چریکەی ئەڵوەناتی/دەنگێکی نەبیستراوی کورد

0
515

یەدوڵڵا ڕەحمانی، کوڕی کوێخا عەسکەری وەرمەزیارە. ساڵی ١٩٥٠ لە هاوینەهەواری ” بێڵەهوو”ی ناوچەی داڵەهۆی گۆران لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ” سەرپێڵ زەهاو” و قۆناغی ئامادەیی لە ” تاران” و ” قەسر شیرین” خوێندووە. ساڵی ١٩٧٠ لە کۆلێژی ئادابی کرماشان وەرگیراوە و ساڵی ١٩٧٣ وەک مامۆستای زمانی فارسی، لە ” سەرپێڵ زەهاو” دامەزراوە.

ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ گرووپی ئۆرکسترای ڕادیۆ کرماشان کاری کردووە و بە جیهانی هونەر ئاشنا بووە. هەر لەڕێی ئەم ڕادیۆیەوە، ئاشنایەتی لەگەڵ هونەرمەندان و دەنگبێژاندا پەیدا کردووە و یەکەمین گۆرانی خۆی بەناوی ” هیجران” بۆ ڕادیۆ تۆمار کردووە.

یەدوڵڵا ڕەحمانی، شارەزاییەکی باشی لە مەقامی ئای ئای، قەتار، ئەڵڵاوەیسی، چەمەریی، پایەمووری، ئاغا میڕەوە، بانگهەڵدان، کۆتەڵ و هەوای هۆرەدا هەبووە. هەروەها توانای دانان و نووسینی هۆنراوەشی هەبووە و هۆنراوەی زۆربەی گۆرانییەکانی لە دانانی خۆی بووە، وەک هۆنراوەی گۆرانی ” مەرزیە” کە یەکێکە لە گۆرانییە ناسراوەکانی هونەرمەند، هەروەها هۆنراوەی بۆ گۆرانی چەند هونەرمەندێکی تریش داناوە و شیعرە فۆلکلۆرەکانی ناوچەی کرماشانی تێکەڵ بە هەست و سۆزی شاعیرانەی خۆی و میلودی ناوچەکە کردووە. گۆرانییەکانی لەلایەن هونەرمەندان ” سەڵاح داودە” و ” ئازاد خانەقینی” و زۆربەی هونەرمەندانی گرمیانەوە وتراوەتەوە.

جگە لەبواری گۆرانی، یەدوڵڵا ڕەحمانی، شارەزایی لەچەند بوارێکی تریشدا هەبووە، بۆ نموونە: لەشێوەزارەکانی زمانی کوردییدا، بە تایبەت شێوەکانی ” ناوەڕاست” و “کەڵهوڕیی” و ” گۆرانی” هەروەها کاری لێکۆڵینەوە و فیلمسازیی و فەرهەنگسازیی کردووە و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هۆرە، سەردانی زۆربەی گوندەکانی کردووە، ئەمە جگە لەوەی کە لە ساڵی ١٩٧٣ وەک پەیامنێری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و وەک یەکەمین پەیامنێر بە هەردوو زمانی کوردیی و فارسی بەرنامەی بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کرماشان ئامادەکردووە و تا ساڵی ١٩٨٧ بەردەوام بووە. لە بواری نووسینی هۆنراوەشدا، یەکێک بووە لەئەندامانی ئەنجومەنی شیعری دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کرماشان و ساڵی ٢٠٠٨ لەشازدەمین ڤێستیڤاڵی بەرهەمەکانی تەلەفزیۆن کە لە شیراز بەڕێوەچووە، بە خوێندنەوەی هۆنراوەی ” قەسرشیرین” خەڵاتی باشترین شیعری بەرهەمەکانی سیمای وڵاتی ئێرانی پێ بەخشراوە.

بەهۆی بارودۆخی ئەوکاتی وڵاتی ئێرانەوە، یەدوڵڵا ڕەحمانی نزیکەی چارەکە سەدەیەک لەکاری هونەری دوورکەوتەوە و دواتر بە هاندانی دۆستانی، ساڵی ٢٠٠٣ دەستی بەکار کردووەتەوە و کاسێتێکی بە ناوی ” ئەڵوەناتی” بڵاوکردووەتەوە، کە بریتی بووە لە وتنەوەی هەندێ لە گۆرانییە کۆنەکانین لە پاڵ چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری ناوچەکەدا. ڕێکخستنی ئەم کاسێتە لەلایان هونەرمەندی لاو ” شەهریار جەمشیدی”یەوە بووە.

پاش ئەوەی کە یەدوڵڵا ڕەحمانی هونەرمەند دوچاری نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت، ڕۆژی ٢٠١١/٥/٢٨ لە نەخۆشخانەی ” ئیمام ڕەزا” لە شاری کرماشان، کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی ” میناوا”ی شاری کرماشان بە تەنیشت گۆڕی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو ” حیشمەتوڵا لۆرنژاد”ەوە بە خاک دەسپێردرێت.

ناو هەندێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند یەدوڵڵا ڕەحمانی:

مەرزیە، چاوجوان، لەیلایو لەیلای، کیژی زەهاوی، غەمگین مەنیشە، شیوەنی بولبوول، ئەی گوڵ، هیجران، پەروانە، سەمەن گوڵ، فەلای شاری خەم

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت