چریکەی سابڵاغ

0
226

مام عەلی سەعیدی گەورە بنەماڵەی ماملێ، چوار کوڕی بەناوەکانی ” حسەین، محەمەد، حەسەن و جەعفەر” ەوە هەبووە. حەسەن سێیەم کوڕی مام عەلی، لە ساڵی ١٩٣٠ لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و لە ١٩٣٦دا، چووەتە بەر خوێندن و پاش چوار ساڵ، دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و بەردەستی باوکی کردووە.

لە ساڵی ١٩٥٢دا، لەگەڵ خاتوو ” زبێدە میرزا عەبدوڵڵای نژادیان” دا، ژیانی هاوسەری پێک هێناوە و پێنج کوڕیان بەناوەکانی ” عەلی، سمایل، ئەبوبەکر، کەماڵ و جەماڵ” و دوو کچیان بەناوەکانی ” ئامین و ماپەرە” هەبووە. هەر لە پەنجاکانەوە، لەگەڵ محەمەد و حسەینی برایدا، ئاهەنگەکانی ناوچەی مەهاباد و گوند و شارۆچکەکانی موکریان و مەنگوڕایەتییان پڕجۆش و خرۆش کردووە. زۆر بەوریایی و ڕێزەوە، هاوەڵایەتی و گۆرانی دووقۆڵی لەگەڵ ” محەمەدی ماملێ” براگەورەیدا کردووە.

حەسەنی ماملێ جگە لە گوتنی گۆرانی میللی، لە بەکارهێنانی هەڵبەست و ئاوازەکانی ” وەفایی” ی موکریانیشدا، زۆر شارەزا بووە و وەستایانە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە.

یەکەم بەرهەمی لە ڕادیۆ کرماشان بەناوی ” ئەی خودا هاوار”ە لەگەڵ تیپی موزیکی کرماشاندا تۆمار کردووە، هەروەها بەرهەمی تری لە ڕادیۆدا تۆمار کردووە و بەهۆی ئەوەوە کە لەوسەردەمەدا بە “سەفحە”ی گرامافۆن بڵاوبوونەتەوە، چارەنووسی زۆرێک لەو بەرهەمانە، بەنادیاری ماونەتەوە. حەسەنی ماملێ لە ساڵی ١٩٦٥دا، گۆرانییەکانی” باغی سێوان، لەرزانە، کازەبەی زوڵف، جانانە…،” هەروەها لە ١٩٦٩دا گۆرانییەکانی” فاتمۆکێ، سیاپۆش، سوبحی دەم”ی لە ڕادیۆ کرماشان و مەهاباد دا، تۆمار کردووە. هەر لە ساڵی ١٩٦٩دا و کاتێک “ئێزگەی تەلەفزیۆنی ورمێ” کراوەتەوە، حەسەنی ماملێ لەگەڵ هونەرمەندان” سەید ڕەحیمی قوڕەیشی، بیوکی خانباغی، کەریمی چیرەیی(تەڵایی)، ئەمیری خاڵەندی، ئەمجەدی ئێرانزادە، ڕەحیمی عەباسی…،” بانگ دەکرێن و بەشداری لە چالاکییە هونەرییەکاندا دەکەن.

کۆی بەرهەمە بەجێماو و تۆمارکراوەکانی هونەرمەند نزیک بە ٤٠ گۆرانییە، ئەمە جگە لەو بەرهەمانەی کە لەگەڵ هونەرمەندان ” محەمەدی ماملێ، خەلیل سدیقی، مەلا حسەینی عەبدوڵڵا زادە، عەبدوڵڵا سنجان و محەمەد حەتۆتە” دا تۆماری کردوون.

حەسەنی ماملێ، جگە لە هۆگریی و هاوڕێیەتی براگەورەکەی” محەمەدی ماملێ” زۆرترین پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ ” مەلا حسەینی عەبدوڵڵازادە” دا هەبووە و نزیک بە ٣٢ ساڵ هاوڕێی نزیکی یەکتر بوون و دەیان کۆڕ و کۆبوونەوەی هونەرییان پێکەوە ساز کردووە، لەوانەی کە تۆمار کراون و ماونەتەوە، گۆرانییەکانی” بەلەنجە، سەد بریا بمزانیبا، نازت بێ، های بەسێ، هەوارە…،” یە.

لە ساڵی ١٩٧١دا و کاتێک بۆ کاسبی ڕوو لە شاری” شنۆ” دەکات، تاکە گەرماوی ئەوکاتی شاری” شنۆ” دەکڕێت و چەند مانگێک بەتەنیا دەمێنێتەوە و دواتریش خێزانەکەی دەهێنێ و پێکەوە لەوی نیشتەجێ دەبن و ئیتر بۆ مەهاباد ناگەڕێتەوە. ئەم ژیان گواستنەوەیە، حەسەن لە کاری هونەری دوورتر دەخاتەوە و زۆرتر سەرقاڵی کاسبی دەبێت و لەئایین و خواپەرەستیش نزیکتر دەبێتەوە و تەنها لە مەراسیمە ئایینییەکاندا، گۆرانی دەڵێتەوە.

وەک ئاشکرایە محەمەدی ماملێ بەیەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئاسمانی هونەری کوردی دادەنرێت، حەسەنی ماملێیش ئەستێرەیەکی تری ئەم بنەماڵەیە کە توانیویانە خزمەتێکی گەورە بە هونەری کوردی بکەن کە بەداخەوە و بەهۆی باری ناهەمواری کوردستانەوە، حەسەنی ماملێش وەک زۆرێک لە هونەرمەندانی تری کورد، نەیتوانیوە وەک پێویست بایەخ بە بەهرەکەی بدات و پڕ بە کامی دڵ، خزمەتی زۆرتر بە هونەری کوردی بدات.

هونەرمەند حەسەنی ماملی، لە ساڵی ١٩٨٤ و لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا، لەشاری” شنۆ” بە چارەنووسێکی نادیار، کۆتایی بە ژیانی دێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت