چیمان هەیە بۆ لەدەست دان!!! چما ڕانەپەڕین بۆ بەرخۆدان؟

0
299
ژیلا موستەئجیر
ژیلا موستەئجیر

 نووسینی: ژیلا موستەئجێر

“ژنان و کچانی وشیار و مافخوازی وڵاتەکەمان، وەک هەمیشە، لە قوتابخانە، لە شوێنی کار و لە هەر جێگایەک کە هەن، دەتوانن بە پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵی ئاشکرا و نهێنی، ڕیزەکانیان ڕێکخەن و بە کۆمەڵ بەگژ بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا بچنەوە و، هاواری مافخوازیی خۆیان بە گوێی دنیا بگەیەنن.”

ئەم رەستەی سەرەوە بەشێکە لە پەیامی نەورۆزیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکرات کە بە بۆنەی نەورۆزی ئە٢٧١٦ی کوردییەوە پێشکەشی کرد و لەو پەیامە گرینگەدا وتی ” لەبەر داین لەو ساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێ‏دا پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە و بەجێ‏هێشتنی هەرچی سەرشۆڕیی و دواکەوتووییە.”

هەروەک لە پەیامەکەدا دەردەکەوێت گرینگییەکی زۆر بە ژنان و کچانی نیشتمانەکەمان دراوە و پێویستە ژنانیش بە باشی پێشوازی لەو پەیامە بکەن و بە پەیوەستبوون بە ریزەکانی دێمۆکرات، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەرتووکی خەبات  و تێکۆشانی خۆیان هەڵبدەنەوە و بۆ دەستەبەر کردنی مافە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیەکانیان هاوشان لەگەڵ پیاوانی تێکۆشەری نەتەوەکەمان تێبکۆشن .

ژنان وەکوو هێزێکی شاراوەی کۆمەڵ کە دەتوانن بە خێرایی باندۆر لەسەر  بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دابنێن، دەبێ زیاتر پەیوەست بە کاروباری سیاسی بن و لە هەموو دەرفەتەکان کەڵک وەر بگرن و هەموو شوێن و ئامرازێک بکەنە مەتەرێزی بەرگری لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان.

رێبەری شەهیدمان د. قاسملوو هەمیشە دەیوت :” ژنان هەرچی زیاتر بەشداری موبارزەبن، بەو ڕادەیە ئیمکانی سەرکەوتنی موبارزەکەمان زیاترە”.

کەوابو با ژنانی کورد ببنە پێشەنگی لکاندی خەباتی شار و شاخ و بەرپرسانە لە پشت راسانی پێشمەرگەی شاخ بێنە دەنگ و لە بەرابەر زوڵم و زۆرێکە دەسەڵاتی کۆنە پەرەستی رژیمی ئێران بە هەمو هێز و توانایە دەیسەپێنێتە سەر رۆڵە پێشمەرگەکان،چیدی چاو نەچوقێنن و دەنگی ئازادی خوازی و مافویسی خۆیان لەم کاتە لە بارە دا هەڵببرن.

دوایی حەماسەکانی قەرەسەقەل و سەوڵاوا و مەهاباد و سەقز و هتد،پێویستە کۆمەڵانی خەڵک بە تایبەت ژنان لە پەیامی حدکا تێ بگەن و وەکو ئەوەیکە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا بەپێی ئەرک و جێگە و پێگەی خۆیان و زیاتر لە هەمو کاتێک و زەروری تر لە هەمو رۆژێک هاوهەنگاوی ئەم خەباتە رەوایە تا گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن بن.

کاتی ئەوە هاتوە کەکچان و ژنانی  شۆرشگێری کوردستانی خوێناویمان بە کردەوە بیسەلمێنن کە پشتی راسانی نوێی رۆژهەڵات دەگرن و بریاری دەسپێکی خەباتی شار بە پشتیوانی پێشمەرگەکانی شاخ بدەن.

درەندەیی و ماڵ وێرانکەری دوژمنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەموان لە ماوەی دەسەڵاتی نگریسی 37ساڵەیی دا دەرکەوتوە.

ژنانی کورد پێویستە بە سەرنجدان بە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە کە بە دڵنیاییەوە ئێرانیشی گرتوەتەوە، خۆیان رێک بخەن و بۆ ئەو مەبەستە دەتوانن پەیوەست بە ریزەکانی پێشمەرگە بن و بە شێوەیەکی راستەوخۆ دژ بەو سیستەمە دژە مرۆیی و دژە ژنە کە لە ڕاستیدا هەوێن و ماکەی داعشی سەردەمە، بوەستن و یان بە پەیوەست بوون بە ریزەکانی تەشکیلاتی نهینی  بەشێوەی جۆراوجۆر ئەرکی خۆیان لە نێوخۆی وڵات و لە نێو جەرگەی ئەو رێژیمە دژە ژنەدا بەجێبگەیەنن.

بۆ هەڵبژاردنی دەبێ بیر بکەینەوە و بۆ هەڵبژاردنی رێگای سەربەرزی پێشمەرگایەتی تەنیا و تەنیا پێویستە یەک چرکە بیر بکەینەوە و هەروەک لە سەردێردا بە روونی دیارە،بیر بکەینەوە بەراستی ئێمە کۆمەڵگای کوردەواری و بەتایبەت ژنان چیمان هەیە بۆ لەست دان،لەماوەی 37ی ساڵەی دەسەڵاتی رەشی تاران چ پێشکەوتنیکمان لە کوردستانێکە خۆی پرە لە وزەی پێشکەوتن دیوە، جیا لەوەی کە ساڵانە ئاگر بەردرایە نێو خاک و ماڵ و حاڵمان،جیا لەوەی کە رۆژانە سەری سەدان رۆڵەی نیشتمانمان بە بێ هیچ تاوانێک چوە سەر دار و بەو سەرکوتانە بووین بە میلەتێک کە بەردەوام ترساین و نەمانتوانی لەسەر چکۆلەترین مافەکانی نەتەوەکەمان دەنگ هەڵببرین و رۆژ بەدوای رۆژ بۆ پاروە نانێک سەرشۆریمان هەڵبژارد و  کەوتینە پێش دوژمن بۆ ئەستاندنی گیانی شیرینی هەڵۆکانمان لە شاخەکانی کوردستانی سەربەرز.

ئیتر کاتیەتی خەباتی شاخ و شار ببەسترێنەوە بەیەک و کاتی ئەوەیە وەکو زۆربەی زۆری نەتەوەکان کە سەرکەوتنی گەلی خۆیان بەدەستی خۆیان تۆمار کردوە،ژنان با ببنە پێشەنگ.

دایکە دڵسۆزەکانی کوردستانم ،ژنانی ئازا و کچانی پر لە هێزی رۆژهەڵات،ئەوە خوێنی رۆڵەکانتانە کە شاخی سوور کردەوە.

لە کۆتداییدا و بۆ تێگەیشتن لە ‌هێزی یەگرتن و  گرینگی دان بە ‌هێزی رێکخستن بەشێکی دیکە لە پەیامی نەورۆزیی بەڕێز هیجری دادەنین کە دەڵێ:” دڵنیاتان دەکەینەوە توندوتیژی ڕێژیم دژ بە ئازادیخوازان نەک نیشانەی هێز و توانا، بەڵکوو نیشانەی ئەوپەڕی ترسنۆکی و نیگەرانی لە خەڵکە، بۆیە خەباتی یەکگرتووانەی ئێوە هێندەی دیکە ورەی ڕێژیم دادەبەزێنێ و داماوی دەکا. بۆ ڕزگاری بێجگە لەوە ڕێگایەکی دیکەمان نیە و ئەزموونی خەباتی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەر ئەو ڕێگایەمان پێ نیشان دەدا.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت