی جۆزەرداندا کە نزیک بوو بەهۆی نەخۆشیی سیەکانی و هەروەها شێرپەنجەوە بخنکێت، ئەمڕۆکەش بەو هۆیەوە لە ناکاو تەندروستیی تێکچووەو لە ئەنجامدا بۆ دەرەوەی زیندان گوازراوەتەوە.

سەرەڕای دۆخی نالەباری ئەفشین سۆهراب‌زاده و چەند زیندانییەکی سیاسیی دیکە لە زیندانی میناب، بەشی تەندروستیی ئەو زیندانە (بهداری) لە ٥ مانگ پێش ئێستاوە پزیشکی چاوەدێری نییە.

لەگەڵ ئەوەیکە نەخۆشیی شێرپەنجەی ئەفشین سۆهراب‌زاده لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و پزیشک پێشنیاری ڕاگواستنی ئەو زیندانییە سیاسیەی بۆ زیندانێکی باشتر کردووە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو پیشنیارە جێبەجێ نەکراوە.

ئەفشین سۆهراب‌زاده، ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێڕانەگەیشتن بە دۆخی نەخۆشییەکەی لەلایەن بەرپرسانەوەو هەرەوەها بڕینەوەی حوکمی ٢٥ سال زیندانی بۆ ناوبرا، لێوەکانی خۆی تەقەڵ دا و مانی لە خواردن گرت.

هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەفشین سۆهراب‌زاده تووشی چەندین نەخۆشیی جەستەیی بووە و بەردەوام دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کە باری تەندروستیی ناوبراو تێکدەچێت، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە لە ناردنی بۆ دەرەوەی زیندان رێگری دەکرێت.

دەگوتری کە کێشی ئەفشین سۆهراب‌زاده بۆ سنووری ٤٠ کیلۆ دابەزیوەو لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو دۆخە رۆژ لەدوای رۆژ لە مەرگ نزیکتر دەبێتەوە.

ئەفشین‌سۆهراب‌زاده زیندانیی سیاسیی تەمەن ٢٦ ساڵەی کورد، ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی سالی ٨٩ لە ڕێگەی سنە بۆ سەقز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە کۆمەڵەدا حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی  بۆ بڕایەوە.

سەرەڕای بەدواداچوون و ناڕەزایەتیی پارێزەر و بنەماڵەکەی لەمەڕ ئەو ٢٥ ساڵ زیندانیە، بەڵام ئەو حوکمە لە بێدادگای پێداچوونەوەو دیوانی باڵای ڕژیمی ئیسلامییەوە وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.