چەند سەرنجێک لەسەر جنێوەکانی فاتیح شێخولئیسلامی – چاوە

0
3481

فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه) لە شوێنە فەرمییەکاندا خۆی بە « ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی کۆمۆنیستی کارگه‌ری – حکمه‌تیست و هۆزانڤان» دەناسێنێت.[1] شێعر دەنووسێت و هاوکات سیاسەتیش دەلێزێت! لە دونیای پڕ لە ئەڤین و خۆشەویستیی شێعر و ئەدەبی کورددا توانیوییەتی بۆچوونە ڕادیکاڵە کۆمۆنیستە-حیکمەتیستەکەی بپارێزێت و ساڵانێکی زۆر ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە کۆمۆنیستییە بووە کە ناوی هێنرا.

فایلیکی دەنگی کە پێشتر بلاو ببۆوە، سەرلەنوێ لە لایەن نووسەری ئەم بابەتە بلاو بووەتەوە.[2]

هۆزانڤان فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه) لەو فایلە دەنگییەدا جنێو دەدا و بێڕێزی بە چەند کەسایەتییەکی کاریزماتیکی کورد، شەهید و زیندانی دەکات. دەنگەکەی داندراوە و دەتوانن خۆتان هەمووی گوێ بدەنێ. بە کورتیی فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه) لە کەش و هەوایەکی دۆستانەدا و لە دۆخێکی ستاندارد دا تێلێڤیزیۆنێکی نەتەوەیی کورد بە گوو دەشوبهێنێت. ئەو هاوڕێکان و ئەندامانی حیزبەکەی هان دەدات کە گاڵتە بە هەموو سەرکردە نەتەوەییەکانی کورد بکەن. لە ڕوانگەی ئەو شاعیرەوە کوتان و بێڕێزیکردن بە قازی موحەممەد، شێخ مەحموودی حەفید و باقی سەرکردە نەتەوەییەکانی کورد لە ئەرکە گرنگەکان دەژمێردرێت. چاوە دەبێژێت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وە گووخواردن کەوتووە. لێرە هەوڵ دەدرێت لەسەر ئەم کارەی چاوەی شاعیر و سیاسەتوان چەند ڕوونکردنەوەیەک بدرێت. دەنگەکەی لە کۆتایی ئەم بابەتەدا داندراوە.

شوێن و دۆخ:

چاوە لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا لەگەڵ هاوبیرانی خۆی قسە دەکات. دەنگەکە ئەمە ڕوون دەکات کە چاوە لە دۆخێکی تەواو ستاندارددا قسە دەکات. خۆی کۆڕگێڕە و دەنگەکە بە جوانیی ئەمە دەردەخات کە چاوە لەگەڵ ئەندامانی حیزبەکەی خۆی قسە دەکات. واتە لە کۆڕی چاوەدا نەیار بوونی نییە. دژایەتییەک لە ئارادا نییە. چاوە لە دۆخێکی نالەباردا ناچار نەکراوە پەنا بۆ جنێو و بێڕێزیی ببات، بەڵکوو لە ئەتمۆسفێرێکی ئارام و ستاندارد دا جنێوەکانی ریز دەکات. بەهۆی ئەوە کە جنێودانەکانی چاوە لە رووی پلانەوە بووە و لەژێر کاریگەریی دۆخێکی نالەباردا نەبووە، هەربۆیە بە دروست دەزانرێت کە بە هێند وەربگیردرێت. واتە جنێو لە دۆخێکدا بە پێی بڕیار و تێبینی چاوە وەک کەرەستەیەک بۆ بەربەرەکانیی جیابیرکەران بەکارهاتووە و بەم شێوەیە نییە کە تووڕە بووبێت و لە بێدەستهەڵاتییەوە لە ناچاریان پەنای بۆ جنێو بردبێت.

پلانداڕشتن:

چاوە هاوڕێ و ئەندامانی حیزبەکەی ڕادەسپێرێت کە بچنە نێو کوردەکان و بێڕێزی بە کەرامەت و فاکتەرە بەهادارەکانی کورد بکەن. ئەو پلانێکی هەیە. لە دۆخێکدا دەکرا چاوپۆشی لەم جنێوانەی چاوە کرابا، کە هەر لەوێ کۆتایی پێ هاتبا. جنێوەکانی چاوە لە دانیشتنەکەدا کۆتایی پێ نایەت. پلانێکی لە پشتە کە چاوە خۆی داڕێژەرییەتی. چاوە لە کۆبوونەوەدا جنێو تەنیا بۆئەوە بەکار ناهێنێت کە بێزی خۆی لە کوردە نەتەوەییەکان بۆ هاوبیرانی خۆی وێنا بکات، بەڵکوو ژیان بە جنێوەکانی دەبەخشێت و پلانێکی دیاریکراوی هەیە.

سیستەماتیکبوونی جنێودان:

چاوە فۆرمووڵی شکاندنی کەرامەتی کوردەکانی گەڵاڵە کردووە. لە قسەکانیدا بە ئەندامانی حیزبەکەی دەبێژێت کە چۆن پڕۆسەی پلانەکە بەڕێوەبەرن. لێرە مەترسیداربوونی جنێوەکانی چاوە دەردەکەوێت کە سیستەماتیک کار دەکات بۆئەوەی فاکتەری بەهێزی یەکگرتوویی کوردەکان خەوشەدار بکات. ئەو هێزی بەردەستی خۆی ئۆرگانایز دەکات بۆئەوەی پلانەکە بەو جۆرەی کە خۆی ڕوونی کردووەتەوە بەڕێوەبچێت.

مێتۆدی بەرەنگاوبوونەوە:

چاوە مێتۆدێکی زانستیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیابیرکەرانی خۆی هەڵنەبژاردووە. ئەو سیاسییانە لەگەڵ جیابیرکەرانی خۆی هەڵس‌وکەوت ناکات. چاوە خاوەن تیۆرییەکی رامیاریی نییە بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی حیزبیدا پێشکەشی ئەندامانی حیزبەکەی بکات. ڕێک لە مێتۆدی شەعبان جەعفەری چەقۆکێشی شای ئێران و تەییبی حاجی رەزایی کەڵک وەردەگرێت کە لاتی تەڕەباری باشووری تاران بوو. مرۆڤێکی سیاسیی دەبێ چارەسەرییەکی زانستیی  بۆ پرسەکان بدۆزێتەوە. ئەوە کە چما نەتەوەییبوونی کورد لای ئەوان وەک پرس دێتە ئەژمار، باسێکی جیایە. وای دادەنێین کە وەکی پرس بێتە ئەژمار، بەڵام چاوە لە جیاتی ئەوە کە وەک سیاسەتوانێکی ژیر لە ڕێگەی کۆڕ و نووسین‌ەوە هەوڵ بۆ ڕۆشەنگەری کۆمەڵگای کوردیی بدات، کۆمەڵێک ئەندامی حیزبەکەی هان دەدات بۆئەوەی لە مێتۆدێک کەڵک وەربگرن کە تەنیا ناوی لۆمپەنیزمی لێ دێتەوە. سەرنج بدەن کە چاوە بۆ ئەندامانی حیزبەکەی خۆشی دڵسۆز نییە و بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەوانیش هەڵسوکەوت ناکات. کەسێک کە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزبەکەی بەڕێوە دەبات و قسەیان بۆ دەکات، دروست وایە کە ئاستی فام و تێگەییشتنی بیسەرانی خۆی بەرز بکاتەوە، نەک ئەوە کە فێری بێ‌ئەدەبیی و جنێودانیان بکات.

ئاشتیخوازنەبوونی پلان:

چاوە مێتۆدێک بەرانبەر کوردە نەتەوەییەکان پێشنیار دەکات کە شەڕ دەنێتەوە. یەک لە هۆکارەکانی بوونی زانستی سیاسیی ئەوەیە کە ڕێگەی ئاشتیخوازانە و دیپڵۆماتیک بۆ پرس و کێشەی جۆراوجۆر بدۆزرێتەوە. مرۆڤی سیاسیی بەرپرسیارەتییەکی مەزنی لەئەستۆیە. گەر سیاسەتوان و سیاسەت نەبێت، کێشەکان لە ڕێگەی نادروست و شەڕ چارەسەر دەکرێن. شەڕ لە جیهانی ئەمڕۆدا دوا ئاڵتێرناتیڤە و بەر لە شەڕ ڕێگەی دیالۆگ و دیپڵۆماتیک بەکاردەهێندرێت. ئاراستەکردنی جنێو و بێڕێزیکردن بە کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی کورد لە لایەن زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگای کورد، قین و تووڕەیی دەنێتەوە. چاوە ڕێگەیەکی سیاسیی هەڵنابژێرێت. ڕێک ڕۆڵی موحەممەد رەزا پەهلەوی دەگێڕێت و شەعبانەکان لە گیانی خەڵک بەردەدات.

‌‌‌

ئێتیک:

کەسێک کە خاوەن ئێتیک بێت و لەگەڵ ئێتیک لە سیاسەتدا ئاشنا بێت، هیچکات بۆ سەلماندنی بەحەقبوونی خۆی یان ڕێبازەکەی پەنا بۆ مێتۆدی ناشرین و غەیری ئەخلاقی نابات. جنێودان لە دۆخێکی نالەباردا، بە شێوەیەکی تایبەت و بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی نالەباربوونی دۆخ و هۆکاری لەدەستچوونی کۆنترۆڵ لە لایەن جنێودەرەوە دەخرێتە بەر باس، بەلام کاتێک کە سیاسەتوانێک لە دۆخێکی هێمن و ستاندارد دا جنێو وەک مێتۆد و کەرەستەی بەرەوپێشچوونی کار پێشنیار دەکات، سنووری ئەخلاق دەبەزێنێت. ئەخلاق لەم کارەی چاوەدا لە لایەنی دیکەشەوە خەوشەدار بووە. بۆ وێنە یەک لەو کەسانەی کە چاوە بێڕێزی پێ کردووە، قازی موحەممەدە. قازی موحەممەد لە پێناو سوێندێک کە لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان‌دا دای، گیانی خۆی دانا. ئەو زۆر بە سانایی دەیتوانی وەک پیشەوەری دەستی کچێکی لەباری حاجیاڵیکەندی بگرێت و وەدووی مەیلە شەخسییەکانی کەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوە کە دەیزانی نەمانی ئەو لە کوردستان دەبێتە هۆی کوشتاری خەڵکی سیڤیلی کورد، هەربۆیە پێشوازیی لە مەرگ و سێدارە هەڵبژارد. تۆی خوێنەر واز لە هەست و سۆز بهێنە. بۆ چەند چرکەیەک وابزانە کورد نی. سەرکردەیەک بهێنە بەر چاوەکانت کە بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل، خۆی قوربانی کردووە. گەلۆ ئەخلاقی‌یە سیاسەتوانێک جنێو بەو کەسە بدات کە خۆی قوربانی خەڵکی سیڤیل کردووە؟ کەسێک کە خۆی دەکاتە قوربانی خەڵکی دیکە، لە هەر مەکتەب و کولتوورێکدا جێگەی ڕێزە. قازی موحەممەد بەم هەڵوێستە مێژووییەی خۆی، جێگەیەکی تایبەتیی لە دڵی خەڵکدا بەدەست هێناوە. لێرە وەکی گوتم بیر لە کوردبوونی خۆتان مەکەنەوە. بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو خەڵکە کە قازی موحەممەدیان خۆش دەوێت، کارێکی دروست دەکەن یان نادروست؟ چلۆن دەکرێت بێڕێزی بە هەڵبژاردەی خەڵک بکرێت؟ مەگەر ئامانجی سیاسەتوان گەیاندنی تاکی کۆمەڵگا بە بەختەوەریی نییە؟ ئێ کاتێک خەڵکی کورد هەڵبژاردەی خۆیان هەیە و حەز لە قازی موحەممەد دەکەن، چلۆن سیاسەتوان ڕێگەی بێڕێزیی بە هەڵبژاردەی خەڵک هەڵدەبژێرێت؟!

چاوە بێ‌ئەخلاقانە لەگەڵ قازی موحەممەد هەڵس‌وکەوت دەکات. گەر قازی موحەممەد لە ژیاندا مابا و لە پێناو بەرژەوەندی و پاراستنی خەلکی کورد شەهید نەببا، ئاسایی بوو کە بەرگرییکردنی قازی موحەممەد بە خۆی بسپێرین، بەڵام چاوە وەک شاعیرێکی هەستناسک و سیاسەتوانێکی ڕادیکاڵ جنێو و بێڕێزی ئاراستەی کەسایەتییەک دەکات کە جگە لە خزمەت هیچ شتێکی دیکەی بەرانبەر کورد و کوردستان نەبووە.

خەباتی هەرکام لە سەرکردەکانی نەتەوەیی کورد جێگەی باس و شرۆڤەیە و هەوڵدانی هەر مرۆڤێک بۆ مسەوگەرکردنی ئاسایش و بەختەوەریی کورد جێگەی ڕێزە. چاوە مشوور ناناسێت. نازانێت ڕێز و ئەخلاق لە کام کانیاو سەرچاوە دەگرێت. مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێت کە چلۆن شاعیرێک کە دەتوانێت هەست ببزوێنیت، دەتوانیت تا ئەو ڕادەیە دڕەندە بێت کە بە بێویژدانیی هێرش و بێڕێزی بکاتە سەر ئۆجەلانێک کە بە شێوەیەکی تێڕۆریستی‌یانە لە زیندان کراوە؟!

بڵاوکردنەوەی نەفرەت:

یەک لە فاکتەرە گرنگەکانی هەڵسەنگاندن بۆ سالمپێناسەکردنی نووسین و لێدوان ئەوەیە کە خەڵک یان گرووپیکی دیاریکراو تووڕە نەکرێت. چاوە بە ئانقەست گرووپیکی دەستنیشان کردووە. ئەو سیلەی لە کوردە نەتەوەییەکان گرتووە. ئەمە هەدەفدارە. ئامانج هەڵبژێردراوە. ڕێک وەک ئەو گرووپەی کە تەلعەت پاشای ترک هەڵیبژارد. دروست وەک برەیویکی بکوژی گەنجانی بێتاوانی نەروێژی سەر بە حیزبی کرێکاران. چاوە گرووپێکی دەستنیشان کردووە کە هێرشیان بکرێتە سەر. کەرامەتیان بشکێندرێت و فاکتەرە پیرۆزییەکانیان سووک بکرێن. تەنیا سیاسەتی حیزبگەلێکی دەگمەن و دیار لە مێژوودا توانیویانە خۆ لەم کارە قێزەونە بدەن کە بە تایبەتیی خەسار بە گرووپیکی دەستنیشانکراو بگەیەنێت.

تێڕۆڕی کەسایەتیی:

چاوە لەسەر قازی موحەممەد، شێخ مەحموود، ئۆجالان و باقی ئەو سەرکردانەی جنێویان پێ دەدات هیچ ڕەخنەیەکی دیاریکراوی نییە. ئەو لێکدانەوە لەسەر نادروستبوونی ڕێبازی فکری ئەوان یان مێتۆدی خەباتیان ناکات. ئەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێڕۆڕی کەسایەتیی سەرکردەکانی کورد دەکات. جنێو، کەرامەتشکاندن و بێحوڕمەتکردنی ئەو سەمبولانەی کە لە فاکتەرەکانی یەکگرتوویی نەتەوەی کورد دەژمێردرێن، ڕێک ئەو کارەیە کە چاوە کردوویە. چاوە ئامانجی تێڕۆڕی خۆی دیاری کردووە. مێتۆدی تێڕۆڕی شی کردووەتەوە و بەڕێوەبەرانی تێڕۆڕی بۆخۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرەو کردەوەی تێڕۆڕیستی هان داوە. کاری سیاسەتوان دژایەتیی تێڕۆڕە نەک بلاوکردنەوەی فەرهەنگی تێڕۆڕ و پەروەردەکردنی تێڕۆڕیست.

دوا گوتە:

ئاساییە کە کەسانێک تا ئێستا لە ڕووی نائاگاهی و لەبەر ئەوە کە ناتوانن دەرکێکی ورد و دروستیان هەبێت، بە جۆرێک پاساویان بۆ ئەم کارەی چاوە هێناوەتەوە یان بەرگرییان لێ کردووە، بەلام چەتوونە پاش ئەم ڕوونکردنەوەیە کەسێک ئەمەندە بوێر بێت کە دیسان پاڵپشتیی لە چاوە بکات.

چاوە دەبێ داوای لێبوردن بکات.

سۆران کەرباسیان

٦ی ٥ی ٢٠١٦ی زایینیی


[1]  بروانە بەستەری ڕادیۆ دەنگی ئەمەریکا کە لەوێ خۆی وا ناساندووە.

http://www.dengiamerika.com/a/2663674.html

[2]  https://soundcloud.com/karbasian-soran/chawe

https://soundcloud.com/karbasian-soran/chawe

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.