چیرۆكی كامێرامەن

0
1185

ئەو چیرۆکە پێشکەشە بە شەهید سەلاحی نادری کە لە شەڕی قەرەسه‌قه‌ڵ دا گیانی پاکی پێشکەشی نیشتمان کرد.

خەبات ڕەسووڵی
خەبات ڕەسووڵی

ماڵی ئێمە بەسەر شەڕەگەکەدا دەڕوانێ. دایکم دەڵێ:
– رۆڵە بکشێوە دواوە،گوللەیەکی وێڵەکی دەتپێكێ
بەڵام من دەمەوێ چاو لێبکەم.جوابی نادەمەوە .پاسدارەکان لە پشتەوە ڕاوەستاون و جاشەکانیان وەپێش داوە.وردە وردە دەچنە پێشێ.لە پڕکلاشینکۆفێک بەسەریاندا خوێندی.ئەوەندەی چاوم لێبوو چوار کەس کەوتن و ئەوانەی دیکە بە پەلە کشانە دواوە.چەند چرکە دواتر ماڵەکەیان گوللە باران کرد.لەوبەریشەوە جوابیان دانەوە.شریخە و ویزەی بیکەیسی و کڵاش تێکەڵی یەکتر بوون. دەنگی ئارپیجییەک دۆخەکەی شێواند.بیست دەقەیەک بێ دەنگی باڵی بەسەر دێدا کێشا.پاسدارەکان لەوبەری دێ تۆپەکانیان دامەزراند و ماڵەکەیان ئاگرباران کرد.لەگەڵ یەکەم ڕمبە ، شووشەی ئەو پەنجەرەیەی لە بنی دانیشتووم خرمەی کرد و بەسەرمدا هاتە خوارێ.دایکم و باوکم لە ژێرخانەوە دەرپەڕینە دەرێ. وردە شووشە شپرزەی کردووم.باوکم زوو ویلچێرەکەی وەرسووڕاند و لە پەنجەرەکەی دوور خستمەوە.دایکم چاو بە فرمێسک وردە شووشەی لە گیانم دەردێنێ. لە نێو میشکمدا یەکێک توند فیتوو لێدەدا.کاس ببووم.تەنیا دەزانم پەشۆکاون .گوێم لە دەنگیان نییە.لە پڕ کپییەکەی گوێم کراوە.گوتم :
– ئەوانە هاتوون تۆڵەی لاقە وەسەرمین پەڕیوەکەی من بستێننەوە.
باوکم پاڵی بە ویلچێرەکەوەنا و گوتی:
– باشە بیبینی و نەیبینی ئەوان تۆڵەت دەکەنەوە.ورە بابڕۆینە خوارێ.
لەسەر پلیکانەکان لە باوەشم دەکات و سەبر سەبر دەمباتە خوارێ .لە نێوڕاستی پلیکانەکان توند لەباوەشم کرد و گوتم: – بابە دەمەوێ بیبینم.
چاوم لە چاوە فرمێسکاوییەکانی بڕی.
– تکایە
هێواش گوتی:
– باشە کچم ئێستا دەتبەمەوە سەرێ.
لەوانەیە پێش پاسدارەکان من دیتبێتم.لێنزی کامێراکە هێواش لە پەنجەرەکەوە هاتە دەرێ.پاش کەمێک تا ئەو جێگایەی دەکرا بەلای ڕاستدا سووڕا. سەیری پاسدارەکانم کرد.فەرماندەکان بە دوربینەکانیان شەڕگەیان لە ژێرچاودێریدا بوو.بە سەرسووڕمانەوە کامێراکەیان پیشان یەکتری دەدا.هەست بە جۆرێک شڵەژانیان دەکرا.ئەو وێنانە دەکرێ بەڵگەی ئەو تاوانە بن کە خەریکن بەڕێوەی دەبەن.ترسی ئابڕووچوون نێوچاوی فەرماندەکانی تەنیبوو.کامێراکەیان وەبەر دەسترێژدا،بەڵام کامێراکە بە شێنەیی کشاوە دواوە.جاشێکی چوارشانە بن دیوارەوە و بن دیوار دەیەویست لە پەنجەرەکان نزیک بێتەوە.لە کن پێشمەرگەکانەوە نەدیو بوو. لە خودا پاڕامەوە بینینن.لەپڕ لە خانووی بەرانبەرییەوە تەقەی لێکرا.منیش بە قەت جاشەکە لەو تەقەیە هەڵبەزیمەوە ،چونکە منیش پێم وانەبوو لەو ماڵە پێشمەرگەی لێ بێ.جاشەکە گوللەیەک لە شانی درا.دەستی بە شانییەوە گرت وبە کوڕە کوڕ پاشەکشەی کرد.یەكێک لە فەرماندەکان ،دەستی راستی بردە سەرێ و لە گەڵ هێنانە خوارێی دەستی ،لە سێ قۆڵەوە جاشەکان بەرەو خانووەکان چوونە پێشێ.لە گەڵ چوونە پێشیش ،تەقەیان دەکرد.پێشمەرگەکان لە دوو پەنجەرەوە جوابیان دەدانەوە و تەقەیان لێ دەکردن.لە پڕ لە سەربانەوە کوڕێکی باڵابەرز هەستا سەرپێ و دەسترێژێکی کردە نێو جاشەکانەوە و پاشان لە بن کولاوکەی سەربانەکە سەنگەری گرت.بەنێوقەدیەوە شتێکی ڕەشم دی ،خۆی بوو. کامێرامەنەکە بوو کە سەنگەری لێ گرتبوون.
بە دەستی باوکم لە سەر شانم ڕاچڵەکام.ئاوڕم داوە.
– بابە؟
– منیش دەمەوێ ببینم چۆن تۆڵەی لاقە پەڕیوەکانت دەکەنەوە.
دەست دەخەمە سەردەستی و دەستی دەگوشم. ئەویش وەک وەڵام دانەوەیەک بە دەستی شانم دەگوشێ و دادێتەوە و سەرم ماچ دەکات.پتر لە دە دەقەیە هیچ لایەک تەقە ناکەن.بێ دەنگی باڵی بەسەر ئاواییدا کێشاوە.بە چەشنێک ئەگەر کەسێکی نامۆ بە دۆخەکە بێرەدا تێپەرێ بە زەحمەت بڕوا دەکات ئێرە گۆڕەپانی شەڕە.تەنیا کامێرامەنەکەیە بۆ چرکەیەکیش ڕانەوەستاوە و بەردەوام سیلە لە دیمەنەکان دەگرێ و وێنە دڵخوازەکانی کۆ دەکاتەوە. لەپڕ دەنگی بڵندگۆیەک بێ دەنگی دەشکێنێ.بە زمانی کوردی داوای خۆ بەدەستەوە دانیان لێ دەکات.چاو لە خاوەنی دەنگەکە دەگێڕم. دەیبینمەوە لە بن دارێک ڕاوەستاوە و قسەکانی دووپات دەکاتەوە.فیشەکێکی تێهەڵدەکەن . لە دارەکەی تەنیشتی دەدرێ .زوو خۆی خڕ دەکاتەوە و هەڵدێتە دواوە. تۆپباران دەست پێدەکاتەوە.لە گەڵ ڕمبەی هەر تۆپەی دارودیوار دەلەرزێتەوە.تۆپەکان پاش ماوەیەک بێ دەنگ دەبن و هێرش دەست پێدەکاتەوە.لە ناکاو پێشمەرگەیەک دەردەپەرێتە دەرێ و دێتە نێوەڕاستی جاش و پاسدارەکان و دەست بە تەقە کردن دەکات.کامێرامەنەکە وەک لە بیری چووبێتەوە بە خۆشی لە مەترسیدایە هەڵدەستێتە سەرپێ و وێنەی ئەو دیمەنە تۆمار دەکات.هەر دووکیان گوللە باران دەکرێن.کامێرامەنەکە زوو سەنگەر دەگرێتەوە ،بەڵام پێشمەرگەکەی نێو کۆڵانەکە دمەوڕوو دەکەوێ و جەستەی خەڵتانی خوێن دەبێ.باوکم یەک بە خۆی هاوار دەکات.
– خودایە هاوار
کامێرامەنەکە، کامێراکەی دادەنێ و بە تفەنگەکەی دەست بە تەقە کردن دەکات.لە پڕ ویزەی تۆپێک دێ و رێک لە سەنگەری کامێرامەنەکە دەکەوێ.تەپووتۆزەکە کە دەنیشێتەوە هەر دووکمان چاو بۆ کامێرامەنەکە دەگێڕین. کەس دیار نییە.سەربانەکە تێکڕووخاوە و بۆشاییەکی گەورە لە خانووەکەدا دروست بووە. لەگەڵ وەئەرزی کەوتنی تۆپەکە کامێراکە پەڕیبوو و لەسەر لقە دار گێلاسی پەنا دیوارەکە گیرسابۆوە.هەر دووکمان حەپەساو لەو دیمەنەمان دەڕوانی.
– بابە.
– …..
– چی بەسەرهات؟
– …..
پاش چەند چرکەیەک باوکم وەک لەخەوێکی ئاڵۆزڕاچڵەکێ، جووڵەیەکی کرد وبە دەنگێکی ویشک کە دەتگوت لە بنی بیرێکەوە دێتەدەرێ گوتی :
– نابێ ئەو کامێرایە وەدەست ئەم سەگبابانە بکەوێ….
– بابە مەڕۆ، دەکوژرێی.
– مەترسە کچم تەنیا ئەو کۆڵانەم زەحمەتە بتوانم بپەڕێمەوە،کامێراکەم هێناوە.
– باشە هێنانی ئەو کامێرایە چ شتێک دەگۆڕێ؟
– پێت وایە ئەو کوڕە بۆ،بۆ وێنەگرتن گیانی خۆی خستە مەترسییەوە ؟ئەو لە هێزی وێنە گەیشتبوو.هەوڵیدا ئەو جنایەتە کە بەسەریان دێ تۆمار بکات.
بەگریانەوە گوتم:
– بابە گیان خۆت بە کوشتن مەدە.
بزەیەکی تاڵ نیشتە سەر لێوی.چاوی لەو دووكەڵە ڕەشە بڕی کە ئاسمانی قەرەقسڵی داگرتبوو.بە دەنگێک کە خەمێکی گەورەی تێدا حەشار درابوو گوتی
– ناکوژرێم ، دەچم ئەو کامێرایە دێنم و وێنەکانی دەگەیەنمە دەستی خەڵکی.ئەوە دەنگی ئەو کوڕانەیە،نابێ دەنگیان کپ کرێ.
قسەیەک نەماوە بۆ گوتن . لە چاو تروکانێکدا لە ژوورێ چووە دەرێ.پڕ بە گەرووم زیڕاندم
– بابە.
بە زیڕەکەم دایکم بە پڕتاو هاتە سەرێ و بە ترسەوە گوتی:
– کوا باوکت ؟
بۆم گێڕاوە.سڕ بوو.چۆکەکانی نووشانەوە.دەستی بە ویلچێرەکەم گرت و لە پەنا من چۆکی دادا.ملم هەڵێنا تا ناوەندی کۆڵانم لێ دیار بێ.گوند بە تەواوی چۆڵ کراوە.لەوانەیە ئێمە تەنیا زیندەوەری نێو ئەو گوندە بین.چەند دەقەیە دیسان بێ دەنگی زاڵە. جیڕەی دەرکە کردنەوەی باوکم و دەرکەوتنی لە ناوەندی کۆڵانەکە جۆڕێک هەردوو لای لە بوونی لایەنی سێهەم ئاگادار کردەوە.باوکم بەرەو ئەوبەری کۆڵان دەستی بە هەڵاتن کرد.لە نێوەندی کۆڵانەکەدا کەوتە بەر دەسترێژ وبەربۆوە سەر ئەرزی. هاواری بابمم کرد.چاوم لێیە کۆمەڵێک لە جاش و پاسدارەکان بەرەو ماڵی ئێمە هاتن. شۆێنی ئێـمەش ئاشکرا ببوو.ترسی مردن ئێمەشی داگرت.بۆ دوایین جار چاوم لێبوو.باوکم بە سنگە خشکە خەریکە دەڕواتە پێشێ.دڵنیا بووم نەیانپێکاوە و هەروا سوورە لە سەر ئامانجەکەی.دایکم بە پەلە پشتی ویلچێرەکەی گرت و لە پەنجەرەکەی دوور خستمەوە و بەرەو پلیکانەکانی بردم.لەوێ هەوڵیدا لە باوەشم بکا و بمباتە خوارێ.دەرکەی ماڵێیان وەبەرشەقدا . ئێمە لەسەر پلیکانەکان بووین یەکێک بازیدا نێو حەسارێوە.دایکم دوو دڵ لە رۆیشتنە خوارێ بە ناچار گەڕاوە سەرێ و منی لەسەر ویلچێرەکە دانا.نەمان دەزانی بۆ کوێ بڕۆین .چرکەکان بە ساڵێک دەرۆیشتن.لە ترسان وەک مێوژۆکە دەلەرزیم.دایکم سپی سپی هەڵگەڕابوو. تف لە زاریدا ویشک ببوو.ڕەگبارێکیان لە نێو ژوورەکەی ئێمە کرد.هەردووکمان یەک بە خۆمان زیقاندمان. یەکێک پێلاقەیەکی بە دەرکەکەدا دا و پاش خولەکێک سێ کەس لێمان وەژوورکەوتن،تەنانەت هێزی قیژاندیشمان نەمابوو.مۆتەکەی مردن لەسەر سەرمان ڕاوەستا بوو.یەکیان هاتە پێشێ و بە قۆنداغە تفەنگەکەی بە نێو چاوانیدا کێشام.سەرم دەستی بە سووڕانەوە کرد و پێش چاوم ڕەش بوو.هەستم بە گەرمی خوێنی تەوێڵم لە سەر دموچاوم کرد و ئاگام لە خۆم نەما.

نێو دێ لە بەر حەشیمەت جمەی دێ.بە دیتنی ئەم هەموو خەڵکە سەرم سووڕماوە. لە نێوەڕاستی گۆڕەپانی ئاوایی هێزێکی پێشمەرگە لە ئامادە باشیدان ، تەنانەت لە بەر خەڵکی لە سەربانەکانیش ڕێ ڕێدار نییە. هەر بابایە و بە رێگا ئیسفاڵتەکەی قەرەقسڵەوە خۆی دەگەیەنێتە نێو دێ.لە سێ شوێنی ئاوایی ئیکیپی فیلم هەڵگرتنەوە خەریکی وێنەگرین.هێلیکۆپتێرێک بە سەر سەری ئاواییدا دەێ و دەچێ.
لەپڕ بوو بە دەنگە دەنگ .بیست ماشێن پتر هاتنە نێو دێ و لە گۆڕەپانەکە رایانگرت. خەڵک گوڵیان بۆ فڕێ دەدان و چەپڵەیان لێ دەدا.
لە یەکێک لە ماشێنەکان کابرایەکی باڵابەرزی مرادخانی لەبەر دابەزی .خەڵک بە دیتنی گەشانەوە.دەستی هەڵێنا و سڵاوی کرد.خەڵکەکە بە خۆشحاڵیەوە وەڵامیان داوە.پیاوێک لە پەنام راوەستاوە.لێم پرسی
– ئەو پیاوە کێیە؟
چاوێکی لێکردم و گوتی :
– پێشەوایە.
لە خۆشیان وەختە دڵم بتۆقێ .فرمێسکەکانم ڕاناوەستن.پێشەوا چووە سەربانی مزگەوت و ڕاوەستا. پێشمەرگەکان لە پێش خەڵک و پێشەوا ڕێژە دەڕۆن و خەڵک پێشمەرگەکان گوڵباران دەکەن. مەلایەک دێ و ئایەتێکی قورئان دەخوێنێتەوە.خەڵکەکە بێ دەنگ بوون و گوێی دەدەنێ.پاشان چەند منداڵ دێن و سروودی ئەی ڕەقیب دەڵێن.خەڵکەکە هەموو بە پێوە ڕاوەستاون و لە گەڵ منداڵەکان دووپاتی دەکەنەوە. پاشان پێشەوا چووە پشت میکرۆفۆن و دیسان سڵاوی لە جەماوەر کردەوە.خەڵک بە خرۆشەوە جوابی دەدەنەوە .پاش چەند چرکە خەڵکەکە بێ دەنگ بوون و هەموو گیانیان بووە گوێ.پێشەوا لە پێشدا سپاسێکی گەرمی خەڵکی قەرەقسڵی کرد،پاشان باسی کارخانەی گێلاسی کرد کە ئەمڕۆ قوڵینگی دامەزراندنی لێدەدا و دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ خەڵکی ئەو گوندە و دەوروبەری.دوای قسەکانی هاتە خوارێ و تێکەڵ خەڵکی بوو.
بەشێک لە خەڵکی ئیزنیان خواست وێنەی لە گەڵ بگرن.گوتی تا لە گەڵ کوڕەکانی قەرەقسڵ وێنە نەگرم لە گەڵ کەس وێنە ناگرم. چاوم لێبوو حەوت کەس چوونە پێشێ.بابم یەکێکیان بوو.گوتم
– بابە منیش دێم.
– کچم تۆ دوایە وەرە .چاولێکە شوکور لاقەکانیشت چاک بوونەتەوە.
چاوێکم لە لاقەکانی خۆم کرد .ترس و شادی تێکەڵ ببوون.یەک بە خۆم قیژاندم
– ئەمن چاک بوومەتەوە. ئەمن چاک بوومەتەوە.
یەکێک دەستی بە سەرمدا هێنا و بە دەنگێکی گریاناوییەوە گوتی چاک دەبیەوە کچی خۆم .چاک چاک دەبیەوە.
چاوم هەڵێنا.لە نێو جێگادام .دایکم بەسەرمدا داهاتبۆوە و دەیدواندم.بە زەحمەت وەرسووڕام و چاوێکم بە ژوورێدا خشاند.ماڵی خۆمان نەبوو.دوو سێ ژنی ڕەش پۆش لە سووچێک دانیشتبوون.پورە ئەستیمم ناسییەوە.
– لە کوێـم؟
سەرم وەختە بتۆقێ هێندە دێشێ.دەستم بۆ سەرم برد.پاسمان کرابوو.
– کچم لە ماڵی خاڵە مەجیدتین.
– باوکم کوا؟
– شەڕەکەی دوێنێ ئێوارەت لە بیرە؟
وەک فیلمێک دێتە پێش چاوم.زرمەی لێدانی قۆنداغە تفەنگەکەم دێتەوە یاد.
– ئا ئەتۆ چت لێهات ؟ باوکم چی بەسەر هات؟
– هەموو شتێکت پێ دەڵێم کچم .پەلەت نەبێ.
دەنگی دەلەرزێ.وردتر چاوی لێدەکەم.ئەویش ڕەشپۆشە.
دادێتەوە و سەبر نێو چاوانم ماچ دەکات و لە بن گوێچکەم دەڵێ:
– ئاخری باوکت کامێراکەی هێنا.
فرمێسکێک دەرژێتە سەر دەموچاوم.ڕامدەچڵەکێنێ .دەست دەبەم و دەستی دەگرم و دەستی دێنمە سەرێ و بۆ لای لیومی دەبەم وماچی دەکەم ودەڵێـم
– خۆشحاڵم .
سەری بە نیشانەی دڵنیایی دێنێتە خوارێ و بزەیەکی تاڵ دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت