شیعرێکی یاغی لە ئەرسەلان چەلەبی/ مەیدانی پاستۆڕ چاوەڕوانی باکوور نییە هەڵمیزێ

0
1343

من کوردێکی مۆدێڕنم

ئەرسەلان چەڵەبی
ئەرسەلان چەڵەبی

کە کوردێک بە شوێنمەوەیە و
کوردێک لە پێشمەوە رێگەم لێ دەگرێ!
جگەرەیک دەردێنم
“کاریگەری جنووبی” دایدەگیرسێنێ و
شوستەکانی “کاریگەری شومالی” دەینێژێ!
من گەلێک گەڕاوم شاران و
شاران و شاران و شاران
کە تاران یەک لەوان هەر دەم لێم ئاوسە!
من گەلێک جار لە “مەیدانی پاستۆڕ” میزم کردووە و
هەندزفرییەکەم دەنگی داوم:
(دەلالۆ لالۆ لالۆ، هەستەوە)!

من کوردێک بووم بە کاتی “کۆمار”
کە قازی سەرۆکی ساڵ بوو،
قاسملوو قاوەیەکی تاڵی دەخواردەوە و
هیچ کات جگەرەیەکی بۆ ماڕکس دانەدەگیرساند!

من کوردێک بووم بە کاتی “ماڕکس”
کە باوکم گاوان بوو و
هەموو دەم باخەڵی لیپاولیپی نهێنییەکانی 48 بوو!

من کوردێکم رەسەن
ئەسڵی بۆکان یانەکوو سابڵاغ
کە هیچ گوویەکم نەخواردووە و
لام وایە ئەسڵە سنەییەک ناگاتە بەژنی بۆگەنم!
منێک کە دەخوازم خەباتێکی خوێڕی
ئەو کاتەی دەستم لە ناو دەستی کچێک دایە و دەڵێم:
بژی سوسیالیست!

من کوردێکی خەباتگێم،
جیا بیر و جیا پێخەفێکم دەخواست
کە تێیدا هەڕەشە بکەم!
گوێی پێشمەرگە بگرم و
بای دەم بەرەو ئەولا
ئەولا کە کورسییەکی تر خانەخوێیە و
دیوەخانێکی تر موژدەی سەرکەوتن دەدا!
وەها کە لەولاتر دەخوازێ بیرێک
کە رەسەنە و راستە و راست قاوەیەکی تاڵە!

من کوردێکی چەپم
وەها چەپ کە چەپا و چەپ بترازێم لە چەپێک کە چەور نییە و چاری پاستۆڕ ناکا!
کە نهێنییەکانی 48 ئاشکرا بکەم و
ساغ بمەوە لە سەر پۆڵا و
ئەڕتەشی سووری کرێکار تیکەڵ بکەم لە گەڵ خۆری روو لە ئاوابوون!

من کوردم
بە کاتی شۆڕشی باکوور
کە هەڕەشە لە رۆژهەڵات ناکات و
باشوور باوێشکی دێتەوە لە تاران،
ئەو کاتەی باکوور دوژمنی تاران نییە و
مەیدانی پاستۆڕ چاوەڕوانی باکوور نییە هەڵمیزێ و
بە دەنگێک رابێتەوە و بڵێ:
یان مرن، یان کرماشان!

تێنینی ١: تابلۆی ئەو شیعرە لە لایەن هونەرمەندی کورد، “ناسر فەتحی” یەوە کێشراوەتەوە.
تێبینی٢: مەیدانی پاستۆڕ: مەیدانێکی قەرەباڵغی تارانە کە دام و دەزگا دەوڵەتییەکان و ماڵە بەرپرسەکان زۆرینەیان لەوێن
کاریگەری جنووبی و کاریگەری شومالی: دوو شەقامی گەورەی تارانن کە مەیدانی ئینقلاب لە ناوەندیانە، کاریگەری جنووبی بەرەو مەیدانی پاستۆڕ دەچێ.
تابڵۆکە کاری ناسر فەتحی،یە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.