چرووک

0
1674

xebat-resuliخەبات ڕەسووڵی

 ئەسعەدی پرسگە کە هات و گوتی مام کەریم مزگێنیم دەیە میوانت بۆ هاتووە، وەک لە ئاسمان ڕا بەربووبێتەوە خوارێ تاسا. میوانی چی؟ کێ هاتووە؟ لە دوایین جارێک کە ژن و منداڵەکەی دیتبوو بیست و پێنج ساڵ تێپەڕ ببوو ولەو ماوەیەدا، تەنانەت جارێکیش کەس لێی نەپرسیبۆوە.بە پەلە هەستا و خۆی پۆشتە کرد و چاوێکی بە ژوورەکەیدا گێڕا.پەتووەکانی سەر تەختەکەی ساف کرد و یەک دوو کراس و پانتۆڵی سەر عەرزی هەڵگرتەوە و بە رەختاوێزی دیوارەکەیدا هەڵواسین و دەرکەی داخست و بە پێپلیکانەکانی تەنیشت خەدەمات و پرسگەی قەڵادا هاتەخوارێ.قەڵا پەپووی لێ دەخوێند و بەو بەیانی جومعەیە کەس دیار نەبوو.پێشمەرگە سەڵتەکان تا نیوەڕۆ دەخەون و بنەماڵەکانیش لە ئازادی و زەوییە سپین. لەوسەر لە نزیک شێرەی دەرکەی ئەوبەری قەڵا دوو ژن خەریکی مافوور شۆردن بوون و چاوە کزەکانی مام کەریم هێندەیان هێز تێدانەبوو تا بۆی دەربکەوێ کێن لێرە خەریکی فەرش و موکێت شۆردنن.

پێشمەرگەیەک لە بەر دەرکەی قەڵا بە چەک و ڕەختەوە ڕاوەستابوو .مام کەریم سڵاوێکی لێ کرد.بە تەمای خودا ئەگەر ماشین هات و تا پرسگە سواری بکەن ، وردە وردە وەرێ کەوت.لە مەنبەعی ئاوەکە هێشتا زۆر دوور نەکەوتبۆوە ماشێنێکی شاسی بڵیندی سپی وەک فیشەک بە پەنایدا تێپەڕی.مام کەریم هەر ئەوەندە فریا کەوت سەری هەڵێنێ و دورکەتنەوەکەی ببینێ.شۆفیرەکە عەینەکێکی دودی بە چاوەوە بوو و لە ئاوێنەی ماشێنەکەوە چاوێکی لە ماندوویەتی مام کەریم کرد و رۆیشت.

گەیشتبووە مەعبەینی تەقەمەنی و فێرگە یەعقووب بە خۆی و بە تراکتۆرەکەی و بە تانکێڕی پشتەوەی گەیشتە سەری و بۆی راگرت.مام کەریم خووساو لە ئارەقەدا و بە هانکە هانک سوار بوو .لە نێو تەق و هۆڕی تراکتۆردا هەر ئەوەندەی پێکرا بە یەعقووب بڵێ تا پرسگەی بەرێ و ئەویش سەرێکی بۆ لەقاند و وەرێ کەوت.

لە تەنیشت پرسگەی سەرێ کە دابەزی دەتگوت تەشتێكیان ئاو پێداکردووە ،جوان جوان خووسابوو.هێواش بە لێژەکەدا بەرەو پرسگە شۆڕبۆوە و سڵاوی لە کچە پێشمەرگەکەی بەردەرکە کرد و چووە ژوورێ.

گوڵێ لەسەر بەردێک، لە نزیک دەرکەی پرسگە دانیشتبوو.کە مام کەریمی دیت قرچەپێ لە بەری هەستا و بەرەو پیری رۆیشت.

– چاو و دڵت روون مام کەریم

– کێ هاتووە؟

– وەڵڵا نازانم بە بۆنەی نەورۆزەوە میوانێکی زۆر هاتوون .

دڵەڕاوکە و شادی لە نێو دڵیدا شەپۆلی دەدا .وردە وردە بەرەو ژوورێ هەڵکشا.قاسمە قەڵەو لەگەڵ پیاوێک لە سووچێک راوەستابوون.مام کەریم قاسمی بە نێو نەدەناسی . تەنیا دەیزانی پێشمەرگەی پرسگەیە .هەر لە دورەوە سڵاوی کرد .شاهۆ و باوک و کوڕێک لە چەقی حەسارێ پێکەوە ڕاوەستا بوون و وەها گەرمی قسە بوون ئاگایان لە نزیک بوونەوەی نەبوو.لە پەنا تانکێڕی ئاوی پرسگە ژن وپیاوێک و منداڵێک ڕاوەستابوون.پیاوەکە داهاتەوە و شێرەکەی بەرداوە و دەموچاوی منداڵەکەکەی شۆرد.ژنەکە سەری ڕەنگێکی مەیلەو سپی بوو.مام کەریم نەیدەزانی ئەوە مۆدی تازەی ژنانە .ژنە چەسپێکیش لە سەر لووتی بوو و مام کەریم وای زانی لووتی بریندار بووە.

شاهۆ رووی کردە کوڕەکە و گوتی:

– حیزب لە ژێر هەژدە ساڵ پێشمەرگە وەرناگرێ.

کوڕەکە بە دڵ پڕییەوە گوتی:

– باشە من بەوهەموو زەحمەتە خۆم گەیاندووەتە ئێوە.

باوکەکە رووی کردە شاهۆ و گوتی :

– بە شاهیدی تۆ کاک شاهۆ من قەولی پێ دەدەم بە خۆم دوو ساڵی دیکە بیهێنمەوە.

کوڕە بە گریانەوە گوتی:

– من ناڕۆمەوە

شاهۆ باوەشی پێداکرد و ماچی کرد.

– ئەوە باوکت قەولی دا بە خۆی بتهێنێتەوە.مەگری عەیبە تۆ پیاوی.

کوڕە سەری بە هەنیسکەوە وەختابوو هەڵکەندرێ.

مام کەریم رووی لەوان وەرگێڕا و رووی لە ژوورەکانی سەرێ کرد.پیرێژنێکی قەڵەوی مانتۆ ڕەش ،دوگمەکانی مانتۆکەی کردبۆوە و لە تاوی گەرما باوەشی بە موبەڕیدەکە دا کردبوو.یەک دوو ژن و پیاویش لەوبەرولەمبەر چاوەڕوانی هاتنی خزمەکانیان دانیشتبوون.مام کەریم دڵنیا بوو هیچیان ناناسێ.بەدڵی داهات ناکا پێیان ڕابواردبێ.سەری بەرداوە و بەرەو قاسمە قەڵەو داگەڕاوە خوارێ.لە پڕ دەنگێکی پیرێژنانە بانگی کرد.

– کەریم…کەریم.

مام کەریم ئاوڕی داوە. دیتی لەپشت تانکێڕی ئاوەکەوە پیرێژنێک کەوادیار بوو لە ئاودەست هاتبووە دەرێ.بانگی دەکات.پیرێژنێکی وردیلەی کز.مام کەریم وەک لە پڕ پەردەیەک لە پێش چاوی لابچێ .لە بن لێویەوە گوتی: زێنەب!
زێنەب و مام کەریم هێندە شەرمێون بوون کە پاش بیست و پێنج ساڵ یەکتر نەدیتن بە زەحمەت توانیان یەکتر لە ئامێز بگرن و یەکتر ماچ بکەن.زینەب فرمێسکەکانی سڕی و بە لووشمە لووشمەوە گوتی:

– ئەوە ڕەحمانت نەناسییەوە ماڵت نەشێوێ؟

مام کەریم بە سەرسووڕمانەوە چاوی بەسەر ئەو ژن و پیاو و منداڵەی پشت سەری زێنەبدا گێڕا و چاوەکانی لەسەر پیاوەکە ڕاوەستان.ڕەحمان بە گریانەوە خۆی بە باوەشی باوکی داکرد .مام کەریم بۆ ساتێک تاسا و حەپەساو توند بە خۆیەوە کوشی و بۆنی پێوە کرد وماچی کرد و گوتی

– رووی پیری ڕەش بێ ئەوە بۆ تۆم نەناسییەوە.ڕەحمان گیان؟

ڕەحمان پاش کەمێک گریان لە باوەشی باوکیدا، رووی کردە خێزان و کوڕەکەی و گوتی

– بابە گیان ئەوە شیرینی خێزانمە و ئەوش هێمنی کوڕمە.

مام کەریم وەک ئێستا بووکی بۆ کوڕەکەی دابەزاندبێ پێی خۆش بوو دەست بداتە دەسرۆکەیەک و لە پێشیان سەما بکات.لە خۆشیان زمانی تەتەڵەی دەکرد و نەیدەزانی چ بڵێ.پاش کەمێک گوتی بابڕۆین.دەستیان دا ساکەکانیان.لەبەر دەرکەی پرسگە گوڵێ گوتی:

– مام کەریم بەو گەرمایە با بە پێیان نەڕۆن تەلەفوون بۆ پرسگەی ئازادی دەکەم ، ئەگەر لەندوێرە سوورەکە لەوێ بێ با بە دواتاندا بێ.

مام کەریم گوتی:

– وەی ڕەحمەت لە بابت وەڵڵا من هێندە خۆشحاڵم سەرم لێ شێواوە و نازانم چ دەکەم.

لە بن سێبەری دارەکەی حەساری نزیک نیگابان هەموو ڕاوەستان و بە تامەزرۆییەوە چاویان لە یەکتر دەکرد.لەپڕ کەماڵ بە شلەخەجێ سپیەکەی پارێزگارییەوە رووی کردە دەرکەی پرسگە و هاتە ژوورێ.مام کەریم پێش ئەوەی نیگابان زنجیری بەردەرکە بۆ کەماڵ بەرداتەوە.چووە پێشێ و گوتی

– کەماڵ گیان تا قەڵامان دەبەی؟

کەماڵ گوتی:

ئەو کاغەزە دەبەمە کن کاک خالید لە پەزیرش و دەگەڕێمەوە و سوارتان دەکەم. تا کەماڵ گەڕاوە ،لەندوێرەکەش گەیشتێ.مام کەریم بە زۆری دوو دیناری لە مستی شۆفیرەکەی کرد و بەڕێیان کردەوە خوارێ و سواری ماشێنەکەی کەماڵ بوون.زێنەب و مام کەریم و هێمن لە پێشەوە سوار بوون و ڕەحمان و شیرینیش لە دواوە.هەرکە سوار بوون مام کەریم رووی کردە زێنەب و گوتی

– ئەوە شیرین لووتی بەچی بریندار بووە؟

زێنەب گوتی:

– کوڕە برینداری چی ،لووتی بە قەت باینجانێک دەبوو مانگی ڕابردوو عەمەلی کرد و چکولەی کردووەتەوە ،لە سایەی ڕەحمەتی خوداوەش بڕیک خوار بووە.

مام کەریم بزەیەک هاتە سەر لێوی و گوتی:

– بەزمی بووک و خەسوو قەت تەواو نابێ

پاشان پێکەنی. زێنەب گوتی:

– ئەرێوەڵڵا رۆژ نییە شەڕمان نەبێ .منیش پشتم قایم نییە ،مەگەر تۆ بێیەوە ببیە پشتیوانم.

کەماڵ پێکەنی و گوتی:

-مام کەریم بەو ئاخری تەمەنە دایە دەیەوێ خۆت تەسلیم بکەیەوە.

ماشێنەکە گەیشتبووە بەرانبەر فێرگە.مام کەریم چاوی لە گۆڕستانی شەهیدانی پشت فێرگە بڕی و گوتی

– زێنەب نەکا بە تەمابی بمبەیەوە ؟

هێمن لە سەر کۆشی نەنکی وەرسووڕا و گوتی

– باباغا باوکم دەڵێ تۆ سەرپەلی ، سەرپەل چیە؟

کەماڵ بزەیەکی هاتە سەر لیو و مام کەریم بزەکەی دیت و لە دڵی گران هات وگوتی

– کوڕم ئەوە قسەی سی ساڵ لەوەپێشە باوکت بۆ تۆی باس کردووە.

لە گەڵ گەیشتنە بەردەرکەی قەڵا کاک عەمەر لە قەڵا هاتە دەرێ.کەماڵ دابەزی و چاک وخۆشی لەگەڵ کرد.

– کاکە خێرە بەو جومعەیە لێرەی؟

– کەماڵ گیان بۆ کارێک هاتبوومە کومیتەی ئەمنییەت ئەوە دەگەڕێمەوە ئازادی.

– دەی ڕاوەستە با ماڵی مام کەریم دابەزێنم دەتگەیەنمەوە.

کاک عومەر بەرەو پیری مام کەریم رۆیشت.

– چاو و دڵت روون .ئەی ئەوە برالە بۆ ‌هێناوتن بۆ قەڵایە؟

– زۆر سپاس کاک عومەر گیان .با ئەو شەو لە ژوورەکەی من بن .سبەی دەچینە ماڵی دۆستێکی وەک ئێوە.

– کوڕە چۆن دێڵم شتی وا بکەی.بۆ ماڵی ئێمە ماڵی کێیە .جا چۆن بەسەر ماڵی برای خۆت دا دەچیە ماڵی خەڵکی.

– ماڵت هەزار جار ئاوەدان بێ.ئەو شەو پێم خۆشە بە خۆمان بین .سبەی ئینشائەڵڵا دێین.

– دەی زۆر باشە هەر چۆنێکتان پێ مەسڵەحەتە وابکەن کەوایە بۆ سبەی چاوەڕێتانین.

کە کاک عومەر و کەماڵ سواری ماشێنەکە بوون و دوور کەوتنەوە.ئەوانیش دەستیان دا ساکەکانیان و لە دەرکە چکۆلەکەی قەڵاوە هاتنە ژوورێ.مام سەدیق نیگابان بوو.

– ئەمانە کێن لە تەک خۆتا هاوردوتن؟

– ئەوانە خانەوادەکەمن .

– بەخیربێن،ئەمما کاک چەکۆ پێمی وتووە نابێ هیچ خانەوادەیە شەو لە قەڵا بمێنێ.

مام کەریم لەپڕ هەڵچوو و بێ ئەوەی بزانێ کێی لێیە و چ دەڵێ گوتی

– بێ جێ دەکات هەرکەس نەهێڵێ ئێمە بچینە ژوورێ.جا کێ دەگرێتەوە با بیگرێتەوە.

– ئەوە چ ئێژی ؟ جنێوت بە کاک چەکۆدا ؟

بە دەنگە دەنگی مام کەریم و مام سەدیق ،سەلاح و ئەسعەد لە ژووری پرسگە دەرپەڕینە دەرێ.سەلاح گوتی

– ئەو دەنگە دەنگە چیە؟

– کوڕە ئەوە هاتووە دەڵێ کاک چەکۆ گوتویەتی خانەوادە نابێ لە قەڵا بمێننەوە.

– نا بابە ماڵی خۆتانە ،چاو و دڵتان روون.ئەو قسەیە چیە .وەرنە ژوورێ نێوتان دەنووسم و بچنە سەرێ

مام سەدیق توڕە بوو.

– ئەوە لە سەر مەسئولیەت خۆتە.کاک چەکو وتوویە نابێ هیچ خێزانێک شەو لە قەڵا بمێنێ.

سەڵاح گوتی:

– مام سەدیق ئەو بڕیارە بۆ پێشمەرگەی سەڵتە ،بۆ ئەوەی شتی دیکە نەیاتە پێشێ .بە خۆم لەگەڵ کاک چەکۆ قسە دەکەم. برا سبەی تۆش خزم و کەست دێ ئەوە بۆ وادەکەی؟

– من ؟ وەڵڵا لە خوا بەزیاد بێ سەرم سووکە.

پاشان پشتی لەوان کرد و بە قەدەم لێدان بەرەو ناوەندی قەڵا وەرێ کەوت و لەوان دوور کەوتەوە.ڕەحمان بە سەرسووڕمانەوە سەیری دوورکەتنەوەی مام سەدیقی کرد .

هێمن بە دیتینی قەڵا شاگەشکە ببوو.لە خۆشیان حەجمینی نەمابوو.هەزارویەک پرسیاری بۆ دروست ببوو.کە لە پرسگەی قەڵا نێویان نووسین.لە پێپلیکانەکان وەسەر دەکەوتن.ئەسعەد بانگی مام کەریمی کرد وگوتی:

– مام کەریم زوو نەچی نانی نیوەڕۆ تەواو دەبێ.

مام کەریم گوتی باشە ئێستا قابڵەمەیەک دەبەم ودەچم وەری دەگرم.

زێنەب و مام کەریم لە پێشەوە دەرۆیشتن و رەحمان و شیرین و هێمنیش لە پشتەوەیان دەهاتن.هێمن بە دەنگە دەنگەوە پرسیاری لە دایک و باوکی دەکرد.زێنەب بە سرتە بە مام کەریمی گوت ئەوان با بچنە ژوورێ ، من تا ئاودەست بەرە تەنگاوم.

مام کەریم دەرکەی ژوورەکەی بۆ کردنەوە.کۆلێرێکی ئاوی بچووکی کۆن لە پێش دەرکە دانرابوو.شیرین و ڕەحمان بە سەرسووڕمانەوە دیتیان تەنیا نیوەی ژوورەکە موکێت ڕاخستراوە . تەختێک لە سووچێکی دانراوە . رەختاوێزێک بە دیوارەکەوەیە کە یەک دوو دەستی جلوبەرگی پێوە هەڵواسراوە و چەک و رەختێکیش لە گۆشەیەکی دیوارەکە دانراوە.یەک دوو قاپ وقاچاخ و پکنیکێک لە بەشە رووتەکەی ئەرزە سیمانەکە دانراوە. ماڵی مام کەریم هەر ئەوەندە بوو.ڕەحمان کەوشەکانی داکەند و چوو لەسەر تەختەکە دانیشت، شیرین هەروا لە شۆکی دیتنی ئەو ژوورەدا مابۆوە و نەیدەزانی چ بکات و لە کوێ دانیشێ.پاش ماوەیەکی کورت کەوشی خۆی و هێمنی داکەند و چووە سەر موکێتەکە و لەسەر ئەرزە ڕەق و تەقەکە دانیشت و لاقی ڕاکێشا.

مام کەریم لە گەڵ زێنەب بەرەو یەکێک لە قەوسەکانی قەڵا وەڕێ کەوتن.تا زیاتر دەرۆیشتن تاریکتر دەبوو.زێنەب گوتی:

– جا ئەوە بە رۆژ ئاوایە شەوێ چۆنە؟ بە خاتری خودا،من شەوانە دەبێ سەد جار بچمە ئاودەست،چرتکە میزەم هەیە.

– شەوانە تا سەعات دوازدە برق هەیە .پاشان کە برق دەڕوا چراقووەمان هەیە ،بە خۆشم لە گەڵت دێم خەمت نەبێ.

مام کەریم لەو تاریکییەدا دەستێکی بۆ سمتی زێنەب برد.زێنەب یەک بە خۆی هەڵبەزێیەوە و دەرپەڕی.مام کەریم قاقا پێکەنی .زێنەب ئاوڕی داوە و چمۆڵەیەکی لێنا و بە پێکەنینەوە گوتی: حەک عەمرت نەمێنێ .

کە هاتنەوە ژوورێ ، مام کەریم دەستی دا قابڵەمەیەکی گەورە و بەرەو ساڵۆنی نان خواردنی قەڵا وەرێکەوت.نزیک هێزی سامڕەند ئەسعەدی پرسگەی دیت کە لە ساڵۆن دەگەڕایەوە.ئەسعەد گوتی:

– مام کەریم شەوێ من و سەلاح دەچینە پەل دەخەوین.بەشێکتان وەرنە ژوورەکەی ئێمە بخەون،بەڵام تکایە کەس نەزانێ ،چونکە کومیتەی ئەمنییەت بزانن لێپێچینەوەمان لە گەڵ دەکەن.

– باشە دەستتان خۆش بێ .

گەیشتە بەر دەرکەی ساڵۆن دیتی هێشتا خەڵکێکی زۆر بۆ چوونە ژوورێ لە نۆرەدان و بەشێکیش خەریکی نان خواردنن.

لە پشت دوایین کەسەوە ڕاوەستا .پاش کەمێک مام سەرهەنگیش هات و لە پشت ئەوەوە وەک بێ ئەستێرەترین سەرهەنگی دنیا ڕاوەستا.دوو دەقەیەک تێپەڕی سەرهەنگ لە کەلەکەی کوتا.

– بیستوومە خێزانت هاتووە

– وایە

چاوێکی لە سەرهەنگ کرد.سەرهەنگ دەتکوت خێزانی ئەو هاتووە.بزەیەک لە سەر لیوی بوو و ڕدێنیشی شەش تیغ تاشیبوو.

– ئەو شەو دێم سەرێکتان لێ دەدەم.

– ئەو شەو میوانەکانم ماندوون سەرهەنگ سبەی شەوێ وەرە.

– بووکەکەشت هاتووە؟

– بەڵێ بووکەکەم و کوڕەکەم و نەوەکەم.

– گوتت کەنگێ بێم؟

– پێت دەڵێمەوە باشە.

– دەی باشە دەڵێم خیزانت و وان هاتوون عەیبەیشە درەنگ بێم.

مام کەریم چیدیکە جوابی مام سەرهەنگی نەداوە و پشتی تێدەکرد و بەدوای خەڵکەکەدا رۆیشتە ژوورێ.گەیشتە پێش پەنجەرەکە.قابڵەمەکەی دانا و گوتی شاڵی بەشی پێنج کەسم بۆ تێکە.شاڵی گوتی:

– دەبێ نامە لە ئۆرگانەوە بێنی.

– کوڕە قسەی بێ مانا مەکە بەو جومعەیە نامەت لە کوێ بۆ بێنم.تێیکە دوایە نامەت بۆ دێنم.

شاڵی برینجەکەی تێکرد و دوایەش پێنج لەتە رانی مریشکی لە سەر دانا.پێش ئەوەی مام کەریم بچێ دەست بداتە دە نان و بڕوا.شاڵی دیسان بانگی کرد.

– کەریم

– چیە؟

– گوێت بێنە شتێکت پێ دەڵێم.

سەری بردە پێشێ و شاڵیش خۆی کێشایە دەرێ و دەمی بە گوێچکەیەوە نا.

– هەر ئەو شەوت دەرفەتە ژنەکەت خۆشی بۆ نەگوزەرێ لە کنت نامێنێتەوە ها.لێم حاڵی چ دەڵێم؟

مام کەریم پێکەنی و گوتی:

– ئا ئا دەزانم.

کە هاتە دەرێ لە رێگا دەستێکی بە ڕدێنی داهێنا و بیری لەوە کردەوە دوای نەهار حەمام بکا و برێک خۆی تیفتیفە بدات.

پاش حەمام ئەو مرادخانییەی کە زێنەب هێنابووی لەبەر کرد ، بۆی فش و درێژ بوو. زێنەب ئەوی چۆن لە بیرمابوو؟ پیاوێکی بەخۆوەی ،باڵا بەرز،بەڵام ئێستا ئەو کز و کووڕ ببۆوە.هەرچەند ڕدێنی وا تاشیبوو لە دورەوە بریسقەی دەهات، بەڵام لە راستیدا پیرەپیاوێکی چەماوە و بێ تاقەت بوو.

نیوەڕۆ تا گۆڕستانی شەهیدانی پشتی فێرگەی بردن و هەوڵی دا باسی شەهیدەکانیان بۆ بکات ،بەڵام شیرین و ڕەحمان هەر تەقەی سەریان دەهات و تەواو لە دنیایەکی دیکەدا بوون.هێمنیش هەر لاسای دەکردەوە و هەرچی ئەو دەیکوت دەیکوتەوە و بە خۆی وەک یارییەک خۆی پێوە خافڵاندبوو.مام کەریم دەیەویست ئەوەی لە سەر شۆڕشی دەزانێ بەو چەند سەعاتە لە مێشکیان ئاخنێ.لای ئێوارە هەستی کرد.ناتوانێ و هەوڵێکی بی سوودە.ڕەحمان دڵی هەر لەلای دوکانەکەی بوو و شیرینیش ئەوەندەی لە فکری پێست و لووتیدا بوو فکری لە هیچی دیکە نەدەکردەوە.

مام کەریم وردە وردە لە کۆڵ باسی شۆڕش بۆوە و لە گەڕانەوەیان بەرەو قەڵا دا خۆی لە زێنەب نزیک کردەوە و ویستی بزانێ، ئاخۆ دەمێنێتەوە ،یان نا .زێنەب منگەیەکی کرد و هیچی لێ روون نەکردەوە. ئێوارێ لە قەڵا خەیار و ماستیان دەدا و مام کەریمان شەرمەزاری میوانەکانی کرد.ناچار هێلکەورۆنی بۆ دروست کردن.ئاخرییەکانی شەوێ ، سەلاح لە دەرکەی دا و کلیلی ژوورەکەیانی بۆ هێنان،بەڵام ناڕاستەوخۆ حاڵی کردنن بەیانی زوو دەبێ ژوورەکەیان بدەنەوە.سەعات یازدە مام کەریم گوتی ئەمن و زێنەب دەچینە خوارێ و ئێوەش لێرە بخەون.

کە دوو بە دوو مانەوە.مام کەریم نەیدەزانی لە کوێوە دەست پێ بکات.قسەی بیست و پێنج ساڵ دوری چۆن بە شەوێک دەگێڕدرێتەوە.زێنەبیش هەمیشە پێی وابوو جاریکی دیکە کەریم ببینێتەوە دەبێ چەندەی قسە بۆ گوتن پێبێ ،کەچی ئەم شەو هەستی بە غەریبیەکی قووڵ دەکرد و پێی وابوو هیچ قسەیەکی بۆ ئەو کابرایە پێ نییە.وەک دوو کەسی بێگانە لە تەنیشتی یەکتر ڕاکشابوون.

مام کەریم قسەکەی شاڵی لە مێشکیدا هەر دەهات و دەچوو،بەڵام خۆ دەبێ زێنەیش شتێک بکا ،شتێک بڵێ.خۆ کەڵەباب نییە هەروا پێیدا بفسێ.مام کەریم چووە سەر شانی چەپە وبڕێک خۆی لە زێنەب نزیک کردەوە.زێنەب هەست و خوستی لە خۆی بڕی.مام کەریم خۆی پێوە نووساند و لە باوەشی کرد.هێدی هێدی زێنەب هەستێکی ون بوو لە ناخیدا چەقەرەی کرد.هێواش شەرمی وەلا نا .مام کەریم هەروا لە بن گوێچکەی دەستی بە قسەی دڵدارانە کرد و بە دەست و بە لێویش هەوڵی دەدا دۆخەکە ئامادە بکات.کاتێک هەستی کرد زێنەب خەریکە بەڕوویدا بکرێتەوە.لە نەبوونی هیچ هەستێک لە جەستەی خۆیدا تاسا.سەرەتا بە دزییەوە و پاشان بە ئاشکرا خەریکی خۆی بوو.بەڵام لەشیکی ساردوسڕ.پیاوە نووستووەکە نەیدەویست لە خەو هەستێ.

زێنەب پاش ماوەیەک چاوەڕوانی پەتووەکەی بەسەری خۆیدادا و خەوت ،یان بەڕواڵەت خەوت.مام کەریم وەک دیواری رووخاوی خانوویەکی شوێنەوار خۆی دەهاتە پێش چاو.شەرم و هەست بە تاوان کردن سڕی کردبوو.بە ناچار هەستا سەرپێ و لە ژوورێ وەدەرکەوت و لە نێو حەساری قەڵادا دەستی بە قەدەم لێدان کرد.کاتێک کە برق رۆیشت و قەڵا نووقمی تاریکی بوو . تازە وەبیری هاتەوە کە ژوورەکانی قەڵا لە بێ موبەڕیدەییدا دەبنە جەهەنەم.گەڕاوە ژوورێ و لەگەڵ زێنەب دەستیان دا چوار پەتوو و چوون بە شوێن ڕەحمان و واندا وهەموو پێکەوە چوونە سەربانی قەڵا.

زۆر زوو گەرما و مێشوولە فشاری بۆ هێنان.هێمن لەتاوان خەوی لێ نەدەکەوت .پاش کەمێک گوێیان لێ بوو دوو کەس لەولاوە پێکەوە قسەیان دەکرد و باسی دووپشکیان دەکرد.ژنەکان لە ترسان خەریک بوو بەو شەوە هەستن بڕۆنەوە ئێران .مام کەریم هەزار سوێندی بۆ خواردن کە سەربان دوو پشکی لێ نییە.تا بەیانی کەسیان نەنووست .زێنەب ئەو شەوە پێنج جار،هەر جارەی لەگەڵ مام کەریم و ڕەحمان و بە چراقووەوە بە نێو لەشکری خەوتووەکانی سەربانی قەڵادا چووە ئاودەست و هەموو جارێ لە شەرمان وەختابوو ببێتە قەترەیەکی ئاو و بە عەرزیدا رۆچیتە خوارێ.شیرین و ڕەحمان لە بن یەکتر هەر سرت وخورتیان بوو.تا وای لێهات ڕەحمان بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەربڕی

– باشە بابە تۆ بە سی ساڵان ئەوە چ وەزعێکی ژیانە هەتە؟

زێنەب هەوڵی دا بێ دەنگی بکات

– وست بە کوڕە .

مام کەریم گوتی:

– ئەی دوێنێ ئەو هەموو قسەیەم لە سەر شۆڕشی کورد بۆ کردی بۆ چ بوو؟ ناکا بەو گوێچکەیەت دا چووبێتە ژوورێ و بە گوێچکەکەی دیکەت دا رۆیشتبێتە دەرێ ؟

شیرین گوتی:

– وەڵڵا مامە پێت ناخۆش نەبێ ،بەڵام مامە ئێمە بەیانی دەڕۆینەوە.

زێنەب گوتی:

– ئەی ڕۆ چۆن شەوێک لێرە بین؟بزانن ئابڕوومان نابەن.

ڕەحمان گوتی:

– دایە پێت خۆشە تۆ لێرە بمێنەوە.

مام کەریم چاوی لە زێنەب کرد.زێنەب بۆڵەیەکی کرد و سەری داخست.

بەیانی هەموو بەچاوی خەواڵوو و ماندوو خۆیان کۆ کردەوە.ئەوان گوتیان دەڕۆینەوە ومام کەریمیش نەیگوت بمێننەوە.تا کۆیە لە گەڵیان چوو. لە گەراجی کۆیە سواری ماشینی کردن و ئەوەندە پووڵەی لە گیرفانیدا بوو کردیە مستی شۆفیرەکەوە . ماشێنەکە بەرەو سلێمانی وەرێکەوت . هەستی کرد بارێکی قورس لە سەر شانی لاچووە،تەنانەت دینارێکی پێ نەمابوو سواری تاکسی بێ و تا قەڵا بگەڕێتەوە.بە ناچار ملی رێگای گرتەبەر و وردە وردە بە پێیان بەرەو قەڵا گەڕایەوە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.