خەتای حدکا زیاترە

0
754

ڕوونکردنەوەی ئەو دواییانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  لەمەڕ پرسی یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات، هەرچەند تا ئێستا هییچ وڵام و ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)ی  لێ نەکەوتۆتەوە بەڵام لە دونیای مەجازی و بەتایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا گەلێک تێکهەڵچوون و مشت و مڕی زارەکی لە نێوان ئەندامانی هەر دوو لایەن لە ئاستی جیاوازەوی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە روانگانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لەسەر لاپەرەی تاکە کەسی بڵاو بۆتەوە، ڕوانگەی چیا عەلیار ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو دەکەینەوە؛

چیا عەلیار بەو شیوەیە لەو بارەوە دەدوێت:

چیا عەلیار
چیا عەلیار

حدکا ئامادەیە بۆ یەکگرتنەوە و لەو بارەشەوە نەرمی زۆری نیشان داوە و تەنانەت وەک لە دوایین رونکردنەوە دا نوسراوە، دانی بە نێوی ئەو هاوڕییانەش دا هێناوە وەک حیزبی دێموکراتی کوردوستان کە لە بەیاننامەی هاوبەش بۆ یەکگرتنەوە بنوسرێ و مێژوی ٩ ساڵ جیاییش وەک بەشێک لە مێژوی حیزب بێتە ئەژمار و هەروەها زۆر خاڵی دیکەی پۆزتیفی تێدایە. بەڵام بۆ سەری نەگرت ئەو پرۆسەیە !!؟؟؟ مامۆستا حەسەنزادە کە بەوە ناسراوە دەڵێن ئەو حیزبی بەرەو ئینشعاب برد، نایهەوێ حیزب یەکبگرێتەوە بە بێ ئەوەی ناوبراو دەوری سەرەکی هەبێ…بە کورتی چۆن دەڵێن مامۆستا حیزبی لەت کرد، ئاواش دەبێ بگوترێ کە لەتی کرد و یەکی خستەوە…..جیا لەوە تا مامۆستا مابێ لە حەیات دا ئەو پرۆسەیە زەحمەتە سەر بگرێ مەگەر لایەنگرانی بەڕێزیان بیرێکی جیدی بکەنەوە و قازانجی نیشتمانی و پێش قازانجی تاکەوە بخەن. ئەو ویست و داوایەی مامۆستا کە حیزب لە سەر دەستی بەڕێزیان یەک بگرێتەوە و شانازیەکەی بۆ ئەو بێ پێش ئەوەی حدکا موافق یا مخالف بێ، کاک خالیدی عەزیزی وەک سکرتێر و کاک حەسەنی رەستگار وەک کەسایەتیەکی دیاری جوڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکرات مخالفن. ڕێز و حورمەتی مامۆستا لە جێێ خۆێ بەڵام ناکرێ کاک خالید وەک سکرتێر تەنانەت ئەوەندەی دەسەڵات نەبێ کە شانازی تێکەڵبونەوەی لایەنی خۆیانی پێ نەبڕی…! بە حەقەیش ئەگەر یەکگرتنەوەیەک هەبێ لە لایەنی حدک شانازیەکەی بۆ هەموان دەگەڕێتەوە کە هەوڵێ بۆ دەدەن بەڵام بە تایبەت دەبێ بەشێ زۆری ئەو شانازیە بۆ خالید وەک سکرتێرو کاک حەسەنی رەستگار وەک کەسایەتیەکی بە نفوز بگەڕێتەوە کە هەوڵیان داوە و نەرمیان نواندوە و نیشانیان داوە کە خوازیاری یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتن. بەڵام هەتا ئێستا وێناچی نە کاک خالید نە مامۆستا مەلا حەسەن بە ڕادەی مامۆستا حەسەن زادە دەسەڵاتیان هەبێ، بە تایبەت کە بیهەوێ کارێک پەک بخاتەوە. هێرشی دۆستانی حدک و بە تایبەت ئەو کەسانەی کە بە لایەنگری مامۆستا ناسراون لە ماوەی ڕابردوو دا بۆ سەر دەفتەری سیاسی و شەخسی کاک خالید عەزیزی و سوکایەتی پێ کردن بەوان بە ئاشكرا ئەو ڕاستیەی زیاتر ئاشكرا کرد. . خەتای حدک چیە !!؟؟؟ . خەتای حدک ئەویە کە بە قسەی زۆربەی ئەندامانیان بە تایبەت ئەو بەڕێزناەی کە بە ڕێبەرایەتی شورشگێری کۆن ناسراون دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی بێ دەسەڵاتن بەشی هەرە زۆری بڕیارات و دەستورات لە مامۆستا وەردەگرن، لە کاتێک دا کە ئەوان هەڵبژێردراوەی کادر و پێشمەرگەکانیانن و دەبوو لانیکەم لەو ئاستە بەرزانەدا سەربەخۆیی بڕیاردانیان زیاتر هەبا، بە واتایاک، وەک زۆر جار خۆشیان باسی دەکەن و نایشارنەوە ئێستاش مامۆستایە لە پشت پەردەوە سیاسەتی حدک دەگێڕی. نە کاک خالید و نە کاک حەسەنی رەستگار، نە کاک جەلیل گادانی نە کاک حوسێن مەدەنی و کاک فەتاحی کاویان ئەو دەسەڵاتەی مامۆستایان نیە تا کێشەکان چارەسەر بکەن، وەک باسی دەکەن ئەگەر هەیانبا دەبوو زۆر زۆتر چاوەڕوانی یەکگرتنەوە بین. . خەتای حدکا چیە !!!؟ . حدکا تەڕ و ویشکی پێکەوە سوتاند، مامۆستا حەسەن زادە و رەستگار، قەت پێکەوە ناتوانن کار بکەن بە دژی حدکا نەبێ. حدکا ئەو دەرفەتەی نەدا کە لانیکەم ئەوانەی بە ڕێبەرایەتی شورشگێری کۆن دەناسرێن، بڕوای پێ بکەن، توندی و تیژی بە نیسبەت ئەوانەوە هەمیشە هەبوە، لادەرن، دەبێ دەربکرێن، خەیانەتکارن و زۆر شتی دیکە، لە کاتێک دا ئەوان نە داوایەکی هێندە سەیر و سەمەریان هەبوو کە بۆ حدکا هەزم نەکرێ نە بە تەما بون دەسەڵاتی تەواوەتی حدکا بگرنە دەست، دەیان هەویست کاتێک کە هاتونەتەوە تیکەڵ حیزب بوونەتەوەم بە تایبەت پاش ئەوەی مامۆستا سوکایەتی زۆری پێ کردن بە داخەوە، دڵنیا بن لەوەی لە پەڕاوێز ناخرێن یا قسەکەی مامۆستا جێ بە جێ نابێ کە فەرموی دەیان هێنمەوە بۆ ئەوەی بیانتوێنمەوە، بەڵام ئە وکات کە جەناع بو، جەناحی کاک مستەفا کە کیشەی زۆری لەگەڵ مامۆستاش هەبوو بەڵام ئەو هەلەی نەقۆستەوە کە مادام ڕێبەرایەتی شورشگێر تێکەڵ بە حیزبی دێموکرات بونەتەوە ئیتر با دژایەتیان نەکەین و ڕێزیان لێ بگرین، دەرفەتێک کە مامۆستا زیرەکانەتر قۆستیەوە و ئەوانیش ناچارەن لەگەڵی کەوتن، لە کاتێک دا کە بە قسەی بەشێ هەرە زۆری ئەندامانی کۆنی ڕێبەرایتی شورشگێر ئەو زەربەیەی مامۆستا لەوانی دا قەت کاک مستەفا و لایەنگرانی گەرچی بە ڕواڵەت دژی تیکەڵ بونەوەش بوون لەوانیان نەدا. جیا لە کاک کەماڵی کەریمی تاقە یەک کەسی دیکەیان دەسەڵاتی ئەوتۆی نیە و زۆر بە سەبری و بە تێپەڕێنی زەمەن لە پەڕاوێز خران و مامۆستا بەڵێنکەی کە فەرموی دەیان توێنمەوە تا ڕادەیەکی زۆر بردە سەر بەڵام هێشتا بە وەچەرخانێک لە بوچونەکان دا دەکرێ ئەو بەڕێزانە کە ساڵانێکی زۆر خەباتیان کردوە و کەسانەی تێکۆشەر و قارەمانیان یەکجار زۆر دەگەڵە بەو مەرجەی دڵنیا بن کە جارێکی دیکە بە تاوانی ٣٥ ساڵ پێش سوکایەتیان پێ ناکرێ و پێێان ناگوترێ لادەر و ….. تێکەڵ بە حیزبی دێموکرات بنەوە. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە نە ئەو بەڕێزانەی بە ڕێبەرایەتی شورشگێر دەناسران تا ئێستا بە ڕادەی هێندێک کەس دژایەتی حدکایان کردوە و نە حدکا بە ئەندازەی هێندێک کەس زەرەری هەبوە بۆ ئەو بەڕێزانە. . زۆر کەس نیگەرانن یا وا دەنوێێن کە نیگەرانن لەوەی ئەو کارەی مامۆستا بە دژی ڕ ش کردی دوپات بکرێتەوە، بەڵام ئەو بەڕێزانە دەبوو ئەوە باشتر بزانن کە ئەوەڵەن مامۆستا وەک داڕێژەری هێنانەوەی ڕ ش دەگەڵ ئەوانە و ئەگەر نیگەرانی هەبێ دەبێ حدکا نیگەران بێ کە دیسان پلانێکی وا لە گۆڕی دانەبێ بە دژی نەک ئەوان. جیا لەوەش حدکا هەم ڕایگەیاندوە هەم ئەوە هەڵؤێستی سەتا سەدی هەموو ئەندامانیەتی کە نایانهەوێ حیزبی دێموکرات لاواز بێ و لاوازی و پرش و بڵاوی حدک، دەستە و دەستەبازی و و جیایی دیکە لە حدک دا زەربەیە لە هەموو حیزبی دێموکرات نەک هەر ئەوان بە تەنیا، بۆیە ئەو تئوری توتعەیە ئەسڵ و ئەساسی نیە. . حدکا مادام بە هەست بە بەرپرسایەتی کردن لە ئاست دۆزی کورد و دەرکی ئەو واقعیەتە کە یەکیەتی و یەکڕیزی زەروری و پێویستە و تەنانەت ئامادە بوە لە زۆر هەڵۆێستی خۆی پاشەکشە بکات، دەبێ ئەو بەڵێنە بە بەڕێزان کاک خالیدی عەزیزی و کاک حەسەنی رەستگارو کاک جەلیل گادانی دابا کە ئەوان لە حیزبی دێموکرات دا هەمیشە جێگە و پێگەی تایبەتیان دەبێ و حورمەت و ڕێز بۆ خەبات و ڕابردوویان دابندری. هەروەها حورمەتی مامۆستاش واجبە بگیرێ. لە کاتێک دا کە ئەوان( ڕ ش ) کادری زۆر شارەزا و کەسانی زۆر لێهاتو و شورشگێریان دەگەڵە چ لە کوردوستان و چ لە دەرەوەی وڵات…بەڵام مخابن….. . حدکا مادام هەستاوە بەو ئەرکە پیرۆزە و مادام لە دوا ڕون کردەوەی دا دەڵی سەرەرای هەموو ئەوانە لە هەوڵەکانی خۆمان بۆ یەکیەتی یەکڕیزی دڵسارد نابینەوە، دەبێ بە تەوای تقویتی ئەو تێکۆشەرانە بکا کە هەوڵی یەکیەتی و یەکڕیزی دەدەن، چ بە تاک و چ بە گروپ. دۆستانبی حدک یش، ئەوانەی کە یەکیەتی و یەکڕیزیان دەوێ و وە دوای کەسەکان نەکەوتون، دەبێ بێ منەت بن لەوەی کێ چیان پێ دەڵی و رەنگبێ بکەونە ژێر هێرشی فراوان، بەڵام مادام مەبەست یەکیەتی و یەکڕێزی حیزبی دێموکراتە و قازانجەکەی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان دەگەڕێتەوە نابێ لەو تانە و تەشەر و هێرشانە بترسن.

بە هیوای یەکڕیزی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.

 سەرکەوتن بۆ گەلی کورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت