ئێران چەواشەکاری بە خوێندنی زمانی کوردی دەکات و کەڵکاژۆی لێ وەردەگرێت

0
240

لەگەڵ ئەوەدا کە تا ئێستا و لە زۆر شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات، مامۆستا و قوتابیان بەپێی دەستووری زارەکی، مافی قسە کردن بە زمانی کوردیان نیە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی چەواشەکارانە باس لە کەوتنە گەڕی خوێندن بە زمانی کوردی لە قووتابخانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن.

ڕۆژی کورد: بەرپسانی ڕژیمی ئێران لە لێدوانەکانی خۆیان باس لە ڕێ دان بە خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن ودەڵێن بە پێی فەرمانێکی حکومەتی ئێران، زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوێندرێت.

عەلی یونسی، یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری نەتەوە و کەمایەتییە مەزهەبییەکان گوتوویەتی: “حکومەت فەرمانی دەرکردووە بە خوێندنی زمانەکانی کوردی و ئازەری لەو ناوچانەی کە کورد و ئازەری لێ نیشتەجێیە.:
یونسی بە ئاژانسی فەرمیی ئێران، (ئیرنا)ی گوتووە کە پڕۆژەی خوێندنی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگای سنە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و لە قۆناغەکانی دواتردا پڕۆژەکە ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە.
ئەو لێدوانە چواشەکارییانەی عەلی یۆنسی وەزیری پێشووتری ئیتلاعاتی ئێران لە کاتی سەفەری حەسن ڕووحانی بۆ پارێزگای ورمی بڵاو بۆتەوە و ناوبراو، ئەو بڕیارەی حکومەتی بۆ بەڵێنیی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە گەڕاندەوە و وتی کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی کوردستان خواستێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە جێبەجێ کرا.

بەپێی زانیاریی وردی ڕۆژی کورد بە پێی بەخشنامەیەک کە بۆ هەرهەموو ئیران دەرچووە بەڵام بەشی کوردستانی خۆرهەڵات تەنیا لە پارێزگای سنە و بە پێی ئەو بەخشنامەیە وانەی کورد ئە‌ویش لە‌ جیاتی بەشێکی بچووکی کتیبی فارسی لە‌ دە‌ورە‌ی یە‌کە‌می ناوە‌ندی واتە‌ “راهنمایی” دەخوێندرێت و ئەوەش نە بە وانەی کوردی ئەژمار دەکرێت و نە دەکرێ بڵێین ئیزن بە خوێندنی زمانی کوردی دراوە،  شایانی باسە کە هیچ دەقێک تا ئێستا بۆ وانەی کوردی لە کتێبەکاندا نەنووسراوە و لە کتێبەکەدا جێیەکەی دیار کراوە و دەبی مامۆستای خۆی دەق دیاری بکات.

حەسەن ساڵحزادە، مامۆستای پێشووی قوتابخانەکانی شاری سەقز و چالاکی پیشەیی مامۆستایان، وێڕای بە ناڕاست زانین و چەوت ىوونی ئەو هەواڵە گوتی: “تا ئێستا ل ەیەک قووتابخانەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتێش بە فەرمی زمانی کوردی نەخوێندراوە، ئەگەر هەوڵێکیش هەبووبێ بە نافەرمی و بە شێوەیەکی خۆڕسک و لە لایەن کەسانی نیشتمانپەروەر و خەمخۆری زمانی کوردییەوە بووە”.
ساڵحزادە هەروەها گوتی : “بە پێی زانیارییەکانی  تەنیا  لە‌ شاری سە‌قز وانەی کورد ئە‌ویش لە‌ جیاتی بەشێکی بچووکی کتیبی فارسی لە‌ دە‌ورە‌ی یە‌کە‌می ناوە‌ندی واتە‌ “راهنمایی” دەخوێندرێت و ئەوەش نە بە وانەی کوردی ئەژمار دەکرێت و نە دەکرێ بڵێین ئیزن بە خوێندنی زمانی کوردی دراوە،  بڕیارە بوو ئەو بەشە یەکجار کەمە لە‌ سنە‌ش کاری بۆ بکرێ بە‌ڵامم وابزانم ێببە‌جێ نە‌بووە‌”.
ئەو مامۆستا و چالاکە سیاسییە کوردە هەروەها باسی لە هەوڵی بەشێک لە مامۆستا نیشتمانپەروەرکانی شاری سەقز لەمەڕ نووسینی پەرتووک بۆ زمانی کوردی دا و گوتی: “مامۆستایانی دلسۆزی شاری سە‌قز پەرتووکێکیان نووسی بە‌ ناوی “وانە‌ی کوردی” ڕە‌نگە‌ دە‌وڵەت ئیزن نە‌دا ئە‌مە‌ ببێتە‌ سە‌رچاوە‌یە‌کی گشتی چون ناوە‌رۆکە‌کە‌ی جوان و بەپێزە”.

ساڵحزادە هەروەها ئاماژەی بە کێشەی نەبوونی مامۆستا بۆ وتنەوەی وانەی کوردی کورد و وێڕای ئاماژە بە نەبوونی مامۆستای کوردیزان کە بتوانێ ئەو وانەیە بڵێتەوە گوتی: ” کێشە‌ی سە‌رە‌کی ئە‌وە‌یە‌ کە‌ تا ئێستاش ڕژیم بۆ وتنەوەی وانەی کوردی مامۆستای  دابین نە‌کردوون و مامۆستایانی فارسی ئە‌م بە‌شە‌ بچووکە دە‌ڵێنە‌وە‌ کە‌ ئەم مامۆستایانەش بۆ خۆیان کوردی نازانن.”

مامۆستایەک لە ناوخۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ بە ڕۆژی کوردی گوت: “بە پێی بەخشنامەی وەزارەتی، لە هەموو ناوچە کوردنشینەکاندا و لە شەش ساڵی خوێندنی ناوەندیدا (ڕاهنمایی)، لە پاڵ “کتێبی خوێندنی فارسی”دا ــ کە چواردە دەرس و بیست و هەشت دەقە ــ دەبێ دوو دەرسی کوردی، واتە چوار دەقی ئەدەبی بە منداڵان بوترێتەوە. هەر دەرسێکی کتێبی فارسی لە دوو دەق پێک دێت. ئەمە ساڵی ڕابردووش هەر دەبوو ببێ. جا ئەگەر لە شوێنێک ڕەچاو نەکرابێ، تەنیا کۆتایی و کەمتەرخەمیی مامۆستاکان بووە.”

لەمبارەوە مامۆستایەکی کورد لە شاری ورمێ لە لێدوان لەگەڵ ڕۆژی کورد گوتی: “بەداخەوە لە سەرجەم پارێزگای ورمی و بەتایبەتی شارە بادینی نشینەکان نەک هەر وانەی زمانی کوردیمان نیە بەڵکوو لە قووتابخانەش دەیان جار لەسەر قسە کردن بە زمانی کوردی هۆشدارییان پێداوین و دەیان جار لە کۆبوونەوەکان و هەروەها سەردانی بەرپرسان بۆ قووتابخانەکان پێیان ڕاگەیاندووین کە نابێ بە زمانی بە قسەی ئەوان خۆجێی قسە لەگەڵ قووتابیەکان بکەین.”
مامۆستایەکی تر لە شاری سەردەشت و لە لێدوان بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “بەداخەوە هەموو هەوڵی ڕژیم ئەوەیە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە پارێزگای سنە سنووردار بکات و وا نیشان بدات کە تەنیا ئەو پارێزگایە کوردستانە و ئەوەی تر کورد نین و بگرە ئازەری یان غەیرە کوردن و ئەو سیاسەتەش سیاسەتێکی کۆنە”.
مامۆستایەکی تر لە شاری مەریوان لە لێدوان بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “ئەو وانەیە هەرچەند ناکرێ بە خوێندنی زمانی کوردی بزاندرێ بەڵام هەلێکی باشە و بە پێی بەخشنامەکەش لە هەر هەموو پارێزگا کوردیەکان (ناوچە کوردنشینەکان) دەبی جێ بە جێ بکرێ، مامۆستایانی ئەو ناوچانە دەتوانن بەدواداچوونی بۆ بکەن و بیخەنە بواری جێ بە جێ کردنەوە چونکە بەخشنامەکە دەڵێ: دوو وانە، واتە چوار دەقی کوردی لە پاڵ دەرسی کتێبی فارسی و دەقە فارسییەکان، بە مناڵان بڵێن.”
ڕۆژی کورد بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بە مامۆستایەکی کورد لە شاری پیرانشارەوە گرت و زانی کە لەم شارەش بە هیچ جۆرێک لە هیچ پۆلێک کەم تا زۆر هیچ وانەیەکی کوردی نەخوێندراوە و بوونی نیە.”
ئیسماعیل زوورمەند مامۆستای پێشووی زانکۆو قووتابخانە و چالاکی پیشەیی، لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “بە ناسیاویەکی ک ەمن لە سیستەمی پەروەردەی ئیراندا هەمە و تێیدا مامۆستا بووم، ئەو پلکانە هەر چەند جێگای خۆشحاڵییە بەڵام هەندێ تێبینیشی لەسەرە یەکەم: مامۆستای بۆ دابین نەکراوە کە ئەوە خۆی هەموو هەوڵەکانی تر دەکاتەوە هیچ. دووهەم: ئەوەی کە دەق دەست نیشان نەکرداوە خۆی زۆر واتادارە. ئـ: دەتوانێ بابەتەکە کاتی بێ ب: نایانهەوێ خۆیان بە نووسینی فەرمی دان بە زمانی کوردی دابنێن و بۆیەش بە فەرمی لە پەرتووکدا ناینووسن. ج- مامۆستایان خۆیان ناچارن دەقەکان بنووسن کە ئەوەش دەکرێ هەم ئەرێنی بێ (مامۆستایان بابەتی بەپیز هەڵبژێرن) و دەکرێ هەم نەرێنی بێ (هەموو مامۆستایان دڵسۆز نین و هەمووش چاونەترس نین و دەشکرێ سبەی بە پێی ئەو دەقانە هەندێ مامۆستا دەستبەسەر بکرێن و تاوانیان بخرێتە پاڵ). بەڵام لەوەش گرنگتر نەبوونی ئیزن دان بە خوێندن بە زمانی زگماکییە لە قۆناغی بنەڕەتیدا”.

جێی باسە، خوێندن بە زمانی دایک لە هەر دوو بڕگەی ١٥ و ١٩ی دەستووری ئێراندا هاتووە و بە هاتنە سەرکاری حەسەن ڕۆحانی، ئەو دوو بڕگە دەستوورییە دوای سیی ساڵ، بەڵێنی جیبەجێکردنی دەدرێت.

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌